رۆشنبیریسڵاید

نامەی شێخ مەحمود بۆ سەرۆکی ئەنجومەنی (کۆمەڵی گەلان – عصبة لامم)

خالید ئەمین

پاریس ٢١ مارس ١٩٣١

بەڕێز جەنابی سەرۆک

شانازی ئەوەم هەیە ترس و شکاتی نەتەوەیەکتان پێ ڕاگەیەنم کە خودی خۆتان خستوتانەتە ژێر ئینتداب و پاراستنی خۆتانەوە و دەشگوترێ ئەوەی ئینتداب دەکات، پارێزەریشە. ئەم نەتەوەیە نەتەوەی کوردە، کە من زۆر شانازی بەوەوە دەکەم بە یەکێک لەوان دەژمێرێم و ئێستا ئەم نەتەوەیە لە بەشی باشوری وڵاتی گەورەی کوردان، کە بە عیراقەوە لکێنراوە، نیشتەجێیە.

من بە ئەرکی خۆمی دەزانم سەرنجی بەڕێزتان بۆ ئەو خاڵە ڕاکێشم، کە خاکی کوردستانی لکێنراو بە عیراقەوە، بە هیچ شێوەیەک وەک (بین النهرین) نەکەوتۆتە ژێر دەستی هیچ یەک لە هێزەکانی دەوڵەتە یەکگرتوەکان یان دەوڵەتە هاوپەیمانەکان. کوردەکان خۆیان لە ساڵی ١٩١٨دا چەکیان هەڵگرت و هێزەکانی تورکیان ناچار کرد خاکەکەیان چۆڵ بکەن, سەربەخۆییان ڕاگەیاند و دەوڵەتێکیان دروست کرد، کە بەڕێوبەرایەتی وڵاتی بەناوی (دەوڵەتی کوردستانی باشور) گرتە دەست. لەو سەردەمەدا عێراق پشێوی تێکەوت بوو، هێشتا هێزەکانی یەکگرتوو (متحد) و هاوپەیمانی (متفقین) لە ناویدا جەنگیان دەکرد. پاشان بۆ بەدبەختی ئێمە خاکەکەمان بە عێراقەوە لکێنراو، ئەوروپاش کە لافی ئەوەی لێ دەدا، کە بۆ بەرگریکردن لە ماف و دادپەروەری چەکی هەڵگرتووە ، لە بەرامبەر ئەم ستەمە گەورەیەدا بێ دەنگ بوو. ستەمێک کە چارەنووس و داهاتووی نەتەوەیەک، کە ئەگەر چی نەک بە ڕەسمی، بەڵام بە کردەوە بووبووە خاوەن دەوڵەتی سەربەخۆ، خۆی بەستەوە بە چارەنووسی نەتەوەیەکی دییەوە، کە نەژاد و دابونەریت و مێژوو و زمان و سیمایان لە یەک جیاوازە. گەرچی هێشتا جێی سوپاس بوو، کە باری ئەم ستەمە گەورەیە بەو بەڵێنە کەم بووەوە، کە (کۆمەڵی گەلان) سەبارەت بە بەخشینی خودموختارییەکی تەواو بە کوردستانی باشوری دابوو.

بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، کە چەندان ساڵ بەسەر ئەو بەڵێنەدا تێدەپەڕێ، کەچی نەک هەر بەڵێنەکە جێبەجێ نەکراوە، بەڵکو بە پێچەوانەوە ژیانی خۆمان و ژن و مناڵ و باوکانمان لە ژێر هەڕەشەی ئاگری تۆپ و فرۆکە بۆمبهاوێژەکان و ڕەشاشە دایە، بەو تاوانەی ئامادە نین ببین بە عەرەب و چاو لە ڕێی جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنانەین کە پێمان دراوە.

دەوڵەتی عێراقی هیچ دوودڵ نەبووە لەوەی شاری سلێمانی – پایتەختی کوردستانی باشور- بۆمباران بکات و کوردەکانی ئەم شارەی کوشتووە بە تاوانی ئەوەی ئامادە نەبوون بەشداری لە هەڵبژاردنێکدا بکەن، کە ئەو دەیەوێت بۆ بەدەستهێنانی ڕەزامەندی سەبارەت بە بڕیارێک ئەنجامی بدات، کە هەموو مافە ڕەواکانی کوردان پێشێل دەکا و کۆشکی ئومێد و ئارەزوویان بۆ ئایندە، دەڕمێنێ.

ئێمە بڕوامان وایە ئەم تۆپ و گوللانەی بەسەر قوربانیانی کوردی دانیشتوی کوردستانی باشوردا دەبارێ، لە بنەڕەتدا هێرشێکیشە دەکرێتە سەر حەیا و ئابڕووی (کۆمەڵی گەلان)، چونکە کوردەکان لە ژێر ئینتدابی ئەو (کۆمەڵە)یەدان، واتە لە ژێر پاریزگاری ئەودان.

ئەگەر هێزەکانی دەوڵەتی عەرەبی عێراقی پشتیان بە فڕۆکە و سوپاکانی دەوڵەتی ئینگلیز نەدەبەست، کە (کۆمەڵی گەلان) ئینتدابی ئەم سەرزەمینەی بە ئەوان سپارد و تا بەناوی (کۆمەڵەی گەلانەوە) بەڕێوەی بەرن، ئەوا مێژوو دوبارە دەبۆوە و هیرشکردن بۆ بەغدا و داگیرکردنی بۆ کوردەکان وەک کاری ڕۆژانە ئاسان دەبوو. ئیمە ئامادەین و هەمیشەش ئامادە دەبین لە بەرامبەر عەرەبەکاندا، بەرگری لە وڵاتەکەمان بکەین، بەڵام لەبەر ئەوەی نامانەوێت توشی ڕووبەروبوونەوەیەکی چەکداری ببن لەگەڵ دەوڵەتی ئینگلیزدا، کە بەناوی ئەو (کۆمەڵە) بەڕێزەوە هەنگاو دەنێ، ئەوا وامان بە باش زانی بۆ شکاتکردن ڕوو بکەینە (کۆمەڵەی گەلان) و داوای جێبەجێکردنی ماف و دادپەروەری بین.

بێگومان بە داواکاری ئەوەی وڵاتی ئێمە بە عێراقەوە بلکێنرێ و هەوڵدان بۆ ڕازیکردنمان بۆ قبوڵکردنی ئەم لکاندنە بە زۆری چەک، بە هیچ شێوەیەک ئەو ئاشتی و ئاسایشەی کە (کۆمەڵی گەلان) دەیەوێت لەم بەشەی دنیادا بەرپای بکات، دابین ناکرێت. تا ئەوکاتەی چارەنووسی وڵاتی کورد بە دەستی ڕۆڵەکانی خۆی نەسپێرێ و تا ئەو دەمەی دەوڵەتێکی کوردی بەڕێوەبەرایەتی بەشی کوردنشینی ئەم ناوچەیە نەگرێتە دەست، ئومێدێک بە ئاشتی و ئاسایش لەم ناوچەیەدا نییە. کورد کە خاوەن مێژوویەکی هەزار ساڵەن و هەمیشە لە قۆناغە جیاوازەکانی مێژوودا زانیویانە و توانیویانە بەرگری لە ژیان و وڵات و مێژوو و دەزگا نەتەوەییەکانی خۆیان بکەن، ئێستە بڕیاریان داوە بۆ بەرگریکردنی چەکدارانە لە خۆیان تا دواکەس بمرن، بەڵام مل بۆ کۆیلەیەتی عەرەبەکانی عیراق، کەچ نەکەن.

ئێمەی کورد دەمانەوێت لەگەڵ هەموو گەل و نەتەوەکاندا دۆست بین و بەرامبەر بە هیچ گەلێکیش ڕقمان لە دڵدا نییە. بەڵام لە کاتیکدا کە سەربەخۆیی تەنانەت بە هەندێ گەلی سەرەتایی ئەفریقا وەک لیبریا دەدرێت و لە گەلی وەک ئێمە زەوت دەکرێت، کە توانیوێتی بە شەرەف و ئازایەتی و قارەمانێتی و غەریزەی پاڵەوانی و هۆش و زیرەکی خۆی پایەیەکی مەزن لە مێژووی گەلاندا بەدەست بهێنێ، ئیدی ئەمە ستەمێکە کە ناتوانین لێی بێدەنگ بین. بە تایبەتی کە پێش ماوەیەک دەوڵەتی عێراق کە توشی نەخۆشی دەمارگیری توندڕەوی نەژادی بووە، هەوڵ ئەدا بە پشتیوانی دەوڵەتی ئینگلیز و بەهۆی خوێناویترین هەنگاوی جەنگییەوە، بەرگریکردنمان تێک بشکێنێ.

خوێن و ئاگر هەرگیز نەیتوانیوە و ناتوانن ڕاستییە مێژووییەکان بگۆڕن و سەدان هەزار کوردی وەک سەلاحەدین و کەریم خانی زەند بکەن بە عەرەب. نەتەوەی من و خودی خۆشم بە هیچ شێوەیەک دەمارگیری ئاینزایی (مزهبی) مان نییە و تینوی خوێنڕێژی نین و ئەگەر چەکیشمان هەڵگرتووە تەنها لەبەر ئەوەیە کە ناچاریان کردووین و بەسەریاندا سەپاندوین.

ئێمە خواستی دەسەڵاتگرتن بەسەر هیچ نەتەوە و هیچ وڵاتیکماندا نییە و نامانەوێ ئاغا و سەرداری هیچ کەسێک بین. بەڵام ئەوەش قبوڵ ناکەین کە خەڵکانی دی بەسەرماندا زاڵ بن یان جگە لە خۆمان سەردار و ئاغایەکمان هەبێت. ئەمەش خۆی ئامانج و ئایداڵیکە کە چەندان هەزار کەس لە کاتی ئەم جەنگی دوایدا، لە پێناویدا گیانی خۆیان فیدا کرد. ئەمە جگە لەوەی ئەمە مافێکە کە خودی (کۆمەڵی گەلان) هەر لەم ڕۆژانەی دواییدا ، بۆی سەلماندوین .

ڕیگەم بدەن بە دڵنیاییەوە پێتان ڕابگەیەنم ئەم دۆخی شۆڕشگێڕییەی کە هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ بەدنییەتی دەسەڵاتدارانی عێراق، کۆتایی پێ نایەت ئەوکاتە نەبێت کە هەموو مافە ڕەواکانی کورد بە ڕەسمی بناسرێ و لەبەرچاو بگیرێ.

ئەوەی ئێمە دەمانەوێت داننانە بە سەربەخۆیی وڵاتەکەماندا، واتە (دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستانی باشو)دا و بڕین و لەناوچوونی هەموو پەیوەندییەک بە دەوڵەتی عەرەبی عێراقەوە. جگە لەمەش پەیمانی تازەی نێوان ئینگلیز و عێراق کە کۆتایی بە ئینتدابی ئینگلیزی بەسەر عێراقدا دێنێ، ئەو ڕاستییە دەردەخات کە ئەو ڕێگەچارەیەی پێشنیارمان کردووە بە تەواوی لۆژیکیە و هیچ ڕێگەیەکی دەربازبوونی لێ نییە.

کۆمەڵی گەلان دەبێ گەر بە سەرنجدان لە کرۆکی ڕووداوەکانیش بووە، بگەڕێتەوە بۆ بڕیارەکەی خۆی کە ١٩٢٥ داوێتی.

لەگەڵ ئەوپەڕی ڕێزمدا

شێخ مەحمود بە نوێنەرایەتی دانیشتوانی کوردستانی باشور

***

سەرچاوە: نەوشیروان مستەفا ئەمین، کتێبی سەردەمی قەڵەم و موراجەعات (١٩٢٨-١٩٣١)، لاپەرە ١٨٠-١٨٣.

بابەتی پەیوەندیدار

هەروەها چێکی بکە
Close
Back to top button