چاوپێکەوتنسڵاید

دیدار لەگەڵ (دکتۆر بورهان أ. یاسین)، لە هەڵکەوتی سەد ساڵەی پەیماننامەی (لۆزان)

سازدانی دیدار: سیروان حەمە ڕەشید

پ١: با سەرەتا لەسەر ڕێککەوتنامەی سیڤەر پرسیار بکەین، لەسیڤەردا ڕێککەوتن هەبوو کە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست قەوارەێکی سیاسی بۆ کورد دابەمەزرێنرێ، بۆچی ئەو قەوارە کوردییە دروست نەبوو وە پاڵنەر و فاکتەرەکانی سەرکەوتنی ڕیککەوتنامەی لۆزان چیبون؟

وەڵام: سەرەتا پێویستە ئەوە بڵێین کە لە کاتێکدا لەم رۆژانەدا سەد ساڵ بەسەر پەیماننامەی لۆزاندا تێپەڕ دەبێت، ئێوە پرسیاری یەکەمتان دەربارەی پەیماننامەی سیڤەرە، بەمەش دەتانەوێ لە هەمان دەرفەت و گفتوگۆدا بە یەکەوە باس لە هەردوو پەیماننامەی سیڤەر و لۆزان بکەین. لە رووی مێتودییەوە ئەم بە یەکەوە گرێدانە نەک هەر گرنگە بەڵکو زۆریش پێویستە:

١) ساڵانی دوای کۆتایی جەنگی یەکەمی جیهانی (١٩١٨ تا ١٩٢٣) یەکێکە لە چرکەساتە هەرە دینامیکی و یەکلاکەرەوەکان لە مێژووی مۆدێرنی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا: ئەمە چرکەساتی لە قاڵبدانەوە و لە فۆڕمدانی ئەو ناوچەیە بوو. کورد لەم چرکەساتەدا “بەجێما،” و نەبوو بە سەرنشینی شەمەندەفەڕی بەدەوڵەتبوون! ئیـمڕۆش دوای سەد ساڵ کورد لە هەمان ئەو قاڵب و فۆڕمەدا لە لایەن ژمارەیەک دەوڵەتەوە وە بە گشتی سیستمی دەوڵەت-نەتەوە لە ناوچەکەدا “دەست بەسەرە و بە بارمتەگیراوە”.

٢) هەردوو پەیماننامەکە بەشێکن لەوەی کە لە رووی مێژووییەوە پێی دەگوترێ “تەرتیباتی ئاشتی” (peace settlements) دوای جەنگی یەکەمی جیهانی کە لە رێککەوتنەکانی ئاگربەست لە ساڵی ١٩١٨ دەست پێدەکات، بە کۆنفرانسی پاریس و سیڤەر و سان ریمۆدا تێپەڕ دەبێ و بە لۆزان کۆتایی دێت.

٣) بۆ هەردوو پەیماننامەکە رێککەوتنی سایکس-پیکۆ (١٩١٦) وەک “منداڵدان” وایە. بەم مانایەش گرنگی سایکس-پیکۆ لەوەدایە کە سایکس-پیکۆ رێککەوتنێکی سادە نییە، بەڵکو لەوە زۆر زیاتر: ئەم رێککەوتنە جیهانبینی، نەخشە رێگا و فەلسەفەی سیاسی هێزە کۆڵۆنیالیستەکانە، بۆ شێوازی ئیدارەدانی دونیای دوای جەنگی یەکەمی جیهانی، بە دیاریکراویش دونیای دوای هەڵوەشانەوەی دەوڵەتی عوسمانی. ئەوە زۆر گرنگ نییە کە نەخشەی سایکس-پیکۆ کتومت، وەک خۆی، جێبەجێ ناکرێ، بەڵکو گرنگ ئەو نەخشە رێگا و جیهانبینییەی پشتی رێککەوتنەکەیە، کە وەک خۆی دەمێنێتەوە و لە کۆمەڵێک وێستەگەدا ئەزموون دەکرێ و لە دوا وێستگەشیدا، کە لۆزانە، کۆتایی بە دەوڵەتی عوسمانی دێت و سنوورەکانیش دیاریدەکرێن.

٤) کەم جار لە لێکۆڵینەوەی مێژوویی روو دەدات کە، کەم یا زۆر، هەمان وەڵاممان بۆ دوو دانە پرسیار هەبێت. دوو پرسیارمان هەن کە ئەوانیش هۆکارەکانی شکستی پەیماننامەی سیڤەر لە لایەک، وە لە لایەکی ترەوە ئەو پێدراو و فاکتەرانەی رێگایان خۆش کرد بۆ سەرکەوتنی لۆزان، یا راستتر بڵێین سەرکەوتنی تورکە ناسیۆنالیستەکان، بە سەرکرادایەتی مستەفا کەماڵ ئەتاتورک، لە لۆزان. (لە راستیدا، جوڵانەوەی نەسیۆنالیستە تورکەکان، کە لە ساڵی ١٩١٩ لە رۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ سەریهەڵدا و هەر زووش ئەنکەرەی دەستنیشان کرد وەک پایتەختی جێگرەوە، هەر زوو دژایەتی خۆی بۆ پەیماننامەی سیڤەر راگەیاند و پوچەڵکردنەوەی ئەم پەیماننامەیەی کرد بە یەکێک لە ئامانجە هەرە سەرەکییەکانی خۆی). بە واتایەکی تر ئەم دوو پرسیارە وەک دوو دیوی هەمان دراو وان، لە دیوێکەوە شکستی سیڤەر نووسراوە، بەڵام لە دیوەکەی تریان سەرکەوتنی لۆزان. دەکرێ وەڵامدانەوەی هەردوو پرسیارەکە لە یەک وەڵامدا کۆبکرێتەوە، کە ئەویش تێگەیشتنێکی وردو هەمە لایەن و فررەهەندە بۆ کۆی رووداوەکانی دوای راگەیاندنی سیڤەر (لە ١٠/٨/١٩٢٠) تا دەگاتە رۆژی راگەیاندنی لۆزان، واتە ٢٤/٧/١٩٢٣.

٥) ئەگەر سیڤەر وەک ترۆپکێک و دەستکەوتێکی گەورەی ناسیۆنالیزمی کوردی (هەڵبەتە دوور لە هەموو ئەو سەرنجانەی کە لەسەر پەیماننامەی سیڤەر هەمانە)، ئەوا بێگومان لۆزان کتومت دژەکەیەتی: لۆزان سەرکەوتنی ناسیۆنالیستە تورکەکانە، نەک هەر لە کۆتاییهێنان بە سیڤەر بەڵکو لە دامەزراندنی دەوڵەت-نەتەوەیەک (واتە تورکیا) کە لە سەد ساڵی رابردوودا دڵڕەقترین پڕۆژەی تواندنەوەی نەتەوەیی دژ بە کورد لە باکوری کوردستان و تورکیا جێبەجێ کردووە. نەک هەر ئەوە، بەڵکو ئەو دەوڵەتە یەکێک بووە لە گەورەترین رێگرەکانی گەیشتنی کورد بە مافەکانی، تەنانەت لە بەشەکانی تری کوردستانیش، بە تایبەتی لە باشور و رۆژئاوای کوردستان.

لە پرسیارەکەتاندا دەڵێن “لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست قەوارەیەکی سیاسی بۆ کورد دابمەزرێنرێ.” لە راستیدا، بە پێی ئەو نەخشەیەی کە لە کۆنفرانسی سیڤەردا بۆ ئەو “قەوارە” دیاریکرابوو، ئەو قەوارە تەنها لەسەر بەشێک لەو خاکە پێک دەهات کە ئێستا پێی دەگوترێ باکوری کوردستان. لەوەش ئەولاتر، گرنگە ئەوەش بزانرێ کە تەنانەت، بە پێی پەیماننامەی سیڤەر، بەشێک لەو خاکەی کە باکوری کوردستان بوو، وەبەر ئەو دەوڵەتە دەکەوت کە بڕیار بوو بۆ ئەرمەنەکانی ئەنادۆڵ دابمەزرێنرێ. بەم مانایەش پەیماننامەی سیڤەر، یا راستتر بڵێین بەندەکانی ٦٢، ٦٣ و ٦٤ لە بەشی سێهەمی ئەو پەیماننامەیە، کە بۆ کوردستان تەرخان کرابوو، کۆمەڵێک ئەگەر و گرێ کوێرەی لەخۆ گرتبوو کە هەموویان دەهاتنە سەر رێگای جێبەجێکردنی ئەو بەشەی پەیماننامە کە تایبەت بوو بە کوردستان: لە قۆناغی یەکەم، لە ماوەی ساڵێکدا، قەوارەکە ئۆتۆنۆمی دەبێت، دواتر، دوای زۆر ئەگەر و پەناو پێچ، دەکرا ئەو ئۆتۆنۆمیە ببێ بە دەوڵەتێکی سەربەخۆ و خاوەن سەروەری نیشتمانی خۆی. . . سەرەڕای ئەم سەرنجانە لەسەر سیڤەر، گرنگی ئەو پەیماننامەیە لەوەدایە کە یەکەم و دوایین بەڵگەنامە و رێککەوتنی نێو دەوڵەتییە کە دان بە قەوارەیەکی کوردیدا دەنێت وە رەوایەتی پێدەدات لە رووی یاسای نێو دەوڵەتییەوە. هەر لەبەر ئەوەش زۆربەی نووسەرانی بواری لێکۆڵینەوەی کوردۆلۆژی کۆکن لەسەر ئەوەی کە سیڤەر “خاڵێکی بۆ گەڕانەوەی” واتە (point of reference)ێکی یەکجار گرنگە بۆ ناسیۆنالیزمی کوردی. لە بەرامبەردا، زۆر کەم شت هەیە، ئەگەر ئەسلەن شتێک هەبێ، بە رادەی پەیماننامەی سیڤەر، کە لە سەد ساڵی رابردوودا بەو رادەیە حزوری هەبوبێ لە رۆح و حاڵەتی دەروونیی ناسیۆنالیزمی تورکیدا. ئەم حزورە بووە بە “کۆدەرد” (syndrome) و گرێ لە قوڵایی دەروونیی ناسیۆنالیزمی تورکیدا. لە لۆژیکی ئەم کۆدەرد و گرێیەدا، لە هەر کات و جێگایەک باسی دۆزی کورد کرا یا ناوی کورد یا کوردستان هێنرا، بە تایبەتی لە لایەن دەوڵەت و دامەزراوە رۆژئاواییەکانەوە، ئەوا سیڤەر بە توندی ئامادە دەبێ و دەبێتە هۆی شڵەژانی دەرونی ناسیۆنالیستە تورکەکان، لە ئاستی فەرمی و نافەرمیدا؛

بەڵام بۆ وەڵامی ئەوەی کە “ئایا بۆ کوردستانی سەربەخۆ” دروست نەبوو، وە بە واتایەکی دیکە ئەو گۆڕاو و پێدراوانە چی بوون وایانکرد کە پەیماننامەی سیڤەر شکست بهێنێ و لە بەرامبەریشدا لۆزان سەربکەوێ، پێویستیمان بەوەیە لە هەموو ئاستەکانی سیاسەت و ئەو هاوکێشە ستراتیژی ئیقلیمی و جیهانییەی کە لە ماوەی سێ ساڵی نێوان سیڤەر و لۆزاندا هاتنە کایەوە، بخەینە بەر باس و لێکۆڵینەوە:

١. رۆڵی جوڵانەوەی ناسیۆنالیستە تورکەکان بە سەرکردایەتی ئەتاتورک لە شکستپێهێنانی سیڤەر:

هەر وەک گوترا، ئەم جوڵانەوەیە هەر لە سەرەتادا، کە پەیماننامەی سیڤەر راگەیاندرا، سەرسەختانە دوژمنایەتی خۆی بۆ راگەیاند. . . بە تایبەتی پێنج پێدراو و گۆڕاو پێگەی ئەم جوڵانەوەیەی بە هێزتر کرد، تا رادەی ئەوەی ئەم جوڵانەوەیە توانی ئاراستەی سیاسی و ستراتیجی هێزە کۆلۆنیالیستەکان بگۆڕێ، وە بەرهەمی ئەم گۆڕانکارییە لە کۆنفرانسی لۆزان بە لوتکە گەیشت و کۆتای بە سیڤەر هات: أ. سەرکەوتنەکانی ئەم جوڵانەوەیە دژی ئەرمێنیا (دواتر ئەرمێنیای سۆڤیاتی) وە مۆرکردنی رێککەوتنی ئەلێکساندرۆپۆل لە ١٧ی نۆڤێمبەری١٩٢٠ لەگەڵ ئەو وڵاتە. بە پێی ئەم رێککەوتننامەیە، ئەرمێنیا دەستبەرداری بیرۆکەی ئەرمێنیای گەورە بوو، واتە بە یەکجاری دەستی لە “یەکگرتنەوە” لەگەڵ “ئەرمێنیای ئەنادۆڵ” هەڵگرت؛

ب. سەرکەوتنی جوڵانەوەکە بەسەر یۆنانییەکاندا لە پایزی ١٩٢٢. ئەم سەرکەوتنە لە زۆر رووەوە یەکلاکەرەوە بوو؛

ج. رێککەوتنی جوڵانەوەکە لەگەڵ حکومەتی بەلشەفی لە بەهاری ١٩٢١. ئەم رێککەوتنە بووە هۆکارێکی گرنگ لە بەهێزکردنی پێگەی دیپلۆماسی جوڵانەوەکە وە دواجار گۆڕینی هەڵوێستی بەریتانیا، فەرەنسا و ئیتالیا بەرامبەر کۆی مەسەلە پەیوەندیدارەکان بە دواڕۆژی ئەنادۆڵ؛ د- ناسیۆنالیستە تورکەکان توانیان لە کۆنفرانسی لەندەن (لە شوباتی ١٩٢١) خۆیان وەک نوێنەری “تورکیا” بسەپێنن، لە بەرامبەردا نوێنەری دەوڵەتی عوسمانی کۆنفرانسەکەی جێهێشت، بەمەش ناسیۆنالیستە تورکەکان پێگەی خۆیا جێگیر کرد وەک جێگرەوەی حکومەتی عوسمانی لە ئیستانبۆڵ؛

ح. پڕۆژەی ئەتاتۆرک لە دامەزراندنی دەوڵەتێک تەنها لەسەر خاکی ئەنادۆڵ، وە دەست هەڵگرتن لە هەموو ئەو ناوچانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە پێشتر لە ژێر رکێفی دەوڵەتی عوسمانیدا بوون (جگە لە ویلایەتی موسڵ)، یەکانگیر بوو لەگەڵ دیزاین و ستراتیجی هێزە کۆڵۆنیالیستەکان، چونکە دەوڵەتێکی ئەوها زەمانەتێکی یەکلاکەرەوە بوو بۆ خواستی ئەو هێزانە بۆ لەگۆڕنانی یەکجارەکی ئیمپراتۆریی عوسمانی. هەروەها ئەم دەوڵەتە (واتە تورکیا) جێگرەوەیەکی باش دەبوو وەک بەربەست لە نێوان سۆڤیەت لە لایەک وە ناوچەی بەرژەوەندییەکانی ئەو هێزە کۆڵۆنیالیستانە لە رۆژهەڵاتی ناوەست؛

٢. دوودڵی و ناکۆکی لە نێوان هێزە سەرەکییەکان (بەریتانیا، فەرەنسا و ئیتالیا) لە مەسەلە پەیوەندیدارەکان بە چارەنووسی دەوڵەتی عوسمانی. لە راستیدا، هەر لە کاتی گفتوگۆکانی کۆنفرانسی لەندەن (شوباتی ١٩٢١) فەرەنسا و ئیتالیا ئامادەبوون أ- دەستبەرداری سیڤەر ببن؛ ب- دەستبەرداری “پشکەکانی خۆیان لە خاکی ئەنادۆڵ” ببن و رێککەوتن لەگەڵ دەسەڵاتەکەی تورکە ناسیۆنالیستەکان بکەن؛

٣. راستییە مێژووییەکە ئەوەیە کە ئەو دیزاینەی لە ناو پەیماننامەی سیڤەردا بۆ کوردستان کێشرابوو زیاتر دەربڕی ئەو یەکانگیرییە بوو کە لەو چرکەساتەدا لە نێوان خەونی بەدەوڵەتبوونی کورد لە لایەک وە بەرژەوەندییەکانی زلهێزەکانی ئەو کاتە، بە کۆمەڵێک هۆکار، فەراهەم بوو. . . بە هەر حاڵ تەمەنی ئەم یەکانگیربوونە لە نێوان خەونی کوردان لە لایەک وە بەرژەوەندییەکانی زلهێزە براوەکانی ئەو کاتە یەکجار کورت بوو، تەنانەت ئەو یەکانگیربوونە بەشی ئەوەشی نەکرد هەنگاوێکیش لە ئاراستەی جێبەجێکردنی پەیماننامەی سیڤەر بهاوێژرێ. . . دواجار لە لۆزاندا نەک هەر ئەم یەکانگیربوونە نەما، بەڵکو جێگرەوەکەی، یا راستتر بڵێین دژەکەی، یەکانگیربوون بوو لە نێوان بەرژەوەندی وڵاتە کۆڵۆنیالیستەکان لە لایەک وە خواست و بەرژەوەندییەکانی ناسیۆنالیستە تورکەکان، بوو بە ئەمری واقیع!

٤. سیاسەتی بەریتانیا بەرامبەر بە کورد پڕ بوو لە دژایەتی و ناجێگیری: دواجار دەبوایە بەریتانیا لە نێوان پێداگری لەسەر جێبەجێکردنی سیڤەر لە لایەک، وە بەدەستهێنانی ویلایەتی موسڵ لە لایەکی دیکەوە یەکێیان هەڵبژێرێ: بەریتانیا ویلایەتی موسڵی هەڵبژارد! کاتێک کە هەموو قسە و باسەکانی ناو کۆنفرانسی لۆزان دەخوێنینەوە دەبینین چەندە بە دەستهێنانی ویلایەتی موسڵ بۆ بەریتانیا گرنگ بوو. بەم واتایەش لەو باس و خواسانەدا بە وردی دەردەکەوێ کە چۆن چارەنووسی کوردانی ئەنادۆڵ دەبێتە شتێکی فەرامۆشکراو بۆ بەریتانییەکان، وە لە بەرامبەریشدا چۆن چارەنووسی کوردانی ویلایەتی موسڵ دەبێتە چەقی باس و پێداگری، نەک بەو مانایەی داوای بەدەوڵەتبوون بۆ کوردانی ویلایەتەکە بکات، بەڵکو ئەو پێداگرییە تەنها بەشی ئەوە بکات کە سۆزی ئەو کوردانە بۆ لای بەریتانییەکان رابکێشی بۆ ئەوەی ئەگەر هاتوو لە داهاتوودا چارەنووسی ویلایەتەکە بە “ریفراندەم” یەکلاکرایەوە ئەوا لایەنگیری کوردەکانی ویلایەتەکە مسۆگەر بکرێ بۆ بوون بە بەشێک لە دەوڵەتە تازە دامەزراوەکەی عێراق، کە هەڵبەتە ئەو کاتە مونتەدەبەیەکی بەریتانی بوو.

پ٢. بەرێزتان ئەزانن لەم رۆژانەدا یادی سەد ساڵەی ڕێککەوتننامەی لۆزان دەکرێتەوە، ئەو ڕێککەوتنە چییە و پاڵنەر و هۆکاری ڕیککەوتنەکە چیبون؟

وەڵام: ئەم ساڵ، رێک لە ٢٤-٧-٢٠٢٣، سەد ساڵ بەسەر راگەیاندنی پەیماننامەی مێژوویی لۆزاندا تێپەڕ دەبێ. ئەم پەیماننامەیە بەرهەمی یەکێک لە درێژترین کۆنفرانسەکان لە مێژووی مۆدێرن بووە: ئەم کۆنفرانسە لە پایزی ١٩٢٢ دەستی بە کارەکانی کرد، بەڵام لە هاوینی ١٩٢٣دا کۆتاییهات، هەڵبەتە بە ناوبڕێکەوە (لە زستانی ١٩٢٢-١٩٢٣). کۆنفرانسی لۆزان لە نێوان براوەکانی جەنگی یەکەمی جیهانی (بە تایبەتی بەریتانیا، فەرەنسا، ئیتالیا و یۆنان) لە لایەک وە نوێنەری دەسەڵاتی تورکە ناسیۆنالیستەکان لە لایەکی ترەوە. هەر لە سەرەتادا کۆنفرانسەکە بە جۆرێک لە هاوسەنگی، لە نێوان لایەنەکانی براوەی جەنگ لە لایەک وە تورکە ناسیۆنالیستەکان لە لایەکی ترەوە، دەستی پێکرد، چونکە کۆنفرانسەکە لەسەر خاکی هیچ یەکێک لە دەوڵەتە براوەکانی جەنگ نەبەسترا بەڵکو لە لۆزان، لەسەر خاکی وڵاتێکی بێلایەن، واتە سوێسرا. (تەنانەت ناسیۆنالیستە تورکەکان لە سەرەتادا خوازیاری ئەوە بوون کە کۆنفرانسەکە لەسەر خاکی ئەنادۆڵ ببەسترێ). ئەمەش بۆ خۆی هێمایەکی گرنگ بوو کە ئیتر دەوڵەتە براوەکانی جەنگ چیتر لەگەڵ دەوڵەتی عوسمانی (دۆڕاوی جەنگی یەکەمی جیهانی)دا دانانیشن بەڵکو لەگەڵ لایەنێک دادەنیشن کە براوەی شەڕە لە بەرامبەر یۆنانییەکان و ئەرمەنەکان وە هەروەها ئەم لایەنە کۆمەڵێک دەستکەوتی دیپلۆماسی ئیقلیمی و نێو دەوڵەتیی بەدەست هێناوە و هەوڵیش دەدات “وەک براوە” لە کۆنفرانسەکەدا مامەڵە بکات.

دەرەنجام: دەسەڵاتی تورکە ناسیۆنالیستەکان، بە سەرۆکایەتی ئەتاتورک، براوەی بێ سێ و دووی کۆنفرانسی لۆزان بوون، چونکە توانیان “شکستی دەوڵەتی عوسمانی بگۆڕن بە سەرکەوتن وە سەرکەوتنی کوردیش لە سیڤەر بکەن بە شکست،” ئەمەش بۆ خۆی دەرەنجامێکی یەکجار سەرنجڕاکێش و گرنگە.

پ٣. ئایا ڕێککەوتنامە چووە بواری پراکتیکەوە، دەرهاویشتەکانی بۆ کورد و تورکیا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست چییبون، وە ئایا ئەوە راستە کە ئەم رێککەوتنە دوای سەد ساڵ هەڵدەوەشێتەوە؟

وەڵام: لە هەر سێ گۆشەبینینی کوردستانی، تورکی و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە، پەیماننامەی لۆزان رووداوێکی گرنگ و مێژووییە:

یەکەم، لە دیدی کوردستانییەوە:

١) ئەم رووداوە بە مانای یەکلابوونەوەی دابەشبوونی کوردستان، ناسراو بە کوردستانی عوسمانی بۆ سێ بەش (باکور، باشور، رۆژئاوا) بوو، ئەگەر چی مەسەلەی ویلایەتی موسڵی عوسمانی، لەو کۆنفرانسەدا یەکلانەکرایەوە، بەمەش دیاریکردنی سنوورەکانی نێوان عێراق و تورکیا بۆ ١٩٢٥-١٩٢٦ دواخرا. بەڵام ئەم ویلایەتە، وەک ئەمری واقع، هەر زوو لە کۆتایی جەنگی یەکەمی جیهانی و دواتر دروستبوونی دەوڵەتی عێراقەوە، کەوتبووە ژێر رکێفی عێراق وەک مونتەدەبەی بەریتانی.

٢) لۆزان کۆتاییهاتنی پەیماننامەی سیڤەر بوو، ئەو پەیماننامەیەی کە بڕیار بوو خەونی کورد لە دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردستانی، بەڵام سنووردار، بەرجەستە بکات. ئەم رووداوە بوو بە سەرەتایەک بۆ رەوتی مێژوویی کوردایەتی لە سەد ساڵی رابردوودا، بە تایبەتی لە شێوازی ململانێ لە نێوان دوو ئاراستە، رەوتی سەربەخۆیی لە لایەک وە رەوتی “ئۆتۆنۆمی و فەرماڕەوایی خۆماڵی” لە لایەکی دیکەوە. رەوتی دووهەمیان لە دوای جەنگی دووهەمی جیهانییەوە بە روونی بوو بە رەوتێکی باڵادەست.

٣) سەرکەوتنی ناسیۆنالیستە تورکەکان لە کۆنفرانسی لۆزاندا و دامەزراندنی دەوڵەتی تورکیا، بووە سەرەتای راستییەکی تاڵ لە مێژووی کورددا: هەر لە سەرەتای هاتنەکایەی ئەم دەوڵەتەوە دوو دانە راستی تاڵ و گرنگ دەرکەوتن:

أ. ئەم دەوڵەتە لەسەر پرەنسیپی یەک نەتەوە، یەک دەوڵەت، یەک سەروەری دابەشنەکراو، یەک کەلتور و یەک زمانی رەسمی (واتە تورکی)، دڵڕەقترین و مەترسیدارترین بەرنامە و پڕۆژەی توانەوە و ئینکاری نەتەوەیی بەرامبەر بە کورد راگەیاند.

ب. ئەم دەوڵەتە هەر لە سەرەتاوە دوژمنایەتی خۆی بۆ هەر ماف و پێشوەچوونێکی سیاسییانەی کورد لە دەرەوەی سنوورەکانی تورکیا راگەیاند، وە لە سەد ساڵی رابردووشدا تا توانیویەتی ئەم مەبەستەی خۆی بە کردار سەلماندووە.

ج. بوونی گەورەترین بەشی کوردستان (لە رووی خاک و دانیشتوانەوە) لە ناو سنوورەکانی تورکیادا گاریگەریی فرەلایەنی لەسەر تەواوی دۆزی کورد جێهێشتووە، لە ئێستاشدا هەر وەهایە.

دووەم: لە دیدی دەوڵەتی تورکیاوە، ئەم پەیماننامەیە:

١) بوو بە سەرەتای دەوڵەتێکی نوێ، واتە کۆماری تورکیا، کە هەر زوو وەک دەوڵەتێکی “زلهێزی ئیقلیمی” دەرکەوت و بوو بەشێک لە هاوکێشەیەکی ئیقلیمی فراوان، وە دواتر جیهانیش.

٢) بە دیدی دامەزرێنەری ئەم دەوڵەتە (واتە ئەتاتورک)، پەیماننامەی لۆزان “ئەو بەڵگەنامەیەیە کە دەریدەخات هەموو ئەو هەوڵانەی سەدان ساڵە دەدرێن وە دەخوازرا لە رێگای سیڤەرەوە بگەن بە ئامانجی وردوخاشکردنی نەتەوەی تورک، بێواتا کۆتاییان هات. ئەمە سەرکەوتنێکی دیپلۆماسی بێوێنە بوو لە مێژووی دەوڵەتی عوسمانیدا؛”

٣) پەیماننامەی لۆزان فاکتەرێکی زۆر گرنگ بوو لە کۆتاییهێنان بە ئیمپراتۆریی چەند سەد ساڵەی عوسمانی و لەگەڵیشیدا کۆتاییهێنان بە، ئەوەی لە مێژوودا بە “مەسەلەی رۆژهەڵات” (eastern question) ناسراوە. مەسەلەی رۆژهەڵاتیش کۆی ئەو ناجێگیرییە دیپلۆماسی و ئابوورییە بوو کە دەوڵەتی عوسمانی لە کۆتایی سەدەی هەژدەمەوە تا کۆتایی تەمەنی تیایا ئەژیا، وە ئەم ناجێگرییەوە ببووە هۆی کاردانەوە و دەستوەردانی جۆراوجۆری ئەو کاتەی زلهێزەکان لەو دەوڵەتەدا.

٤) لە پەیماننامەی لۆزاندا شتێک روویدا کە کەمجار لە مێژوودا روویداوە: دەوڵەتی عوسمانی یەکێک بوو لە دۆڕاوە سەرەکییەکانی جەنگی یەکەمی جیهانی، بەڵام لە رێگای پەیماننامەی لۆزانەوە دۆڕاوی جەنگ گۆڕدرا بە براوە. ئەگەر سیڤەر سیمبۆل و هێمای دۆڕاوی دەوڵەتی عوسمانی بووبێت، ئەوا بێگومان لۆزان وەک هێما و جەختکەرەوەی سەرکەوتن دەردەکەوێ.

سێهەم: لە گۆشەبینینی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە:

 ١) لۆزان بوو بە وێستگەیەکی یەکجار گرنگ لە سەرهەڵدان و بەرجەستەبوونی سیستمێکی نوێ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئەم ناوچەیە چیتر لە سیستمی “ئیمپراتۆری” کۆندا نەمایەوە، بەڵکو پێی نایە قۆناغێکی نوێ لە سیستمی سیاسی، واتە سیستمی دەوڵەت-نەتەوە، دەوڵەتی مۆدێرن.

٢) ئەم پەیماننامەیە، لە ئاستی هەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بوو بە دەربڕی ئەو راستیەی کە سیستمی نوێی جیهانی تەنیا بەرهەمی سیاسەت و جیهانبینی هێزە کۆڵۆنیالیستە رۆژئاواییەکان نییە، بەڵکو ناسیۆنالیزمی لۆکاڵیش دەورێکی گرنگ، تەنانەت یەکلاکەرەوەش، دەبینێ، هەڵبەتە مەبەستیش بە رادەی یەکەم ناسیۆنالیزمی تورکییە، کە رۆڵێکی گرنگی بینی، بە تایبەتی لە رێگای لۆزانەوە، لە کۆتاییهێنان بە سیستمی ئیمپراتۆری و بەرجەستەکردنی سەرەتاکانی دەوڵەتی مۆدێرن لە رۆژهەڵاتی ناوەراست.

٣) پەیماننامەی لۆزان هێڵی یەکلاکەرەوەیە لە نێوان دوو جۆر لە مێژووی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پێگەی ئەو ناوچەیە لە هاوکێشەی جیهانیدا: پێشتر جیهانی رۆژئاوا زیاتر لە رێگای ئیمپراتۆریی عوسمانی مامەڵەی لەگەڵ رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەکرد، بەڵام دوای لۆزان ئیتر دەوڵەت-نەتەوە، بە تایبەتیش لە حاڵەتی ناوچەی کڕۆکی دەوڵەتی عوسمانی، لە رێگای تورکیاوە ئەو مامەڵەیە کرا.

ئەوەی کە لە ساڵانی دواییدا دەسەڵاتدارانی تورکیا، زۆر بە تایبەتی سەرۆکی ئەو وڵاتە (رەجەب تەیب ئەردۆغان) جار دوای جار دووپاتیان کردۆتەوە کە ئیتر “دوای سەد ساڵ لۆزان کۆتایی دێت” و ویلایەتی موسلیش “دەگەڕێنینەوە” بۆ وڵاتی دایک، واتە تورکیا، جێگای سەرنج و تێڕامانە.

هەڵوەشانەوەی پەیماننامەی لۆزان، هەڵبەتە بە دیدی بەشێک لە دەسەڵاتدارانی تورکیا، بە مانای هەڵوەشانەوەی بنەماکانی ئەو واقیعە دێت کە لەو پەیماننامەیە کەوتەوە. ئەگەر چی دەکرێت بەشێک لەو بانگەشەیە وەک بەکاربردن (ئیستهلاک)ی سیاسی ناوخۆیی تورکیا تەماشا بکرێت، بۆ نموونە پڕۆپاگاندەی هەڵبژاردن، بەڵام دەشکرێت وەک خەونێکی ئیمپراتۆری و خواستی فراوانخوازیش تەماشا بکرێت. ئەوەش گرنگە بڵێین ئەم خەونی ئیمپراتۆرییە لە کاتێکدا دێت دوو زلهێزی ئیقلیمی و جیهانی دیکە (روسیا و ئێران) بە کاریگەری هەمان “خەونی ئیمپراتۆری: چاویان لە فراوانخوازییە”!

لە لایەکی ترەوە ئەگەر چی ستەمی هەرە گەورە لە دەرەنجامی لۆزان، لە ئاستی باکوری کوردستان و کوردستانی گەورە، بەر کورد کەوتووە، بەڵام بە هەمان رادە لایەنە کوردییەکان گوزارەشیان لە گۆشەبینینی کوردستانییانە نەکردووە روو لە پەیماننامەی لۆزان و سەد ساڵەی ئەو پەیماننامەیە و چارنووسی. بە تایبەتی جێگای سەرنجە کە هێزە سیاسییەکان و دەسەڵاتی سیاسی لە باشوری کوردستان، لە بەرامبەر ئەو هەموو بانگەشە و ئاماژانەی تورکیا لەمەڕ “گەڕاندنەوەی ویلایەتی موسڵ بۆ تورکیا،” بێدەنگییەکی سەرسوڕهێنەریان هەڵبژاردووە: ئەم بێدەنگییە جێگای نیشانەی گومان و نیشانەی پرسیاری جددین! ئەم بێدەنگییە لە کاتێکدایە کە هەر باسکردنێک لە چارەنووسی ئەو ناوچەیەی کە پێشتر ویلایەتی موسڵی عوسمانی بوو رێک باسکردنە لە چارەنووسی باشوری کوردستان.

ئەوەی راستی بێت لە هیچ جێگایەکی هەر ١٤٣ بەندەکانی پەیماننامەی لۆزان، لە پڕۆتۆکۆڵە لکێندراوەکان بە پەیماننامەکەوە، تەنانەت لە رێکەوتنی نێوان تورکیا و عێراق (ناسراو بە رێککەوتنی ئەنکەرە، بۆ دیارکردنی سنوور، لە ساڵی ١٩٢٦) باسی کۆتاییهاتنی لۆزان یا “گەڕانەوەی” ویلایەتی موسڵ بۆ تورکیا نەکراوە.

سوپاستان دەکەم، سوپاس بۆ ئەم دەرفەت و بەسەرکردنەوەیەتان؛ سەرکەوتو بن.

***

سەرچاوە: ڕۆژنامەی هاوڵاتی.

هەڤپەیڤینی هەفتەنامەی هاوڵاتی ژمارە (٢٠٢٧)، لە ڕۆژی چوارشەممە، (٢٦ / ٧ / ٢٠٢٣).

بابەتی پەیوەندیدار

هەروەها چێکی بکە
Close
Back to top button