رۆشنبیریسڵاید

لە یادی سەد ساڵەی لۆزاندا: ئەتاتورك‌ و کورد. (بەشی یەکەم)

نووسینی: ئەندرو مانگۆ (١٩٢٦ – ٢٠١٤)، نووسەر و ڕۆژنامەنووس و کتێب دانەرێکی بەریتانییە.

لە ئینگلیزییەوە: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق

ئاخۆ مستەفا کەمال، کە باوکی دامەزرێنەری کۆماری تورکیایە، بەرپرسیارێتیی پەیوەندیی خراپی وڵاتەکەی لەئەستۆیە لەگەڵ هاوڵاتییە کوردزمانەکانی؟ جۆن سیمپسۆنی موحەڕیڕی کاروباری دەرەوە لە ئێستگەی ڕادیۆی بەریتانی ( BBCبی بی سی)دا دەنووسێت:

“لە بواری نەژاد و کولتووردا، تورکیا جۆراوجۆر و ئاڵۆز و تێکهەڵکێشە. بەهەرحاڵ، ئەو ئەفسانەیەی کە ئەتاتورک بە میرات بۆ هاونیشتمانییەکانی خۆیی جێهێشتووە سوورە لە سەر ئەوەی کەوا یەک گڕووپی ئیتنیکی لە تورکیادا هەیە کە ئەویش تورکە. بەڵام لە حاڵی حازردا کاریگەریی ئەم ئەفسانەیە دەکرێت سەخت و دڵڕەقانە بێت و لە مەودایەکی دووردا سەرکەوتوو نابێت. لەکاتێکدا کەوا تورکیا دانپیانانێکی یاسایی نییە بۆ کەمینەی گەورەی کورد، ئەوە ئەو کێشەیەی کە نەیارە کوردەکان لەگەڵ دەوڵەتی تورکیادا هەیانە چارەسەر ناکرێت”١.

هەڵبەت مەترسیی ئەم کێشەیە نکووڵی لێناکرێت و بەپێی ئەو ژمارانەی سەرۆکی بەشی دژەتێرۆر لە کۆتایی حوزێرانی ساڵی 1998دا پێشکەش کراوە، ڕێکخراوی پەکەکەی کوردیی ناسیۆنالیستی ڕادیکاڵ PKK (پارتی کرێکارانی کوردستان)، تا ئەوکاتە نزیکەی نۆزدە هەزار هێرشی ئەنجامداوە لە سەرەتای هێرشە چەکدارییەکەیدا لە ساڵی 1984وە. ئەمەش بووە بە هۆی کوشتنی 5121 کەس لە هێزەکانی ئاسایش و 4049 کەسی سڤیل، لەکاتێکدا کە 17248 کەس لەوانەی کە ئەو بە تێرۆریست ناوی بردوون کوژراون2. سەرەڕای جەختکردنەوەی بەردەوام لە لایەن هێزەکانی ئاسایشەوە پشتی یاخیبوون شکاوە و ژمارەی پەکەکە لەئێستادا تەنها پێنج هەزار چەکدارن بەڵام کوشت و کوشتار هێشتا هەر ڕوولەهەڵکشانە. هەروەک شوکرو ئێلکداغی باڵیۆزی پێشووی تورکیا لە واشنتۆن، بەمدواییە ئاماژەی بەوە کرد کەوا “کێشەی باشووری ڕۆژهەڵات” (واتە کێشەی کورد) رەهەندێکی نێودەوڵەتیی ڕوولەهەڵکشان وەردەگرێت و هەڕەشەی سەرەکی و تەواو پێکدێنێت کە بەرەوڕووی تورکیا دەبێتەوە3. لەم بارودۆخەدا، ڕوونکردنەوەی سەرهەڵدانی کێشەکە مەسەلەیەکی سیاسیی هەنووکەییە و هەروەها بایەخێکی مێژووییشی هەیە. ئەوجا لەبەرئەوەی کە کردەوە و ڕاگەیاندنەکانی ئەتاتورک هێشتا هەر سەرچاوەی ئیلهامبەخشی سیاسەتی حکوومەتی تورکیایە و مەیلیش بەلای بەکارهێنانێتی بۆ ڕەوایی پێدانی و هەروەها ڕوونیش بێت لەبارەی لەبارەی هەڵوێستی ئەتاتورکەوە لەبەرانبەر کورددا. مستەفا كەمال پاشا، وەک ئەو دەمە پێیدەوترا، شاڕەزایی ڕاستەوخۆی لە ناوچە کوردزمانەکان بەدەستنەهێنابوو تا نیسانی ساڵی 1916، کە بەرزکرایەوە بۆ پلەی عەمید لە تەمەنی 35 ساڵیدا و نێردرا بۆ دیاربەکر وەک فەرماندەی لەشکری شانزە، کە بەشێک بوو لە سوپای دووەمی عوسمانی و لە تەراکیاوە گواسترابووەوە دوای پاشەکشەی هاوپەیمانان لە گالیپۆڵی. ئەنوەر پاشا، جێگری فەرماندەی باڵای عوسمانی (کە لە ڕووی تیۆرییەوە گوێزرابووەوە بۆ سوڵتان محەمەدی پێنجەمی بەتەمەن)، نەخشەیەکی بەرفراوانی داڕشتبوو، کەوا سوپای دووەم لە باشووری ڕۆژهەڵاتەوە و سوپای سێهەم لە باکووری ڕۆژهەڵاتەوە ڕێگەی دەربازبوون لە هێزەکانی ڕووسیا بگرن، کە ئەرزڕوومی داگیرکردبوو و بەرەو ڕۆژئاوا و باشوور پێشڕەویی دەکرد. نەخشە و پلانەکە شكستیهێنا، بەڵام مستەفا کەمال سەرکەوتنێکی بەرچاوی بەدەستهێنا و لە ئابی ١٩١٦دا هەردوو شاری مووش و بەدلیسی ناوچەی کوردنشینی لەدەست هێزەکانی ڕووسیا سەندەوە. پاش ئەوە بە ماوەیەکی کەم، هێرشێکی پێچەوانەی ڕووسی ناچاری کرد لە مووش دەربچێت و بەرەکە تاڕادەیەک بە ناجێگیری مایەوە تا بەرپابوونی شۆڕشی ڕووسیا لە ساڵی ئایندەدا. لە نۆڤەمبەری 1916دا، مستەفا کەمال بوو بە جێگری فەرماندەی سوپای دووەم، کاتێ ئەحمەد عیززەت پاشای فەرماندە، کە جەنەراڵێکی بە ڕەگەز ئەلبانی بوو، بە مۆڵەت چوو بۆ ئەستەمبووڵ. لە مارتی 1917دا، ئەحمەد عیززەت پاشا بوو بە فەرماندەی تەواوی سوپاکانی بەرەی ڕۆژهەڵات و مستەفا کەمال بوو بە فەرماندەی سەرەکیی سوپای دووەم و لە ناوچەکەدا مایەوە تا تەمووزی ساڵی 1917 و پاشان کرا بە فەرماندەی سوپای حەوتەم، کە بەشێک بوو لە گڕووپی برووسکە (یڵدرم) و لە ژێر سەرکردایەتیی جەنەراڵی ئەڵمانی ئێریک ڤۆن ڤاڵکنهاین (کە مارشاڵ بوو لە سوپای عوسمانیدا)، بران بۆ سووریا بە مەبەستی گرتنەوەی بەغدا و دەرهێنانی لە دەستی بەریتانییەکان٤.

مستەفا كەمال لە نێوان 7ی نۆڤەمبەر و 24ی ديسەمبەری 1916دا، لە کاتی خزمەتکردنی لە سوپای دووەمدا، یاداشتی خۆی نووسیوەتەوە5 و باسی ئەو کتێبانەی کردووە کە خوێندوونییەوە (ڕۆمانێکی فەرەنسی و دوو کتێب لە سەر فەلسەفە) و هەروەها بیر و ئایدیای لە سەر توندوتۆڵی لە سوپادا و لەبارەی ڕزگاربوونی ئافرەتەوە و هەندێک سەرنج و تێبینی لە سەر ئەو دێهاتانەی کە کاول و وێران بووبوون و بەدلیس وایلێکردبوو کە بیر لە شوێنەواری کەلاوەکانی پۆمپێ و نەینەوا بکاتەوە. ئەوجا ئاماژەیەکی کورتی داوە بە مەفرەزەیەکی خۆبەخش، کە شێخێکی نەقشبەندیی ناوچەکە ڕێکیخستبوو، هەروەها ئاوارە کوردە برسییەکان و کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ سەرۆکێکی خێڵەکی بە ناوی حاجی مووسا کە سەرکردایەتیی چەکدارە کوردەکانی موتکیی کردووە. لێرەدا تۆنی دەنگی مستەفا کەمال بە شێوەیەکی بەرچاو جیادەکرێتەوە و بە مەراقێکی سەیرەوە سەرنجی دەوروبەری دەدات، بەڵام هیچ ڕاوبۆچوونێک لە سەر کورد دەرنابڕێت.

بەڵام سەرۆکی ئەرکانەکەی، لیوا عیززەدین (کە دواتر بە جەنەراڵ عیززەدین چاڵشلەر ناوی دەرکرد) وردتر و ڕوونتر بوو لە تۆمارکردنی یاداشتەکانیدا6. “لە گوندەکاندا، پیاوانێکی زۆر هەن کە دەتوانن چەک هەڵبگرن”، ئەم سەرنجەی لە 2ی مايسی 1916دا دەربڕیوە. “دوژمن بەتوندی فشاری خستووەتە سەر خاک و ناوچەکانیان، بەڵام زۆربەیان بەرگری ناکەن و هیچ پەیوەندییان نییە بە خزمەتی سەربازییەوە. ئەوانە تورکی نازانن و لە نیاز و مەبەستی حکوومەت تێناگەن. بەکورتی ئەمانە شوێنگەلێکن هێشتا داگیرمان نەکردوون، لەگەڵ ئەوەشدا دەکرێ سوود لەو خەڵکە ببینرێت. ئەوان ملکەچی سەرۆکە خێڵەکی و شێخەکانیانن کە زۆر کاریگەرن لەم ناوچانەدا”7. لە 11ی نۆڤەمبەری 1916شدا، عیززەدین ئەم سەرنجەی دەربڕیوە: “پێویستە بە شێوەیەکی قۆناخ بە قۆناخ ڕێکخستنێکی سەربازی درووست بکرێت لە ناو کوردەکاندا و دەست بکرێت بە پێکەوەنانی یەکەی سەربازی لەو کوردانەی کە تا ڕادەیەک بە حکوومەت ڕاهاتوون و هەڵوێستیان دۆستانەیە، لەهەمان کاتیشدا پێویستە حکوومەت خۆی رێکبخات بۆ کاری زیاتر و پترکردنی کاریگەری”8. ئەمیش وەک مستەفا كەمال، سەرنجی هەژاری و دواکەوتوویی داوە لای دانیشتووانی ناوچەکە و بەهیوایە بارودۆخ “لەم ژینگە خەمناکەدا” بگۆڕێت و دەڵێت کەوا هەر کەسێک لە ڕۆژئاواوە دێتە ڕۆژهەڵات (مەبەستی تورکیایە – و) بەرەوڕووی دۆخێکی سەخت دەبێتەوە.9

مستەفا كەمال هاوکارێکی سەربازیی جێمتمانەی هەبوو کە زانیارییەکی باشی هەبوو لە سەر کورد، ئەویش کۆڵۆنێڵ فەخرەدین بوو (کە دواتر بە جەنەراڵ فەخرەدین ئاڵتای ناسرا، کە فەرماندەیەکی بەناوبانگی هێزی سوارە بوو لە جەنگی سەربەخۆیی تورکیادا). فەخرەدین لە سکوتاریی ئەلبانیا لەدایکبووە و لە ساڵی 1904دا نێردراوە بۆ سوپای چوارەم لە ڕۆژهەڵاتی ئەنەدۆڵ، پاش تەواوکردنی کۆڵێجی ئەرکان لە ئەستەمبووڵ10. فەخرەدین ئەم پۆستە والێکدەداتەوە کە دوورخستنەوەیە و دەڵێ کە ڕژێمی سوڵتان عەبدولحەمید گومانی ئەوەی لێکردووە کە هەڵگری بیر و بۆچوونی لیبراڵییە11. بەهەرحاڵ، ئەو لە پاش کوودەتاکەی تورکە لاوەکانیش لە ساڵی 1908دا هەر مایەوە و لە هێرشێکی سزاداندا بەشداربوو دژ بە خێڵە کوردەکانی چیاکانی دەرسیم (کە ئێستا تونجەلییە)، لە ڕۆژاوای ئەرزڕوومدا. ئەم هێرشە یەکێک بوو لە چەندین هێرش و پەلامار کە ڕژێمی تورکە لاوەکان دژ بە خێڵە نەیار و هەڵگەڕاوەکان، لەنێویاندا دورزییەکان و خێڵە عەرەبەکانی یەمەن و ئەلبانییەکان، کە بەلایانەوە ئەم ڕژێمە دەستوورییە نوێیە هێشتا کەمتر لەئاست چاوەڕوانییەکانیاندا کاتێ کە لە ژێر حوکمی ملهوڕانەی عەبدولحەمیددا بوون و ئەنجام و لێکەوتەشی سەختتر و قورستر بوو لەو سەردەمە و هەر بە یاریپێکردنێکی دەسەڵات تێیگەیشتبوون.

فەخرەدین داواکاریی وازهێنان لە یاخیبوونی کوردەکانی دەرسیمی قبووڵ کرد، بەو مەرجەی باج بدەن و واز لە دزی و جەردەیی بێنن. بەڵام ئەو ڕێککەوتنەی کە لەگەڵ سەرۆکێکی خێڵەکیدا کردی ڕێگەپێدراو نەبوو و لە یاداشتەکانیدا لەم ڕووەوە دەڵێت: “ئەو هەرەسهێنانە وایکرد کە پێویست بێت هێرشێکی تری سزادان ئەنجامبدرێت لەم ناوچانەدا لە پاش 28 ساڵ”12. ئاماژەکە بۆ سەرکوتکردنی یاخیبوونەکەی دەرسیمە لە لایەن هێزە چەکدارەکانی کۆماری تورکیاوە لە ساڵی 1937دا. ساڵی 1909، فەخرەدین بە بەرپرسی سەرلەنوێ ڕێکخستنەوەی فەوجە کوردییە خێڵەکییەکانی حەمیدییە دانرا، کە ناوەکەی گۆڕا بۆ فەوجەکانی سوارەی خێڵەکی (Asiret Suvari Alaylan). ئەو وا ئیددیعا دەکات کە بۆ ئەم فەوجانە ناوێکی تورکیی پێ باشتر بووە، بۆ نموونە وەک “فەوجەکانی ئۆغوز”، بە پێی بنەمای ئەوەی کە هەندێک لەوانەی خۆیان بە کورد لەقەڵەمداوە بە بنەچە تورک بوون، بەڵام مەحموود شەوکەت پاشای وەزیری جەنگی عوسمانی ئەم ناونانەی خستەلاوە13. لە ساڵی 1913دا، فەخرەدین سەرکردایەتیی بەشێک لەم هێزە خێڵەکییانەی دژ بە بوڵگارییەکان کرد لە تراکیای ڕۆژهەڵاتدا لە کۆتایی جەنگی بەڵکانی دووەمدا و هەندێک حاڵەتی راووڕووت لەلایەن کوردەکانەوە ڕوویدا، چونکە “سەربازەکانی ئێمە کە تورکییان نەدەزانی، خەڵکە لۆکاڵە (تورکەکانیان) لێتێکچووبوو لەگەڵ بوڵگارییەکاندا، بە هۆی جلوبەرگەکانیانەوە”14. فەخرەدین دەڵێ کەوا فەرمانی کردووە بە دز و تاڵانکەرەکان شمەک و کاڵا دزراوەکان بگێڕنەوە و لە کوشتن ڕزگاری کردوون بەدەست تیمەکانی گوللەباران. بێگومان ڕاوبۆچوونەکانی هاوشێوەی بۆچوونەکانی مێجەر عیززەدینن کەوا: کوردەکان ئەڵماسێکی خاو بوون و خاکەکەیان شوێنێکی سەخت و ناهەموار بووە بۆ ئەفسەرێکی تورک، بەڵام دەگونجێت بەڕێوەببرێت ئەگەر بزانرێت چۆن مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت. کەواتە بەشارستانی کردنی ئەم ناوچانە لە ڕێگەی خوێندن و فێرکردنەوە دەبێت (بە زمانی تورکی – و) بەمەش پابەندی و ملکەچی بۆ دەوڵەتی عوسمانی بەهێزتر دەبێت. هەمان ئەم رێبازە لەلایەن عەبدولحەمیدەوە ئەزموونکرا و بەو خولیا و مەراقەوە قوتابخانەی خێڵ (مەکتەبی عەشایەر Ashirat Maktabi) لە ئەستەمبووڵ درووستکرا، بەدەر لە درووستکردنی فەوجەکانی حەمیدییە (لە سەر شێوەی قەوزاقەکانی ڕووس)١٥. لەم قوتابخانەیەدا کوڕانی سەرۆک خێڵەکان سووکایەتییان پێدەکرا و فەلاقە دەکران و لە ساڵی 1907دا داخرا و پێدەچێت دەسەڵاتداران درکیان بەوە کردبێت کە قوتابییەکان مەیلیان بە لای ڕەخنەگرتنێکی ناسیۆنالیستانەوە بێت بۆ بەڕێوەبەرایەتی١٦. عەبدولحەمید شکستیهێنا لە پێکەوە گرێدانی فێرکردن و خوێندن، کە برەوی پێدەدا و پەستی و ناڕەزاییەکەی، کە بێهوودە هەوڵیدەدا بێناوەرۆکی بکات. بەهەرحاڵ، تورکە لاوەکان و دوای ئەوانیش ئەتاتورک، پابەندی باوەڕ بوون بە باشییەکانی فێرکردن و خوێندن لە شارستانییەتدا، بە سەرلەنوێ پێناسەکردنەوەی ناوەرۆکەکەی.

سەرچاوەی بنەڕەتیی خولیا و مەراقی مستەفا کەمال ئەتاتورک، بەهەمان شێوەی تورکە لاوەکان، نامیق کەمالی “شاعیری ئازادی” بوو، کە لە ساڵی 1878دا نووسیوێتی: “لەکاتێکدا کە پێویستە لە سەرمان هەوڵی لە ناوبردنی هەموو زمانەکان بدەین لە وڵاتەکەماندا، بێجگە لە زمانی تورکی، ئاخۆ هیچ چەکێکی رۆحی دەبەخشینە ئەلبانی و لاز و کوردەکان لەڕێگەی قۆرخکردنی کەسایەتییانەوە؟ … ڕەنگە زمان .. بەهێزترین بەربەست بێت و – لەوانەیە چەسپاوتر و بەهێزتر بێت لە ئاین – دژ بە یەکێتیی نیشتمانی”. هەروەها نامیق کەمال لە شوێنێکی تردا دەڵێ: “ئەگەر قوتابخانەی رێکوپێک و نیزامی دامەزرێنین و … ئەو بەرنامانە پەیڕەوی بکەین کە تائێستا جێبەجێ نەکراون، ئەوە لە ماوەی بیست ساڵدا زمانەکانی لاز و ئەلبانی بەتەواوی لەبێردەچنەوە”17.

مستەفا کەمال تا ساڵی 1916 مامەڵەی نەکردبوو لەگەڵ خێڵە کوردەکاندا، بەڵام ئاگای لە ئەزموونی ئەفسەرە هاوکارەکانی بوو و بەتەواوی کاریگەر بوو بە ئایدیۆلۆجیای عوسمانییە لیبراڵەکان کە ناسیۆنالیزمی تورکی لە ناو ئەواندا گەڵاڵە بووبوو. ئەو لە ماوەی کاری سەربازیدا مامەڵەی لەگەڵ خەڵکی خێڵەکیی تر کردووە و ساڵانی 1905 – ١٩٠٦ خزمەتی سەربازیی چالاک و کارای لە سووریادا دەستپێکردووە، کە بەشداریی ئۆپەراسیۆنەکانی کردووە دژ بە دورزییە یاخیبووەکان و مەترسیی هەڕەشەی چەرکەسییەکانیشی لە سەر بوو18. پاشان ساڵی 1910 خزمەتی سەربازیی خۆی لە سەرکوتکردنی یاخیبوونی ئەلبانییەکان بەسەربردووە و دواتر لە ساڵی 1911دا خێڵە عەرەبە قەیڕەوانییەکانی رێکخستووە دژ بە ئیتاڵییەکان. ڕاستەوخۆش پاش دامەزراندنی بە فەرماندەی سوپای حەوتەم لە حەڵەب لە ساڵی 1917دا، ڕەخنەی لە ڕێککەوتنێک گرت کە لە لایەن کرێس ڤۆن کرێسنشتاین (کرێس پاشا)ی فەرماندەی ئەڵمانی لە غەززە مۆر کردبوو لەگەڵ سەرۆکێکی خێڵەکیی ناوخۆیی عەرەب لە غەززەدا، کە شێخ حازم بوو. لە نامەیەکیدا بۆ فەرماندەی گڕووپی برووسکە، ڤۆن فاڵکنهاین، مستەفا کەمال مشتومڕ لە سەر ئەوە دەکات کەوا لەکاتێکدا پەیوەندیی لەگەڵ سەرۆک خێڵەکاندا پێویست بوو، ئەوە مەسەلەیەکی ترسناکە کە تاکە یەک سەرۆک جیابکرێتەوە بۆ ئەوەی ڕێککەوتنێکی لەگەڵ بکرێت و وا بگەیەنرێت کە ڕیزبەندیی ئەوانیتر لەو نزمترە. بواردان بە کاربەدەستان کەوا بەشێوەیەکی تاک تاک پەیوەندیی لەگەڵ شێخەکاندا ببەستن تەنها درووستبوونی ئاڵۆزی و پشێویی لێدەکەوێتەوە و لەبەرئەوە ئەم بەشێوەیەکی بێلایەنانە مامەڵە لەگەڵ هەموو سەرۆک خێڵەکاندا دەکات و لای ئەم شێخ حازم لەپێشتر نییە لەوانیتر19.

توانای مستەفا کەمال بۆ ڕێکخستنی پەیوەندییەکان لەگەڵ سەرۆکە خێڵەکییەکان – کە لەم حاڵەتەدا سەرۆک خێڵە کوردەکانیش دەگرێتەوە – لەو کاتەدا کەوتە بواری تاقیکردنەوەوە کە لە 19ی مايسی 1919دا گەیشتە ئەنەدۆڵ و دەستیکرد بە سازدانی بەرگریی نیشتمانیی تورکیا دژ بە هاوپەیمانان. ئیمزاکردنی ئاگربەسی مودرۆس لە ٣٠ی ئۆکتۆبەری 1918 و بەدوایدا چوونی هێزەکانی هاوپەیمانان بۆ ئەستەمبووڵ و چەند شوێنێکی جیاوازی تر خولیا و ئاواتی لە ناو بەشیک لە سەرکردەکانی کورددا پەیداکرد بۆ ئەوەی مەرامە شەخسییەکانیان بهێننەدی بە هاوکاری و یارمەتیدانی بەریتانیا. محەمەد شەريف پاشا، کەوا کاربەدەستێکی عوسمانیی بەڕەگەز کورد بوو و ماوەی جەنگی جیهانیی گەورەی (یەکەم – و) وەک دوورخراوەیەک لە پاریس بەسەربردبوو، لە مایسی 1919دا بە بەریتانییەکانی ڕاگەیاند کە ئارەزووی ئەوە دەکات ببێتە ئەمیری کوردستانێکی سەربەخۆ20. لەو دەمەدا لە ئەستەمبووڵ کەسایەتییەکی ناوداری کورد، بە ناوی سەید عەبدولقادرەوە، بوو بە سەرۆکی کۆمەڵەیەک بۆ بووژانەوە و هەستانەوەی کوردستان (کوردستان تەعالیی جەمعییەتی)، کە لەلایەن بنەماڵەی بەدرخانییەکانەوە (Bedirhanoglulari)، کە بنەماڵەیەکی میرزادەن لە ناوچەی دەوروبەری دیاربەکر (بۆتان بە زمانی کوردی و جەزیرەی ئیبن عومەر بە زمانی عەرەبی و ئەلجەزیرە بە زمانی تورکیی عوسمانی)21. کەسایەتییەکی تری بەدرخانییەکان، بە ناوی سورەییا، گیانی بزوێنەری کۆمیتەی سەربەخۆیی کورد بوو لە قاهیرە، کە داوای یارمەتیی بەریتانییەکانی کرد لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی 1919دا22. لە سلێمانیش شێخ مەحموودی بەرزنجی، بە گەیشتنی هێزەکانی بەریتانیا لە ساڵی 1918دا کەوتە هاوکاری و هەماهەنگی کردن لەگەڵیان و لە ناوچەکانی تری باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەنەدۆڵدا سەرۆک خێڵە کوردەکانی لەو خوارتر لەگرنگیدا کەوتبوونە گرێدانی پەیوەندی لەگەڵ بەریتانییەکاندا23.

لە 23ی مايسی 1919دا و چوار ڕۆژ دوای گەیشتنی بە سامسۆن وەک پشکنەرێکی سوپای نۆهەم، مستەفا کەمال داوای ڕاپۆرتێکی بارودۆخی کرد لە ئەحمەد جەودەتی جێگری فەرماندەی فەیلەقی سیانزە لە دیاربەکر. جەودەت لە وەڵامدانەوەیدا، ڕۆژی 27ی مايس، بەوردی باسی چالاکیی خێڵەکان و بەریتانییەکانی کردبوو لە ناوچەکەیدا و وتبووی کەوا یانەی کوردان لە دیاربەکر، کە لە پێناوی سەربەخۆیی کورددا کاردەکات، بە شیوەیەکی ڕوولەزیاد هاوکاری و هەماهەنگی دەکات لەگەڵ پارتی هاوپەیمانی و ئازادیی عوسمانیدا (ئیئتیلاف و حوڕییەت، کە لە ڕۆژئاوا بە Entente Liberale دەناسرا) و سیاسەتی لەگەڵ ئەوەی حکوومەتی ئەستەمبووڵدا یەکیدەگرتەوە. ئەم فەیلەقەی سوپا لەنزیکەوە چاودێریی پرۆپاگەندەی دژ بە حکوومەتی یانە کوردییەکەی دەکرد. ئەم برووسکەیە (تەلەگرام) و ئەو نامە و برووسکانەی دواتر کە لەلایەن مستەفا کەمالەوە دەرچووبوو لە سەر کاروباری کورد ساڵی 1996 لە لایەن بەرێوەبەرێتیی مێژووی سەربازیی سەر بە دەستەی ئەرکانی گشتیی تورکیا (ATASE – Askeri Tarih ve Stratejik Etut Basjcanhgi) بڵاوکرایەوە، وەک بەشیک لە زنجیرەیەکی هەڵبژاردە لە ئەرشیفی تایبەتی ئەتاتورک٢٤. کتێبەکە پێکهاتووە لە ٦٧ بەڵگەنامە، لە مايسی ١٩١٩وە تا نیسانی ١٩٢٠، لەگەڵ فۆتۆکۆپیی دەقە دەسنووسە ڕەسەنەکاندا کە بە تورکیی عوسمانی و بە دەست نووسراوە و هاوکات کۆپییەکان کراونەتە پیتی لاتینی و لەگەڵیان دانراون. بیست دانە لەوانە لەلایەن مستەفا کەمالەوە ئیمزاکراون، یەکەم وەک پشکنەری سوپای نۆهەم و پاشانیش سوپای سێهەم (لە کاتی سەرلەنوێ ژمارەدانان بۆ سوپای نۆهەم، لە پاش ڕێکخستنەوەی)، ئەوجا دوای ئەوەش وەک “پشکنەری پێشوو”، دوای ئەوەش وەک سەرۆکی کۆنگرەی گشتی (لە سیواس)، دواجاریش “لەبریی دەستەی نوێنەرایەتی – هەیئەتی تەمسیلییە (Heyet – i Temsiliye، واتە بەرپرسی جێبەجێکاری هەمیشەیی)” کۆمەڵەی بەرگریکردن لە مافە (نیشتمانییەکان) لە ئەنەدۆڵ و ڕووملی. ئەم بیست برووسکەیە وێنەیەکی ڕوونمان دەداتێ لە سەر تاکتیکەکانی مستەفا کەمال بەرانبەر بە کورد لەو مانگە هەستەوەر و ناسکانەی پێش پێکهێنانی حکوومەتی ئەنجومەنی نیشتمانیی گەورەی تورکیا لە ئەنقەرە لە نیسانی ساڵی 1920دا.

یەکەم برووسکە کە لە لایەن مستەفا کەمالەوە نێردرابێت لەم کۆمەڵەیەدا لە هافزاوە بووە (لە ناوچەکانی ناوەوە لە سامسۆن) لە 28ی مايسی 1919دا بووە بۆ چوار لە سەرۆک عەشیرەتەکانی کورد، کە یەک لەوانە حاجی مووسای موتکی بووە و تێیدا دامەزراندنی ئەوی ڕاگەیاندووە لە لایەن “سوڵتانی گەورە و خەلیفەی شکۆدارمانەوە” و هیوای ئەوە دەردەبڕێت بە سەردانی ناوچەکەیان لە داهاتوویەکی نزیکدا. لەهەمان کاتدا دڵنیابوو لەوەی کە ئەوانەی نامەکەیان بۆ ڕۆیشتووە هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ جیهانی دەربخەن کەوا دەکرێت سەربەخۆیی ولات زەمانەت بکرێت ئەگەر ریزەکانی ناوخۆ بپاڕێزرێت و هەمووان بەتەواوی ملکەچی دەوڵەت بن (لاپەڕە 10 – 11). هەر هەمان ڕۆژ، مستەفا کەمال برووسکەیەک نارد بۆ کامیل، کە نوێنەر بوو لە پەرلەمانی عوسمانی و ئەندامی یانەی کوردی بوو لە دیاربەکر. جارێکیتریش باس لە نیازی خۆی دەکات کە دەیەوێت لە نزیکترین کاتدا سەردانی “دۆستە دێرینەکانی” بکات لە دیاربەکر. لە ئیشارەتێکیدا بۆ ئەو ڕاپۆرتانەی باسیان لە بەرپابوونی دوژمنایەتی دەکرد لە نێوان یانەی کوردی و تورکەکاندا لە دیاربەکر، مستەفا کەمال هۆشداری دەدات کە ئەمە ڕەنگە سەربکێشێتەوە بۆ ئەنجام و لێکەوتەی خراپ بۆ هەردوولا “کە برای نەژادیی یەکترن” (ئیرک کارداش). لەم ڕووەشەوە بەردەوام داوا لە کامیل دەکات هانی یانە کوردییەکە بدات کەوا یەکێتیی نیشتمانی پێویستە چونکە ئەوە بوار بە دوژمنی دەرەکی دەدات کە سوود وەربگرێت لەو “گرفت و کێشانە ببینن کە پێویستە لە ناو یەک خێزاندا چارەسەر بکرێن، وەک ئەوەی پەیوەندیدارە بە سەرەتا و پرنسیپەکانی بەڕێوەبەرێتی و بەرگری کردن لە مافەکانی ڕەگەز و نەژاد” کە ئەمە ڕەنگە گەورەترین ناپاکی پێکبێنێت (لاپەڕە 14). وشەی “نەژاد” لەوکاتەدا بەو لایەدا دایدەشکێنێت کە وەک دەلالەتێک بۆ کۆمەڵگەیەکی نەژادی یان ئیتنیکی بەکاردیت.

بۆ ڕۆژی ئایندە (29ی مايسی 1919)، مستەفا کەمال داوای لە دەستەی ئەرکانی گشتیی کرد لە ئەسەمبووڵ بە وردی ئاگاداری بکاتەوە کە بەریتانییەکان لەکوێ برەو بە مەسەلەی کوردستانی سەربەخۆ دەدەن. هەروەها لە هەمان کاتدا ئاماژە بەوە دەکات کە ئامۆژگاریی پێویستی داوەتە “ژمارەیەکی زۆری ئەو میرە کوردە بەناوبانگانەی لە کاتی جەنگدا هەڵوێست و سۆزی تەواویان هەبووە بۆمان” (لاپەڕە 19). جەواد پاشای (چۆبانلی) سەرۆکی ئەرکانی عوسمانی، لە 3ی حوزێراندا وەڵامیداوەتەوە کە ئەنجامگیریی ئەوە دەکرێت کەوا بەریتانییەکان ویستوویانە حکوومەتێکی کوردی دامەزرێنن لە نێوان “عێراق و ئەرمینیا و تورکیادا”. وەک ئەنجامێک بۆ فشاری جەنەراڵ ئەللێنبی، دەبوو دەستەی ئەرکانی گشتی ڕەزامەندیی دەرببڕێت لە سەر هەڵوەشاندنەوەی سوپای سیانزەهەم لە دیاربەکر و جارێکیتر وەک یەکەی جەندرمە ڕێکدەخرێتەوە. بە گریمانەی پاڕێزگاری لەم خەیاڵ و ئەندێشەیە، جەواد پاشا داوای لە مستەفا کەمال کرد کە بەئاگا و وریا بێت لە پەیوەندییەکانیدا لەگەڵ فەیلەقی سیانزەهەم و دڵنیابێت کەوا ناوەکەی لە ناوچەی ئەم فەیلەقەدا ئاڵوگۆڕی پێنەکرێت و بڵاونەبێتەوە (لاپەڕە 21).

پەیامی مستەفا کەمال بۆ کوردەکان ڕوون و ئاشکرایە بەتایبەتی لەو برووسکەیەی کە لە 11ی حوزێرانی 1919دا ناردوویەتی بۆ قاسم جەمیل پاشازادە، کەوا کەسایەتییەکی بەناوبانگی دیاربەکر بووە و تێیدا ڕایگەیاندووە کە هەوڵی درووستکردنی کوردستانێکی سەربەخۆ پیلانگێڕییەکی بەریتانیایە بۆ بەرژەوەندیی ئەرمەنەکان. بەهەرحاڵ، “کورد و تورک برای ڕاستەقینەن [ئوێز کەرداش، واتە منداڵی یەک باوک و دایکن] و نابێت جیابکرێنەوە”. “بێگومان بوونمان وا پێویست دەکات کە کورد و تورک و تەواوی توخمە موسڵمانەکانی دەوڵەت شانبەشانی یەکتربن بۆ بەرگری کردن لە سەربەخۆییمان و ڕێگرتن لە دابەشبوونی نیشتمانی دایک”. مستەفا کەمال بەردەوامە لە سەر پەیامەکەی و دەڵێ “من لەگەڵ پێدانی هەموو جۆرە ماف و ئیمتیازاتێکم بۆ گەرەنتیی پەیوەستبوون [بە دەوڵەتەوە – مەربووتییەت] لەلایەن برا کوردەکانمانەوە، بەمەرجێ دەوڵەتی عوسمانی دابەش نەکرێت” (لاپەرە 33). لە نامەیەکی داخراودا، مستەفا کەمال داوای لە فەرماندەی فەیلەقی سیانزەهەم کردووە کارئاسانی بۆ سەردانی سیواس بکرێت لە لایەن سێ کەسایەتیی ناسراوی کوردەوە (لاپەڕە 35). لە وەڵامدانەوەیدا ڕۆژی 25ی حوزێرانی 1919، ئەحمەد جەودەتی فەرماندە ناڕازی دەبێت لەوەی کەوا ئەم کەسایەتییانە دز و جەردەیان لە شوێنی حەوانەوەیاندا هێشتووەتەوە و شەڕیانە لە ناوخۆیاندا و بە لای ئەمەوە، ئەو خەڵکە بەو مەرجە بەدەم بانگهێشتی مستەفا کەمالەوە دێن کە خزمەتی بەرژەوەندییان بکات. لەگەڵ ئەوەشدا، نوێنەران هەڵبژێردران بۆ ئەو کۆنگرەیەی کە دەبوو لە ئەرزڕووم ببەسترێت و یانە کوردییەکەش داخرا، چونکە مەحاڵ گرەو لە زۆربەی ئەندامانی ببرێتەوە. “ئەوان حوکمی عوسمانییان ناوێت و حوکمی بەریتانییان پێباشترە و باوەڕیان وایە کە [دەڤەرەکەیان] لە داهاتوودا گەشە دەکات و وەک میسر پێشکەوتوو دەبێت”. ئەحمەد جەودەت باس لەوە دەکات کە بنەماڵەی جەمیل پاشا و دۆستەکانیان، کە یانەی کوردییان پێکهێناوە، ویستوویان حکوومەت بگۆڕێت بۆ ئەوەی لەدەست لێپێچینەوەی دادگا دەربازبن سەبارەت بەو ڕۆڵەی کە گێڕاویانە لە دەرپەڕاندن و کوشتنی (ئەرمەنەکاندا) (لاپەڕە 38 – ٣٩).

لەم سەروبەندەدا، مستەفا کەمال لە هافزاوە چوو بۆ ئەماسیا بۆ کۆبوونەوەیەک لەگەڵ هەڤاڵە ناسیۆنالیستەکانیدا، حوسێن ڕەئووف (ئۆربای) و عەلی فوئاد (جەبیسۆی) و ڕەفعەت (بەلە). لەو کاتەدا بەهێزترین هێزی سسەربازیی عوسمانی لە ئەنەدۆڵ فەیلەقی پانزەهەم بوو بە فەرماندەیی کازم قەرەبەکر لە ئەرزڕووم. لە 16ی حوزیرانی 1919دا، مستەفا کەمال لە ئەماسیاوە برووسکەیەکی بۆ نارد بۆ ڕوونکردنەوەی ڕاوبۆچوونی لەبارەی کوردەوە (لاپەرە 40 – ٤٤). ئەویش لەوەڵامدا بۆی نووسیبوو کە یانەی کوردی لە دیاربەکر داخراوە چونکە بەنیازی درووستکردنی کوردستانێک بووە لە ژێر پاڕێزگاریی بەریتانیادا. هەرچۆنێک بێت، یانەکە لە چەند کەسێکی کەمی خەڵکی “لاوەکی و پەرتەوازە” (سەرسەری serseri) پێکهێنرایەوە و نوێنەرایەتیی کوردی نەدەکرد. بەهەرحاڵ، لەوێ کێشەیەک هاتبووە پێشەوە و دانیشتووانی هەرێمەکانی ڕۆژهەڵات کەوتبوونە بەر هەڕەشەی باندە ئەرمەنییەکان و تێگەیشتبوون لە مەسەلەی پێویستبوون بە یەکێتی. بەڵام لە ناوچە “ئارامەکانی” ئەنەدۆڵ دۆخەکە جیاواز بوو و دانشتووانەکانی سیاسییەکانیان بەدەمەوە دەگرت و ئارەزوویان نەدەکرد بچنە هیچ ڕێکخراوێکەوە. لەبەرئەوە، هەموو توانای خۆی بەکارهێنا بۆ باسکردن و ڕوونکردنەوەی پێویستیی پێکهێنانی کۆمەڵە و ڕێکخراوی بەرگریی نیشتمانی وەک ئامرازێک بۆ یەکێتیی نیشتمانی. خۆشبەختانە هاوکاری و هەماهەنگیی کاربەدەستانی سەربازی و مەدەنی لە بڵاوکردنەوەی پەیامەکەیدا ئەنجامی باشی هەبوو بە رادەیەک کە لە “هەموو شوێنێکەوە” برووسکەی پێدەگەیشت و ئەوەی پیشاندەدا خۆڕێکخستنیان بە پێویست زانی و کاری ڕێکخستنیش (کە بەرگری کردنی هاوپەیمانان بوو) دەستیپێکرد.

مستەفا کەمال بە قەرەبەکری وتبوو کەوا بڕیاریداوە “کورد وەک برای ڕاستەقینە بگرێت” و بەو پێیە هەموو نەتەوە/ نیشتمان لە ڕێگەی کۆمەڵەکانی بەرگریکردن لە مافە نیشتمانییەکان یەکبخات. لە پاش دوو ڕۆژ، مستەفا کەمال برووسکەیەکی پڕ لە گەشبینیی نارد بۆ کۆڵۆنێڵ جەعفەر تەیاری فەرماندەی نەتەوەپەرستی فەیلەقی یەکەم لە ئەدرنە (ئەدريانۆپڵ لە تەراکيای تورکیا) و ڕایگەیاندبوو کەوا “پرۆپاگەندەی بەریتانی بۆ درووستکردنی کوردستانێکی سەربەخۆ بە پاڕێزگاریی بەریتانیا و پشتیوانانی ئەم پرۆژەیە لە ناوبران. کوردەکان چوونە پاڵ هێزەکانمان لەگەڵ تورکدا” (لاپەڕە 54). لە 23ی حوزێران، مستەفا کەمال لە سەر هەمان شێوە برووسکەی کرد بۆ بۆ جەنەراڵ جەواد (چۆبانلیی) سەرۆکی ئەرکانی گشتی لە ئەستەمبووڵ. “برووسکە گرنگەکانی” کە دیاربەکر و مەعمورەتولعەزیزەوە (کە ئێستا ئەلەزیغە) پێی گەیشتن، بەتەواوی ئەوەیان سەلماند کەوا ئایدیای دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردستانێکی سەربەخۆ لە ژێر پاڕێزگاریی بەریتانیادا “تێکشکێنرا”. “ئێمە هەمیشە ئامادەین بەڕێوەبەرێتییەک بڕەخسێنین کە زەمانەتی خۆشی و خۆشگوزەرانیی کوردستان دابین بکات. ئێمە چاوەڕێین کەسانی گرنگ بەمزووانە لەو ناوچەیەوە بێن بۆ سیواس”، ئەمە ئەنجامگیریی مستەفا کەمال بوو (لاپەڕە ٥٧).

ئەمە وادەگەیەنێت کە مستەفا کەمال چاوەڕێی ئەوەی نەدەکرد هیچ کەسایەتییەکی گرنگی کورد لە کۆنگرەی ویلایەتەکانی ڕۆژهەڵاتدا دەرکەوێت، کە بە چاودێریی کازم قەرەبەکر لە ئەرزڕووم رێکخرابوو. دواتر دەرکەوت کە بۆچوونەکەی ڕاست دەرچوو، کە دیاربەکر و مەعمورەتولعەزیز (یان خەرپووت) نوێنەریان نەبوو. پێدەچێت پێدەچێت لایەنگرانی کۆمەڵەی هەڵسانەوەی کوردستان ڕێگەیان لە هەڵبژاردنی نوێنەرانی مەعمورەتولعەزیز گرتبێت بۆ ڕۆیشتنە کۆنگرەکەی ئەرزڕووم٢٥.

لەڕاستیدا ویلایەتە کوردییە گەورەکانی بەدلیس و وان و قەزا کوردییەکانی ویلایەتی ئەرزڕووم نوێنەرانی خۆیانیان نارد بەڵام زۆە بچووک و کەم بوون و لە کاربەدەستانی خانەنشینی عوسمانی و پیاوانی ئاین و .. تاد. پێکدەهاتن٢٦.

کۆنگرەی ئەرزڕووم لە 23ی حوزێران کرایەوە و لەهەمان ڕۆژدا مستەفا کەمال بە سەرۆکی هەڵبژێردرا. لە 7ی ئاب ڕاگەیاندنێکی دەرکرد کە بوو بە بنەمای پەیماننامەی نەتەوەیی – یان پەیماننامەی بزووتنەوەی نەتەوەیی تورکی لە جەنگی سەربەخۆییدا. ڕاگەیاندنەکە بەوە دەستیپێکرد کە ویلایەتەکانی دەریای ڕەش و ڕۆژهەڵاتی ئەنەدۆڵ (لەنێویاندا ویلایەتە سەرەکییە کوردییەکانی دیاربەکر و مەعمورەتولعەزیز و وان بەدلیس) بەشێکی دانەبڕاون لە کۆمەڵگەی عوسمانی و هەموو ڕەگەز و توخمە ئیسلامییەکان [واتە کۆمەڵگە ئیتنیکییەکان]، کە لەم ڕووبەرەدا دەژین، برای ڕاستەقینەن و تژین لە هەستی ڕێز و قوربانیدان بۆ یەکتری، هەرچییەک ڕەگەز و بارودۆخی ئیتنیکی و کۆمەڵایەتییان27. بەندی شەشی ئەم جاڕنامە یان ڕاگەیاندنە ئەم پرنسیپەی فراوانکرد بۆ ئەوەی گشت خاکی عوسمانی بگرێتەوە تا سنووری ئەو ئاگربەسەی کە لە 30ی ئۆکتۆبەری 1918 ئیمزاکرا لەگەڵ هاوپەیماناندا و هەر دابەشکردنێکی ئەم خاک و ناوچانەی ڕەتکردەوە “کە برا ڕاستەقینەکانمان تێیاندا نیشتەجێن، کە هەمان ئاین و هەمان ڕەگەزن وەک ئێمە و مەحاڵیشە دابەش ببین”. ئەم شێوە داڕشتنە تەمومژ و شتێکی شاراوەی تێدایە، چونکە کوردەکان “ڕەگەز یان نەژادێکن” (یان کۆمەڵگەیەکی ئیتنیکین)، بەڵام تورک و کورد و هەموو موسڵمانانی تری ئەنەدۆڵ و تراکیای ڕۆژهەڵات “هەمان ڕەگەز و نەژاد بوون” (ئەرکەداش، واتە برابوون).

کۆمیتە (یان دەسەڵاتی جێبەجێکردنی هەمیشەیی) هەڵبژێردراو لە کۆنگرەی ئەرزڕوومدا دوو نوێنەری ئەو ناوچانەی دەگرتەوە کە زۆرینە کورد بوون و ئەوانیش سەعدوڵا ئەفەندیی نوێنەری عوسمانیی پێشتری بەدلیس و سەرۆک خێڵی کورد حاجی مووسای موتکی بوون٢٨. بەهەرحاڵ، هیچکام لەو دوانە نەچوونە کۆمیتەکەوە و سەعدوڵڵا ئەفەندی پۆزشی بەوە هێناوە گوایە تەندرووستیی باش نییە و نەخۆشە و حاجی مووساش نەیتوانی ئامادەبێت چونکە لە کاردانەوەی خێڵە نەیارەکانی ترسابوو29. لە 13ی ئابی 1919دا، مستەفا کەمال بڕیارەکانی کۆنگرەی ئەرزڕوومی گەیاندە دوو سەرۆکی کورد، کە شێخ عەبدولباقی کوفرەویی خەڵکی بەدلیس و جەمیل چەتۆی خەڵکی گارزان بوون. لە برووسکەکەیدا بۆ ئەمەی دواییان، داخی خۆی لەوە دەربڕی کە بارودۆخ بواری نەداوە ئارەزووی خۆی بەدەستبێنێت بۆ سەردانی ناوچەکە (لاپەرە 69). دواتر چەتۆ قۆناخێکی کورتی هەڵکشانی بەگژداچوونێکی بەخۆوە بینی (مایس – حوزێرانی 1920) دژ بە حکوومەتە ناسیۆنالیستە ساواکەی ئەنقەرە٣٠.

هەرچەندە حیزبەکەی مستەفا کەمال هەستی بە هەڕەشە و مەترسیی کوردەکانی دەرسیم کردبوو لە کاتی گەشتیاندا لە نێوان سیواس و ئەرزڕوومدا٣١ و پاشان جارێکیتر گەڕانەوەیان، بەڵام کوردەکان کاریگەرییان نەبوو لە سەر کاری کۆنگرەی ئەرزڕووم. ئەو کۆنگرەیەی کە بەدوای ئەودا هات لە سیواس بەخت یاری نەبوو. لە 26ی ئابی 1919دا، ئەحمەد جەودەتی فەرماندەی فەیلەقی سیانزە فەرمانیداوە بە دەسەڵاتە سەربازییەکان لە مەڵاتیە بۆ دەسگیرکردنی ژمارەیەک لە کەسایەتییە ناودارە کوردەکان کە تۆمەتبار کرابوون بە هەوڵدان بۆ دامەزراندنی دەوڵەتیکی کوردی لە ژێر پاڕێزگاریی بەریتانیادا32. لەڕاستیدا، چوار لەو کەسایەتییە ناودارانە، لەنێویاندا جەلادەت و کامەرانی سەر بە بنەماڵەی بەدرخان، لە مەڵاتییە و لە 3ی سێپتەمبەردا، لە شوێنی نیشتەجێی مێجەر ئی. ئێم. نۆئێڵ بینراون، کە بە کردەوە بانگەشەی بۆ ئەو پێشنیازە کردووە کە لەلایەن کۆڵۆنێڵ (کە دواتر بووە بە سێر) ئەرنۆڵد ویڵسنی جێگری کۆمیسیاری بەریتانی بۆ کەنداوی فارس، دراوە بە حکوومەتی بەریتانی، کە پێویستە کوردستانێکی سەربەخۆ پێکبێت لە ژێر چاودێریی بەریتانیادا33. پێش دوو ڕۆژ لە گەیشتنی نۆئێڵ، عەلی غالیبی والیی خەرپوت (مەعمورەتولعەزیز) فەرمانی بە قایمقامی قەزای مەڵاتییە کردووە، کەوا کەسێکی سەر بە بنەماڵەی بەدرخان بووە، بۆ کۆکردنەوەی هێزێکی بچووکی سوارەی کورد. لە 7ی سێپتەمبەردا، مێجەر نۆئێڵ تێبینیی کردووە کەوا عەلی غالیب نیازی بووە کوردەکان بنێریتە سەر ئەو ناسیۆنالیستە تورکانەی لە سیواس کۆبووبوونەوە34.

هەر لەو سەروبەندەدا کۆنگرەی سیواس لە 4ی سێپتەمبەردا دەستیپێکرد و دەبوو نوێنەرایەتیی کۆمەڵەکانی داکۆکی لە مافی نیشتمانی بکات لە سەرانسەری وڵاتدا – لە ڕۆژهەڵاتی تراکیاوە تا ڕۆژهەڵاتی ئەنەدۆڵ، کەچی تەنها 38 نوێنەر بەشدار بوون، لەنێویاندا مستەفا کەمال و پارتەکەشی. هەڵبەت هیچ نوێنەرێک لە ناوچە کوردییەکانەوە بەشدار نەبوو، بەڵام حاکمێکی پێشتری عوسمانی (کە لایەنگری کۆمیتەی یەکگرتن و پێشکەوتن بوو – جەمعییەتی ئیتتیحاد و تەڕەقی)، بە ناوی مەزهەر موفید (کانسو)، وەک نوێنەری هەکاری ئامادەبوو. نوێنەری دیاربەکریش، ئیحسان حەمید (تغرەڵ)، دوای تەواوبوونی کۆنگرەکە گەیشت35. مستەفا کەمال ئیحسان حەمیدی لە کۆمیتەی نوێنەرایەتیدا کردە ئەندام، کە دەسەڵاتی جێبەجی کردنی هەمیشەیی کۆمەڵەی سەرتاپای وڵات بووە و سەرچاوەی دەسەڵاتیشی بووە تا ئەو کاتەی بە سەرۆکی ئەنجومەنی نیشتمانیی باڵا هەڵبژێردرا لە 24ی نیسانی 1920دا. وەک نۆ ئەندامەکەی کە پێشتر لە ئەرزڕووم هەڵبژێردران بۆ کۆمیتەکە هەر بەکۆمەڵ گوێزرانەوە بۆ ئەم کۆمیتەیە و سەعدوڵا ئەفەندی و حاجی مووسای خەڵکی موتکیش بوونەوە بە ئەندامی کۆمیتە نوێنەرایەتییە تازەکە کە بریتیبوو لە 16 ئەندام بۆ سەرانسەری وڵات و لە سیواس پێکهاتبوو٣٦، بەڵام هەر بە ئەندامی ناکارا و خەوتوو مانەوە.

ئەو ڕاگەیاندنەی کە لە 11ی سێپتەمبەری 1919دا لە کۆنگرەکەی سیواسەوە دەرچوو، ئەو تێرم و زاراوانەی گەڵاڵە کرد کە لە ئەرزڕووم بەکارهاتبوو. ڕاگەیاندنەکە لە بەندی یەکەمیدا ئەوەی ڕوونکردەوە کە: “هەموو توخمە ئیسلامییەکان کە لەو کایانەدا دەژین کەوا لە سەرەوە باسکراون [واتە تەواوی خاکی عوسمانی کە هێڵەکانی ئاگربەس دەیانگرێتەوە] برای ڕاستەقینەن و تژین لە هەستی ڕێز و قوربانیدان بۆ یەکتر و تەواوی مافی ئیتنیکی و کۆمەڵایەتی و بارودۆخی ناوخۆییان ڕێزلیگیراوە”٣٧.

Memalik–i mezkurede yasayan bilciimle anasu–i islamiye yekdigerine kar§i hilrmet–i miitekabile ve fedakdrlik hissiyatiyle meshun ve hukuk–u irkiye ve igtimaiyeleriyle .

وا دیارە ئەم داڕشتنە ئەوە دەگەیەنێت کە ئیتنیک و رەچەڵەک و داب و نەریتی کورد ڕێزلێگیراو دەبن.

لە سەروەختێکی کۆنگرەی سیواسدا، هەواڵ گەیشتە مستەفا کەمال کە مێجەر نۆئێڵ لە مەڵاتییەیە و عەلی غالیب بەنیازە پیاوانی عەشیرەتە کوردەکان کۆبکاتەوە بۆ هێرشکردنە سەر سیواس. لە 11ی ئەيلوولدا، واتە ئەو ڕۆژەی کۆنگرە ڕاگەیاندنەکەی دەرکرد، ئەحمەد جەودەتی فەرماندەی فەیلەقەکەی دیاربەکر لەلایەن تیپی سێی سیواسەوە ئاگادار کرایەوە کەوا پیلانەکە بەتاڵکراوەتەوە لە لایەن هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و جەنگەوە لە ئەستەمبووڵ. هەر ئەوکاتەش ئەحمەد جەودەت بڕیاری توندوتۆڵ کردنی هێزەکانی داوە لە مەڵاتییە و فەرمانی گرتنی بۆ حاکمی ناوچەکە و هاوکار و هاوەڵە کوردەکانی مێجەر نۆئێڵ دەرکرد، هەرچەندە خودی مێجەر نۆئێڵ خۆی نەگیرا38. کاتێ کە بە مەسەلەکەیان زانی، مێجەر نۆئێڵ و تاقمەکەی لە 10ی ئەیلوولدا مەڵاتییەیان بەجێهێشت. ڕۆژی دواتر، مێجەر نۆئێڵ ئیشارەتی بەوە دا کەوا عەلی غالیب (ئیرادەیەکی) لەلایەن سوڵتانەوە دەرکردووە کە فەرمانی پێداوە هێزیکی سوارەی کورد ئامادە بکات دژ بە مستەفا کەمال لە سيواس. مێجەر نۆئێڵ، لە پاش فشارکردنە سەری بۆ هاوکاری کردن لەم پرۆژەیەدا، ئیددیعای ئەوە دەکات کە بەئاشکرا رەتیکردووەتەوە پابەند بێت پێیەوە. لە پاش ڕۆژێک، واتە 12ی ئەیلوول، مێجەر نۆئێڵ ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کەوا عەلی غالیب بڕیاریداوە کۆبوونەوەی عەشیرەتە کوردەکان بڵاوە پێبکات، چونکە ئایدیای ڕۆیشتن بەرەو سیواس بەتەواوی مەترسیدار بوو٣٩.

لەکاتەدا کە ئەحمەد جەودەت، بە پاڵپشتی کازم قەرەبەکر لە ئەرزڕووم، بەربەستێکی خێرای دانا بۆ پلانە نیمچە کوڵۆکەکەی عەلی غالیب کە هەلی هەڵاتنی بۆ مێجەر نۆئێڵ و هاوەڵە کوردەکانی رەخساند، مستەفا کەمال ئەفسەرێکی مولازمی گەنجی جێمتمانە و سەرکێشی بە ناوی رەجەب زوهدی، بە ئەرکێکی تایبەت ناردی بۆ مەڵاتییە بە مەبەستی دەستەبەرکردنی پاڵپشتیی ناوخۆیی40. هەندێک لە سەرۆکە کوردەکان بەپەلە پەیامی پشتگیرییان نارد بۆ سیواس. لە 15ی ئەیلوولدا و لە برووسکەیەکدا بۆ جەمیل چەتۆ لە سیرت، مستەفا کەمال سوپاس و پێزانینی کۆنگرەی دەربڕی لە پای “پابەندی و دڵسۆزیی هەموو برا کوردەکانمان بۆ ئەم دین و دەوڵەتە و دڵبەندییان بۆ دامەزراوەی پیرۆزی خەلافەت” (لاپەڕە 101). بۆ ڕۆژی دواتریش، پیرۆزبایی لە حاکمی مەڵاتییە کرد لەبەر هەڵوێستی لەبەرانبەر ئە پیلانگێڕییەدا کە سەرچاوە داراییەکەی “ئاڵتوونی بەریتانی” بوو (لاپەڕە 108).

مستەفا کەمال سوودێکی هێجگار زۆری بینی لە پیلانگێڕییەکەی عەلی غالیب بۆ بێئەرزش کردنی ناوبانگی حکوومەتەکەی داماد فەرید، کە لە 30 ئەیلوولی 1919دا ناچار بوو دەست لەکار بکێشێتەوە و عەلی ڕەزا پاشا جێیگرتەوە، کە جەنەراڵێکی هاوسۆز بوو لەگەڵ بزووتنەوەی نەتەوەیی/ نیشتمانی تورکیدا41. لە ٦ی نۆڤەمبەردا، کاتێ کە هەڵبژاردن ڕێکخرا بۆ دوا ئەنجومەنی نوێنەرانی عوسمانی (مەجلیسی مەبعووسان – و)، مستەفا کەمال برووسکەیەکی خولاوی نارد بۆ حاکمی پێنج ویلایەت لە ئەنەدۆڵی ڕۆژهەڵات و نیگەرانی و داخی خۆی دەربڕی لە سەر ئەو ئیددیعایانەی گەیشتبوونە پایتەخت گوایە کوردەکان بەرهەڵستیی بزووتنەوەی نیشتمانیی تورکی دەکەن و داوا لە “برا کوردەکانمان دەکات، کە توخمی مەردی [ڕۆڵەی] ئەنەدۆڵی ڕۆژهەڵاتن و پێویستە پشتیوانیی خۆیان دەرببڕن بۆ “هێزە نیشتمانییە” تورکییەکان [قیوای میللییە] و بەرهەڵستیی کۆمەڵەی هەڵسانەوەی کوردستان بکەن” (لاپەرە 155). پاشان برووسکە و نامەی پشتیوانی بەدوای یەکدا دێن و لە کاردانەوەی نامەیەکی پاڵپشتیی ڕۆژی 3ی ديسەمبەری 1919، لەلایەن حاجی مووسای موتکییەوە، مستەفا کەمال شاگەشکە دەبێت و چەندین جار ئاماژەی پێدەکات و ڕایدەگەیەنێت کەوا “تەواوی جیهان دەزانێت کە میللەتی کوردی مەرد [قەومی نەجیبی کورد] هەست بە پەیوەستبوونێکی ئایینی دەکات بە دامەزراوەی پیرۆزی خەلافەتەوە و پارچەیەکی تۆکمە و دانەبڕاو پێکدێنێت لەگەڵ برا تورکەکانیدا” (لاپەرە 168). لە 15ی کانوونی دووەمی 1920دا، مستەفا کەمال سوپاسی ژمارەیەک سەرۆک هۆزی کوردی کرد لەپای ئەو برووسکانەی ناردوویانە بۆ حکوومەت و نوێنەرانی هێزە بیانییەکان لە ئەستەمبووڵ بۆ دەربڕینی هاوسۆزییان لەگەڵ برا تورکەکانیان و وایان لەقەڵەمداوە کە “کوردستان بەشێکی دانەبڕاوە لە کۆمەڵگەی عوسمانی” (لاپەڕە 192). لە برووسکەیەکی تردا کە هەمان ڕۆژ نێردراوە، مستەفا کەمال وا باس لە تورک و کورد دەکات کە “دوو برای ڕاستەقینەن و دەستیان لە ناو دەستی یەکتر ناوە و خواست و بڕیاریان بەرگری کردنە لە یەکگرتنی پیرۆزیان” (لاپەڕە 195).

لە 20ی شوباتی 1920دا و لە سەروبەندی هەڵوەشانەوەی دوا ئەنجومەنی نوێنەرانی عوسمانیدا لە ئەستەمبووڵ و بەدوایدا کردنەوەی ئەنجومەنی نیشتمانیی باڵا لە ئەنقەرە، مستەفا کەمال نامەیەکی تایبەتی نارد بۆ تەڵعەت پاشای دوورخراوە، کە ئەندامی حکوومەتە سێینەکەی تورکە لاوەکان بوو (جەمعییەتی ئیتتیحاد و تەڕەقی). نامەکە بەم وشانە دەستیپێکردبوو: “ئەو یەکێتیی نیشتمانییەی بە چاودێریی کۆمەڵەی بەرگریی لە مافە [نیشتمانییەکان] لە ئەنەدۆڵ و ڕووملی دامەزرا ئامانجی ڕزگارکردنی تورکیایە، بە پێی دیاریکردنی سنووری نیشتمانیی تورک و کورد [Turk ve Kurt milli hudutlariyle tahdid edilen Tiirkiye’yi] … هاوتەریب لەگەڵ ئەو سەرەتا و پرەنسیپانەی لە کۆنگرە گشتییەکانی ئەرزڕووم و دواتر سیواسدا دانراون”٤٢.

مستەفا کەمال ڕاوبۆچوونەکانی خستە چوارچێوەیەکی زیاتر گشتییەوە لە یەکەم وتاردانی دوورودرێژیدا بۆ ئەنجومەنی نیشتمانیی باڵا لە 24ی نیسانی 1920دا. هەروەها دەیوت کە کۆنگرەی ئەرزڕووم سنووری وڵاتی دیاریکردووە بەپێی داواکاریی ئەو خاک و ناوچانەی دەکەونە ناو هێڵی ئاگربەسەوە کە لە 30 ئۆكتوبەری 1918دا ڕاگەیەنرا و ئەم ‌هێڵە ویلایەتی مووسڵیش دەگرێتەوە. ئەمە تەنها سوپا و هێزی چەکدار نەبوو بەڵکوو سنووری نیشتمانیش بوو. مستەفا کەمال زیاتر لە سەر ئەم مەسەلەیە ڕۆیشت و وتی “هەرچەندە ئەمە وەک ئەندێشە و خەیاڵیش دێتە پێش چاو، بەڵام هەرچی ڕەگەز و توخمە ئیسلامییەکانی ناو ئەم سنوورەیە هەموویان دەچنەوە سەر هەمان میللەت و لە چوارچێوەی ئەم سنوورەدا تورک و چەرکەس و موسڵمانانی تر هەن. هەرچۆنێک بێت، ئەمە سنووری نیشتمانیی نەتەوە براکانە کە پێکەوە دەژین و راشکاوانە هاوبەشن لە هەمان ئامانج و مەبەستدا. بەڵام سەرەڕای ئەمەش، هەر توخم و ڕەگەزێکی ئیسلامی کە لە چوارچیوەی سنووری ئەم دایکی نیشتمانەدا دەژی ژینگە و نەریت و نەژادی تایبەتی خۆی هەیە و ئەو ئیمتیازاتانەی پەیوەستە پێیانەوە قبووڵ کراون و بە هەموو دڵسۆزییەکەوە جەختیان لە سەرکراوەتەوە. بە سروشتی حاڵ، ئەم مەسەلانە لێرەدا بە وردی باس ناکرێن، چونکە ئێرە کات و شوێنی گونجاویان نییە. بێگومان ئەم مەسەلەیە لە نێوان براکاندا تاوتوێ و چارەسەر دەکرێت کاتێ کە بوون و مانەوەمان مسۆگەر دەبێت ….”43. مستەفا کەمال لەم بڕگەیەدا بەدیاریکراوی باسی کوردی نەکرد، بەڵام کاتێ کە لە 1ی مايی 1920دا گەڕایەوە بۆ مەسەلەی سنوور وتی: “ئەو بەڕیزانەی کە ئەم ئەنجومەنە شکۆدارەتان پێکدێنن تەنها لە تورک یان چەرکەس یان کورد پێکنایەن، بەڵکوو ئەمە کۆبوونەوەی ڕاستگۆیانەی گشت توخم و ڕەگەزە ئیسلامییەکانە”. پاشان لە سەری ڕۆیشت و وتی: “لە باکووری کەرکووک کورد و تورکیش هەن و ئێمە جیاوازیمان لە نێوانیاندا نەکردووە”.44

***

٢٤ی تەمووزی ٢٠٢٣ – ماڵپەڕی ئاوێنە

بابەتی پەیوەندیدار

هەروەها چێکی بکە
Close
Back to top button