نووسینی: کامل ئەحمەد تاوگۆزی
پێشەکی
مێژووى خەبات و بیرى نەتەوایەتى کورد دابەشى دوو ڕێچکە بووە، ڕێچکەی یەکەم ئایینى و ڕۆحانییانى نەتەوەیی کورد وەک شێخ عوبەیدوڵاى نەهرى، سەید ڕەزاى دەرسیمى، پێشەوا قازى محمد و مەلا مستەفاى بارزانى …
ڕێچکەى دووەم سیکۆلارە نەتەوەییەکانی کوردە، کە چینى ناوەندى شارنشین و خوێندەوارى کورد بوون، لەپاڵ چالاکى ڕۆشنبیرى و زمانەوانیدا هەوڵی دامەزراندنى کۆمەڵەکانیان داوە بۆ خەبات و ڕووبەڕووبونەوەى دوژمنان و نەتەوە سەردەست و داگیرکارەکانى کوردستان، لەو کۆمەڵانەش وەک: کۆمەڵەى خۆیبون، هیوا، کۆمەڵەىژ.ک، بەم دواییانەش کۆمەڵەى کاژیک .
یەکێک لەو بنەماڵە ناسیۆنالیزم و سیکۆلارانەی کورد، ماڵباتى بەدرخانییەکانە، کاتێ مرۆڤ چاو بە مێژووى ئەم ماڵباتەدا دەگێڕێت، بێوچان وەک دەستەیەک هەوڵیانداوە بۆ هۆشیارى و پەرەگرتنى بیرى نەتەوەیی کورد، هەر لە زمانى کوردییەوە بگرە تاکو ڕۆژنامەگەرى و دەرکردنى گۆڤار و میوزیک و سەماى کوردى و چێکردنى کۆمەڵى کوردى. یەکێک لە چالاکان و ئەندامانى ماڵباتى بەدرخانییەکان ڕوانشاد (میر جەلادەت بەدرخان)ە، کە من لەم کورتە باسەدا ئاماژەى پێ دەدەم.
دیارە بە نیازبووم باسێکى تێروتەسەل بە دانانى وێنەوە وەک بەڵگە بۆ کار و چالاکییەکانى میر جەلادەت ئامادە بکەم، بەڵام بەهۆى نەبوونى دەرفەت هەر فریاى هێندە کەوتم، هیچ باسێکى وام بە شیوەى کرمانجى ناوەڕاست (سۆرانى) لەسەر میر بەدرخان دەست نەکەوت، بۆیە سوودم بینى لە پەرتووکى شێوە کرمانجى ژوروو و پیتى لاتینى، کە گۆڕیم بۆ شێوەى کرمانجى ناوەڕاست.
دەتوانم مەبەست لە هەڵبژاردنى ئەم بابەتە لەم چەند دێرەدا ڕوون بکەمەوە، ئەوانیش:
لە بارودۆخێکدا کە دەوڵەتانى داگیرکارى کوردستان مەخابن زیاتر کوردیان گورگانخوارد کردووە، لەلایەکى ترەوە خۆرە و خاکفرۆشانى ناوخۆ لە هەوڵى بێ بەهاکردنى نەتەوەدا و دەیانەوێ ڕۆحییەتى کورد بشکێنن، بۆیە لە بیرنەکردنى ئەستێرە گەشاوەکانى ئاسمانى ئەدەب و نەتەوایەتیمان لەم ساتەدا گرنگە و ئالەنگارى (تەحەدا)ى ئەو شەپۆلە دژە نەتەوە و نیشتمانەیە.
کورتەیەک لە ژیانى میر جەلادەت بەدرخان
میر جەلادەت عالى بەدرخان، سیاسەتمەدار، ڕۆژنامەوان، زمانناسی کورد بوو، کوڕى ئەمین عالى بەدرخان پاشایە، لە ٢٦ ى نیسانى ١٨٩٧ لە ئەستەمبوڵ لە دایک بووە، هەر لە پایتەختى ئەوساى دەوڵەتى عوسمانی خویندنى سەرەتایی و ناوەندى و فێرگەى بەرزى (یاسا)ى تەواو کردووە، پاش سەرکەوتنى بزوتنەوەى کەمالیی لە ساڵى ١٩٢٢، ئەمین پاشا و سێ کوڕى (جەلادەت، سورەیا، کامەران) هەڵهاتن، ئەمین پاشا و سورەیا و بەدرخان چوونە میسر، میر جەلادەت بەدرخان و کامەران بەدرخان لە ساڵى ١٩٢٣ چوونە ئەڵمانیا. میر جەلادەت ٨ ساڵ لە ئەڵمانیا مایەوە و خۆى فێرى زمانى ئەڵمانى کردووە و ئەو دەرفەتەى بە فیڕۆ نەداوە.
لە ساڵى ١٩٢٥ و لەگەڵ هەڵگیرساندى شۆڕشى شێخ سەعیدى پیران، خۆى گەیاندووەتە شۆڕشەکە، دواى شکستى شۆڕشەکە دیسانەوە تورکیاى جێ هێشتەوە. لە ٢٥ ئابى ١٩٣٠ لە سوریا باوکى کۆچیدوایی کرد و میر جەلادەت هەر لەوى سەرقاڵى دەرکردنى ڕۆژنامە و گۆڤار کوردى بووە.
لە ١٥ ئایارى ١٩٣٢ یەکەم ژمارەى گۆڤارى (هاوار)ى دەرکرد تا ساڵى ١٩٤٣ بەردەوام بوو، پێشتر گۆڤارى (ڕوناهى) دەر دەکرد، میر جەلادەت بە تەنها ئەم گۆڤارەى بەرێوە دەبرد، بە نووسین و پیت چنین و چاپ و بڵاوکردنەوەش. بەناوى نهێنى نووسینەکانى بڵاو دەکردەوە، لە پێشەنگى ئەو کەسانەش بوو، کە پیتى لاتینییان بۆ نووسینى کوردى داهێنا، میر جەلادین زمانەکانى (فارسى، عەرەبى، تورکى، یۆنانى، ئەڵمانى، فەرەنسى، ئینگلیزى، ڕوسى) زۆر بە باشى زانیوە. کارەکانى ترى پەرتوکێکى لەسەر ڕێزمانى کوردى نووسیوە، کە تەنها بەشێکى چاپکراوە و بەشەکانى ترى هێشتا هەر دەستنووسن. فەرهەنگێکى کوردى و یەکێکى ترى (کوردى – فەرەنسى) هەیە، ژمارەیەکى زۆرى ڕووناکبیرانى کورد لە دەورى میرجەلادەت بەدرخان و گۆڤارەکەى کۆ بووبوونەوە. میر جەلادەت عالى بەدرخان ڕۆژى ١٥ ى تەمووزى ساڵى ١٩٥١ لە شام کۆچى دوایى کرد.
میر بەدرخان لە نێوان کارى ڕامیارى و چالاکى ڕۆشنبیریی و ڕێزمان و نووسیندا:
ئەگەر لە ژیان و کار و چالاکییەکانى (میر جەلادەت) بکۆڵینەوە، دەتوانین بۆ دوو قۆناغ دابەشى بکەین، کە تا ساڵى ١٩٣١ دەستى داوەتە کارى ڕامیارى و دبلۆماتى و بە شێوەیەکى چالاک پێوەی سەرقاڵ بووە، ویستوویەتى لە ڕێى کارى سیاسى و خەباتى چەکدارییەوە مافى گەلى خۆى بسەنێ، بەڵام مخابن دوای هەوڵ و خەباتى زۆر و دەربەدەرى و پەڕاگەندەیی وڵاتان و مردنى باوک و مام و برا و ئامۆزا و دۆست و هەڤاڵانى کوردپەروەر، هەروەها دواى تێکچوونى شۆڕشى ئارارات، کە میر جەلادەت گەلێک هیواى لەسەر هەڵچنی بوو، میر جەلادەت جارێکى تر خەنجەرى خۆى هەسان دەدا و قەڵەمى زێڕینى خۆى دەمەزەرد دەکات و ئەمجارە لە ڕێگەى خامەکەیەوە فرمێسک و کوڵ و ژانى گەلەکەى دەنووسێتەوە. دەست بەکار دەبێت لە بوارى ڕۆشنبیریی و زمان و فەرهەنگى کوردى.
بەم شێوەیە بانگى کوردان دەکات، کە لەناو ڕووبەرە پەڕەکانى گۆڤارى (هاوارى)ی خۆیدا دواى ١٣ساڵ خەبات وەهاى گووتوە:
)هاوار دەنگى زانینە، زانین خۆناسینە، خۆناسینیش ڕێگەى ڕزگارى و خۆشەویستى واڵا دەکات. هەرکەس خۆى بناسێت گەل و زمانى خۆشى دەناسێ، پێش هەر شتێک ئێمە دەبێت لە ڕێگەى زمانەوە خۆمان بناسین، زمان مەرجى سەرەکى و لە هەرە پێشە.
کارى ڕامیارى:
میر جەلادەت بەدرخان لە سەرەتاى ژیانیدا، خووى داوەتە کارى ڕامیارى و پێوەی سەرقاڵ بووە، سیاسەت بۆ کەسێکى وەک ئەو هەموو شتێک بووە، وەک نان، ئاو، هەوا بووە، لەبەر ئەوەى ئەو ماڵەى تێدا پەروەردە و گەورە بوو، وەک مەڵبەندێکى ئازادیخوازى و کوردایەتى بوو.
لەو سەردەمەدا ( ئەمین عالى بەدرخان)، یەکێک لە کەسایەتییە سیاسی و هەڵکەوتوو و ناودارەکان بوو، لە دواى کۆچى (میر بەدرخانى بۆتى) لە ساڵی ١٨٦٨ لە شام، کاروبارى ماڵباتى گەورەى بەدەرخانییەکان کەوتە سەرشانى کوڕى ئەو (ئەمین عالى) باوکى میر جەلادەت بەدرخان. ئەمین عالى نەک تەنها خۆى وەک بەرپرسى ماڵباتى بەدرخانییەکان دەبینى، بەڵکوو وەک بەرپرسى کوردانیش دەناسرا، سەروکارى لەگەڵ دۆزى ڕەواى گەلەکەى هەبوو. لە ئەنجامى خەبات و بەرخۆدانى (ئەمین عالى بەدرخان) دۆستایەتى لەگەڵ چالاکەوانان و خەباتکارانی کورددا هەبوو، کاتێک سوڵتان عەبدولحەمید لە ساڵى ١٨٩٨ دا کۆمەڵەى (یەکگرتن و پێشکەوتنى تورکەکان)ی دامەزراند، لە چوار کەس پێک هاتبوون، دووانیان کورد بوون، (عەبدوڵڵا جەودەت و عیسا سکوتى)، کە دۆستى هەرە نزیکى (ئەمین عالى بەدرخان) بوون. نزیکەى ١٠ ساڵ کورد و تورک پێکەوە خەباتیان کرد، تا ساڵى ١٩٠٨، کە لەو ساڵەدا (کۆمەڵەى تورکە لاوەکان) دامەزراند و دەرکەوتن، سوڵتان عەبدولحەمید ناچار بوو بە پێى دەستورى ساڵى١٨٧٦، کە ددان بەو کۆمەڵەیەدا بنێ، کە دروشمەکانى (ئازادى، عەدالەت و یەکسانى)بوو، دواى تێپەڕاندنى ئەم دەستوورە، ڕێ بۆ کوردەکان واڵا بوو، کە بەشێوەیەکى بەرفراوان داواى مافى خۆیان بکەن و لە بەرەى خۆیاندا بووەستن، ئەو دەمەى تەمەنى میر جەلادەت ١٥ ساڵ بوو، لەو تەمەنەدا میر جەلادەت لە لاى باوک و برا و مام و ئامۆزاکانى بوو، لەناو ئەو ماڵبانەدا گەلێک وڵاتپارێز و کوردپەروەرى ناسى و لەگەڵ ئەوانەدا بەشدارى لە دامەزراندنى گەلێک کۆمەڵەى کوردیدا دەکرد، لە ئەستەنبوڵ لە ساڵى ١٩٠٨ تا ساڵى ١٩٢١ وەک باسکرا ماڵى (ئەمین عالى) وەک مەڵبەندێکى کوردایەتى بوو، میر جەلادەت لەو مەڵبەندەدا گەورە بوو و پێگەیى، میر ئەمین عالى، کە مناڵەکانى دەناردە زانکۆکانى ئەستەنبوڵ هانى دەدان بخوێنن، وەک لە ماڵیشەوە وانەى کوردایەتى پێ دەدان و لەسەر بیرى نەتەوەیى پەروەردەى دەکردن.
هەمیشە وتەیەکى باوکى خۆى (میر بەدرخان عەزیزى) (١٨٠٢- ١٨٦٨) بە گوێى مناڵەکانى خۆیدا دەدا: (من دەترسم ئێوە لەناو تورکەکاندا، زمانى کوردى لە بیر بکەن، هەر کەس زمانى خۆى لە بیر بکات کوڕى من نییە.) لە ساڵى ١٩٠٨ وە هەموو نەتەوەکانى ئیمپراتۆرییەتی عوسمانى دەستیان بە خەبات کردووە بۆ مافى گەلەکانیان، ماڵباتى بەدرخانەکانیش سەردەستەى ئەو خەباتەى کورد بوون، هەر لەو کاتەوە میر جەلادەت بەدرخان دەست بە کارى ڕامیارى خەبات دەکات و بە هۆى کاریگەرى ئەو خێزانەى، کە تێیدا پەروەردە بوو، باپیر و باوک و برا، کە هەموویان بە بیرى کوردپەروەرى گۆش کراون، وەک باسکرا هەموو ڕۆشنبیران و خەباتکارانی ئەو سەردەمەى کورد ئاشنایەتیان لەگەڵ بەدرخانییەکان هەبوو، لە ناویشیاندا (میر جەلادەت)، هەر بۆیە میر جەلادەت بەشدارى لە دامەزراندنى گەلێک کۆمەڵە و دەستەی کوردى ئەو سەردەمەدا کردووە، وەک:
١. کۆمەڵەى تعاون و تەرەقى کوردیى .
٢. کۆمەڵەى کوردى بۆ بڵاوکردنەوەى زانست.
٣. کۆمەڵەى تعالى کوردستان.
لە ساڵى ١٩١٩دا لەگەڵ براکەى کامەران بەدرخان، ئەکرەمى جەمیل پاشا، فایەق تۆفیق، پیرەمێرد، (میجەر نۆئیل) لە سلێمانییەوە دێنە کوردستانى باکور، لەسەر داخوازى (کۆمەڵەى تعالى کوردستان) چونکە ئینگلیزەکان دەیانوویست کوردەکان بناسن و هەڵوێستیان بزانن، دەربارەى ئامادەکارى بۆ پەیمانى سیڤەر.
لە ساڵى ١٩٢٢ بوو بە ئەندامى (کۆمەڵەى ئازادى)، ئەو کەمەڵەیە لە ئەرزڕووم دامەزرا بوو، بە سەرۆکایەتى (خالید بەگى جەبارى.) لە ساڵەکانى خوێندنى لە ئەڵمانیاوە پەیوەندى بە ئەدۆڵف هیتلەر و هاوڕێکانییەوە کردووە، تا کۆتایى ساڵى ١٩٢٤. دواى ئەوەى هیتلەر لە زیندان ئازاد دەکرێ، یەکێک لە پەرتووکەکانى خۆى بە ناوى (خەباتى من) بە دیارى پێشکەش بە میر جەلادەت دەکات. لە ساڵى ١٩٢٧ ئەندامێکى سەرەکى بوو لە دامەزراندنى کۆمەڵەى خۆیبون لە بەیروت، لە ساڵى ١٩٣١دا لەسەر پێشنیازو داخوازى ئەو، دەستەى هاوکارى بۆ کوردانى لێقەوماو لە جەزیرە (جڤاکا ئالیکاریێ ژ بۆ کوردێن بەلەنگاز ل جەزیرێ) دامەزرا. لە ساڵى ١٩٢٥ لە ئەڵمانیاوە خۆى گەیاندە شۆڕشەکەى شێخ سەعیدى پیران، ئەو شۆڕشەى لە ئەنجامى کۆمەڵەى ئازادى ١٩٢٢ و کۆمەڵەى تعالى کوردستان ١٩١٨ پێک هاتبوو، بەڵام مخابن چەخماخەى شۆڕش لەو کاتەدا دەستى پێ نەکرد.
لە ساڵى ١٩٢٧ تا ساڵى ١٩٣٠ گەلێک کاروبارى خەباتى ڕامیارى دبلۆماتى بۆ کۆمەڵەى خۆیبوون و شۆڕشى ئارارات کردووە. تاکو لە دواییدا بەشدار بوو. دوایى تێکچوونى شۆڕش دەچێتە تاران، لاى شا ڕەزاى بەهلەوى، بەڵام شا بەو هاتنەى دڵخۆش نابێت، ناچار میر جەلادەت وەک پەنابەرێکى سیاسى لە نێوان عێراق و ئێران و سوریا و لوبنان لەلایەن دامەزراوەى دەوڵەتى فەرنسا، کە لەو کاتەدا دەسەڵاتیان هەبوو، ئەو دەکەن پەنابەرى زۆرەملێ لە شام لەگەڵ گەلێک خەباتکارى گەلى کورددا.
چالاکى ڕۆشنبیرى:
وەک لە پێشەوە ئاماژەمان پێ داوە ، میر جەلادەت بەدرخان لە سەرەتاى ژیانی بە کار و چالاکى سیاسی دەستى پێ کردووە، دیارە ڕامیارى بەبێ ڕۆشنبیریی و رۆشنبیریی بەبێ ڕامیارى چێ نابێت، هەرچەند هێلێکى جیاکەرەوەش لە نێوانیاندا هەیە، میر جەلادەت کاتێک مێردمنداڵ بووە، فێرى گەلێک زمانى بیانى بووە، بەهۆى ئەو زمانانەوە شارەزاى کەلتوور و نەریت و ڕۆشنبیریی گەلێک لە میللەتان بووە، هەرچەند زمانى کوردى زمانى ئاخاوتنى خۆى بووە، لە ساڵى ١٩٠٩دا لەسەر دەستى (مەولانا زادە ڕەفعەت ئەفەندى) خاوەنى ڕۆژنامەى (سەربەستى) لە ئەستەنبوڵ، فێرى کاروبارى ڕۆژنامەوانى بووە، سەرنج بدەن بۆ خۆى لە ڕۆمانى (بیرا قەدەرێ)دا چى دەڵێ: )شەڕێکى نوێ دەستى پێ کرد بوو، من کار، ماڵ، دەزگا، پەیوەندى، ئامانجم دەویست، من چیم بکردایە، ڕووم لە کوێ بکردایە، کورد دەڵێ: باڵندە لەگەڵ پۆلى خۆیدا باشە، من ببمە هاوڕێى چ ڕیز و پۆلێک؟ من خوێندن و نووسین، زانست و زانیارى، ڕۆژنامە و گۆڤارم هەڵبژارد، من کەوتمە سەر ئەم ڕێیە، من نەمتوانى ببمە پاشا، ئەفسەر، بازرگان، دوکاندار، کارمەند، حەماڵ. (خەیاڵم لاى ئەو کارانە بوونە ئەو کارانە جۆش و خرۆشیان بە ژیانى من دەدا.)
لەو کاتەوە میر جەلادەت بەدرخان دەستى داوەتە کارى ڕۆژنامەوانى و گەلێک گوتار لە ڕۆژنامەى (سەربەستى)دا بڵاو کردووەتەوە، ئەو ڕۆژنامانە لە نێوان ساڵانى ١٩٣ – ١٩٠٩ لە ئەستەنبوڵ دەر دەچوون، کاتێک هێشتا خەریکی خوێندن بوو، بە کاروبارى بڵاوکردنەوە و گوتارێکى زانکۆ خەریک بوو، لە ساڵى ١٩١٢دا لەگەڵ کۆمەڵێک خوێندکارى ئەستەنبوڵ بەشدارى دامەزراندنى (کۆمەڵەى خوێندکارانى کورد) بووە، کە بە (هێڤى) دەناسرێت، لەگەڵ ئەواندا دەستى بەکارى بڵاوکردنەوەى گۆڤار و ڕۆژنامە کردووە، وەک:
١. ڕۆژى کورد، (١٩١٣)، بە سەرپەرشتى (محەمەد ساڵح بەدرخان) بڵاو کراوەیە.
٢. هەتاوى کورد، (١٩١٣)، بە سەرپەرشتى (هەمزە بەگ ) چاپ و بڵاو دەکرایەوە.
٣. یەکبوون، (١٩١٣)، ئەمەش بە سەرپەرشتى (محەمەد ساڵح بەدرخان) بڵاو دەکرایەوە.
لە ساڵى ١٩١٨ هاوکارى چاپ و بڵاوکردنەوەى گۆڤارى (ژین)ى کردووە ئەوەى کە بەناوى (کۆمەڵەى تەعالى کوردستان) لە ئەستەمبوڵ بڵاو دەکرایەوە، کە (مەمدوح سەلیم بەگ وانلى) و (هەمزە بەگ) سەرپەرشتى بوون. تا ڕۆژی (١٥)ى گوڵانى (١٩٣٢) گۆڤارەکەى خۆى (هاوار) لە شام بە پیتى لاتینى دەرکرد، کە یەکەم جار بوو لە مێژوودا زمانى کوردى بە پیتى لاتینى بنووسرێت، کە ئەم گۆڤارە (٥٧) دانەى لێ بڵاو کرایەوە، کۆتا ژمارەى لە (١٥) ى ئابى ١٩٤٣دا بوو. تەمەنى گۆڤارى (هاوار) ١١ ساڵ درێژەى کێشاوە، دوو جار بەهۆى کێشەى ئابوورییەوە وەستاوە، (١ تا ٢٣)یدا بە هەردوو ئەلفبێى (عەرەبى – لاتینى) و لە ژمارە (٢٤)وە تەنها بە ئەلفبێی لاتینى بڵاو دەکرایەوە.
لە سەرەتاى بڵاوکردنەوەى گۆڤارى (هاوار)، گەلێک مەلا و شێخ و فەقێی کورد دژى نووسینى کوردی بوون بە پیتى لاتینى و وەدەیانگوت: ئەمە زمانى گاورانە و چۆن دەبێ ئێوە زمانى ئێمەى پێ بشێوینن؟! تاکو شێخ (عەبدولڕەحمانى گارسى) فەتوایەکى دەرکرد و پیتى لاتینى بە زمانى کوردى حەڵاڵ کرد. ناوەڕۆکى گۆڤارى (هاوار) زیاتر ئەم بابەتانەى لەخۆ گرتبوو (ئەلفبێى
کوردى ، زمانى کوردى، ڕێزمانى کوردى، فەرهەنگى کوردى … هەروەها ستونێک بۆ بابەتى مناڵان، کەمێک بابەتى پزیشکى و تەندروستیشی تێدا بوو. گەلێک نووسەرى کورد لە ڕێگەى گۆڤارى (هاوارە)وە ناو و ناوبانگیان پەیدا کرد، لەوانە: جگەر خوێن، عوسمان سەبرى، قەدرى جان، د. نورەدین زازا، ڕەشیدى کورد و هەسەن هۆشیار(
لە ساڵى ١٩٤٢ میر جەلادەت بەدرخان، گۆڤارێکى ترى لەگەڵ گۆڤارى هاوار دەکرد بە ناوى گۆڤارى (ڕوناهى)، ئەو گۆڤارەش لە شام دەرچوو، گۆڤارى هاوار یەکەم گۆڤار کوردى بوو، کە وێنەى تێدا بڵاو بکرێتەوە.
هۆنراوەیەکى میر بەدرخان بۆ ئاڵاى کوردستان
ئاڵاى کوردان د ناڤرۆک
چ بەدە و ب هەیبەت
ب چار ڕەنگى ڕەنگێ تە
چ دەلال و خوە شکۆک
خێزەک کەسک و خێزەک سۆر
ناڤ سپى و نیڤەک زەرد
کەسکە سۆرێ ب ڕۆژە
ئەڤ ل ژێر و ئەو ل ژوور
***
سەرچاوەکان:
١. بەدرخانییەکان ماڵباتێکی خەباتکار: یوسف احمد مەنتیک
٢. ناسیۆنالیزمی کوردی: جەعفەر علی
٣. پەرتوکی باژێڕا جزیرا بۆتان: نووسینی کۆنە ڕەش
٤. پیرۆزنامە: حامید فرەج
٦. مجلة روناهی:عدد ٢٥