و: ڕەنجدەر شێرزاد
نهێنی
١٨ی شوباتی ١٩٢٦
کەرکوک،
لە کاتێکدا کە پرسی سەربەخۆیی کورد جارێکی دیکە هاتۆتە ئارا، وا دادەنرێت کە ڕەنگە ئەم تێبینییانەی خوارەوە سوودی هەبێت لە یارمەتیدان بۆ ئەوەی ڕووناکییەک بخاتەسەر دۆخی ئێستا، بۆ ئەوەی کە ڕوونتر بێت لەوەی بەرپرسانی ناوخۆیی و ئەوانی دیکە کە بە شێوەیەکی کرداری خزمەتکاری حکومەتی عێراقن، پێشبینی دەکەن.
هەڵوێستی حکومەتی بەریتانیا له بەرامبەر کوردستانێکی سەربەخۆدا هەرچی بێت، درک بەوە کراوە که دەبێت ئەمە بۆ ئێستا به ناڕوونی بمێنێتەوه، ناکرێت گومان له دوودڵیی حکوومەتی عەرەبی بەرامبەر به تەنانەت بەرهەمی بەشێک له خواسته نەتەوەیییەکانی کورد هەبێت. هەربۆیە ناتوانرێت چاوەڕوان بکرێت کە هەر بەرپرسێکی عەرەبی، یان هەر بەرپرسێک کە بە پلەی یەکەم قەرزاری دامەزراندنەکەی بێت بە حکومەتی عێراق، ئامادە بێت دیدێکی ڕوون و بێلایەنانە لەبارەی دۆسیەکە سەبارەت بە دەوڵەتێکی سەربەخۆ یان نیمچە سەربەخۆی کوردی بخاتەڕوو.
کاتێک دوو هەفتە لەمەوبەر سەید تەها لە ڕێگای خۆیدا بۆ بەغدا بە کەرکوکدا تێپەڕی، قسە و باسێک لەسەر هۆکاری سەردانەکەی دروست بوو. ئەمە بەجۆرێک لە جۆرەکان خۆی لەوەدا دەبینێتەوە کە لەلایەن کۆمیسیاری باڵاوە وەک ئامادەکاری پێشوەختە بۆ دامەزراندنی وەک والی یان حوکمداری دەوڵەتی کوردی نێردراوە. لەوکاتەوە دەنگۆی جۆراوجۆر لە بەغداوە بڵاوبووەتەوە کە هەندێک لە نوێنەرەکانی کورد، و یەکێک یان دوو لە نوێنەرانی عەرەب، بە توندی پشتگیری لە بزووتنەوەی جیابوونەوەی کوردی دەکەن. ئەم دەنگۆ و ڕاپۆرتە ناڕوونانە بەخێرایی تەواوی کێشەکەیان بەرجەستە کردووە و ئێستا دەکرێت کە خەمڵاندنێک بۆ هەڵوێستی هۆزەکانی ئەم ناوچەیە بەرامبەر بە کوردستانێکی ئۆتۆنۆمی بکرێت.
کارێکی هەڵەیە وا بیربکرێتەوە کە کورد بە هەر شێوەیەک بێت ڕازییە بە بەڕێوەبردنی ئێستا. هەرگیز لە هیچ شتێک ڕازی نییە، کە قازانجی کەسی یان گەورەبوون بە دوای خۆیدا نەهێنێت. هەر ئەو ڕاستییەی کە حکومەتی ئێستای وڵاتەکەیان عەرەبییە، خۆی لە خۆیدا بەسە بۆ پووچەڵکردنەوەی هەر چاکەیەک کە لە فۆرمێکی جێگیری حکومەتەوە یان لە باشتربوونی بازرگانییەوە ڕوو بدات، کە لە ئەنجامی پاراستنی یاسا و ڕێساکانەوە ڕوو دەدات. وشەی عەرەب نەفرەتێک بووە و هەردەم دەبێت بۆ کورد و هیچ ئەندازەیەک لە حوکمڕانییەکی دادپەروەرانە یان ئیدارەی بێلایەنانە هەرگیز نابێتە حکومەتێک یاخود ئەو ناوە لە چاوی کورددا هیچی تر ناگەیەنێت جگە لە بابەتی ڕق لێبوونەوە و سووکایەتیکردن. موتەسەریفە ناوخۆییەکان، قایمقامەکان و بەرپرسانی دیکەی حکومەت، کە دامەزراندنەکانیان لە ژێر سایەی حکومەتی عێراقدا بەڕێوەبردووە، بە شێوەیەکی سروشتی درێژکردنەوەی شایستەییەکانی شێوەی ئیدارەی ئێستایان بە گونجاو زانیوە، لە ڕێگەی هەوڵدان بۆ ئەوەی وا نیشان بدەن کە ئەو حکومەتەی ئەوان نوێنەرایەتی دەکەن جەماوەری و بەگشتی قبوڵکراوە. سەرکردەی هۆزەکان و سەرۆکە ئایینییەکانیش بە هەمانشێوە بۆیان دەرکەوتووە کە ڕەخنە لە حکومەت، جگە لە گوێگرتن لە قسەی ناخۆش و قبوڵنەکراو، وە جگە لە بەهێزکردنی دەستی ئەمانە لە دەسەڵاتدا هیچ کاریگەرییەکی دیکەی نییە.
بە مەبەستی ڕوونکردنەوەی خاڵی بۆچوونی هەندێک لە بەرپرسە دیارەکان و هەندێک لە پیاوە پێشەنگەکانی بەرەی دژە حکومەت، پێدەچێت ئەم هاوکێشە کەسییانەی خوارەوە شایەنی سەرنج بن. مافی گەلانی بچووک لەگەڵ بۆچوونە بێشومارەکانی لایەنگری و دژی کوردستانی سەربەخۆ، بابەتگەلێکن کە زۆر بە دڕێژی بەکار نەهێنراون لەلایەن ئەفسەرانی سیاسی و کەسانی دیکەوە، لە کاتێکدا کە کێشەکە لە ژێر ڕەچاوکردندا بوو لە ساڵی ١٩١٨. هەر بۆیە ئەم تێبینییانە سەربەخۆن، و مەبەست لێیان پرسیارکردنە لەسەر لایەنی ئەخلاقی کەیسەکە و تەنها وەک ئامڕازێک بۆ گەیشتن بە هەڵوێستە جۆراوجۆرەکان لە چاوی ڕای گشتی لە ئێستادا، وەک یارمەتیدەرێک لە حوکمدان لەسەر پاڵنەرەکانی بەڕێوەبردنی قسە گشتییەکانیان و مەیلی تایبەت.
***