بیرمەندی فەرەنسی ئۆلیڤیێە ڕۆی: ئیسرائیل لە (جەهلی موقەدەس)دا دەژی!
و: حیکمەت مەعرووف
پەیوەندی لەگەڵ دنیای عەرەب و ژینگەی ئیسلامی، پەیوەندییەکی مرۆیی بوو، پێشئەوەی فکریی بێت، کاتێک دەستی بە توێژینەوە لە ئیسلامی سیاسی و بزوتنەوە جیهادییەکان کرد، وەک ڕۆژهەڵاتناسێکی ئەوروپی نەبوو، بەڵکو زانایەکی کۆمەڵناسی و زانیاریی بوو، خۆی دوورخستەوە لە بەکاربردنی تێزە سیاسییەکانیی، کە تائێستاش جێگەی مشتومڕی هەردوو دنیای ڕۆژئاوایی و ئیسلامیین.
زانای بەناوبانگی فەرەنسی ئۆلیڤیێە ڕۆی، لە ساڵی ١٩٤٩ لە (لاڕۆشێل لە رۆژئاوای فەرەنسا لەدایک بووە، وەک مامۆستا لە پەیمانگەی زانستی بۆ توێژینەوەی سیاسیی لە پاریس کاری دەکرد، پێشئەوەی ببێتە بەڕێوەبەری سەنتەری توێژینەوە زانستییەکان و بەڕێوەبەری توێژینەوەکانی خوێندنی باڵا بۆ زانستە کۆمەڵایەتییەکانی فەڕەنسا، و ڕاوێژکار لە سەنتەری شیکاریی و پێشبینیکردنی سەر بە وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا.
ئۆلیڤیێە لە ئەفغانستانەوە، دەستی بەکارکردن کرد، کاتێک لە تەمەنی لاوێتیدا و لە ساڵی ١٩٦٩دا سەردانی ئەو وڵاتەی کرد، کە هێشتا کۆتایی بە خوێندنی دواناوەندی نەهێنا بوو، وەک گەڕیدە و گەشتیار سەردانی کابوڵی کرد، پێشئەوەی بگەڕیتەوە بۆ پاریس، بۆ بەدەستهێنانی بڕوانامەی دکتۆرا لە فەلسەفەدا، توێژینەوەی لەسەر ئاسیای ناوەڕاست کرد، و سەردانی شارە دێرینەکانی هەردوو وڵاتی ئۆزباکستان و تاجیکستانی کرد. پاشان دەستیکرد بە وانەوتنەوە لە ژمارەیەک زانکۆ و پەیمانگەکانی فەرەنسا.
ڕۆی، کۆمەڵێک کتێبی گرنگیی لە کۆمەڵناسی ئیسلام و ئاینییەکان بڵاو کردەوە و زۆرینەیان وەرگێڕدرانە سەر زمانی عەرەبی، وەک: ئیسلام و عەلمانییەت، جەهلی موقەدەس، سەردەمی ئایین بەبێ ڕۆشنبیریی، جیهاد و مردن، جیهانگیریی ئیسلام و شکستی ئیسلامی سیاسیی و چەند کتێبێکی تر. ماڵپەڕی “جەزیرەنێت” میوانداری ڕۆی کردووە، تا لەسەر داهاتووی ئایینەکان و شوناس و عەلمانییەت، قسە بکات، ئەمەش (بەشێک) لە چاوپێکەوتنەکەیەتی:
جەزیرەنێت: تۆ پێناسەی (جهل المقدس – نەزانی پیرۆز)ت کردووە بەوەی: بریتییە لە دانپێدانەنانی ئیمانداران بە کەلتووری باودا، کە دەڵێن: تەنها لەسەر بەها ئایینییەکان، دووبارە ژیانم بنیاد دەنێمەوە. بە لەبەرچاوگرتنی ئەمە و بە زانینی ئەوەی کە ئیسرائیل وڵاتێکە لەسەر بیروباوەڕی ئایینی بنیاد نراوە، و بەردەوام پانتایی ڕاستڕەوەکان لە ئیسرائیلدا فراوانتر دەبێت، ئایا دەتوانین بڵێین ئیسرائیل لە (جهل المقدس – نەزانی پیرۆز)ی خۆیدا دەژی؟
ئۆلیڤیێە ڕۆی: بەڵێ، تا ڕادەیەکی زۆر، هەروەها ئەمە ڕێکەوت نییە، کە ئیسرائیل پشتیوانییەکی زیاتری لێ دەکرێت لە لایەن ئینجیلییە ئەمریکاییەکانەوە، لێکچوونە هاوبەشەکانیان چین؟! بێگومان ئەوە بینادنانەوەی ئایینە لە دەرەوەی (نەریتە ڕۆشنبیرییەکان – تقالید الثقافیة). بێگومان نەریتێکی ئایینی و ڕۆشنبیریی دەوڵەمەندی جوولەکە هەیە، بۆ نموونە: جوولەکەکانی ئەوروپای ڕۆژهەڵات، ئایینێکیان هەبوو، کە ڕەگوڕیشەی لە ڕۆشنبیریی و زمان و کۆمەڵگەی تایبەت بەخۆیان سەرچاوەی گرتبوو، تێبینی هەمان شتیش لەگەڵ (پرۆتستانت)ەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان دەکەین، لە ئێستادا، لە هەردوو دنیای جوولەکە و پرۆتستانتدا بزوتنەوەگەلێک هەن، کە جەخت لەسەر تایبەتمەندییەتی خۆیان دەکەنەوە، کە ئایینە ڕاستەکەیە، و سەرنجیان لەسەر (دووبارە لەدایکبوونەوەیە) و دوورکەوتنەوە لەو ڕەگوڕیشە مێژووییانەی، کە بە نەرێنی دەزانن.
شایانی باسە، هەندێک لە گروپە جوولەکە ئەرثۆدۆکسییە تووندڕەوەکان، کە لە کۆتاییەکانی سەدەی هەژدەهەمدا دروست بوون، وا دەردەکەوێت بە تەواوی تازە بن، چونکە لەو نەریتانە دوور کەوتوونەتەوە، کە بۆ سەردەمانی بەسەرچوو دەگەڕێنەوە، وەک ئەوەیە، حاخامی دامەزرێنەر، ڕاستییەکی ئایینی نوێی دروست کردبێت. بۆ نموونە خەڵکی موستەوتینەکان هاوشێوەی ئینجیلییە ئەمریکییەکان هاندەدەن بۆ گێرانەوەیەک، کە مەبەست لێی بنیادنانەوەی خاکێکی پیرۆزە لە سفرەوە. هەرچەندە ئەمە بەلاڕێدا بردنێکی مێژووییە، بۆ نموونە، ناوی تەوراتییانە لە شوێنەکان دەنێن، بۆ ئەوەی وا دەرکەون کە زۆر کۆنن، کە خۆیان لە ڕاستیدا زۆر تازەن. لە جەوهەردا، ئەوەی دەردەکەوێت جولەیەکی ئیسرائیلییە، کە خواست و ئاواتی جیهانی هەیە، ئامانجی بەردەوامی مێژووییە، تا خۆی بە خاکەوە جێگیر بکات، بەڵام لە ناوەڕۆکدا داهێنانێکە بۆ لاساییکردنەوەی کۆمەڵگەی جوولەکە، کە دوو هەزار ساڵە دیار نییە، ئەم دیاردەیەش ڕەنگدانەوەی فۆڕمێکە لە فۆڕمەکانی (فەندەمێنتالی – بناژۆخوازی)، یان جیاکردنەوەی ئایینی پووخت لە نەریتەکان و ڕۆشنبیریی و کەلتوور.
جەزیرەنێت: لەو ڕوانگەیەوە، چۆن زیادبوونی پانتایی ڕاستڕەوی تووندڕەو لە ئیسرائیلدا ڕوون بکەینەوە؟
ئۆلیڤیێە ڕۆی: سەرەتا، گۆڕانکارییەکی دیمۆگرافی بەرچاو لە کۆمەڵگەی ئۆرثۆدۆکسیی جوولەکەی تووندڕەودا هەیە، کە لە ساڵانی پەنجاکاندا لە ٥ % کەمتر بوون و لە ئێستادا بەلایەنی کەمەوە بەرزبووەتەوە بۆ لە ٢٠ %، لە هەمانکاتدا پارادۆکسێک لە بە عەلمانیکردنی کۆمەڵگەی جوولەکەدا هەیە، بەشێوەیەک هەر کاتێک عەلمانییەت زیادی کردووە، ئایین زیاتر ڕوون و دیار بووە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی جوولەکە تووندڕەوەکان لێی جیابوونەتەوە، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ سەرهەڵدانی پۆپیولیزم – Populism و شوناسی نەتەوەیی لەناو کۆمەڵگەی جوولەکەدا، کە بە (بەئیسرائیلکردنی جوولەکە) وەسف دەکرێت، یان پەیوستبوونی ئایینی جوولەکە، بە فۆرم و پێکهاتنی دەوڵەتی ئیسرائیل.
یەکێک لە شێوە ڕوونەکانی ئەم ڕەوتە، گەورەبوونی کەلێنی نێوان سیاسەتی ئیسرائیلە لەگەڵ ڕەوەندی جوولەکە، (ڕەنگە وشەی “ڕەوەند” بەتەواوی گونجاو نەبێت، چونکە باشترە “ڕەوەندی جوولەکە” بێت، کە ناکاتە “ڕەوەندی ئیسرائیلی”)، بۆ نموونە: لە شاری نیوۆرک، کۆچبەرە ئیسرائیلییە تازەکان، ئەوانەی پاسپۆرتی ئیسرائیلیان هەیە، بەرکەوتن و تێکەڵبوونێکی سنوورداریان لەگەڵ کۆمەڵگە جوولەکە تەقلیدییەکاندا هەیە، ئەم دیاردەیە لە شاری “بەرلین” جێی سەرنجە، چونکە کۆمەڵگەی ئیسرائیلی دەتوانێت بژی، بێ ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ ڕابردووی جوولەکە، سەرەڕای لە ڕەگوریشە دەرهێنانی مێژووی “کۆمەڵگە جوولەکە نەریتییەکان” بەدەستی نازییەکان.
تێبینی دەکرێت، ئەوانەی پشتگیریی و دەنگیان بۆ کەسایەتییەکانی وەک سەرۆکوەزیران “بنیامین نەتنیاهو”ە، مەرج نییە ئاییندار بن، یان هاتوچۆی پەرستگا بکەن، ئەمانە زۆربەیان لەگەڵ سیاسەتی پۆپۆلیستی و ڕاستڕەوی تووندڕەو هاوتەریب و هاوڕان، نەک لە لایەن باوەڕێکی ئایینیی دیاریکراوەوە هانبدرێن و بجوڵێنرێن.
جەزیرەنێت: لەم دوواییانەدا گرنگیپێدانەکانت بە توێژینەوە ئیسلامییەکان لە ئاسیادا، بە توێژینەوەکردن دەربارەی مەسیحییەت لە ئەوروپادا، گۆڕاوە. هاوشان لەگەڵ هەستی دژە کۆچبەریی، تێبینی دەکرێت ئەوروپا لەسەر ناسنامەی نیشتمانی لە مشتومڕدایە، بە بڕوای تۆ، ئیسلام مەترسییەکی ڕاستەقینەیە لەسەر مەسیحییەت لە کیشوەری ئەوروپادا؟
ئۆلیڤیێە ڕۆی: مەسیحییەت ڕەگێکی قووڵی لە میراتی مێژوویی و ڕۆشنبیریی ئەوروپادا هەیە، لە سەدەکانی ناوەڕاستەوە، کەنیسە یەکەم دەزگای ئەوروپییە، بەڵام ئایین لەگەڵ سەرهەڵدانی دەوڵەتی نەتەوەیی و گۆڕانی خەڵک بەرەو ئایدیۆلۆژییەکانی تر بەهۆی بە عەلمانیکردنەوە، ڕۆڵی سەرەکی و ناوەندی لە کۆمەڵگە و سیاسەتدا لە دەست داوە، بۆیە پابەندبوونی ئایینی لە کیشوەرەکەدا پاشەکشەی کردووە، خەڵک دەستیان لەوە هەڵگرتووە خۆیان وەک مەسیحییەک پێناسە بکەن و ئامادەبوونی خەڵک لە کەنیسەکاندا کەمی کردووە، بەسەر بەردەوامی گفتوگۆکان لەسەر ناسنامەی مەسیحییەتی ئەوروپا، بەڵام ڕۆشتن بەرەو مەسیحییەت بەردەوامە.
لە لایەکی ترەوە، ئیسلام لە ڕێگەی کۆچی دەستی کارەوە گەیشتە ئەوروپا، لە سەرەتادا لای ئەوروپییەکان بە تێڕوانینی ئیتنیکی و ڕەگەزپەرستی بوو، نەک ئایینی، پاشان لە ساڵانی هەشتاکاندا، نەوەی دووەمی کۆچبەرەکان، ئەوانەی لە ئەوروپادا لەدایک بوون، ڕووبەڕووی گۆڕانکاریی بوونەوە لە زاراوەکاندا و بە “موسڵمانەکان” وەسف دەکران. لەگەڵ هەستکردن بە نامۆبوون، زۆرێک لەو گەنجانە شوناسی ئیسلامی خۆیان هەڵبژاردەوە.
***
سەرچاوە:
www.aljazeera.net