نووسینی: کامیل ئەحمەد تاوگۆزی
پێشەکی:
ڕوون و ئاشکرایە هەموو گەل و نەتەوەیەک لە سەر ڕووی ئەم زەمینە، خاوەنی چەندین کەسایەتی، شاعیر، ناودار، زانا، بوون. کوردیش وەک نەتەوەیەک گەلێک زانا و هۆنەر و مرۆڤی ناوداری تیا هەڵکەوتووە، لێرەدا دەمەوێت ئاماژە بە یەکێک لە ئەستێرەکانی ئاسمانی ئەدەبیاتی کوردیمان بکەم، ئەویش: (مەولەویی تاوگۆزی)یە.
دیارە دیالێکتەکانی(١) زمانی کوردی دابەشبوون بەسەر چوار شێوە زمانی سەرەکیدا، یەکێک لەوانە شێوەی گۆران (هەورامی)یە، مەولەویش وەک شاعیرێک شیعرەکانی بە شێوەزاری هەورامی هۆنیوەتەوە. لەلایەک بۆ ئاشناکردنی خوێنەران بەو شێوەزارە و هەروەها کەمێک تیشک خستنە سەر مەولەوی و (Naturalism) ناساندنی ڕەگەزێک لە شیعرەکانی مەولەویی دا، کە ئەویش سروشتخوازییە. دیارە هیچ بەرهەمێکیش بێ کەموکورتی نییە، مرۆڤیش لە هەر ئاستیکدا بێت چاوەڕوانی هەڵە و کەماسی(٢) لێ دەکرێت، ئەم چەند دێڕە کەمە نووسیومە جێگای ڕەزامەندی خوێنەری بەڕێز بێت، لە هەر خەوش و کورتهێنانێکی پێ نەزانرا و بمانبوورن.
کورتەیەک لە ژیانی مەولەوی:
مەولەوی ناوی (سەید عبدالرحیم کوڕی مەلا سەعید) لە نەوەی (مەلا یوسف جان کوڕی مەلا ئەبوبکری چۆڕی ناسراو بە موصەنیف)ە، دەچێتەوە سەر پیر خدری شاهۆ. لە گوندی (سەرشاتەی سەروو) دەڤەری تاوەگۆزی لە ساڵی ١٨٠٦ لەدایک بووە، سروشتی جوانی کوردستان، خۆشەویستی بۆ عەنبەر خاتوونی خێزانی هەوێنی زۆرێک لە شیعرەکانی بووە، هەروەها مەولەوی پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ میرە کوردەکاندا هەبووە، بە سەرکەوتن و هەبوونی میرنشینە کوردییەکان دڵخۆش بووە، ئەمەش لە شیعرەکانیدا ڕەنگی داوەتەوە، هەرچەند بی ڕەخنەش نەبووە بەرامبەر بە سەردار و میرە کوردەکانی وەک: غوڵام شاخانی سنە، میری باجەڵان، ئەوڕەحمان پاشای بابان.
مەولەوی لە کۆتایی ژیانیدا تووشی گەلێک کارەسات و ناخۆشی بووە، وەک لە دەستدانی سۆمای چاوەکانی، کە چەندین وێنەی شیعری جوانی سروشتی کوردستانی پێ گرتووە، کۆچی ناوادەی هاوسەر و دڵبەری، کە هەوێنی زۆرێک لە هۆنراوەکانی شاعیری ناوبراو بووە، لە دواساتەکانی تەمەنیدا پاش حەوت ساڵ ژیانی نابینایی، بەهۆی کەوتنە خوارەوەی بەسەر وڵاخەوە، بۆ دواجار لە ساڵی (١٨٨٥) زایینی ماڵئاوایی لە ژیان کرد، لە زێدی خۆی لە گوندی (سەرشاتەی سەروو) لە دەڤەری تاوگۆزی بە خاک سپێردراوە.
سروشتخوازی (ناتۆرالیزم) چییە؟
بە کورتی ڕێبازێکی ئەدەبیە، سروشت دەخاتە چوار چێوەی ئەدەبەوە، بە پێی چەند ڕەگەزێک سروشتخوازی دەناسرێتەوە، وەک ئەوەی ئەدەب پەیوەست بێت بە ژیانەوە، ئاوێتەبوونی سروشت و هەست و نەستی مرۆڤ، تێڕوانینی هەستی شاعیرە بۆ سروشت و جوانبینییەتی، هێنانە ناوەوەی چەند ڕێگەیەکی زانستییە بۆ ناو ئەدەب. (Naturalism) سروشتخوازی وشەیەکی لێکدراوە، کە لە لاتینیەوە وەرگیراوە، (Nature) بە واتای سروشت دێت، (lism) بە واتای خواست یان ویست دێت، هەردوو وشەکە پێکەوە واتای سروشتخوازی دێت ،کە لە نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدەدا لەسەر دەستی یەک فەیلەسوف، کە ئەویش (ئەمیل زۆلا)(٣) (١٨٤٠- ١٩٠٢) زایینی ئەم ڕێبازە سەری هەڵداوە، ژیانی ئەم فەیلەسوفە فەرەنسییە و مەولەوی زۆر لێک دوور نین، دەبنە کوڕی سەردەمێک، بەڵام کاتێک (ئەمیل زۆلا) هاتووەتە دنیاوە، مەولەوی لە بەرهەم بەخشیندا بووە.
مێژووی ئەدەبی ئەوروپی چەند خاڵێکی وەک بەرنامەی کاری سروشتخوازی دیاری کردووە، بەڵام ئێمە لیرەدا تەنها کورتەیەک باس دەکەین، وەک سروشت بخرێتە چوار چێوەی ئەدەبەوە، هەموو بابەتێکی ئەدەبی بۆ ژیان دەست دەدات، پیشاندانی گرفت و خەوشەکانی ناو کۆمەڵگا، ئازادی ڕادەربڕین. بە کورتی مەبەستی ئێمە لێرەدا یەکگرتنەوەی بەشێک لە شیعرەکانی مەولەوییە لە چوار چێوەی ئەم ڕێبازەدا، کە چۆن وەستایانە سروشتی ئاوێتەی هۆنراوەکانی کردووە.
سروشتخوازی لە شیعرەکانی مەولەوی دا
مەولەی لەم چەند دێڕەدا ڕەگەزەکانی سروشتی ئەندازیارانە تێکەڵ بە هۆنراوەکانی کردوە، کە ئەمەش یەکێکە لە بنەماکانی ڕێبازی سروشتخوازی، بۆ نموونە مەولەوی لەم چەند دێڕەدا دەڵێت:
سەیر کەر ئەو گەرماو شەرارەی تاوە
هویدان هامن جەلای بەغداوە
ئەو ئاخر وشکاو ئەسرینی دیدەم
ئێد دما نەفەس دڵەی خەم دیدەم
جەوگەرماو جەو ئاو بەر گوزیدەکەم
تەفتیش کەر حاڵات دڵەو دیدەکەم(٤)
واتە: سەیرێکی دیجلە بکە بە ناوەڕاستی بەغدادا تێدەپەڕی، سەرنجی گەرمای هاوینانی بەغداش بدە، ئەویان دواتکی فرمێسکی چاوەکانمە و ئیتر وشکاویان هاتووە، ئەمیشیان -هاوینی بەغدا – دواهەناسەی دڵە خەمبارەکەمە، جا بەو گەرمای بەغدا و ئاوی دیجلە بزانە حاڵی دڵو چاوم چۆنە و دەزانی، ئاماژە بەوە دەدا کە هاوین لە بەغدادەوە زووتر دەست پێدەکات، کە دەکەوێتە خوارووی کوردستان.
مەولەوی و تێپەڕاندنی سروشتخوازەکان:
شاعیرانی قوتابخانەی ناتۆراڵیزمەکان، کە ئاوڕیان لە سروشت داوەتەوە، هیچ کامیان وەک مەولەوی نەیانتوانیوە وا لە خۆیان بکەن، بە جۆریک ڕۆحی خۆیان تیکەڵ بە سروشت بکەن، بە مانایەکی تر مەولەوی هەر ئەوە نییە بە کامێرای هزر وێنەی جوانی سروشتی بۆ گرتێت، بەڵکو لە زۆر شوێندا وا تێکەڵ بە سروشت بووە، بووەتە ئەندامێک لە سروشت، قسەیان لەگەڵ دەکات، دەیانلاوێنێتەوە، ڕێنوێنیشیان دەکات. لەم بارەیەوە ئاماژە بە نمونەیەکی شیعری مەولەوی دەکەین وەک:
پایز زەڕ، یەخ جام، چار شێوی هەی تەم
دێرەن سوارەن نەوعروسی خەم(٥)
واتە: ئەی پایز تۆ لە گەڵای وەریوی درەختەکان، کڵاوزەڕێک دروست بکە، بۆ سەری، ئەی سەهۆڵ تۆش ببە بە ئاوێنە بۆ ئەوەی لە پێشەوە ڕاتگرن، ئەی تەمومژی شاخەکان، تۆش ببە بە چارشێو و سەری داپۆشە..
دەبینین لێرەدا شاعیر بەشێوەیەک تێکەڵاوی سروشت بووە، ڕاستەوخۆ کەوتووەتە گفتووگۆ لەگەڵیدا، وەک ئەوەی لە زمانی سروشتی زانیبێت، تەنانەت بەوەشەوە نەوەستاوە جۆریک لە جۆرەکان کەوتووەتە ڕێنمایی پێدانی سروشت، کە لوتکەی ئەدەبی سروشتخوازی مەولەوی شاعیر پیشان دەدات.
هۆکارەکانی دەرکەوتنی مەولەوی وەک شاعیرێکی سروشتخواز:
١. خۆشەویستی لە ڕادە بەدەری مەولەوی بۆ سروشت.
٢. ڕخنەگرتن لە دیاردە دزێوەکانی کۆمەڵگا.
٣. پایەیی ژن لە لای مەولەوی چوواندنی بە سروشتەوە.
٤. کۆژان و خەمەکانی مەولەوی تێکەڵکردنی بە سروشت.
٥. سروشتی ئەو ناوچەیەی مەولەوی تێیدا ژیاوە کاریگەری هەبووە لەسەر هۆنینەوەی شیعرەکانی
***
پەراوێزەکان:
١) دیالێکت: شێوەزار.
٢) کەماسی: خەوش، کەمووکورتی.
٣) ئەمیل زۆلا: فەیلەسوفێکی فەرەنسییە بە یەکەم دامەزرێنەری ڕێبازی سروشتخوازی دادەنرێت.
٤) دیوانی مەولەوی ل. ١٨٦.
٥) گۆڤاری ڕۆڤار / ژمارە 81
سەرچاوەکان:
١. مەولەوی شاعیری ئازار و خەمە/ لێکۆڵینەوە، (حمەکریم هەورامی).
٢. گۆڤاری ڕۆڤار / ژمارە ٨١.
٣. مەولەوی و هونەری شیعر/ لێکۆڵینەوەیەکی بابەتیانە، (ئەیوبی کوێخا ڕۆستەم).
٤. دیوانی مەولەوی (مەلا عبدالکریمی مدریس).
٥. مەولەوی و تەقینەوەی زمان، (محمد حمە باقی).
●●●