رۆشنبیریسڵاید

ئەمڕۆ لە مێژووی کوردا ..

خالیدی حاجی وادی

یادی شەڕی دەربەندی بازیان لە نێوان مەلیکی کوردستان و سوپای داگیرکەی ئنگلیز و یادی لە سێدارەدانی چوار ئەفسەرە سەربەخۆی خوازەکەی کوردستانە.

شەڕی دەربەندی بازیان

سەرکردایەتی ئەم شەڕە لەلایەن ئنگلیزەوە سپێردرا بە جەنەڕاڵ فرایزەر کە سەرکردەی هێزەکانی ١٨ ی پیادەی ئینگلیز بوو، ژەنەڕاڵ فرایزەر سەرکردەیەکی بەناوبانگی جەنگی جیهانی یەکەم بوو، سەرکرایەتی هێزەکانی بریتانیا بوو لە موسڵدا، بۆ ئەم مەبەستە هێزەکەی کە پێکهاتبوو لەدەیان هەزار سوپای پیادە بەپاڵپشتی سەدان تۆپ و تانک و زرێرێپۆش و چەکی پێشکەوتووی ئەوکات، لەگەڵ هێزی ئاسمانی بەرەو سلێمانی کەوتنەڕێ، هێزەکەی مەلیکی کوردستان دەربەندی بازیانی کردە سەنگەری بەرگری لە دەوڵەتی مەلیکی کوردستان کە پایتەختەکەی سلێمانی بوو، لە ١٩١٩/٦/١٩ هەردوو هێز لە دەربەندی بازیاندا پێکگەشتن و شەڕێکی خوێناوی دەستی پێکرد، وێڕای نابەرامبەری و جیاوازی هێزی مەلیک مەحمود بەرامبەر بەهێزی داگیرکەری ئنیگلیز، بەڵام باوەڕی بەرزی نەتەوەیی و نیشتمانی وایکرد هێزەکانی کورد بەرگرییەکی شێڵگیرانەی سەرسەخت بکەن بەرامبەر بە سوپا دڕندە و داگیرکەر و فڕەڕەگەز و ئەفیونفرۆشەکەی ئنگلیز، لەباری ئەم شەڕەوە ئنیگلیزەکان خۆیان ئێژن ئەو بۆمبا و چەکانەی دروستمانکردن و دەرفەتمان نەبوو لە جەنگی جیهانی یەکەمدا بەکاریان بهێنین ئەوا بەرامبەر هێزی شێخ مەحمود و سلێمانی تاقیمان کردنەوە!

هێزە هەمەچیز و ئەفیونفرۆشەکەی بەریتانیا لەم نەتەوانە پێکهاتبوون:

هندییەکان

مەغۆل

سیخ

ئەفریقی

ئەرمەنی

ئینگلیز

ئاسوری

بەڵام ئەو هێزە دڕندە و دەستوەشێنەی کە دەوری گرنگی هەبوو بۆ ئینگلیزەکان بە خیانەتی ناوخۆ توانیان بگەنە پشتی هێزەکانی مەلیکی کوردستان و گەمارۆی بدەن، بریتی بوون لە هێزێکی دڕندەی مەغۆل کە لە 3000 هەزار شەڕکەری ڕاهێنراوی شەڕی شاخ و جێگە سەخت و دژوارەکان پێکهاتبوو. ئەم هێزەی مەغۆل دڕندە و خوێنخۆر بوون، تەنانەت بەنێزە و کەرەسەی جەنگی ورگی شەهیدەکانیان دەدڕی و دەیانسوتاندن، بەمجۆرەش شەڕ بەردەوام بوو کورد نەبەردیەکی گەورەی نواند سەدان جوامێری کورد لەو جەنگەدا شەهید بوون. مەلیکی کوردستان وەک نەریتی هەمیشەیی سەرکردەکانی پێش خۆی و داوی خۆی نەکرد، بەڵکو وەک مەلیکێکی جەنگاوەر و سەرکردەیەکی جوامێر و سەربەخۆییخوازی کوردستان لەناو مەیدان و دڵی جەنگا دەستەویەخەی داگیرکەر شەڕی دەکرد، تائەوکاتەی بە دووگوللە بریندار دەکرێ لەگەڵ نابەرامبەری هيزدا لە ڕووی سەربازییەوە هێزی کورد دەشکێ، شێخ بەدیل دەگیرێ و مامێکی لەگەڵیدا شەهید دەبێ، بەڵام ئیرادەی کورد ناکەوێ، شێخ سزای سێدارەی بۆدەردەچێ، بەڵام لەسەربەخۆیی پەشیمان نابێتەوە، بە دیلی دەیبەنە هیندستان دوای سێ ساڵ دەگەڕێتەوە هەمدیس بۆ سەربەخۆیی تێهەڵدەچێتەوە، تادوا ساتەکانی تەمەنی هەرگیزاوهەرگیز ئامادە نەبوو، جگەلە پرسی دەوڵەتی کوردستان بچێتەسەر مێزی گفتوگۆ، گڵۆڵەی کورد ئەوڕۆژە کەوتە لێژی لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە گوایە سەردەمی لەدایکبوونی حیزبی مۆدێرن بوو داوا و مافی کوردیان سوکوچروک کرد لە داوای مافی لامەرکەزی و ئۆتۆنۆمی و دواجاریش فیدراڵییەتەی ئێستا، درود بۆ ڕەوانی بەرزی مەلیکی کوردستان بۆ شکۆ و جوامێریەک کە هەیبوو بۆ نیشتمان و نەتەوەکەی.

تێبینی: دڵنیام نەک نەوەی ئێستا زۆربەی ئەوانەی پێشوش نایزانن کەوا مەزاری پیرۆزی لەناو مزگەوتی گەورەی سلێمانیدایە.

چوار ئەفسەرەکە

بەرەبەیانی رۆژی ١٩٤٧/٦/١٩ چوار ئەفسەری پلەداری كوردی سوپای عیراق بەناوەکانی (خیراللە عبدالكەریم، مستەفا خۆشناو، عیزەت عبدالعزیز، محمد محمود)

لە بەندینخانەی ناوەندی بەغدا لەسێدارە دران، پێشتر ئەو چوار ئەفسەرە لەگەڵ هەڵكردنی ئاڵای شۆڕشدا لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان، پلەوپایە و ناونیشانی سەربازییان بەجێهێشتوو ڕوویان كردە كۆماری كوردستان لە مهاباد و هەریەكەیان ئەركێكیان پێ سپێردرا.

دوای ئەوەی بە پیلانی زلهێزان کۆماری کوردستان لەبەینبرا، ئەو چوار ئەفسەرە بەهۆی بەڵێنی لێخۆشبوونی ئەوكاتەی بەغداوە گەڕانەوە عیراق و متمانەیان بە بەڵێنەكانی حكومەت كرد، بەڵام دەسەڵاتی داگیرکەری عێراقی ڕاستگۆ نەبوون دوای گرتنیان ڕەوانەی دادگای سەربازیی كران، بڕیاری لە سێدارەدانیان بۆ دەرچوو، بەر لە سێدارەدانیان بە چوار کاتژمێر هەرچوار ئەفسەرەكە وەسێتنامەیەكیان بۆ گەلی كورد نووسی.

لەبەرەبەیانی رۆژی ١٩/٦/١٩٤٧ حكومەتی ساڵح جەبر تاوانەكەی جێبەجێ كرد و تەرمی شەهیدان بەرەو كوردستان بەڕێكران، هەر لە بەیانی زووەوە شەقامەكانی شاری سلێمانی پڕ دەبن لە خەڵک و شار دەخرۆشێ و لە هەموو لایەکەوە خەڵک دێنە پێشوازی تەرمی پڕشکۆ و جوامێرانەی ئەفسەرانی سەربەخۆییخوازی کوردستان، خەڵك بە خەمبارییەوە چاوەڕێی هاتنەوەی تەرمی شەهیدەکان دەبن، بەو بۆنەیەوە فایەق بێكەس شیعرێكی بۆ ئەو چوار شەهیدە نووسیوە:

ئەمڕۆ رۆژی ماتەمە

عالەم دڵی پڕ لە خەمە

رووی ئاسمان هەور و تەمە

بۆ جوانەمەرگانی وەتەن

بڵێن ئێوە قارەمانن

خاوەنی ناوونیشانن

رابەری رێی نیشتمانن

ئەی جوانەمەرگانی وەتەن

ئەمەی خوارەوە ئەو وسێتنامەیەیە كە ١٤ سەعات پێش لە سێدارەدان بەدەستنووسی محەمەد مەحمود قودسی نووسراوە بۆ گەلی كورد.

بەغدا

١٨ی حوزەیرانی ١٩٤٧

لەشوهەدای رێگای نیشتمانەوە

عیزەت عەبدولعزیزو مستەفا خۆشناو و خەیروڵڵا عەبدولكەریم و محەمەد مەحمودەوە

بۆ:

برایانی میللەتی كوردی خۆشەویست

لە دوای تەبلیغی حوكمی ئیعدام بە یەك سەعات نوسراوە

برایان:

لە ژیانی ژێر دەستی و ئیستعماردا لەنوسینی ئەم نامەیەوە تەنیا ١٤ سەعاتمان ماوە بەپەتی ئیستعمار دەگەینە دنیای ئازادی و گیانمان دەگاتە گیانی پاكی شوهەدای رێگای نیشتمان.

برایان:

خۆمان زۆر بە بەختیار دەزانین كە بەرامبەر واجبی میللی هیچ دوا نەكەوتین تەنیا نەسیحەتی ئێمە ئەوەیە كە لاوان و نیشتمانپەروەرانی كورد نیكرانی زات بكەنە نیشانەو یەكیەتی بكەنە پەیڕەوی خۆیان بۆ شكاندنی تەوقی ئیستعمارو رزگاركردنی هەموو میللەتێكی مەزڵوم بێ جیاوازی.

برایان:

دوژمنی جەهالەت بن بەهەموو تواناتان شەڕی جەهالەت بكەن وە دوای جەهالەت مەكەون. ئێمە نیشانەی تێكوشینی میللی میللەتی كوردین لەساڵی ١٩٤٧ دا. برایانی ئێمە كە ماون بۆ رێگای شەرەف تێدەكوشن و پشت بەخودای گەورە میللەت رزگار دەبێ.

برایان:

هاتنمانە بەر سێدارە لەبێ دەسەڵاتیەوەو سێ و دوو كردنەوە نەبوو بۆ تێكۆشین، بەڵكو هەر وەكو سەربازێكی ئازاد تا ئاخرین توانا هەوڵمانداو و گەیشتینە ئەم نەتیجەیە. ئیدی بۆ یەكیەتی وە بۆ ئازادی. بژی كورد و كوردستان.

واژووی

خیراللە عبدالكەریم، مستەفا خۆشناو، عیزەت عبدالعزیز، محمد محمود

تەرمی هەریەك لە شەهیدان عیزەت عەبدولعەزیز لە ئامێدی بەخاك سپێردرا، شەهید خەیروڵڵا عەبدولكەریم لەهەولێرو هەردوو شەهید مستەفا خۆشناو و محەمەد قودسی لەسلێمانی بەخاك سپێردران.

***

بابەتی پەیوەندیدار

هەروەها چێکی بکە
Close
Back to top button