مەزهەری خالقی، دەنگێکی زێڕین لە وڵاتی کوردان ..
نووسینی: ئیسماعیل فەرەج
یەکێک لە کارە هەرەجوان و مێژووییەکانی زانکۆ بەخشینی ئەو بڕوانامەیە بوو، کە بەخشرا بەو هونەرمەندە پڕ ئەزموونەی نەتەوەکەمان (مامۆستا مەزهەری خالقی). بەڕاستی شایانی زۆر زیاترە و پیرۆزی بێت. نالی مەزن ئەفەرمووێت:
شکاری وەحشییان بەس دەستەمۆکەن
نە وەک بەربێ شکاری خانەزاتان
لە بیرم دێ لە تەمەنی لاوێتییمەوە، تاوەکو ئێستا، کە گوێبیستی گۆرانی و ئاوازی خۆش ببم گوێ لە مامۆستا مەزهەری خالقی ئەگرم. جگە لەو دەنگە بە دەگمەن گوێم لە هومەرمەندەکانی تر ئەگرت. من مەبەستم ئەوە نییە باس لە دەنگی ئەو هونەرمەندانە بکەم، ئەوانەی تر هەموو هونەرمەندی رەسەنو دەنگخۆش بوون. بەڵام دەنگی ئەو مرۆڤە، هونەرمەندە، مەزنە، داهێنەرە، کوردە زۆر سەرنجی راکێشاوم و پێی ئالوودە بووم. دەنگێکی تا بڵێی بە مانا، جوان، خۆش. ئەو دەنگەیە، کە زۆر جار بیرەوەرییەکانی ئەو سەردەمە و ئێستاشی لەگەڵدا بێت لە جوانترین تابلۆی رێز و راستگۆییدا بۆم دەمەزەرد ئەکاتەوە. چێژێکی وای لێ وەرئەگرم لە خۆشیدا بێت، یاخود ناچاری چەند جارێک لەگەڵ ئەو دەنگە زوڵاڵەیدا ئاو لە چاوانم دائەکات. نالی وتەنی؛
سروشکم ئاب و دانەی نارە، کێ دی؟
بە گەرمی داوەرێ بەم طەرزە تەرزە
بە ئێستاشەوە هەستم ئەکرد و هەست ئەکەم ئەمە ئەو دەنگەیە، کە خزمەتی ویژدانی مرۆڤانە ئەکات. ئەمە ئەو دەنگەیە، وەک مامۆستا دڵسۆزەکانی وڵاتەکەم فێری رێز، خۆشەویستی، راستکردنەوەی بیر و دەروونت ئەکات، کە گوێبیستی ئەو دەنگە ئەبم، وەک پەلەوەرێکی رەنگیین لە ئاسمانی وڵاتەکەمدا باڵە فڕێی ئاسودەییمە. ئەو دەنگە دەنگی ئەو سروشتەیە. دەنگی لەرەی گەڵای ئەو چنار و سەرو و شۆڕە بییە بەرزانەن، کە شنەبایی بەهاران ئەیانخاتە جوڵە و دەنگیان لێ دێنێت. دەنگی خوڕەی نەرمی ئاوی کانیاوێکی بی گەردە، کە بەسەر بەرد و زیخی جۆگەلەیەکدا بە لەنجەولار تێئەپەڕێتو ئاوڕ لە کەس ناداتەوە. دەنگی ئەو پەلەوەرانەیە لە رەوتی ئاو و شنەی ئەو هەوایەدا جریوەی گۆرانییان دێت. هەموو ئەم دەنگانە پێکەوە ئەبن بەو ئاوازە سروشتییەی، کە هیچ کەسێک ناتوانێت نکۆڵی لە جوانیو خۆشییەکەی بکاتو چیژی لە دڵ ئەدات.
هەموو ئەمانە لەگەڵ دەنگە بە سۆزەکەی مامۆستا خالقیدا پێشبڕکێیانە. ناتوانن لێی بەرنەوە و لەو مەزنە سەرکەوتووتر بن. گەرووە زێڕینەکەی مامۆستا خالقی ئەو دەنگەیە، کە پەلی رۆحت بەرەو رەوشی مرۆڤایەتی رەسەنو راستەقینە ئەگرێت. چونکە ئەو دەنگە زێڕینە خاڵی بە یەکگەیشتنی زیهن و ئەروای پاک و بێگەردی عاشقانەی خودی خۆیەتی و کردوویەتییە دیاری بۆ ئێمە. بۆ مێژووی هونەری شارستانیی کورد. ئەو دەنگە لەگەڵ هەموو ترپەیەکی دڵو دەرونی خۆیدا لە قوڵایی هەناوی پاکو بێگەردیی خۆیەوە بەرەو رووی سروشتی راستگۆیانەی مرۆڤی کوردییان ئەکاتەوە. لەو بەرەو رووبوونەوەیەدا شیعر و ئاوازەکانی هزر و گەروی ئەکاتە هۆکارێکی کارا بۆ وابەستەبوونێکی کۆمەڵایەتی پڕ لە مۆڕال. ئیتر بۆ لەوەو دووا دەنگی خالقی مەزن ئەبێتە ئەو دەنگە بە بەها رەسەنەی هاوکاری لێکگەیشتن و بوژانەوەی بەردەوامی خۆشەویستی و عەشقی راستەقینەت پێ ئەبەخشن. ئەوانە هەموو راستیینو لەسەر تانوپۆی دەروونی گوێبیستەکەی وەستاون. هەر لەرەو وشەیەکی ئەو تانوپۆیە بە بەرنامەیەکی تایبەتی ژیانی کۆمەڵایەتیی و هونەرییەوە بەندن. هەر ئەوەشە لەگەڵ هەموو ئاوازەکانیدا دڵو دەروون. هەستو نەست. هزر و جەستە ئەخاتە جمجۆڵی خۆشەویستیو باوەڕتان هەبێت ئاوڕ لە تەمەن ناداتەوە. ئەو دەنگە لە هەموو دەرگا پشکۆڵ کراوەکانی دڵ و دەروون و هەستی مرۆڤ دۆستانە ئەدەن. پەلی هەموویان ئەگرێت. خۆشەویستییەکی بێسنوور و سۆزێکی عاشقانەیان بە بەردا ئەکات. ئەمەندە ئازاو ئازامان ئەکات، کە ئێمەش، وەک ئەو مەزنە، یان گۆرانی بۆ راستی بڵێین، یاخود فرمێسکی راستی بڕێژیت. تانوپۆی دەروونی مرۆڤە راستگۆکان ئەکاتە کۆمەڵە ئامێرێک و دەست بۆ هەموویان ئەبەن. فرمێسک و خەندە چاو و سەر لێوان بەرنادەن، تاوەکو ئەوکاتەی لە تانوپۆی ئەو دەروونە پڕ جۆشوخرۆشەوە جوانترین تابلۆ لەو دەنگە زێڕینەوە بۆ ژیانی کۆمەڵایەتی ئەکێشرێت. ئەو تابلۆیە تابلۆیەکە خەڵکی راستگۆ، بەوەفا، دڵسۆز، ئازای، وەک مامۆستا خالقی نەبێت کەس بۆی ناخوێنرێتەوە.
ئەو دەنگە جۆرە جوانییەک ئەخوڵقێنێتو لە جۆرە جوانییەک ئەدوێت، کە هەست، سۆز، بیر، هۆش، جەستە لە هەڵەو نەهامەتی ئەشواتەوە. مرۆڤ ئەکاتە ئەو مرۆڤە ئازا و ئازادەی راڤەی هەموو جوانییەک، وەک خۆی بکات. ببێتە عاشقو دڵسۆزی مرۆڤو ژینگەی سروشتیی وڵاتەکەی کوردستان. پلەو بەرزی ئەو دەنگو ئاوازە رەسەنە خۆییانە لە ئاسماندایە. چونکە تەنها بۆ رازیبوونی خەڵکو ناسینو مەرامی تایبەتیی خۆی نەبووە. کە گوێبیستی دەنگی ئەم مامۆستا مەزنە (خالقی) ئەبیین ئەوجا ئەزانین ئەم نیشتمانە جوانە بێ خاوەنە کامە هونەر و کامە دەنگی زێڕینی تێدا هەڵکەوتووە. ئاخۆ چەند کەسی، وەک ئەم مەزنە بێناز لەپاڵ ئەم کڵۆڵییەی نیشتماندا ژیان بگوزەرێنن؟ لە کۆتاییدا ئومێد ئەکەم توانیبێتم بە کورتیو پوختی ئەو مەزنە هونەرمەندەی کوردستانم ناسیبێت. چونکە من دڵنیام نە وشە و نە قەڵەم لای من ناتوانن لە گەورەییو جوانیو دڵسۆزی ئەو مەزنەو دەنگە پڕ سۆزەکەی بدوێ.