ڕەنجدەر شێرزاد
١) بنەماڵەی بابانی
بابانییەکان لە پاشاکانی پێشووی سلێمانین، هەروەها لە پاڵ ئۆفیسی باڵا (پۆستە باڵاکانی حکومەت) لە سلێمانی، ئەندامانی بنەماڵەکە پۆستە باڵاکانیان بە دەستەوە بووە لە ویلایەتەکانی تر.
ئەم بنەماڵەیە لە کفری لە لایەن جەمیل بەگ و پاشان مەجید پاشای بابانەوە نوێنەرایەتی کراون، کە ناوبراو لە کەسایەتییە دیارەکانی قەزاکە بووە و لە لایەن هەموو هۆزەکانی ناوچەکەوە دەسەڵاتەکەی ناسێنراوە.
دەلۆ کۆڵەکەی شەخسی بنەماڵەی بابان بوون، من باوەڕم وایە، کە جەمیل بەگ لە راستەوخۆترین نەوەی بابانەکانە، کە ئێستا (١٩١٩) لە ژیاندایە، کە سلێمانیان دروست کردووە.
بابانییەکان بۆ ماوەی چوار نەوە حوکمڕانی کوردستان بوون، لە سەردەمی سلێمان پاشا و ئەحمەد پاشا و ئیبراهیم پاشا و قادر پاشا. باوکی جەمیل بەگ، مەجید پاشا کوڕی قادر پاشای دوایین حوکمڕانی کوردستانە. جەمیل پاشا زۆر گەنجە، بەڵام زۆر بە باشی ئاگادارە و هیچ کەس بە ئەندازەی ئەو لە قەزای کفری ڕێزلێگیراو نییە.
٢) بنەماڵەی سەیدە
ئەمە ئەو بنەماڵەیە کە لە تێبینییەکانی بەڕێز سۆن بە تیلیشانی ناوبراوە.
سەرۆک: سەید محسن ئاغا
لە ڕاستیدا سەید حسێن ئاغا، لە لایەن تورکەکانەوە نەکوژراوە، بەڵکو مردووە، لە ئەنجامی نیگەرانی بەهۆی كڕینی زۆرەملێی موڵکەکەی (لە لایەن تورکەکانەوە). سەید محسن ئاغا لە ئەندامە باڵاکانی بنەماڵەکەیە، بەڵام دەسەڵاتێکی کەمی هەیە، بە ئاماژەکردن بە بۆچوونی بەڕێز سۆن کە دەڵێت: ”سروشتێکی دژە تورکی هەیە”، بۆم دەرکەوت، کە سەید محسن ئەو پیاوەیە، کە من لە کفری بینیم، کە مرۆڤ نەیدەتوانی بەدڵنیایی تەواوەوە تێبینی ئەوەی لەسەر بکات. پێویستە ئەوە بە بیر بهێنرێتەوە، کە سەیدە کاریگەرییەکی گەورەیان هەبووە لەگەڵ حکومەتی لۆکاڵیدا، هەروەها بە خەرجکردنی کەمێک پارە، بەردەوام خۆیان لە پێدانی پشکی دادپەروەرانەی داهات ڕزگار دەکرد.
سەید محسن ئاغا پیاوێک نییە کە بتوانێت بە بیرکردنەوە یان زانیاری هاوکاری حکومەت بکات. قادر ئاغا بەردەوام لە دوژمنایەتیدایە لەگەڵ سەید محسن ئاغا و وا دادەنرێت کە ناوبراو خاوەنی زیرەکی زیاترە لە چاو سەید محسن، کە بێتوانایە و بیری زۆر لاوازە بۆ ئەوەی سوودی بۆ حکومەت هەبێت. دەوترێت بەتواناترین ئەندامی خێزانەکە عومەر ئاغای جەبارەیە، کە بەگشتی وەک وەڵامدەرەوە بۆ خێزانەکە ناودەبرێت.
٣) بنەماڵەی وەنداوی
بنەماڵەی وەندایلەر (وەنداوی) یان خەڵکانی وانایی لە بنەماڵەی وان، هەرچەندە ئێستا وەکو بنەماڵەیەکی پێکەوە بەستراو نەماوە، بەڵام هێشتا گرنگی خۆی هەیە بۆ ژمارەیەک لە ئەندامانی بنەماڵەکە، کە بەشدارن لە کاروباری حکومەتدا یان خاوەن موڵکن، و بە گشتی وا دەبینرێت کە خاوەن کاریگەرین لە قەزاکە (ناوچەکە(.
شتێکی کەم ئەزانرێت لە بارەی مێژووی ئەم بنەماڵەیە، بەڵام بە شێوەیەکی نزیک لە دڵنیاییەوە بنەڕەتیان دەگەڕێتەوە بۆ سەر یەکێک لەو گروپە کوردییانەی کە پێشتر حوکمیان کردووە لە ئەرمینیا و کوردستان.
پێش سەردەمی محمد پاشای ڕەواندوز (پاشا کوێرە یان گەورە) و بابانییەکان لە سلێمانی دەسەڵاتی ئەم ناوچانە بە دەست پاشاکانی (وان)ەوە بووە. لە سەردەمی سوڵتان مورادی چوارەمی تورک، بەشێک لە دەسەڵاتدارانی ئەم بنەماڵەیە بەشداری دەکەن لە هەڵمەتی سوڵتان مورادی عوسمانی بۆ گرتنی بەغداد و پاش ئەم پرۆسەیە فەرمانیان بۆ دەردەچێت لە (لایەن سوڵتانەوە)، کە ئەم بنەماڵەیە وەک حوکمداری ناوچەکە لە سلێمانییەوە تا چیای حەمرین دادەنرێن.
ئەم بنەماڵەیە بانگەشەی ئەوە دەکەن، کە لەگەڵ بنەماڵەی دەسەڵاتداری چەلەبی هەمەوەند دەگەڕێنەوە سەر یەک بنەڕەت هەر لە دوای کۆتایهاتنی واند. ئەم بنەماڵەیە دیالێکتی کرمانجی سەروو بە زمانی قسەکردنی باوباپیرانیان دادەنێن و هەر بۆیە وەسفکردنیان بە تورکمان بە هەڵە ناو دەبەن.
ئەمانەی خوارەوە هەندێکن لە ئەندامە دیارەکانی بنەماڵەکە لە ناوچەی کفری: عوسمان ئەفەندی، رئیس بەلەدیەی کفری، موسا بەگ، سڵێمان بەگ، عبدالرحمن بەگ، دەروێش بەگ و هەروەها شوێنی رئیس لە ناوچەی قەرەتەپە بۆ چەندان ساڵ بە دەست ماڵی سامی ئەفەندییەوە بووە، کە لقێکی ئێستا لە لایەن ابراهیم ئەفەندییەوە نوێنەرایەتی ئەکرێت، کە خاوەنداری بەشێکی گەورەی شارۆچکەی قەرەتەپە دەکات و زیاتر لەوەش هیچ کەسێک نییە لە ناوچەی قەرەتەپە بە ئەندازەی ئەو دەسەڵات و کاریگەری هەبێت.
**
کاپتن. ڕ.ف.جاردین،
یاریدەدەری ئەفسەری ڕامیاری.
نوسینگەی ڕامیاری، بەریتانیا
کفری، ١٢ی کانوونی دووەمی ١٩١٩
***