رۆشنبیریسڵاید

ئەوین لەڕوانگەی مارسێڵ پروست (Marcel Proust)ەوە .. 

نووسینی: زانیار مەحموودی

ئەم کورتە باسە لە گۆشەیەکی ترەوە سەبەبی بەشێکی جیابوونەوەی هاوسەران دەخاتەڕوو؛ وەبیرهێنانەوەیێکە تاوەکوو هەردوولایەن بەرلە هاوسەرگیری لەپێشا خۆیان بە تەواوەتی بناسنەوە و پاشان کێیەتی و واقعی خۆیان بەباشی بگوازنەوە بۆ ڕەگەزی بەرانبەر. بە بڕوای مارسێڵ پروست، کە زۆرێک بە باشترین نووسەری سەدەی بیستەمی دەزانن، عەشق درۆیە. بە بۆچوونی ئەو، ئەوین پەیوەندیی بە دۆخی دەروونیی خۆمانەوە هەیە و ئێمەی مرۆ بوونەوەرێ کە حەقیقی بێ خۆشمان ناوێ، بەڵکوو بوونەوەرێکمان خۆش دەوێ، کە خۆمان وەدیمان هێنابێ. هەر ئینسانێ لە زێهنی خۆیدا وێنەیێکی گونجاو لە ڕوواڵەت و جۆری ڕەوتاری مەعشووقەکەی دەپەروەرێنێ و عەشقی بۆی دەگڕێ؛ هەرکە بۆ هەوەڵ جار لە دنیای دەرەکی بەرکەوتی جدی دەبێ لەگەڵ ڕەگەزی بەرانبەر، لەوانەیە هەست بکا دڵدارەکەی دۆزیوەتەوە، بەڵام لە ڕوانگەی ناوبراوەوە، ئێمە عاشقی بەرانبەر نا، عاشقی وێنە گونجاوە زێهنییەکەی خۆمانین.

کێشەکانی پەیوەندییەکی سۆزداری لەو شوێنەوە دەست پێ دەکا، کە هەریەک لەلایەنی بەرانبەر – یان هەردووک- بەتێپەڕبوونی کات هەست دەکەن لایەنی بەرانبەر لەگەڵ ئەو وێنەی پێشتر لە زێهنییاندا وێنایان کردبوو یەک ناخوێنێتەوە، ئەمجا هەوڵێکی بێسەمەر دەدرێ تاوەکوو یەک بخرێ، هەوڵێ کە زۆرجاران دەبێتە سەبەبی هەڵوەشاندنەوەی پەیوەندییەکە.

لایەنی تراژیدیی ئەم مەسئەلە ئەوکاتەیە کە یەکێکیان وێڕای ئەوەی کە دەزانێ هەوڵەکەی بێهوودەیە، هێشتا شێلگیرانە هەوەڵی پاراستنی پەیوەندییەکە دەدا و قەبوڵی گشت ناڕاحەتی و سووکایەتییەک دەکا؛ چونکە ناتوانێ دەست لە وێنە زێهنییەکەی خۆی هەڵگرێ و ئامادە نییە قەبوڵی ئەم حەقیقەتە تاڵە بکا، کە هاوسەری گونجاوی ئەو ڕەنگە هەرگیز لە دنیای ڕاستەقینەدا بوونی نەبێ. پروست لە یەکەم بەرگی ڕۆمانی «گەڕان بەدوای کاتی لەدەستچوو» لەژێر ناونیشانی «لای ماڵی سوان» شیکارێکی وردی بۆ ئەم جۆرە پەیوەندییە کردووە؛ سوان کە پیاوێکی خۆشگوزەرانە عاشقی «ئۆدێت» بووە و هاوسەرگیریی لەگەڵ دەکا. سەرەتای ئاشنایەتی حەز بەیەک دەکەن، بەڵام دواتر دەگۆڕێ بۆ پەیوەندییەکی نالەبار، نەک لەبەرئەوەی ئۆدێت سوانی خۆش ناوێ و لەتەک پیاوی دیکەدا ڕادەبوێرێ، بەڵکوو لەبەرئەوەی سوان وەها دڵبەستەی ئۆدێت، یان وێنە زێهنییەکەی خۆی بووە، کە ئامادە نییە ڕاستییەکە ببینێ، تەنانەت دڵنیا نییە لەوەی کچەکەی لەخۆیەتی یان پیاوێکی تر، چونکە لەو ناچێ.

لەڕوانگەی پروستەوە، عەشق نەخۆشییەکە هاوشێوەی تاولەرز، کە پاش دامرکاندنی کۆتایی پێ دێ. تاولەرزی عەشقیش سەرەنجام کز دەچێتەوە و ئەمەش کۆتاییی عەشقە. سوانیش دوای ئەو هەموو مەراق و دەردەسەرییە دەگاتە قۆناغێک بەخۆی دەڵێ: «ساڵانێکی تەمەنم بەفیڕۆ چوون، مەرگی خۆم خواست، گەورەترین ئەوینی ژینم لەپێناو ژنێکا داچۆڕاند، کە خۆشم نەدەویست و هاوشانم نەبوو.

(جاکۆمۆ لیۆپاردی) شاعیری ئیتالیایی دەڵێ: فریوی عاشقانە، ئومێد و هیوایەت کوێر دەکاتەوە. وەهمی سوان کۆتایی پێ دێ، بەڵام کاتە لەدەستچووەکەی قەرەبوو ناکرێتەوە. ناوی پروست لەسۆنگەی ئەوە بەبەردەوامی ماوەتەوە، چونکە تێگەیی کاتی لەدەستچوو دەکرێ لەڕێگەی نووسینەوە قەرەبوو بکرێتەوە؛ نەک لەبەر هەستی نۆستالژی، بەڵکوو وەک بیرکردنەوەیێک لە واتای ژیانمان.

بابەتی پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

هەروەها چێکی بکە
Close
Back to top button