رۆشنبیریسڵاید

ئەو پاشایانەی ئێرانیان بە وێرانە کرد …

نووسینی: زانیار مەحموودی

ـ ناصرالدین شا:

ناکارامەترین شای مێژووی ئێران بوو. لەسەروەختی ئەم پاشایەدا جیهان زۆر بەخێرایی پێش ئەکەوت لەڕووی شارستانییەتەوە، بەڵام ناصرالدین شای ئێران دوای پەنجا ساڵ پاشایەتی، پەنجا ساڵ وڵاتی ئێرانی لەڕووی شارستانییەتەوە بەرەودوا خست. زۆربەی کاتەکانی بە پێوانی درێژیی سمێڵ و خانمبازییەوە خەریک کرد. لەسەردەمی ناوبراودا شاری خیڤەی وڵاتی ئۆزبەکستان و وڵاتانی تورکمەنستان و پاکستانی ئێستا لە ئێران جیا بوونەوە و هەرات و ئەفغانستانیش لەلایەن ئینگلتەراوە داگیر کرا، کەچی شای ئێران تەمەنی پاشایەتییەکەی بە حەرمسەراکەی خۆیەوە کە پتر لە ١٢٠ ئافرەتی تیابوو، ڕابوارد و کەمترین گرنگی بە ناکامی و شکستەکانی خۆی نەیا.

پاشایەک کە لە تەمەنی ٦٨ ساڵییا حەزی چووە سەر کچۆڵەیێکی دوانزە ساڵان بەنێوی «ماهـ ڕووخسار» کە ئەبووە ژنخوشکی خۆی و لەخۆی مارە بڕی. تێکڕا دەسەڵاتدارێکی ستەمکار، لەخۆبایی، زۆرخۆر و تێرنەخۆر و لەهەمبەر نەیار و بێگانەدا کەمتەرخەم بوو.

ـ فەتح‌عەلی شای قاجاڕ:

ئەم پاشایەش هەر خەریکی ڕازاندنەوەی ڕدێنە درێژەکەی خۆی و خۆشگوزەرانی بوو لەگەڵ ئافرەتانی حەرەمسەراکەیا؛ لەسەردەمی ناوبراوا دوای دوو جار جەنگ لەگەڵ ڕووسەکان، وڵاتانی گورجستان، ئازەربایجان و ئەرمەنستانی ئێستا و زۆربەی ناوچەکانی باکووری ڕۆژاوای ئێران لەدەست چوون و کەوتنە ژێر ڕکێفی ڕووسیەوە. لەدەستچوونی ئازەربایجان، گورجستان، ئەرمەنستان، لە دوو پەیماننامەی تورکمانچای و گوڵستان، بەهۆی بێ‌لیاقەتی و شکستی فەتح‌عەلی شاوە بوو لە جەنگەکانیا بەرانبەر ڕووسیە؛ وێڕای ئەوەش ئەڵماسەکەی شا بە خوێنبایی درا بە ئیمپڕاتۆری ڕووسیە لەبری خوێنی «گریبایدۆف». هەڵکۆڵینی بەشێکی «تاق وسان»ی کرماشان “ئاسەوارێکی دێرینی سەردەمی ساسانییەکان” و کێشانەوەی وێنەی فەتح‌عەلی شا لەسەری، گەلێ زیانی بەو پاشماوە دێرینە گەیاندووە. هەروەها به هەڵکۆڵینی «ئەڵماسی دەریای نوور» و نووسینی ڕستەی «سلطان صاحبقران فتح‌علی‌شاه قاجار ۱۲۴۴» لەسەری، لە بەهای ئەو کارە هونەرییە ناوازەی کەم کردەوە.

ـ شا سوڵتان حسەینی سەفەوی:

 ناوبراو لەماوەی سی ساڵدا هەزار ژنی هێنا؛ داهێنەری خلیسکێن بوو بۆ ژنەکانی. سەرەنجام گەنجێکی شێتۆکە بەناوی «مەحموود ئەفغان» بە لەشکرێکەوە کە گەورە و گرانیش نەبوو، توانی پێتەختەکەی ئابڵۆقە بدا و تاجی پاشایەتی لەسەر ڕاماڵێ. ئەو کاتەی مەحموودی ئەفغان لە ئەفغانستانەوە لەشکری وەڕێ خست و لەسەر ڕێگاکەیدا شارەکانی «بەم و کرمان»ی داگیر کرد و بەخێرایی بەرەو «ئیسفەهان» وەرێ کەوت؛ شا سوڵتان حسەین لەو سەروەختەیا دەستووری دابوو هەموو ساڵێ بۆ ماوەی یەک ڕۆژ پیاوانی کاسبکار و دوکاندار، لە دوکان و شوێنی کاسبی خۆیانا نەمێنن و لەباتیی ئەوان ژن و کچەکانیان دوکان و بازاڕ بگێڕن، تاوەکوو شا کە بەپێی فەتوایەک بە مەحرەمی ئافرەتان داندراوە و هیچ ئافرەتێ بۆی نییە ڕووی لێ وەرگێڕێ، یەک یەک لێیان بڕوانێ و لەناویانا ژن و کچی جوان گوڵچن بکا و بیانباتە حەرەمسەراکەی خۆی! خەڵکی ئەوکاتەش چون لە نەزانی و خوڕافەپەرستییا نوقم بووبوون، لایان وابوو ئەو ئاوەی سوڵتان حسەین دەستی پێ ئەشوا بۆ شیفا دەست ئەدا.

ـ سوڵتان موحەمەدی خاڕەزم‌شا:

پاشایەکی ترسەنۆک و نالایەق، کە لەسەردەمی ئەوا چەنگیزخانی مەغۆل هێرشی هێنا بۆ سەر ئێران و خاکیان بە خوێنی خەڵک ئاوێتە کرد و وێرانەیێکیان لەدوای خۆیان بەجێ هێشت. دوای ئەو هێرشە سوڵتان موحەمەد بەرەو دوورگەی «ئابەسکون»ی هەڵکەوتووی دەریاچەی خەزەر هەڕای کرد و ئەڵێن لە ترسی مەغۆل دڵی لە لێدان کەوت!

***

بابەتی پەیوەندیدار

هەروەها چێکی بکە
Close
Back to top button