سڵاید

دۆکیۆمێنتێکی بەریتانی، لە سەردەمی شێخ مەحموود

رەنجدەر شێرازاد

بارەگای ئاسمانی،

هێزەکانی بەریتانیا لە عێراق،

لە بەرواری ٢٦ی تەمموزی ،١٩٢٤.

ژمارە:٩٢، نهێنی.

پوختەی زانیاری هەواڵگری.

باشووری کوردستان.

بارودۆخی سولەیمانی.

١) بارودۆخی سلێمانی بەردەوامە لە پێشکەوتن لە بەرژەوەندی حکومەت. لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا تەقەی هەڕەمەکی قەناس لە سەر پەنجەرەی ستونەکەوە لە شەودا ئەنجام درا، بەڵام دوای چالاکیی هێرشبەرانە دژی دەورییەی شێخ مەحمود لە دەوروبەری دەروازەکانی شاخی گۆیژە، هیزەکانی ناوبرا ئێستا لە هەردوو دەربەندی گۆێژە و ئەزمەڕ کشاونەتەوە. لە ٢٣ی تەمموزدا گوندی خەمزە کە لەو کاتەدا باس لەوە دەکرا کە بارەگای مەحمودی تێدایە، بە چوار ئامێر بۆردومان کرا و چەندین خانوو وێران بوون.

دەوترێت کە شێخ مەحمود بە نزیکەی ١٠٠ تفەنگەوە بەردەوام لە جوڵەدایە لە ناوچەیەکی بچووک کە چەند میلێک لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سلێمانییەوە دوورە، دوایین بارەگای هێزەکەی لە گەڕەدێ داناوە لە دووری ٨ میل لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سلێمانییەوە. لەهەمانکاتدا، سابیر و عەبدوڵڵا، کوڕانی کەریمی فەتاح بەگ، لەگەڵ عەلی ئاغای دزەییدا خەریکی هەڵکوتانە سەر گوندەکانی دەشتی سلێمانین. ئاماژەکان بۆ ئەوەن کە هێزەکانی شێخ مەحمود لە کەمبوونەوەدان، وازهێنان بە ژمارەیەکی ئیجگار زۆرە لە نێویاندا، دەوترێت بەشەخۆراک کەمە و ئەخلاق لە نێوان هەردوو سەرکردەکان و پیاواندا دا کەم و نزمە. کۆی هێزەکانی لە ٢٥ مانگدا نزیکەی ٢٠٠ پیاو بووە. لە ٢٦ی مانگدا چوار سەرۆکی دۆست لە پشدەر بە سەرۆکایەتی عەباسی سەلیم ئاغا، برای بابەکر ئاغا، بە ٤٠ شوێنکەوتووەوە سەردانی سلێمانیان کرد. لە ساتی هاتنیانەوە داواکردن بۆ ملکەچبوون لە هەموو لایەنەکانەوە وەرگیراوە، لەوانە عەبدوڵڵای شێخ حەسەن، لایەنگری چالاکی پێشووی شێخ مەحمود و هەروەها قایمقامی ڕانیە بوون.

(دەسەڵات: یەکەی سلێمانی)

پشدەر

٢) ئاماژە بە بڕگەی دووی پوختەی زانیاری هەواڵگری ژمارە ٩٤ لە بەرواری ١٤ی تەمموزی ١٩٢٤. ناکۆکی نێوان پشدەر و حکومەتی فارس سەبارەت بە نیازی پشدەرییەکان بۆ باجدانی ئەو بەشەی هۆزەکەیان کە لە خاکی فارسدا دەژین، ئەوا پێدەچێت لانیکەم ناکۆکییەکەیان پشوویەکی کاتی وەرگرتبێت بەهۆی کشانەوەی لەشکرەکانی پشدەر بۆ دیوی سنوری عێراقی. هێزەکانی حکومەتی فارس هێشتا هەر لە ناوچەی سەردەشت کۆبونەتەوە.

(دەسەڵات: ئەفسەری پشکنەر. کەرکوک)

بابەتی پەیوەندیدار

هەروەها چێکی بکە
Close
Back to top button