سڵاید

کێ سەرۆکە، کێ سەرکردەیە ..؟

بەشی دووەم

شوان جاف

سەرکردایەتیکردن پرۆسەیەکی ئاڵۆزی پڕ جەدەل لە ڕووی هزرییەوە، چونکە هەر قۆناغ و زەمەن و بارودۆخێکی کۆمەڵایەتی ئەوەی سەپاندووە، کە تێگەشتنی خەڵک و ئاستی مەعریفی و پێویستی سەردەمەکە خواستوویەتی، بەڵام لەڕووی پراکتیکییەوە سەرکردایەتی لێکەوتە و تێڕوانینی دیکە وەردەگرێت، چونکە دیاریکردنی سەرکردە یەکسانە بە مانەوە و بڕیاری دروست بۆ هەمووان، یان بە جۆرێکی تر تێپەڕاندنی مرۆڤێکە بۆ قۆناغی باڵا لە پێناو ئامانجە باڵاکان، یان وازهێنانە لە بەشێک لە مافی تاک لە پێناو ئامانجی باڵا بۆ سەرۆک، کەواتە دەگەینە ئەو دەرئەنجامەی سەرکردە مرۆڤێکە کۆمەڵە خەسڵەتێکی تایبەت بە بوارێکی تیایدا بەرجەستەیە و لەوانی دیکەدا بەڕێژەی کەمتر بەدەردەکەوێ، ئەمەش بووەتە خاڵی جیاوازی ئەم و ئەوانی دی، ئەمەش ئەو ڕاستییە دەسەلمێنێ سەرکردایەتی بەخشیش نییە ببەخشرێ، یان وەک پشکی خێر بدرێتە ئەو و نەدرێتە ئەوی دی، کاتێک مەرجەکانی سەرکردایەتی لە کەسێکدا بەرجەستە نەبوو ئیتر کارەسات لەوێدا دەخوڵقێت، چونکە موقەدەساتی گروپێ یان کۆمەڵە خەڵکێک یان میللەتێک دەکەوێتە دەستی خەڵکێکی بێ مۆڕاڵ، و هێندەی بەتەنگ ئارەزوو و تێرکردنی حەزەکانییەتی هێندە تێگەشتنی نییە بۆ ئەرک و مافی بەرامبەر ئەو ئەرکەی پێی سپێرداوە، کەواتە ئیرادەی هەمووان دەکەوێتە دەستێکی نائەمینی نابەرپرس، بە پێچەوانەشەوە گەر سەرکردایەتیکردن بەرپرسیاریەتی ئەخلاقی بێت بەرامبەر هەمووان ئەوا هەمووان لە دڵنیاییدا گەشە بە تواناکانی خۆیان و سەرۆکیش دەدەن.

چیرۆکی کەوتنی قەڵاکان لە نامەحکەمی دیوارەکانییەوە دەست پێ ناکات، هێندەی لە کەسێکەوە مەترسی دەست پێ دەکات، کە کراوە بە بەرپرسی قولەیەک یان دەرگایەک و لە پێناو مشتێ پارە ئیرادەی قەڵاکە تەسلیمی دووژمن دەکات، یان سەرکردەیەکە ڕاوکراوە و نەخشەی قەڵاکە بە تەتەرێکدا دەنێرێ بۆ دووژمن.

سەرکردایەتی پێویستە هەڵقوڵاوی زادەی بیر و جەستەی تەندروست بێت، نەک گیرفانی پڕ و مێشکی بەتاڵ، سەرکردایەتی و بازرگانی قومارێکی مەترسیدارن، چونکە گەر سەرکردە بوو بە بازرگان مەبدەء و ویژدانی دەدات بە پارە. ئەگەر بازرگانیش بوو بە سەرکردە، میللەتێک دەفرۆشێت بۆ قازانجێکی زیاتر.

خوڵاسەی کەلام سەرکردایەتی، ئەرک و بەرسیاریەتییە نەک حەز و ئارەزوو، گیانبازییە لە پێناو ئامانجی باڵای هەمووان، نەک کۆکردنەوەی سامانی هەمووان بۆ خۆی.

گەر چاوێک بە مێژوودا بگێرین هەمیشە سەرکردەی بەهێز و کاریزما و باوەڕ بەخۆ بوو، ڕێرەوی مێژووی گۆڕیوە، وەک جەنگیزحان، سپارتاکۆس، ئەسەندەری مەکدۆنی، کیلۆپاتر، سەڵاحەدینی ئەیوبی … هتد، بوون بە مەدرەسەیەک و گەنجینەیەک بۆ هەر کەس دەیەوێ ببێتە سەرۆک و سەرکردایەتی.

***

بابەتی پەیوەندیدار

یەک کۆمێنت

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

هەروەها چێکی بکە
Close
Back to top button