بۆ جافەکان ..
شوان جاف
ئەم نووسینە تایبەتە بە جافەکان، جگە لە جاف مەبەستم هیچ کەس و لایەنێک نیغە … ئێلی جاف زۆرینەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستانی باشور و کوردستانی ڕۆژهەڵات پێک دێنن، بەپێی ئامارە نافەرمغیەکان ژمارەی جافەکان لە باشور پترە لە (دوو ملیۆن و نیو) کەس و لە ڕۆژهەڵاتیش پترە لە (یەک ملیۆن) کەس و زیاتر، دابەش بوون بەسەر (٨٣) تیرەدا.
لە مێژووی کوردستاندا پانتایی گەورە و ڕۆڵی کاریگەریان هەبووە، مێژووی پێنج سەد ساڵەی نووسراو و بیستراو شاهیدی جافەکانن، کە سنووری دەسەڵاتیان لە (سعدیە، قزەڕەبات، کفری، گەرمیان، شارەزوور، هەڵەبجە و سلێمانی تا قەسری شیرین و سەرپێڵی زەها و کرماشان و سنە و سەقز و جوانڕۆ و سەردەشت) کشاوە، ئێستا ژمارەیەکی بەرچاویان لە (بغداد و هەولێر و موسڵ و تاران) دەژین، بەڵام بەهۆی بێ سەری و دوو بەرەکی و دابەشبوونی جاف بەسەر ئێران و عێراق و دابەشبوون بەسەر لایەنە سیاسییەکانی هەرێم وایکردووە، یەکگرتوو و یەک دەنگ نەبن، سەرەڕای دەرکەوتنی دەیان کەسی سیاسی و سەربازی و ئەکادیمی و هونەری، سەدان شەهیدی پێشکەش کردووە … هتد لە مێژووی کورد و ئێستادا، بەڵام نەتوانراوە ڕێز لەو کەسایەتییانە بگیرێت، خۆشمان خۆخۆر و بێگانەپەرستین.
موتریب سا لێبە ساز و تار و نەی
بەیادی سینەی توندی وەکی بەی
ساقی بۆم پڕ کە پیاڵەی پەیا پەی
سەحرای خەیاڵم ئەمشەو دەکەم تەی
واز بێنە واعیز لە وەعزی بەتاڵ
ساتێ مەست ببە بە مەیی زوڵاڵ
ساتێ وەرە ناو حەڵقەی مەیخواران
ببینە حاڵی مەست و بێداران
گوێ بگرە لە ڕاز دڵی پڕ لە داخ
بوورکانی سینەی هەڵچووی ناخ
بەستە و گۆرانیم ناڵە و نرکینە
لاواندنەوەی زام ژانی ناو سینە
چەرخی نەگەڕیاو، زەمانەی ناساز
تەڵەی متمانەی خستە قاچی باز
بەور دۆڕاوە بە پۆلێ ڕێوی
کەر بۆ جێنشین دەهێنرێ نێوی
جەیران خواردنی خوێڕی کەمتیارە
پیاوی مەرد و ڕاست وا باری لارە
خاوەن مەعریفەی عیلم و زانین
تۆمەتبار دەکرێن بە پیس و خائین
کڵاو لەسەری ئەهلی حەق بێژە
کەر لەناو قەرسیل خەریکی مێژە
وەی لە زەمانە دۆست نییە تا سەر
باخی زڕ بۆ کەر بۆ وا هاتە بەر؟!
برای ڕەش دەوار بخوێنە مێژوو
خۆخۆری خۆمان ئێمەی دا بە شوو
بە دەستی خۆمان کوشتمان پاشا
ئێستاش نۆکەرین لەیەک ئەکەین حاشا
هەریەک لە دۆڵێ ئاشی دەگەڕێ
کوڵە لە شێری ئێمە دەپەڕێ
هەر ڕۆژێ جافێ دەبێتە قوربانی
کوا دەمڕاسانمان کوا دیوەخانی؟!
بە دەنگی ئێمە بە سەنگی ئێمە
دوگ بۆ ئەوانە و ئێسقان بۆ ئێمە
نەوەی عێل بەگی وێنەی نوستردام
کەشفی فەلەکی دەکرد بە خام
مەولانای خالید نەخشی نەقشبەند
عارفی ناسراو هەتا سەمەرقەند
گۆران و نالی و احمد موختار جاف
خانەی قوبادی و تاهیر سینە ساف
مەولەوی و کەمەندی وەلی دێوانە
مەڵبەندی جاف لانکەی شێرانە
ئێستا ڕۆژ ڕۆژی کەوا بخۆیە
کەوانەی مجلیس پڕ لە تڕۆیە
مەرتەبی نییە نەوەی مێر خاسان
پڕێ لات و لوت وان لەناو باسان
غەوارە پەرست دۆڕا و بە دینار
ورگ دەخوسێنن لە پەنا و پاسار
مەجلیس گەرمەکەن بە باسی دوێنێ
دوای ئێوە چیمان بۆ جێ دەمێنێ
هەستن لە خەو هەڵگرن چرا
دەست لەناو دەست بە وێنەی برا
دیوەخان جەمکەن لە پیاوی دانا
تەکبیر بسپێرن بە ئەهلی زانا
هەستن لەسەر ئەو تەشتە نانە
شۆڕشی پەرچەم وا گەیشتە بانە
ئەراگێلی ڕێم، وارسیی دێوانە
بەدوای کۆچی شەم لای ئێلاخانە
بۆنی مێخەکبەن شەم دێت لەم ناوە
ڕەونەقی جوانی گوڵ هیچ نەماوە
ئەو سەفا و مەروای ناو دیوەخانە
سنعەتی ئەمڕۆتان ورگ خوسانە
ئەو سەفا و مەروای ئەم باخ بۆ ئەو باخ
ئەیکەم بە قوربان یاری بە دەماخ
بۆ مێژووی نەنگە نەوەی مورادین
جاف فرۆشن بێ عار و مادین
هەمووتان دەکەم بە قوربانی یار
نەوەی عادیلە زوڵفی وەک ڕەشمار
ئەڵێی بەربووکە داویە سیوسیوە
شێری خۆی دەدا بە ڕێوی ئێوە..!
زۆر و بۆر وێنەی مێگەلی پایز
خۆخۆر و حەسود دڵ لە یەکتر پیس
ئێستا سەر شۆڕین بە لەقەبی جاف
دەک شەرمەزاربن عێلی سینەساف
مەستم بە مەی چاوی کچە جاف
پەلکەی ڕەشماری بۆی کردمە تەناف
تیری برژانگی وەک فەوجی تەتەر
دای لەسەر سینەم لە وەقتی خەتەر
پێی یەژم ئەی یار خەرامانی چین
ڕەحمێ بە حاڵم وەرگەڕام لە دین
هەی داد و بێداد لە نەسەب جافە
یاسینم خوێنێ ئەو سینەسافە
***
پەڕاوێزەکان
بەور: پڵنگ
مێژە: خۆ پاڵخستنی گوێدرێژ لە بەهاردا
کوڵە: گەماڵی سەگ (سەگی نێر)
جەیران: ئاسک