رۆشنبیری

ژنە مەزنەکان
(حەمیدە، کێوی پشت کەڵەپیاوێک)

ڕاڤیار نەوزاد

ئەڵێن لەپشت هەموو پیاوێکی مەزنەوە ژنێک هەیە.

ئەم قسەیە بۆ حەمیدەخانی نەنکم چەندین جار ڕاستە، ئەو تەمەنی تەنها ۱۹ ساڵ دەبێت کە باپیرم جوانەمەرگە (شەهید فاتیح) لە شێنێ لە بەرگریکردن لە خاکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان شەهید دەبێت و حەمیدە و چوار منداڵ جێ دەهێڵێت.

ئەم خۆی جگەلەهاوسەنگەری باپیرم، دووجاریش زیندانی ڕژێم دەبینێت و دایکم تەنها ۷ ڕۆژ دەبێت کە ئەم زیندانی دەکرێت و لەنوگرەسەلمان سێ مانگی سەرەتایی منداڵی بەسەردەبات.

جگە لەباپیرم، هاوسەری دووەمی نەنکم (شەهید عەلادین)کە برای باپیرمە لەخیانەتی ۳۱ی ئاب شەهید دەبێت و لەڕۆژگاری سەختی قات و قڕی و گرانیدا سێ منداڵی دیکەش وەک نەوەی شەهید جێدەهێڵێت بۆ نەنکم، لەڕۆژگارێک کە دەستکەوتنی پارویەک نان کارێکی هێندە ئەستەم بوو پیاوان نەیاندەتوانی دەستی بخەن، چما ئافرەتێک بە ۷ منداڵەوە و بەدوو جەرگی سوتاوەوە.

چیرۆکی ئازار و نەهامەتیەکانی نەنکم لێرە کۆتایی نایەت و پاش تەنها دوو ساڵ لەشەهیدبوونی شەهید عەلادین، لەیەک ڕۆژدا دووبرای مێرخاسی دەبەخشێتە خاکی پیرۆزی کوردستان.

بەڵێ نەنکم، حەمیدە جەعفەر محمد، کێوی پشتی چەندین پیاو و ڕۆڵەی مێرخاس و جوامێری ئەم وڵاتەبوو.

(دوو هاوژین و دوو برا و دوو خاڵ و خاڵۆزایەک و پورزایەک)ی بەخشیوە بەخاکی کوردستان، و ڕێبازی سەختی کوردایەتی ئەم نەنکەی من و ڕۆڵەکانی و دەیان ژنی مەزنی وەک نەنکم بەقوربانیەکانیان نوسیانەوە.

ڕۆژگارێکی هێندە سەخت و هێندە بەئازاری بۆئەم خاک و نیشتیمانە بەڕێکردووە کە هیچ وشەیەک ناتوانێت نەبینوسێتەوە و نە باسی بکات.

لەم ڕۆژانەدا هاوڕێ لەگەڵ ۱٥ خێزانی شەهیدی دیکەی سەنگەر، وەک یەکێک لەژنە مەزنەکانی کوردستان ڕێزی لێگیرا، ڕێزلێنانێک کە دەیانجار شایستەیەتی.
بەهیوایی تەمەندرێژی بۆ نەنکم و بۆسەرجەم ئەوو ژنە مەزنانەی کەڕۆژگاری گەنجی و جوانی خۆیان بەخشی خەباتی سەختی کوردایەتی.

بابەتی پەیوەندیدار

هەروەها چێکی بکە
Close
Back to top button