كهیوان ئازاد
(كورد) چۆن لە ئایینی ئیسلامی ڕوانی؟
دوای خستنەڕووی ئەو هۆكارانەی رۆڵیان لە بڵاوبوونەوەی ئایینی ئیسلام لە كوردستاندا بینی، لەپاڵ ئەو زەمینەسازییەی هێزەكانی سوپای عەرەبی ئیسلامی هێنایە خاكی كوردستان، پێویستە ئاماژە بەوە بكەین، كە (كورد) وەك پێكهاتە و نەتەوەیەكی ئەو ڕۆژگارە مێژووییە، چۆن لە ئایینی ئیسلام و ئەو سوپایەی ڕوانی، كە ئایینەكەیان گەیاندە خاكەكەی؟ ئەو ئایینەی بە پۆلێك فەرماندەی سەربازی ئیسلامی و بە سەدان هەزار چەكداری عەرەب و پێكهاتەكانی ترەوە، هێنرایە خاكی كوردستان و بە كۆمەڵگای كوردی گەیشت.
جارێ بەر لە هەر شتێك پێویستە ئاماژە بەوە بكەین، كە هاتنی ئەو ئایینە بەهۆی ئەو هێزانەی ئەركی بڵاوكردنەوەیان پێ سپێردرا، كەوتە سەردەمی دەوڵەتێكی ئایینی و ئیسلامی، كە دواتر ناوی (دەوڵەتی خەلافەتی ڕاشدی)ی لێ نرا. ئەو هێزە چەكدارانەشی ئەو ئەركەیان پێ سپێردرا، پێكهاتەی سەربازیی ئەو دەوڵەتە بوون، كە لەلایەن كەسایەتییەكەوە ب ەناوی (خەلیفە) واتا (جێنشینی پەیامبەری ئیسلام) وەك گەورەی دەوڵەتەكە بەڕێوە دەبرا.
ئەوەشی گرنگ بوو، تا ئەو كاتەی ئەو دەوڵەتە لە ساڵی (41ك/661ز) كۆتایی بە دەسەڵاتی هات، زۆرینەی كۆمەڵگای كوردی شتێكی وەهایان لەسەر ناو و خەلیفەكانی و پێكهاتەكەی نەدەزانی، بۆیە ئەم لایەنەیان دەخەینە دواوە و تەنیا تیشك دەخەینە سەر تێڕوانینی تاك و خێزان و كۆمەڵگای كوردی بۆ ئەو ئایینە.
كاتێكیش دەمانەوێت تێڕوانینی كورد بۆ ئایینی ئیسلام بزانین، دووچاری زۆر كێشە دەبین، چونكە لەلایەك كەمترین سەرچاوەی مێژوویی لەو بابەتەیان ڕوانیوە. لەلایەكی دیكەوە كەمترین زانیاری لەسەر كۆ كراوەتەوە و زانراوە و بەردەستیشە. تەنانەت یەك سەرچاوەی كوردی بە شێوەی زاری ئەو كاتەمان لەنێو كۆمەڵگای كوردیش دەست ناكەوێت، تا لە تێڕوانینی تاك و خێزان و كۆمەڵگای كوردی ئاگادارمان بكاتەوە.
ئەمەو لە كۆی سەرچاوە مێژووییەكانی مێژوونووسانی ئیسلام و تەنانەت سریانی و نەتەوە و پێكهاتەكانی تریش، ئەوەمان دەست ناكەوێت، بەڵكوو تەنیا بەوە دەگەین، كە لە كۆی پرۆسەی بڵاوبوونەوەی ئایینی ئیسلام بە ناوچەكانی كوردستان و مامەڵەی بەرپرسان و سەربازانی سوپای عەرەبی ئیسلامی و هاوپەیمانییەكانیان، كورد ئایینەكەی لە ئەركە سەرەتاییەكانییەوە ناسی. ئەو ئەركانەش بریتی بوون لە (باوەڕ، نوێژ، ڕۆژوو، زەكات، حەج).
بەو هۆیەشی پێكهاتەی كۆمەڵگای كوردی لە ڕووی باوەڕی ئایینی و پێگەی كۆمەڵایەتی و توانای ئابووری و ئاستی خوێندەواری و فەرهەنگی، تەواو جیاواز بوو، بۆیە ناتوانین لەوبارەیەشەوە بە تێڕوانینێكی گشتگیر و دروستی تەواوی كۆمەڵگای كوردی بگەین، تەنیا ئەوەندە نەبێت، بە سەرەداوەكانی ئەو تێڕوانینە دەگەین. وەك ئەوەی كاتێك ئەو ئایینە بە كۆمەڵگای كوردی گەیشت و تا ئەو كاتەی ئەم دەوڵەتە لەسەر گۆڕەپانی سیاسی بوو، كتێبی پیرۆزی ئایینەكە (قورئان) نەگەیشتە كۆمەڵگای كوردی، چونكە، تا كۆتایی دەسەڵاتی ئەم دەوڵەتە كۆ نەكرایەوە و نەنووسرایەوە.
فەرموودەكانی پەیامبەری ئیسلامیش (د.خ)، هەر بە زار بوو، چونكە دوای (دوو) سەدە، ئەوانیش نووسرانەوە. هەر بۆیە ئایینەكە تەنیا لە باوەڕهێنان بە یەكتاپەرەستیی خودا و پەیامبەرایەتیی (موحەممەد كوڕی عەبدوڵا/ د.خ)و فریشتەكان و كتێبە پیرۆزەكان و پەیامبەران و ڕۆژی دوایی، كورت كرایەوە. لەپاڵ (پێنج) ئەركی نوێژی ڕۆژانە و (30) ڕۆژی ڕۆژووی مانگی ڕەمەزان و زەكات و حەجی ماڵی خودا.
لەوبارەیەشەوە یەك سەرچاوە و زانیاریمان لەبەردەستدا نییە، تا بگەینە ئەوەی، كە ئایا چەند كەس و خێزانی كورد لە ماوەی (30) ساڵی تەمەنی ئەو دەوڵەتەدا لەنێوان ساڵانی (11-41ك/ 632-661ز) بۆ بەجێهێنانی ئەركی حەج سەردانی شارەكانی (مەككە و مەدینە)ی كردووە و (كەعبەی پیرۆز)یان بینیوە، كە ڕۆژانە (پێنج) جار بۆ ئەركی نوێژ ڕوویان تێ دەكرد؟ یان شاری (مەدینە)یان ناسی و بینی، كە مەزارگەی پەیامبەری ئایینەكە بوو؟ ئەمەو جگە لەوەی تا سەرەتای چوارەمین خەلیفەی دەوڵەتەكە بەناوی (عەلی كوڕی ئەبی تاڵیب/ ڕ.خ) پایتەختی دەوڵەتەكە بوو؟
كاتێكیش زانیاریمان لەسەر ئەوە نەبێت، ئەستەمە بەوە بگەین، كە ئایا یەك تاكی كورد لەو ماوەیەدا بۆ بەحێهێنانی ئەركی حەج سەردانی ئەو شارانەی كردووە؟ یان ئەو ئەركەی بەجێ هێناوە؟ لەكاتێكدا هەر لە ساڵی (15ك/ 636ز) ئایینەكە گەیشتە چەند گوند و شارۆچكەیەكی ئەوپەڕی باشووری كوردستان. هەروەها دوای ساڵی (21ك/ 641ز)و بە شكستی (ئیمپراتۆڕیی ساسانی) لە شەڕی (نەهاوەند)، كۆتایی بە دەسەڵاتی ساسانییەكان هات و خاكی ئەو دەوڵەتە، كە بەشێكیان خاكی كوردستان بوو، كەوتە دەست سوپای عەرەبی ئیسلامی و بە دەوڵەتی خەلافەتی ڕاشدییەوە وابەستە كرا.
تەنانەت كاتێكیش (ئەبوو لوئلوئەی فەیرووز) وەك كوردێكی لوڕستانی لە ساڵی (23ك/ 643ز) و لەلایەن گەورەكەیەوە نێردرایە شاری (مەدینە)، تا كۆتایی بە ژیانی (عومەری كوڕی خەتاب/ ڕ.خ) دووەمین خەلیفەی ڕاشدی بهێنێت، نەیزانی ئەو كەسەی بۆی دەچێت، خەلیفەی موسڵمانان و جێداری پەیامبەری ئیسلام و یەكێكە لەوانەی لەسەر زاری پەیامبەرەوە (د.خ) لەلایەن پەروەردگارەوە مژدی بەهەشتی پێ دراوە.
ئەوەش بەو مانایە هات، كە تا ئەوكات و بگرە دواتریش، پەیامی ڕۆحیی ئایینەكە بە زۆرینەی كۆمەڵگای كوردی نەگەیشتبوو، تا وەك پەیامێكی نوێی ئاسمانی لێ بڕوانرێت، بۆیە هەر باس و شرۆڤە و بۆچوونێك لەوبارەوە، كە ئاماژە بە پابەندیی تەواوی كۆمەڵگای كوردی بكات بەو ئایینەوە، دوورە لە ڕاستییەوە. ئەوەش بەوە نا، كە كۆمەڵگای كوردی دژی ئەو ئایینە ئاسمانییە بووبێت، بەڵكوو بەو مانایەی، تا تەمەنی ئەو دەوڵەتە دوایی هات، كتێبی پیرۆزی ئایینەكە و فەرموودەكانی پەیامبەرەكەی تەنیا لە زاری ئەو باوەڕدارە عەرەبانە بیستبوو، كە بەمەبەستی بڵاوبوونەوەی ئایینەكە هاتبوونە گوند و شارۆچكە و شارەكانی كوردستان. ئەمەو جگە لەوەی ئەو هێزانە، لای بەشێكی دانیشتوانی كوردستانیش وەك هێزێكی داگیركار ناسرابوون، نەك ڕزگاركەر.