رۆشنبیری

تەکفیری زانایانی موسڵمان لە جیهانی ئیسلامدا: کوژانەوەی چرای زانست لە خۆرهەڵات

حسێن ڕابی

پوختە
لەم وتارەدا تیشک دەخەینە سەر هۆکارەکانی بەکافرکردنی زانایانی موسڵمان بە درێژایی مێژوو و پیشانی دەدەین چۆن تەکفیر و سادەبینی، بووە بەهۆی ئەوەی زانست لە جیهانی ئیسلامدا تووشی وەستانی جەوهەری ببێت.

١. پێشەکی
کاتێک دەڵێین جیهانی ئیسلام، شوێنی فەرمانڕەوایی خەلافەتەکانی عەباسی و ئومەوی و تەنانەت عوسمانی دەگرێتەوە، ناوچەی جیوگرافی ئەم فەرمانڕەواییە بریتییە لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، باکوری ئەفریقا، قەفقاز، ئاسیای ناوەندی، هیندوستان و لە هەندێک سەردەمیشدا ناوچەکانی ئیسپانیا و قورتوبە. لە سەدەی حەوتەمی زاینیدا، ئیسلام لە نیمچە دوورگەی عەرەبییەوە دەردەکەوێت و لە ماوەی بەنزیکەیی سەد ساڵدا، ئەمپراتۆرییەکی گەورە لە باکوری ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیای ناوەندیدا لە سەر ئەرزی فەرمانڕەوایی ئەمپراتۆری ئێران و ڕۆمی خۆرهەڵات دروست دەبێت و دەپەڕێتەوە بۆ ئیسپانیا (ئەندۆلۆس) و باشوری فەرانسە. ئەم ئەمپراتۆرییە، کە بە خەلافەتی ئیسلامی و هەندێکجاریش بە خەلافەتی عەرەبی ناسراوە، بە تێکەڵکردنی کلتورە جۆربەجۆرەکان، لەسەردەمی خەلافەتدا، گەشانەوەی زانستی بەرهەم دەهێنێت. ئەم گەشانەوە زانستییە بەندە لەسەر زانست و فەلسەفەی یۆنان. زۆر پێش دەرکەوتنی ئیسلام و دروستبوونی ئەمپراتۆری خەلافەت، ئاڵۆگۆری زانست و کلتور لە نێوان ناوچەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و یۆنان و هند و چین دەستی پێکرد بوو. لە ڕێگەی ئایینی مەسیحی و بوزی، ئەم فەرهەنگ و زانستە لە ژینگە سەرەکییەکەی خۆیانەوە بۆ ناوچەی ڕۆژەهەڵاتی ناوەڕاست دەگوازرانەوە. تەنانەت فەلسەفەی یۆنانی بەڕێگەی قشوون کەشییەکەی ئەسکەندەر گەیشتە هند و عیرفانی بوزی بۆ ئەوروپا گوازرایەوە، کە بەنزیکەیی مێژووەکەی ١٥٠٠ ساڵ پێش دەرکەوتنی ئیسلامە.

لەکۆتایی سەدەی حەوتەمی زایینی، دەزگای خەلافەتی ئیسلامی لە شام دادەمەزرێت و دوای شۆڕشی عەباسییەکان ئەم دەزگایە دەگوازرێتەوە بۆ بەغدا. مەنسوری عەباسی بیروڕای ئەستێرەناسەکانی بۆ بنیادنانی بەغدا وەرگرت و لەسەدەی هەشتەمی زایینیدا بەغدا بووبە پایتەختی خەلافەتی عەرەبی – ئیسلامی. عەباسییەکان گرنگی زۆریان بە شکۆداربوونی بەغدا دەدا و بانگهێشی هەموو زانا و حەدیسزانەکانی موسڵمانیان بۆ ئەم شارە کرد. هارونەڕەشید یەکێک بوو لە گرنگترین خەلیفەکانی عەباسی، کە لە ساڵی ٧٨٦ی زایینی گەیشت بەدەسەڵات، لە سەردەمی ئەودا بزوتنەیەکی وەرگێڕان لە بەغدا هاتە ئاراوە و بەشێکی بەرچاو لە فەلسەفە و زانستی یۆنانی بۆ زمانی عەرەبی وەرگێڕا، کە هەم فەلسەفە و پزیشکی و هەم زانست بە گشتی و ئەستێرەناسی و فیزیا و کیمیای لە خۆ دەگرت. وەرگێڕانی فەلسەفە بوو بە هۆی ئەوەی بزوتنەیەکی فەلسەفی و کەلامی لە بەغدا بێتە ئاراوە. بەم فەلسەفە دەگوترێت فەلسەفەی ئیسلامی یان حیکمەت، کە سەرنج دەداتە سەر میتا فیزیا.

دوو بزاڤی گرنگ لە فەلسەفەی ئیسلامیدا هەن، کە بریتین لە: قوتابخانەی مەشا(Peripatetic school) کە بەندە لەسەر فەلسەفەی ئەرەستوویی و جەخت لەسەر ئارگیومێت سازی دەکاتەوە، گرنگترین فەیلەسووفی ئەم بزاڤە ئیبنی سینایە. قوتابخانەی ئیشراق(School of Illumination) کە لەلایەن شێخ شەهابەدین سوهرەوەردیییەوە پێشکەش کرا، کە بەپێی ئەمە هەموو بوونەرەوەکانی جیهان لە ڕووناکی دروست بوون و ڕووناکی لە یەک دەدەن. بەپێی سوهرەوەردی، بوون هیچ نییە جگە لە ڕووناکی. بەڕوونی دیارە فەلسەفەی سوهرەوەردی درێژکراوەی فەلسەفەی ئەفڵاتونی نوێ و فەلسەفەی کریستانی سەرەتایی سنت ئاگوستینە، لەم فەلسەفەدا تەنها ئارگیومێنت بەس نییە، بەڵکو ئەزموونیش ڕۆڵ دەبینێت.

شێخ شەهابەدین بەهوی ئەوەی ئوستورە زەردەشتییەکانی بۆ دەربڕینی بیرواڕاکانی بەکار دەهێنا، تەکفیر کرا و لە ژێر فشاری پیاوانی ئایینیدا، سەڵاحەدینی ئەیوبی فەرمانی کوشتنی دەرکرد. زۆربەی زانایانی موسڵمان سەرەڕای کاری زاناییەکەیان، جا لە پزیشکیدا بووبێت یان فیزیا و کیمیا و ئەستێرەناسی، دیدگای فەلسەفیشیان هەبووە و بەهۆی دیدگا فەلسەفییەکانیانەوە ژمارەیەکی زۆریان تەکفیر کراون. لەم وتارەدا هەوڵدەدەم هۆکاری تەکفیرکرانی چەند زانایەکی موسڵمان باس بکەم و گەنگەشەی ئەو بابەتەش دەکەم کە چۆن ئەمە بووە بە هۆی کوژانەوەی چرای پێشکەوتنی زانستی لە جیهانی ئیسلامدا.

٢. کافر و مرتد
دەزگای ئایین و پیاوانی ئایینی کۆمەڵەی مرۆڤ دابەش دەکەن بۆ دوو بەشی سەرەکی، بەشێک کە موسڵمانن و بەشێک کە موسڵمان نین. لەناو ئەم دوو بەشەدا دەکرێت چەندین وردەبەشی تر هەبێت، بۆ نموونە، لە دیدی یاساکانی ئیسلامەوە(شەریعە) جیاوازی هەیە لەنێوان ناموسڵمانی ئەهلی کتێب (مەسیحی و جوولەکە) و ناموسڵمانی موشریک (بوزی و هندی و …). بەڵام لە ناو خودی موسڵمانیانشدا یاساکانی ئیسلام بۆ هەموویان یەکسان نییە، لەوانەیە دەزگای ئایینی مەزهەبێکی ئیسلام( بۆ نموونە A) مەزهەبێکی تری ئیسلام (بۆ نموونە B) بە ئیسلامی ڕاستەقینە نەزانێت و بە گومڕا(heterodox) یان مورتەدی دابنێت(Apostasy)، بەڵام مەزهەبێکی تر ) بۆ نموونە C) دەکرێت B بە موسڵمان بزانێت لە کاتێکدا A کە B بە ناموسڵمان دەزانێت ، مەزهەبی C بە موسڵمان دەزانێت. بۆ نموونە، پیاوانی ئایینی و دەزگای دین لە مەزهەبی شافعی، شیعە بە موسڵمان دەزانێت، بەڵام دەزگای ئایینی وەهابی، شیعە بە موسڵمان نازانێت، لەکاتێکدا وەهابی و شافیعی یەکتری بە موسڵمان دەزانن. سەلەفییەکان ئەهلی تەریقەت بە موشریک دەزانن، لە کاتێکدا پیاوانی ئایینی مەزهەبی شافیعی یان حەنەفی بەشی بەرچاوی دواکەوتووانیان ئەهلی تەریقەتن. لە هەموو مەزهەبەکانی ئیسلامدا، ئەگەر کەسێکی موسڵمان ئینکاری یەکێک لە ڕوکنەکانی ئیسلام یان ئایەتەکانی قورئان یان تەنانەت حەدیسەکانی سەحیح بکات، مورتەد دەبێت و دەزگای ئایین و پیاوانی ئایین تەکفیری(Excommunication) دەکەن.

بۆ موسڵمان، کەسەکە پێویستە بڕوا بەوە بهێنێت کە یەک خودا هەیە، کە ناوی اللە یە و محەمەد نێردراوی اللە یە، بەمە کەسەکە دەبێت بە موسڵمان، بەڵام زۆر شتی تر هەیە دەکرێت هەر هەمەن کەس بکات بە ناموسڵمان، تەنانەت ئەگەر ئەو دوو بڕوایەشی پاراستبێت. تەکفیر بە واتای سڕینەوەی هەموو مافە ئینسانییەکانی کەسەکەیە و ئەگەر دەزگای ئایین دەسەڵاتی هەبێت ئەو کەسە دەکوژێت. بەڵام تەکفیری زانایانی سروشتناسی موسڵمان زۆر جار ئەوە نییە کە بە زەقی لە یاساکانی شریعەدا هەیە، بەڵکو دەگەڕێتەوە بۆ سەر پشکنینی فکر، ئایا بیرۆکە و تێڕوانینی ئەم زانایە بە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ دژایەتی لەگەڵ یەکێک لە ڕووکنەکانی ئیسلامدا، بە پێی خوێندنەوەی دەزگای مەزهەربی زاڵ لەو شوێنەدا هەیە یان نا؟! هەڵبەت زۆر جار تەکفیری زانای موسڵمان پێوەندی بە کارەکانییەوە لەسەر زانستی سروشتی نییە، بەڵکو دەگەڕێتەوە بۆ سەر بیروڕا فەلسەفی و ئایینی و تەنانەت سیاسییەکانی. هەندێکجاریش کەسەکە دوای مردنی تەکفیر دەکرێت و بەم ڕێگەیە ڕێگری لە پەرەسەندنی بیرکردنەوەکانی دەکەن.

٣. ڕازی و ئیبین سینا
موحمەدی کوڕی زەکریای ڕازی پزیشک و کیمیاگەری و فەیلەسووفی ئیسلامییە، کە لەسەدەی نۆیەم و دەیەمی زایینیدا ژیاوە، کحول و ترشی سولفۆرەی داهێناوە. ڕازی هەرچەند فەیلەسووف بوو، بەڵام لە هیچکام لە دوو قوتابخانەی مشا و ئیشراق(ئەرەستوویی و ئەفلاتونی) دا نەبوو، بیروباوەڕی تایبەت بەخۆیی هەبوو، کاریگەری عیرفانی هندی و مانەوی لەسەر بوو. ڕازی بڕوای بە وەحی نەبووە، هەربۆیە تەکفیر کراوە، بەڵام بە مەرگی سروشتی مرد. ئیبین سینا پزیشک و فەیلەسووفە و لە هەردوو بوارەکەدا بەرهەمی گرنگی هەیە، گرنگترین بەرهەمی ئیبینی سینا لە پزیشکیدا کتێبی قانوونە و لە فلسەفەدا شیفایە. ئیبین سینا ٦٠ ساڵ دوای مردنی لەلایەن غەزاڵییەوە، کە نووسەر و بێرمەندێکی موسڵمانی زاهیربینە، تەکفیر کرا. زاهیربینەکان لە قووڵایی بابەتەکان ورد نەدەبوونەوە و واتا زاهیرییەکەیان وەردەگرت، غەزاڵی فەلسەفە و ماتماتیکی بە کوفر دەزانی، هەر بۆیە سەیر نییە کە فەیلەسووفەکانیش تەکفیر بکات. کاریگەریی فتوای غەزاڵی بەڕادەیەک بەهێز بوو، کە فەلسەفەی لە جیهانی ئیسلامدا تووشی وەستانی جەوهەری کرد. لە کتێبی پێرۆزی موسڵماناندا، هەستانەوەی ڕۆژی قیامەت بە شێوەی جیسمانییە، بەڵام ئیبین سینا باوەڕی وابوو ناکرێت هەستانەوەی ڕۆژی قیامەت بەشێوەی جیسمانی بێت، ئەم هەستانەوە دەبێت ڕۆحی بێت، بەڵام چونکە خەڵک تێگەیشتنیان لاوازە لە قورئاندا بەشێوەی هەستناوەی لەش باسکراوە. بەهۆی ئەم تێڕوانینەوە، غەزاڵی ئیبین سینای تەکفیر کرد.

یەکێک لە گرنگترین پرسیارەکانی فەلسەفەی یۆنان، بریتییە لەوەی ئایا گەردوون هەمیشە هەر هەبووە یان ئافرێنراوە، بەسەرنجدان بەوەی ئیبن سینا مشایی، واتە لایەنگری قوتابخانەی ئەرەستوو بوو، بڕوای بە هەمیشەیی بوونی جیهان هەبوو، کە بەئاشکرا لەگەڵ دەربڕینی زاهیری قورئاندا دژە، ئەمە هۆکارێکی سەرەکی بوو بۆ ئەوەی فەیلەسووفەکانی موسڵمان تەکفیر بکرێن. هەرچەند ئەم دوو تەکفیر کردنە بەناوبانگە زیانی جەستەیی بۆ تەکفیرکراوەکان نەبوو، بەڵام بووبە هۆی ئەوەی کتێبەکانیان وەکو کتێبی کوفراوی ببێزرێن و خەڵکی ئیماندار بەلایدا نەچن، یان خەڵک نەوێرن لایەنگری بیرو ڕاکانیان بکەن. ئەگەر ڕازی و ئیبن سینا تەنها فەیلسووف بوایەتن زەحمەت بوو بیروڕا فەلسەفییەکانیان لەسەردەمی نەبوونی چاپەوە بگات بە ئێمە. هۆکاری سەرەکی ئەوەی کتێبەکانی ئەم دوو کەسە مایەوە و گوازرایەوە بۆ نەوەکانی داهاتوو، پزیشکبوونی هاوکاتی ئەم دوو کەسە بوو، کە ئێستاش کتێبەکانیان وەکو پزیشکی نەریتی پیشوازی لێ دەکرێت و دەخوێندرێتەوە.

٤. عبدوسەلام و ئەحمەد زوەیل
دووان لە زانایانی موسڵمانی سەدەی بیستەم کە توانییان خەڵاتی نۆبڵ لە فیزیا و کیمیا وەربگرن، بریتیین لە زانای پاکستانی، پرۆفیسۆر عەبدوسەلام و زانای میسری، ئەحمەد زوەیل. جگە لەم دووانە تا ئێستا تەنها یەک کەسی موسڵمانی تر توانیویەتی خەڵاتی نۆبڵ لە بواری زانستدا وەربگرێت کە ئەویش بریتییە لە عەزیز سەنجار، زانای بە ڕەگەز عەرەبی تورکییەیی-ئەمریکایی لەدایکبووی ماردین لە کوردستانی باکور. بەڵام جیاوازییەکی گرنگی عەبدوسەلام و ئەحمەد زوەیل لەگەڵ عەزیز سەنجاردا لەوەدایە ئەمانە جگە لەوەی زانابوون، کەسانێکی موسڵیح و پێشکەوتنخوازی کۆمەڵایەتیش بوون و لە ماوەی ژیانیان، بەتایبەتی دوای وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵ، هەوڵی زۆریان بۆ گواستنەوەی زانست بۆ وڵاتانی جیهان سێهەم و موسڵمان دا.

عەبدوسەلام لەساڵی ١٩٢٦ لە ویلایەتی پەنجابی هندستانی بەریتانیا و پاکستانی ئێستا لە دایک بوو. خوێندنی سەرەتایی و دواناوەندی و کۆلێژی هەر لە پەنجاب بوو، دکتۆرای لە تاقیگەی کاڤیندیش لە کەمبریج وەرگرت و لە دامەزرێنەرانی ئەنستیتۆتی فیزیای تیۆریی لە ئیمپریاڵ کۆلێژی لەندەنە. ئەو بەشداری زۆر گرنگی لە پێشخستنی فیزیای تیۆرییدا هەبوو، بە تایبەتی لە یەکخستنی هەردوو هێزی ناوکی لاواز و کارۆموگناتیسییدا. کە بەهۆیەوە لە ساڵی ١٩٧٩ بە هاوبەشی لەگەڵ واینبێرگ و گلاشۆ خەڵاتی نۆبڵی بردەوە و ناوی وەکو یەکەم زانای موسڵمان کە خەڵاتی نۆبڵی بردوەتەوە تۆمار کرا. عەبدوسەلام دەسکەوتی مادی خەلاتەکەی بۆ پەرەپێدانی زانست لە جیهانی ئیسلام تەرخان کرد و ئەنستیتۆتی تریەستی لە ئیتالیا بۆ ئەو مەبەستە دامەزراند. بەڵام ئەم زانا گەورەی جیهان و ئیسلام لە وڵاتەکەی خۆیدا، واتە پاکستان، کەسێکی خۆشەویست نییە، چونکە سەر بە فیرقەی ئایینی ئەحمەدییە. پارلەمانی پاکستان لەساڵی ١٩٧٤ بە یاسا ئەم فیرقەی لە ئایینی ئیسلام دەرکرد و کران و بە ناموسڵمان و مورتەد ناوهێنران.  عەبدوسەلام بە دژایەتی ئەم بڕیارە پاکستانی بەجێهێشت، بەڵام پێوەندییە زانستییەکانی خۆی لەگەڵ پاکستان نەبچڕاند.

ئەحمەد زوەیل لە ساڵی ١٩٤٦ لە دەمنهوری وڵاتی میسر لە دایک بوو. خوێندنی بەکالۆریۆسی لە کیمیا لە زانکۆی ئەسکەندەرییەی میسرەوە دەست پێکرد و لە ئەمریکا و لە زانکۆی پیسلڤانیا بە فیزیای کیمیایی درێژەی پێدا و لە یەکێک لە گرنگترین ناوندەکانی توێژینەوەی جیهان، واتە کاڵتچ ( California Institute of Technology) دامەزرا. ناوچەی کاری زوەیل بریتی بوو لە فیمتۆکیمیا، کە لە ڕاستیدا ئەو یەکێک لە پێشرەوەکانی بوو، کە بریتییە لە لێکۆڵینەوە لە کارلیكە کیمیاییەکان لە کاتێکی زۆر زۆر بچووکدا و بە بەکارهێنانی لەیزەری زۆر خێرا. یەکێک لە گرنگترین ئەنجامەکانی ئەم کارە ڕێگە کردنەوەیە بۆ تێگەیشتن لەسەرچاوەی ژیان بەڕێگەی کیمیای ئەندامی. لە ساڵی ١٩٩٩ بەهۆی کارە پێشرەوەکانییەوە وەکو دووەم موسڵمانی بواری زانست خەڵاتی نۆبڵی کیمیای وەرگرت. زوەیل لە بواری سیاسی و کۆمەڵایەتیدا، بە تایبەتی بۆ پەرەپێدانی زانست، چالاک بوو. لە ساڵی ٢٠٠٩ لەگەڵ ئیلیاس زیرهونی و بروس ئاڵبێرت لەلایەن باراک ئۆباماوە وەکو وەفدی زانستی ئەمریکا بۆ جیهانی ئیسلام دیاری کرا و سەردانی زۆربەی وڵاتانی ئیسلامی کرد.

لە بەهاری عەرەبیدا، ئەحمەد زوەیل پشیگیری خەڵکی ڕاپەڕیوی میسری بۆ چاکسازی سیاسی کرد. بەڵام لەلایەن یەکێک لە داعیە ئیسلامییە سەرەکییەکانی ئیخوانەوە لە میسر تەکفیر کرا، بە هۆکاری ئەوەی لە ئیسرائیل و ئەمریکا کاری کردووەو خۆشەویستی هەیە بۆیان و خزمەتی کردوون بۆ ئەوەی سەرکەون! هەرچەند ئەم تەکفیرە لەلایەن ئەنجومەنی فتوای میسرەوە ڕەد کرایەوە، بەڵام نەیتوانی هانی خەڵک بدات بۆ ئەوەی بەشداری ڕێوڕەسمی ناشتنەکەی لەساڵی ٢٠١٦ دا بکەن. ژمارەیەکی کەم لە خەڵک بەشداری ناشتنی ئەحمەد زوەیلیان کرد.

٥. تەکفیر و وەستانی زانست لە جیهانی ئیسلامدا
ئەگەر سەیری مێژووی ڕۆشنگەری زانستی لە ئەوروپا بکەین، دەبینین زانایانی ئەوروپا زۆربەی جارەکان بەهۆی کارە زانستییەکان و یەکنەگرتتنەوەی لەگەڵ خوێندنەوەی فەرمی دەزگای دینی مەسیحیی بۆ زانست و فەلسەفە تووشی تەکفیر و تۆبەکردن و تەنانەت مەرگ دەبوونەوە، بەڵام لە جیهانی ئیسلامدا بابەتەکە تاڕادەیەک جیاوازە. تەکفیرەکە لەسەر بۆچوونە فەلسەفییەکان و ئایینییەکان بووە، بەڵام هەر ئەمەش بووە بەهۆی ئەوەی زانست لە جیهانی ئیسلامدا تووشی وەستانی جەوهەری ببێت. کاتێک غەزاڵی و ئیبن تەیمییە و هێڵی فکری زاهیربین، فەلسەفە تەکفیر دەکەن، چی بیانەوێت چی نەیانەوێت ڕیشەی زانست وشک دەکەن، بەتایبەتی لە سەردەمێکدا کە زانست و فەلسەفە بەتەواوەتی تێهەڵکێشی یەکتری بوون و زانستیش بە بەشێک لە فەلسەفە هەژمارد دەکرا. بە کوفردانانی فەلسەفە هیچ نییە جگە لە بە کوفردانی پرسیاری جەوهەری کە هەوڵدان بۆ وەڵامدانەوەیان گۆڕانی جەوهەری لە بیر کردنەوەی مرۆڤدا دروست دەکات. پرۆفیسۆر عەبدوسەلام بڕوای وایە، لە سەدەی دوازدەی زایینیدا بیرکردنەوەی خەڵاق لە جیهان ئیسلامدا ڕوو لە کزی دەکات و سۆفیگەری و بیروباوەڕی وشکی ئایینی جێگەی دەگرێتەوە، کە ئەم پرۆسە زۆر پێشتر لە هێرشی مەغول، لە شارستانیەتی ئیسلامی جێگیر ببوو.

ئیبن خەلدون، مێژوونووسی کۆمەڵایەتی موسڵمان لە سەدەی چواردەهەمی زایینیدا ئاوا دەنووسێت: “لەم دوایانەدا بیستوومە کە لەوڵاتی فرانکەکان و لە کەنارەکانی باکوری دەریای ناوەڕاست، گرنگی زۆر بە زانستی فەلسەفی دەدرێت. دەگوترێت لەوێ بابەتە فەلسەفییەکان جارێکی تر لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکرێت و بە دەرس دەیڵێنەوە. هەر وەها دەگوترێت زۆر بە بەرفراوانی کاردەکرێت و ژمارەی قوتابییەکان زۆر زۆرە… خوا بۆ خۆی دەزانێت چی لەوێ هەیە، بەڵام ڕوونە کە پرسە فیزیاییەکان نایەنە نێو کاروباری ئایینی ئێمەوە و ئەسڵەن گرنگ نین. هەر بۆیە لێیان بگەڕن با مەشغوڵ بن.”

هەر ئەم بیرکردنەوە سۆفیگەریی و سەلەفییانەیە کە لە دەردەدڵی زانایەکی موسڵمان لە سەدەی پانزدەهەمی زایینیدا ڕەنگدەداتەوە. لە نزیکەی ساڵی ١٤٧٠ زایینی سەفییەدین سەلمان ئەستێرەناسی لاوی قەندەهاری ئاوا بۆ باوکی دەنووسێت:” باوکی بەڕێزم سەرزەنشتم مەکە کە لە تەمەنی پیریدا بەجێم هێشتی و ئێستا لە سەمەرقەند دانیشتووم، بە هۆی سروشتی جوانی سەمەرقەندەوە نییە من قەندەهارەم زۆر خۆشتر دەوێت، بە هۆی زانستەوە لێرەم. لە قەندەهار نە زانایەک هەیە نەکتێبخانەیەک و نە ڕۆبعێک و نە ئوسترلابێک لەوێ گاڵتەیان بە حەزی من بۆ ئەستێرەکان دەکرد. خەڵکی لای ئێمە زۆر تر لە زانست حەزیان لە شمشێرە.” بۆیە سەیر نییە گرنگیدانی زیاد لە ئەندازە بە ئایین و دژایەتی فەلسەفە و تەکفیرکردنی فەیلەسووفەکان بەم شێوە وەستانی زانست بەدوای خۆیدا بهێنێت. ئەوەی بەلای موسڵمانەکانەوە دوای گەشەسەندنێکی کاتی زانست گرنگ بووە، ئایین بووە نەک تێگەیشتن لە سروشت و زانست.

٦. دەرئەنجام
لەم وتارەدا بەشێوەیەک باسی هۆکاری وشکبوونی ڕیشەی زانستم لە جیهانی ئیسلامدا کردووە، جەخت کردنەوەی لەسەر ئەوەی لە ئیسلامدا گرنگی زۆر بە زانست و زانا دەدرێت لەوە ناچێت زۆر ڕاست بێت. وشەی زانا زۆرتر بۆ پیاوانی ئایین بە کاردەهێنرێت نەک سروشتناسەکان. توێژەرانی زانستی زۆرتر وەکو تەکنیککار بینراون نەک زانا، کە دەبێت لە خزمەتی دەزگای دیندا بن، ئیبن تەیمییە بە پەیڕەوی لە غەزاڵی و کەسانی زاهیر بینی موسڵمان کیمیا و فیزیا بە حەلال دەزانێت بەڵام فەلسەفە بە حەرام دادەنێت. بەسەرنجدان بەوەی زمانی زانست لەو سەردەمەدا فەلسەفەبووە و ڕێگەی گەشەکردنیشی بیرکردنەوەی فەلسەفی بووە، ڕوونە ئەم فتوایە وشک کردنی زانست و بڕینی زمانیەتی. ناکرێت بەبێ گەنگەشەی فەلسەفی پێشکەوتنی ئەوتۆ لە زانستدا بێتە ئاراوە. لەوانەیە بگوترێت حەرام بوونی فەلسەفە تەنها پێوەندی بە پرسیاری گرنگی بوونەوە هەیە، واتە ئایا گەردوون قەدیمە یان نوێ، یان ئایا مەعاد جیسمانییە یان ڕۆحانییە! جیاواز لەوە بڕوامان بە مەعاد و هەستانەوەی ڕۆژی دوایی هەبێت یان نا، ئەم پرسیارانە گرنگترین پرسیاری زانستیشە، کە ژیان و گەردوون لە کوێوە هاتووە و بۆ کوێ دەچێت، ئەگەر سەردەمێک خەڵک گەنگەشەیان لەسەر ئەوە بووبێت گەردوون کۆنە یان نوێ، ئێستا زانستی گەردوونناسی سەلماندوویەتی گەردوون نوێیە و سەرەتای هەیە. ئەگەر ڕازی ڕەخنە لە مەعادی جیسمانی دەگرێت و بەڕاستی نازانێت (هەر بەم هۆکارەشە تەکفیر دەکرێت) هۆکارەکەی زانستکار بوونی ڕازییە.
کاتێک زانایەک تەکفیر دەکرێت، لە ئەنجامدا ئەو زانایە بە شێوەی کاتیش بێت ڕەش دەبێت و کاریگەری لەسەر کۆمەڵگەکەی نامێنێت. بۆ نموونە، عەبدوسەلام لە وڵاتەکەی خۆیدا، پاکستان، کەسێکی خۆشەویست نییە و بێزراوە، یان ئەحمەد زوەیل ژمارەیەکی کەم لە خەڵک بەشداری لە ناشتنەکەیدا دەکەن.
٧. سەرچاوەکان
لە نووسینی ئەم بابەتەدا سوودم لە چەندین سەرچاوەی گرنگ بینیوە کە گرنگترینیان ئەم کتێبانەن و خوێنەری بەڕێز دەتوانێت بۆ پشتڕاست کردنەوەی فاکتەکانی ناو وتارەکە بەکاری بێنێت.
١. الفتاوى الكبرى لابن تيمية
٢. تهافت الفلاسفة أبو حامد محمد بن محمد الغزالي
3. A. Salam, Ideals and Realities
4. Ahmed H. Zewail, Voyage Through Time: Walks of Life to the Nobel Prize
5. De lacy O’Leary, How Greek Science Passed to the Arab

بابەتی پەیوەندیدار

هەروەها چێکی بکە
Close
Back to top button