رۆشنبیری

گۆشت خۆری لە نێوان زانست و کلتور و ئایین دا

 شاژیر محەمەد


جیاوازی چییە لە نێوان گۆشتی ئاژەڵە جۆربەجۆرەکان؟ بۆچی هەندێک لەو گیانەوەرانەی لەلای ئێمە پیس و بێزراون لە وڵاتێکی تر ژەمە خۆراکێکی ئاسایین؟ ئایا ئەوەی پێی دەوترێت پیس و پاک بنەمایەکی زانستی هەیە ؟
گۆشت ئەو بەشە نەرمەیە لە جەستەی هەندێک لە گیانەوەران کە لە ماسولکە و چەوری پێکهاتووە، گۆشت بەگشتی پێکهاتووە لە (ئاو، پرۆتین، چەوری، لەگەڵ بڕێک لە کانزاکان و ڤیتامینەکان). بە گوێرەی لێکۆڵینەوە پەیلەنتەلۆجییەکان، خواردنی گۆشتی گیانەوەرە جۆربەجۆرەکان لەلایەن مرۆڤەوە مێژووەکەی کۆنە و گۆشت لە کۆندا پێکهینەرێکی سەرەکی ژەمە خۆراکی مرۆڤ بووە، بەڵام بەگشتی گۆشت خۆریی لە میژووی مرۆڤدا لەپاش سەرهەڵدانی ماڵی کردن (لە کۆتاییەکانی دوا چاخی بەستەڵەک دا) شێوەیەکی تری بەخۆوە بینی. ماڵی کردن و بەخێوکردنی گیانەوەران، گۆشت خۆریی مرۆڤی ڕێکخست، لەنێوان گۆشت خۆری و ماڵی کردنی گیانەوەران پێوەندییەکی توندوتۆڵ هەیە، لە ڕاستیدا ئێستا گیانەوەرە ماڵییەکان سەرەکی ترین سەرچاوەی گۆشتن بە پێچەوانەی گیانەوەرە کێوی یا خود دڕندەکانەوە کە مرۆڤ توانای ڕاوکردن وماڵی کردنیانی نەبووە.

جیاوازی نێوان گۆشتی ئاژەڵە جۆربەجۆرەکان
 بەگشتی جیاوازی لە نێوان گۆشتی گیانەوەرە جۆربەجۆرەکان لە ڕووی بەهای خۆراکییەوە بۆ مرۆڤ، جیاوازییە لە نێوان جۆر و ڕێژەی پرۆتین و چەوری و ئاو و ڤیتامینەکان، بەنمونە، گۆشتی مانگا لەگەڵ گۆشتی بەراز، کە دوو جۆر گۆشتی باون، تاڕادەیەک لێکچوون هەیە لە نێوانیاندا و دەتوانرێت لە بری یەکتر بەکاربهێنرێن. بەڵام هەندێک جیاوازی بچوک وادەکات بەکارهێنانی یەکێکیان باشتر یاخود گونجاوتر بێت، بۆ نمونە، گۆشتی بەراز بۆ کەسێک کە بیەوێت کێشی لەشی داببەزێنێت گونجاوترە لە گۆشتی مانگا، چونکە بڕێکی کەمتر لە کالۆری تێدایە، بەڵام گەر کەسەکە پێویستی بە کالۆری و چەورییەکی زیاتر بێت، ئەوا خواردنی گۆشتی مانگا بۆی گونجاوترە، هەروەها گۆشتی مانگا پرۆتینی زۆرتری تێدایە بە بەراورد بە گۆشتی بەراز، بۆیە بۆ ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت ماسولکە دروست بکەن گۆشتی مانگا ژەمێکی گونجاوترە.

کاریگەری پێگەی جیوگرافی وکلتور
پێگەی جیوگرافی و ژینگەیی ڕۆڵێکی گرنگیان هەبووە لە دیاریکردنی ئەو گیانەوەرانەی کە وەک خۆراک بەکار هێنراون:
 مەڕ لە خۆرهەڵاتی ئاسیا و میزۆۆپۆتامیا و میسر ماڵی کراوە و خوراوە. ئەسپ لە فەڕەنسا و ئەڵمانیا و ئیتاڵیا و ژاپۆن خوراوە. سەگ لە ڤێتنام و چین و باشوری کۆریا، هەروەها لە ڕابردوودا لە سوید و هاوای و مەکسیک. پشیلە لە باشووری چین و پیرۆ خوراوە، دۆلفین و نەهەنگ لە ئەلاسکا و سیبریا و هەندیک ناوچەی ئیندۆنیزیا و گرین لاند خوراوە. 


بەهەمان شێوە، کلتوور رۆڵی هەیە لە گۆشتخۆری مرۆڤ دا، گۆشتی جرج کە لە کەلتووری زۆرینەی وڵاتاندا پیس و مایەی بێزە لە هەندێک کلتوری تر ژەمێکی ئاساییە، تەنانەت لە هەندێک ووڵاتی ئیسلامی لە کاتی بەربانگ کردنەوە وەک ژەمێکی ئاسایی دەخورێت. هەروەها ئارەزووی خواردنی مرۆڤ رۆڵی گرنگی هەیە لە دیاری کردنی جۆری خۆراک. هەندێک ئاژەڵ لەڕووی ئاینییەوە خواردنیان رێگە پێدراوە، بەڵام پەیڕەوانی هەمان ئایین هەرگیز نایخۆن یاخود زۆر بەدەگمەن دەیخۆن، چونکە خواردنی نەبۆتە کلتور، وەک، سمۆرە، ئەستێرەی دەریا… کە لە هەندێک وڵاتی ئیسلامی دەخورێن و لە هەندێکی تر نا.
گۆشت وئایینەکان
 
 ئایینە جۆربەجۆرەکان لە بارەی گۆشت خۆرییەوە هەر یەکەو یاسا و ڕێسای تایبەت بە خۆیان هەیە. بەنمونە، لە ئاینی جولەکەدا لیستی خۆراکە ڕێگە پێدراوەکان و خۆراکە قەدەغەکان هەیە (کۆشەر) و (نەن کۆشەر). گۆشتی بەراز بەگوێرەی ئاینی جولەکە نەن کۆشەر، واتە حەرامە. بەهەمان شێوە، لە ئاینی ئیسلام دا لە کاتێکدا لە ئاینی مەسیحییەت دا لە هەندێک وڵات خۆراکی بۆنە ئایینییەکانە، هەروەها هەندێکجار شێوازی سەربڕینی ئاژەڵەکە و شێوازی لێنانی دەبێتە هۆی حەرامی و حەڵاڵی. لە ئایینی جولەکەدا، تێکەڵ کردنی گۆشت لەگەڵ شیر حەرامە، لەئایینی ئیسلامدا، سەربڕینی ئاژەڵ یاسای خۆی هەیە و خواردنی گۆشتی گیانەوەرێک بەرلەوەی بە زیندوویی بە چەقۆی تیژ سەربڕابێت حەرامە تەنانەت هەندێکجار لە ناو شوێنکەوتووانی یەک ئاییندا لە مەزهەبێکەوە بۆ مەزهەبێکی تر لەسەر هەمان ئاژەڵ ڕای جیاواز هەیە، بۆ نموونە، لە ئایینی ئیسلامدا گۆشتی کەروێشک لای پەیڕەوانی مەزهەبی سوننە حەڵاڵە و لەلای پەیڕەوانی شیعە حەرامە. 
 
لە هەندێک لە ئایینە هیندییەکان تا ڕادەیەک ژینگە دۆستی و بەزەیی بەدی دەکریت. ئاینی (جینیزم، بودیزم، هیندۆییزم) خواردنی گۆشت بە گوناه دەزانن و دژی دەوەستنەوە، بەو پێیەی دژی توندوتیژین و پێیان وایە هەموو زیندەوەرێک مافی ژیانی هەیە. هەروەها بەشێک لە سیکەکان دژی گۆشت خۆری دەوەستنەوە و بەشیکی تریان تەنها خواردنی ئەو گیانەوەرانە بە حەرام دەزانن کە بە شێوەیەکی بێبەزەییانە یاخود ناشیاو کوژراون یاخود سەربڕراون و پێیان وایە کاتێک گیانەوەرێک بەکاردەهێنرێت بۆ خواردن دەبێت کوشتن یاخود سەربڕینی بە کەمترین ماوە وکەمترین ئازارەوە بێت. هەمان شت لە ئاینی ئیسلامیش لەکاتی سەربڕینی ئاژەلدا بەدی دەکریت.

مرۆڤخۆری (کەناباڵیزم)
لە دوورگەی (تانا) خواردنی گۆشتی جەستەی مرۆڤی مردوو بەشێکە لە پرۆسەی ماتەمینی پرسەکە، هەروەها وەک رێگایەک دادەنریت بۆ ڕێنمایی کردنی رۆحی مردووەکە بۆ ناو جەستەی مرۆڤێکی زیندوو (مەبەست لە دۆناودۆنە کە بیرورایەکی ئایینییە و پێی وایە مرۆڤ پاش مردنی رۆحی دەچێتە جەستەیەکی ترەوە)، یان لەکاتی جەنگی نێوان دوو هۆز وەک ڕێوڕەسمی سەرکەوتن بەسەر دوژمن بەکارهێنراوە، تەنانەت لە جەنگی دووەمی جیهانی و لە ساڵانی (١٩٤١-١٩٤٢) مرۆڤخۆری سەری هەڵدا پاش ئەوەی بەهۆی حەنگەکان و بارودۆخی نالەباری سیاسی ئەو کاتەوە خەڵکی ڕووبەڕووی قەیرانی خۆراک بوونەوە و هیچ گیانلەبەرێکی وەها نەمابوو کە بۆ خواردن دەست بدات، هاوکات هەندێک وڵات سوودی لە جەستەی دیل و زیندانییەکان وەردەگرت وەک سەرچاوەی خۆراک لە کاتی ڕووبەڕووبونەوەی قەیرانی خۆراک، لەوانەش: ڕووسیا و ژاپۆن و ئەڵمانیاو هیندستان. هەمان حاڵەتی مرۆڤخۆریی لە عێراق و لە دوای جەنگەکان لە کاتی ڕووبەڕووبونەوەی قەیرانی خۆراک ڕوویداوە، واتە بەگشتی مرۆڤ خۆری لە سەرتاسەری جیهان دا بە شیواز و هۆکاری جۆربەجۆر هەبووە.

مێرووەکان خۆراکێکی شیاوترن 
مامۆستا کۆرش ئارارات مامۆستا لە بەشی بایۆلۆجی زانکۆی سلێمانی لەبارەی گۆشت خۆری مرۆڤەوە دەڵێت: (واباشترە مێرووەکان لەبری گۆشتی گیانەوەران بەکاربێت، چونکە لە ڕووی بەهای خۆراکییەوە دەوڵەمەندترە. ئەو پرۆتیینەی لە مێرووەکان دا هەیە زیاترە لەو پرۆتینەی لە گۆشتەکانی تر دا هەیە، لەشی مرۆڤ توانای هەڵمژین یاخود سودوەرگرتن لە٩٠% ی ئەو پرۆتیینەی هەیە کە لە مێرووەکان دا هەیە بەلام تەنها دەتوانێت سود لە ٦٠-٧٠%ی ئەو پرۆتینە وەربگرێت کە لە گۆشتی دیکە دا هەیە، واتە ٣٠-٤٠%ی دەبێتە پاشماوە و بەفیڕۆ دەچێت و لەش سودی لێوەرناگرێت. لە ڕووی بەهای خۆراکییەوە، مێرووەکان شوێنێکی گرنگیان هەیە لە هەرەمی خۆراک دا و لە هەندێک وڵات ژەمە خۆراکێکی گرنگن بۆ مرۆڤ).
 
یەکێک لە بازاڕەکانی فرۆشتنی مێروو لە تایلاند. هاوکات ژمارەیەک بازاڕ وچێشتخانە بەبەرنامە کار لەسەر ئاسایی کردنەوەی خواردنی مێروو دەکەن لەڕێگەی پیشەسازی جۆربەجۆر وسودوەرگرتن لە پرۆگرامە تەلەفزیۆنییەکان و دانانی لە لیستی خواردنی خواردنگەکاندا بەو پێیەی ڕێژەیەکی زۆر ڤیتامین و کانزاکانی تێدایە. ٢ بلیۆن کەس لە ئاسیا و ئەفریقا لە کۆنەوە مێرووەکان وەک خۆراک بەکاردەهێنن کە لە ناویان دا ١٩٠٠ جۆر مێروو تا ئێستا تۆمارکراوە.

چی بخۆین؟
 لەڕووی زانستییەوە، ئەوەی پێمان وایە ئاژەڵێک پیسە و ئاژەڵێک پاکە جگە لە وەهم شتێکی دیکە نییە. ئێمە ئەو ئاژەڵانەی کە لە سەر خواردنیان ڕاهاتووین بە پاک دەزانین و شەرعییەت بە خواردنیان دەدەین. لە ڕاستی دا کاتێک تۆ ژەمە خۆراکێک دەخۆیت و ناوی دەنێیت گۆشتی مانگا یاخود بزن یان جرج، لەشی تۆ هەمان ئەو ناوەی لی نانێت، بەڵکو بە نیسبەت زمانی بایۆکیمیایی و سیستمی هەرسەوە رێژەیەک لە پرۆتین و چەوری و کانزا و کاربۆهیدراتت خواردووە.

لە کۆتاییدا، لەوانەیە پرسیارێک بە مێشکماندا گوزەر بکات: لەکاتیکدا ئەوەی زانست دەیڵێت شتێکەو ئەوەی کلتوور وئایین و دابونەریت دەیڵێت شتێکی ترە، هاوکات ئاینەکانیش یاساکانیان لە یەکتر جیاوازە و تەنانەت لەناو یەک ئایینیش یاساکان لە مەزهەبێکەوە بۆ مەزهەبێکی تر دەگۆڕرێت، دابونەریتەکانیش لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتیکی تر و لەسەردەمێکەوە بۆ سەردەمێکی تر گۆڕانیان بەسەردادێت، ئەی ئەوە چییە کە دەبێت مرۆڤایەتی پابەندی بێت و بیکاتە پێوەر لە بابەتێکی هەستیاری لەم شێوەیەدا؟

بابەتی پەیوەندیدار

هەروەها چێکی بکە
Close
Back to top button