رۆشنبیریسڵاید

کورتەیەک دەربارەی مێژووی ڕۆژژمێر ..

و: حیکمەت مەعرووف

پێشەكی:

رۆژژمێر، لە رابردوویەكی زۆر كۆنەوە بەكاردێت، لەگەڵ ژیانی مرۆڤدا سەری هەڵداوە. ئەو شێوەیەی كە ئێستا هەیەتی، لە ئەنجامی چەندین هەوڵی گەلانی سەرزەوی بەپێی سەردەمە جیاوازەكان هاتووەتە كایەوە. ئێمە بەشێوەیەكی روون لەوە ئاگادار نین كە مرۆڤی سەرەتایی لە كاتە جیاوازەكاندا چۆن ژیانی خۆی رێكخستووە، بەڵام هەموو ئەگەرەكان بۆ ئەوە دەگەڕێنەوە، كە لەكۆنەوە مرۆڤ بەپێی گۆڕانكارییە سروشتییەكان و جووڵەی تەنە ئاسمانییەكان ژیانی خۆی رێكخستووە.

بێگومان یەكەم ئەو گۆرانكارییە سروشتییانەی كە مرۆڤ بینیویەتی، دووبارەبوونەوەی هەڵهاتن و ئاوابوونی خۆر بووە، لەمەوە یەكەم یەكەی ئاسان و سادەی كات (زمن) كە رۆژە هاتەكایەوە. پاشان تێبینی دووبارەبوونەوەی گۆڕانكارییەكانی تری وەك هەڵكشان و داكشانی ئاوی دەریاكانی كردووە. لە دەركەوتنی (هلالی) مانگ و زیادكردن و كەمبوونەوەی مانگدا، (شهر القمری) وەك یەكەیەكی تری (كات) داناوە. دیسان تێبینی دووبارەبوونەوەی وەرزەكان و وەرزی دروێنە و كۆچی باڵندە و گیانلەبەرانی كردووە، هەروەها مرۆڤی سەردەمە كۆنەكان تێبینی رۆشتنی (خۆر)ی بە نێو كۆمەڵەیەكی زۆر لە هەسارە لە ماوەی ساڵیكدا كردووە و بۆ هەر یەكێك لەم هەسارانە ناوی داناوە و خولگەی خۆری بینراوی (مدار الشمس الظاهری) بەدەوری ئەم كۆمەڵە هەسارانەدا دابەش كردووە. بۆ هەریەك لەم كۆمەڵە ئەستێرە و بورجانە ناوی داناوە، كە لە ناوی گیانلەبەركانەوە وەری گرتووە. پاشان تێبینی ئەوەی كردووە، كە پێوانەكردنی كات بە بورجەكان لە پشتبەستن بە كاتەكانی كشتوكاڵكردن و هاتنی سەرما و گەرما و كۆچی باڵندەكان، وردترە. بە زیاتر وردبوونەوەی مرۆڤ لە دیاردە گەردوونییەكان و دەستكەوتنی زانیاری زیاتر بەدرێژایی سەردەمانێكی زۆر و چاودێریكردنی جووڵەی خۆر و مانگ و ئەستێرەكان، ئەو توانایەی بە مرۆڤ بەخشی تا كات بەشێوەیەكی وردتر دابەش بكات و رۆژژمێری بۆ دابنێ. هەر لە ڕێگەی ئەم رۆژژمێرەوە توانی رۆژ و هەفتە و مانگ و ساڵەكان دیاری بكات. دواتر بۆ پێوانەكردنی كات، كاتژمێری دروستكرد و روانگەی دانا و پێشكەوتنی زۆری لە بواری گەردوونناسیدا بەدەست هێنا، بەڵام بەسەر ئەم هەموو پێشكەوتنەشەوە لە بواری گەردوونناسیدا، تائێستاش لە زۆر ناوچەی سەرگۆی زەوی لەبەر جیاوازی لە بۆچوون و شێوەی بەڕێوەچوونی ژیانیان و مانەوەی بەرژەوەندییەكانیان، وا بە باشتر دەزانن كە دابەشكردنی كات پێویستە لە ژێر كاریگەری حاڵەتە ناوچەییەكاندا بێت، نەك دیاردە سروشتییەكان، ئەمەش بۆ ئاسانكردنی دانانی رۆژژمێرەكان و پشتبەستن پێیان بۆ رێكخستنی كاروبارەكان و تۆماركردنی رووداوەكان. رۆژژمێر، جۆری زۆرە، چونكە بەدێژایی مێژوو بەشێوەی جیاوازدا رۆشتووە، بەم هۆیەشەوە چاككردن و گۆڕانكاری و راستكردنەوەی زۆری بەسەرداهاتووە، كە لە درێژەی ئەم بابەتدا باسیان لێوە دەكەین.

گرنگی رۆژژمێر:

رۆژژمێر بە مەبەستی زۆر و جیاواز بەكاردێت، لەوانە:

یەكەم: دیاریكردنی رێکەوت (بەروار)، ئەمەش پێویستی بە ئامادەكردنی تۆماری رۆژەكان و مانگەكان و ساڵەكانە، لەگەڵ دانانی رووداوەكان لە كاتی خۆیدا. ئەو بەروارانەی كە تۆماریش دەكرین، چەند جۆرێكن:

1. دیاردە گەردوونییە سووڕاوەكان، وەك بنەمای ساڵەكان و مانگەكان و وەرزەكان، ئەمەش تۆماركردنی رابردوو و داهاتووە.

٢. دیاردە زەمینییەكان، وەك هەڵكشان و داكشانی دەریاكان و گۆڕانی كەش لە رۆژە جیاوازەكاندا.
٣. رووداوە دەگمەنەكان، وەك گەردەلوول و بوومەلەرزە و تەقینەوەی بوركانەكان و روودانی مانگگیران و خۆرگیران.

٤. رووداوە مێژووییەكان، كە لە لایەن مێژووی مرۆڤایەتییەوە تۆمار دەكرێن.
٥. رووداوە مەدەنییە هاتووەكان، وەك سەرەتای وەرزەكان و چەژنەكان و سەركەوتنەكان.

دووەم: ئامادەكردنی ئەنجامە ساڵانەییەكان، ئەمەش تێكڕای مانگەكانی ساڵ و ناوی رۆژەكانی و ئەو بەروارانەی كە بەرانبەریەتی لە ڕۆژژمێرەكانی تردا، هەروەها كاتەكانی پەرستن (نوێژ) و ئەو بۆنە و چەژنانەی كە لە ساڵدا روو دەدەن.

• پێوانەكانی كات (مقایس الزمن):

رۆژ و مانگ و ساڵەكان بە پێوانەیەك پێوانە دەكرێن، كە دیاردە گەردوونییەكان دیاری دەكەن و گرنگییەكی تایبەتی لە ژیانی مرۆڤدا هەیە. رۆژەكان بە خوولانەوەی زەوی بە دەوری خۆیدا لە رۆژئاواوە بۆ رۆژهەڵات دروست دەبن، ئەمەش جیاوازی نێوان درێژی شەو و رۆژ و جووڵانی هەسارەكانی گەردوونی لێوە دەردەكەوێت. مانگەكان بە سووڕانەوەی مانگ بە دەوری زەویدا دەپێورێن كە لە (هلال) دەمەداسێكی باریكەوە دەست پێدەكات و پاشان وردە وردە دەبێتە مانگی پڕ (بدر) (مانگی تابان) و تاریكی شەو كاڵ دەكاتەوە و دیسانەوە وردە وردە مانگە تابانەكە دەبێتەوە بە دەمەداسەكە. ساڵەكان بە سووڕانەوەی زەوی بە دەوری خۆردا دروست دەبن و لە ئاكامییەوە وەرزەكان و جووڵەی بینراوی خۆر لە بورجەكاندا دروست دەبێت، بەڵام مانگە خۆرییەكان و هەفتەكان و بەشەكانی تری رۆژ وەك (كاتژمێر و خوولەك و چركە)، یەكەی فەرهەنگی كاتن.

• رۆژ:

لەبەرئەوەی خولانەوەی زەوی بە دەوری خۆیدا، جووڵەیەكی (منتظم) رێكوپێكە، بۆیە رۆژ دانراوە بەو كاتەی كە زەوی یەكجار بە دەوری خۆیدا دەخوولێتەوە، كە دوو جۆرن: رۆژی ئەستێرەیی و رۆژی خۆری. رۆژی خۆری بە ماوەی (سێ خوولەك و 55،9 چركە) لە رۆژی ئەستێرەیی درێژترە. رۆژی خۆری تەواو لە درێژیدا جێگیر نییە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كە خێرایی خۆری بینراو (سرعە الشمس الظاهریة) لە نێوان ئەستێرەكاندا بە درێژایی رۆژەكانی ساڵ جێگیر نییە، چونكە خوڵگەی زەوی بە دەوری خۆردا بازنەیەكی تەواو خڕ نییە (شێوە هێلكەییە)، بۆیە كەمترین جار روودەدات كە رۆژی خۆری لە شوینێكی سەرزەویدا بە درێژایی ساڵ هەمان درێژی هەبێت، جگە لەو شوێنانەی كە دەكەونەسەر هێڵی یەكسانی زەوی (خط الاستواء)، بۆیە ئەم شێوە پێوانەكردنە بۆ پێوانەكردنی كاتێكی یەكسان گونجاو نییە، لەبەر ئەوە زاناكانی گەردوونناسی خۆرێكی گریمانەییان داناوە، كە بە خێراییەكی (رێكوپێك) یەكسان بە درێژایی ساڵ دەڕوات و لە ماوەی ساڵێكی تەواودا ئەوماوەیە دەبڕێت. شەو و رۆژ بەدوای یەكدیدا دێن، بەڵام لە نێوان نەتەوەكانی سەرزەویدا بۆ ئەم بەدوای یەكداهاتنە و دەستپێكردن و تەواوبوونی رۆژە بیروڕای جیاواز هەیە، بۆ نموونە لای عەرەبەكان رۆژ بریتییە لە ئاوابوونی رۆژ و هاتنی شەوی دوای ئەو ئاوابوونە و ئاوابوونی رۆژی دواتر، بەڵام لای فەرەنجەكان رۆژ لە نیوەشەوەوە دەست پێدەكات تا نیوەشەوی دواتر و رۆژ دەكەوێتە نێوان هەردوو نێوەشەوەكەوە.

• مانگی مانگی (الشهر القمری):

بریتییە لەو ماوەیەی كە مانگ دەیبڕێت لە سووڕانەوەی بە دەوری زەویدا، و سێ جۆر مانگمان هەیە:

١) مانگی شەرعی: ئەم مانگە بە بینینی مانگ لە (هلال)ەوە، دەمەداسەوە دەست پێدەكات.
٢) مانگی گەردوونی راستی: بریتییە لە تەواوكردنی دەورەیەكی تەواوی مانگ بە دەوری زەویدا.

٣) مانگی فەرهەنگی ناوەندی: ئەم مانگە درێژییەكەی جێگیر نییە، بەڵام تێكڕایی رۆژەكانی (بیست و نۆ رۆژ و دوانزە كاتژێر و چل و چوار خولەك و 2،87 چركەیە). بۆ ئاسانكاری حسابكردنی ساڵێكی فەرهەنگی ناوەندییان داناوە، كە درێژییەكەی سێسەد و پەنجا و چوار رۆژە لە ساڵی ئاساییدا و سێسەد و پەنجا و پێنج رۆژە لە ساڵی كەبیسەدا. ئەمساڵە ناونراوە بە (ساڵی مانگی ناوەندی) (سنە الوسطیة)، كە نزیكەی یانزە رۆژ لە ساڵی خۆری كورتترە.

• ساڵی خۆری:

بریتییە لەو ماوەیەی كە زەوی پێویستییەتی بۆ سووڕانەوەی بەدەوری خۆردا، كە لە خاڵێكی دیاریكراوەوە دەست پێدەكات تا دەگەڕێتەوەسەر هەمان خاڵ.

• مانگە خۆرییەكان:

مانگە خۆرییەكان بە دوو پێشكەوتندا تێپەڕیوون: یەكەمیان ئەوە بوو كە مانگەكان بە ژمارە ناودەنران وەك مانگی یەكەم و دووەم و سێیەم.. هتد، دووەمیان ناونانی مانگەكان بەناوی كەسایەتییەكان بۆ مانەوەیان بە نەمریی و بەرزڕاگرتنی یادیان، وەك مانگەكانی یۆلیۆ و ئۆگوست یان ناونانی مانگەكان بەناوی خوداوەندەكان یان دیاردەكانی تر كە هەندێك لە نەتەوە كۆنەكان بەكاریان دەهێنان، وەك ئەوەی كە ناوی مانگی تشرینی یەكەمیان ناونابوو (مانگی زەرد) كە لەو مانگەدا گەڵای دارەكان زەرد دەبن، هەروەها ئەنگلۆسەكسۆنییەكان مانگی تشرینی دووەمیان ناونا بوو (مانگی با یان مانگی خوێن) و لە باشووری ئەڵمانیا و بەشێك لە سویسرا بە مانگی ئەیلولیان دەوت مانگی دروێنە.

• سەرەتای ناونانی مانگەكانی ساڵ:

1. مانگی ینایر: مانگێكی رۆمانی یان فەرەنجییە، بەرانبەرە لەگەڵ مانگی (كانونی دووەم)، ئەم مانگە یەكێكە لە مانگە سریانییەكان یان رۆمییەكان. رۆمانەكان ئەم مانگەیان ناونا بوو بەناوی خوداوەند (یانوس)، كە لە لای رۆمانییەكان، خوداوەندی شەڕ و ئاشتی و دەرگەوانی دەرگەكانی ئاسمان بوو، وایان دانا بوو ئەو خوداوەندە وەك مرۆڤ وایە و دوو دەموچاوی هەبوو هەر یەكێكیان رووی لە شوێنێك بوو، پەرستگەی ئەم خوداوەندە لە رۆژانی شەڕدا دەرگەكانی دەكرایەوە و لە رۆژانی ئاشتیدا دەرگەكان دادەخران.

2. مانگی فێبڕایەر: مانگێكی رۆمانییە و بەرانبەرە لەگەڵ (مانگی شوبات)، ناوی ئەم مانگە لە وشەی (فبرورا) وەرگیراوە بە واتەی (پاككردنەوە) دەهات، چونكە لەم مانگەدا و لە رۆژی پانزەهەمینیدا چەژنێكان هەبوو تێیدا رۆحی خۆیان لە تاوان و گوناح پاك دەكردەوە. هەر لەم مانگەدا ماڵەكانیان و كەلوپەلەكانیان پاك دەكردەوە، تائێستاش ئەم عادەتە لە وڵاتانی ئەوروپادا ماوە و پێیدەڵێن (پاككردنەوەی بەهاران).

3. مانگی مارت یان مارس: مانگێكی رۆمانییە و بەرانبەرە لەگەڵ مانگی ئازار، ئەم مانگە بەناوی هەسارەی مەریخەوە ناونراوە، كە خوداوەندی شەڕ بووە و سەرخەری رۆمانەكان بووە لە شەڕدا. ئەم مانگە تا هاتنی رۆژژمێری یۆنانی یەكەم مانگی ساڵ بووە، ئەم مانگە بە مانگی یەكەمی ساڵ تا سەدەی هەژدەهەم لە ئینگلتەرا مایەوە.

4. مانگی ئەبریل یان ئەفریل: مانگێكی رۆمانییە و بەرانبەرە لەگەڵ مانگی (نیسان)، بنەڕەتی ناوی ئەم مانگە لە وشەی (ئەبرییر)ەوە هاتووە، كە بە واتەی (گوڵكردن) دێت، هەروەها دەڵێن دەگەڕێتەوە بۆ خوداوەند (ئەبریل) كە سەروكاری كردنەوەی گوڵەكانی كردووە لەگەڵ كردنەوەی دەرگەی ئاسمان، تا تیشكی خۆر بێتەوە سەرزەوی دوای كاڵبوونەوەی لە وەرزی زستاندا.

5. مانگی مایو: مانگێكی رۆمانییە و بەرانبەرە لەگەڵ مانگی (ئایار) كە ناوی خوداوەند (مایا)یە، مایا، كچی خوداوەند (ئەتلەس)ە، كە هەڵگری زەوییە و لەگەڵ دایكی (عەتارد) كە كارەكەری خوداوەندەكان بووە. مایا، خوداوەندی پیتاندن و گەشە و زۆربوون بووە، رۆمانەكان لە سەرەتای ئەم مانگەدا قوربانییان بۆ (مایا) كردووە. تائێستاش بەشێكی زۆر لە پەرستنەكانی (مایا) وەك عادەت لە وڵاتانی ئەوروپادا ماوە، وەك هەڵبژاردنی جوانترین كچ بۆ ئەوەی ببێتە شاژنی ئایار.

6. مانگی یۆنیۆ: مانگێكی رۆمانییە، بەرانبەرە لەگەڵ مانگی (حوزەیران)، بڕوا وایە كە ناوی خوداوەند (جونو) بووە، كە ژنی خوداوەند (موشتەری) بووە و گەلێك جوان بووە. هەروەها بڕوا وایە ئەم مانگە ناوی قەبیلەیەكی كۆنی رۆمانی بووە و ئەم مانگەیان بەناوی ئەوانەوە ناو ناوە.

7. مانگی یۆلیۆ: مانگێكی رۆمانییە، بەرانبەرە لەگەڵ مانگی (تەمموز) ئەم مانگە بەناوی قەیسر (كایوس یۆلیۆس) ناونراوە، كە لەم مانگەدا لەدایك بووە. كاتێك كە یۆلیۆس رۆژژمێرە بەناوبانگەكەی خۆی دانا، ناوە كۆنەكەی ئەم مانگە (QUINTILIS) كە واتەی (پێنچەم) بوو، بۆ بەرزڕاگرتن و نەمریی ناوی ئەو كرا بە (یۆلیۆس).

8. مانگی ئۆگۆست (أغسطس): مانگێكی رۆمانییە، بەرانبەرە لەگەڵ مانگی (ئاب)، ئەم مانگە بەناوی قەیسەر (ئۆگۆست)ەوە ناونراوە، كە پێشتر ناوی (SEXTILIS) شەشەم بوو. ئەم گۆڕانكارییە لە لایەن ئەنجومەنی پیرانی رۆمانەوە كرا بە ئۆگۆست، چونكە لەم مانگەدا یەكێك لە گەورەترین سەركەوتنەكانی بەدەست هێنا.

9. مانگەكانی (سێبتەمبەر، ئۆكتۆبەر، نۆڤەمبەر، دیسەمبەر) ئەم مانگانە ناوەكانی خۆیان پاراست و هیچ گۆڕانكارییەكیان بەسەردا نەهات و وەك خۆیان مانەوە، كە واتەكانیان دیارە ژمارەن. سێبەتەمبەر، بەرانبەرە لەگەڵ مانگی (ئەیلول) و لە وشەی (SEPTEM) ەوە هاتووە، واتە (حەوت). ئۆكتۆبەر، بەرانبەرە لەگەڵ مانگی (تشرینی یەكەم)و لە وشەی (OCTO) ەوە هاتووە، واتە (هەشت). نۆڤەمبەر، بەرانبەرە لەگەڵ مانگی (تشرینی دووەم)و لە وشەی (NOVEM) ەوە هاتووە، واتە (نۆ). دیسەمبەر، بەرانبەرە لەگەڵ مانگی (كانونی یەكەم)و لە وشەی (DECEM) ەوە هاتووە واتە (دە).

لێرەدا پێویستە تێبینی ئەوە بكەین كە ئەم مانگانە ناونراون بەپێی رێكخستنیان لە رۆژژمێری رۆمانی كۆندا، كە (رۆمیۆلس) دایناوە و لەگەڵ رێكخستەنەكانی ئێستادا ناگونجێن، چونكە یەكەم مانگ لەو ڕۆژژمێرەدا مانگی (مارس، ئازار) بووە، بۆیە ئەگەر لە مانگی مارسەوە دەست پێبكەین رێك دەبنەوە. لە ڕابردوودا زۆر هەوڵدرا بۆ ئەوەی ناوی ئەم مانگانە بگۆڕن بە ناوی ئیمپراتۆڕەكانەوە، وەك (تیباریۆس) بۆ مانگی نۆڤەمبەر و (جرمانۆس یان ئەنتۆنیۆس) بۆ مانگی ئۆكتۆبەر، بەڵام هەموو ئەم هەوڵانە بە هۆكاری سیاسی و حیزبی شكستیان هێنا.

• هەفتە:

هەفتە حەوت رۆژە و هیچ كارێكی بەسەر تەنە ئاسمانییەكانەوە نییە، بە تەواویش نازانرێ كەی هاتووەتە كایەوە. ئەغریق و رۆمانەكان هەفتەیان بەكارنەهێناوە تا سەردەمی کۆستەنتین (312- 337م). بۆیە بەكارهێنانی دراوەتە پاڵ جوولەكە، كە لە تەوراتدا هاتووە دەڵێت: خوا بە شەش رۆژ دروستكراوەكانی خۆی دروستكرد و لە رۆژی حەوتەمدا پشووی دا و رۆژی پشووی خودایان ناونا (السبت) شەممە و رۆژەكانی تر ناویان نییە، بەڵكو بە ژمارە دانراون وەك (الاحد – یەكشەممە، الاثنین – دووشەممە..)، بەڵام ناوی رۆژەكانی هەفتە لە زمانی ئیگلیزییدا لەو ناوانەوە وەرگیراون كە نەتەوەكانی باكوور و دانیشتووانی ئەسكەندەنافیای كۆن بەكاریان هێناون، ئەمانیش ناوی خوداوەندەكانی خۆیانیان بۆ رۆژەكانی هەفتە داناوە. بۆ نموونە:

– رۆژی یەكشەممە (SUN‌s day) بۆ خوداوەندی رۆژ بووە، كە یەكێك بووە لە گەورەترین پەرستراوەكانی دانیشتووانی ئەسكەندەنافیا.

– دووشەممە(MOON‌s day)  بۆ مانگ، كە ژنی رۆژ بووە و لە پیرۆزیدا لە دوای رۆژەوە هاتووە.

– سێشەممە  (TIW‌s day)ناوی خوداوەند (تیر)ە، كە سمبولی خۆبەخشین بووە، دەگەڕێنەوە گورگێكی دڕ لە چیاكاندا بووە و پەلاماری مرۆڤ و گیانداری داوە، بەم هۆیەوە خوداوەندی چیا تووڕە بووە و ویستوویەتی ئەو گورگە زنجیر بكات، بەڵام لەم كارەیدا سەركەوتوو نەبووە و بۆ دواجار گورگەكە رازی بووە كە لە قەفەس بنرێت بە مەرجێك دەستی یەكێك لە خوداوەندەكانی لە دەمدا بێت! بۆیە خوداوەند (تیر) دەستی خۆی خستووەتەناو دەمی گورگەكەوە تا خراوەتە نێو قەفەسەكەوە، بەڵام لە دوای لە قەفەسنانی گورگەكە دەستی خوداوەند (تیر) دەقرتێنێت.

– چوارشەممە (WODEN‌s day) ناوی خوداوەند (ئۆدین) بووە، كە خەڵكی ئەسكەندەنافیا كۆشكێكیان لە زێر و زیو بۆ دروستكردووە و دوو قەلەڕەشی هەبووە، هەواڵی هەموو دنیایان بۆ هێناوە، هەروەها چەندین حۆری جوانی هەبووە و دەیناردن بۆ ئەوەی رۆحی ئەو پاڵەوانانە هەڵبگرن، كە گیانی خۆیان بەخشێوە، بۆ ئەوەی ئەو حۆرییە جوانانە بە خۆشی و شادی لەگەڵیاندا بژین.

– رۆژی پێنچشەممە (THOR‌s day)  بۆ خوداوەند (گا) بووە، كە خوداوەندێكی بەهێز بووە و بۆ هەر ژەمێك گوێرەكەیەك و حەوت نەهەنگی خواردووە!

– رۆژی هەینی (FREYA‌s day) بۆ خوداوەند (فرایا) بووە، كە ژنی (ئۆدین)و دایكی خوداوەند (گا) بووە، ئەم رۆژە بەناوی ئەوەوە ناونراوە تا ئیرەیی بە خوداوەند (ئۆین و گا) نەبات و تووڕە نەبێت! ئینگلیزەكان بڕوایانوایە رۆژ هەینی، كاتێكی (بێبەختی)ی تێدایە، چونكە تەنیا رۆژی هەفتەیە كە بەناوی خوداوەندێكی مێینەوە ناونرابێت، نەك وەك خەڵاتكردنی بەڵكو لە ترسی ئیرەیی و تووڕەبوونەكەی بووە و لە كاریگەری ئەمەوە هیچ شانۆیەك چیرۆكە شانۆییەكی نوێی لە رۆژی هەینیدا دەست پێنەدەكرد، چونكە بڕوایان وابوو سەركەوتن بە دەست ناهێنێت.

– رۆژی شەممە  (SETERN‌s day)، بۆ خوداوەند (سترن) كە رۆمانییە، سمبولی دڵڕەقی بووە، چونكە مناڵەكانی خۆی دەخوارد و لەسەر كوشتن و زۆرداری دەژیا. رۆمانەكان لەم رۆژەدا خواردنی زۆریان دەخوارد و شەرابیان بە بڕێكی زۆر دەخواردەوە، هەروەها نەتەوەی عەرەب لە پێش هاتنی ئیسلامدا ناویان بۆ رۆژەكانی هەفتە دانابوو، كە ئێستا ئەو ناونانە بەكارناهێنرێن و (‌أول، أهون، جبار، دبار، مۆنس، عروبە، شیار).

• جۆرەكانی رۆژژمێر:

یەکەم: رۆژژمێری میسری كۆن:

یەكەمین رۆژژمێرە، كە مێژونووسەكان زانیارییان لەبارەیەوە هەبێت و هەر لەسەر بنەمای ئەم رۆژژمێرە، رۆژژمێری یۆنانی دانراوە و پاشان رۆژژمێری گریگۆری، كە ئێستا زۆربەی وڵاتان لەسەری دەڕۆن. میسرییە كۆنەكان بۆیان دەركەوت كە درێژی ساڵ (سێسەد و شەست و پێنچ) رۆژە، ئەمەش لە ئەنجامی تێڕامانیان لە دیاردە سروشتییەكان و بە تایبەتی دەركەوتنی ئەستێرەی سیریوس (SIRIUS) ی بەیانیان پێش هەڵاتنی خۆر بە ماوەیەكی كەم. میسرییەكان ئەم ئەستێرەیەیان ناونابوو سبدت(SPEDT)  هەر لەم وشەیەشەوە ناوی سوتیس (SOTHIS)ی یۆنانی وەرگیراوە، هەروەها میسرییەكان تێبینی ئەوەیان كرد دوانزە خولی مانگی روو دەدات، بۆیە ساڵیان دابەشكرد بە دوانزە مانگ و هەر مانگێك سی رۆژ و پێنج رۆژیشیان دەخستەسەر كۆتایی ساڵ. پاشان ساڵیان دابەش كردبوو بۆ سێ وەرز كە هەر وەرزێك چوار مانگ بووە. وەرزی یەكەمیان ناونابوو (وەرزی لافاو)، یەكەم رۆژی ساڵ بوو كە ناوی بە زمانی میسری كۆن ئیخت  (EKHET)ە. وەرزی دووەم پێیاندەوت بریت (PRET) بە واتەی دەرچوون، كە ئاماژە بوو بۆ گەشەكردنی رووەك و لە زەوی هاتنەدەرەوەیان لە دوای لافاو. وەرزی سێیەمیشان ناونا بوو شمو(SHMIW) ، واتە كەمی ئاو یان وشكەساڵی، بەڵام دوای هێرشەكانی فارس، ناوی مانگەكانیان نا بەناوی خوداوەند و چەژنەكانەوە، هەروەها وا لێكدراوەتەوە كە میسرییەكان یەكەم نەتەوە بوون رۆژیان دابەش كردبێت بۆ بیست و چوار كاژێر و دوانزە كاژێر بۆ رۆژ و دوانزەكەی تر بۆ شەو. ئەم كاتژێرانە بەكار نەدەهاتن بۆ مەبەستە ئاینییەكان نەبێت، جگە لەوە هیچ جۆرە ئامێرێكی وایان نەبوو تا پێوانەی كاژێرەكانیان بەشێوەیەكی رێك بۆ بكات.

بنەمای ساڵی یەكەم: یەكەمین رۆژی ساڵی یەكەم لە ڕۆژژمێرەكانیاندا بە سێ دیاردەی سروشتی جیاكردەوە:

1. فێنكبوونی هەوا لە سەرەتای پایز.

2. گەیشتنی ئاستی لافاو بە بەرزترین ئاست.

3. هەڵهاتنی ئەستێرەی سیروس لە بەرەبەیاندا.

ئەم ساڵە ماوەكەی سێسەد و سەشت و پێنچ رۆژ بوو بەبێ حیسابكردنی چارەكە رۆژەكەی ساڵ، كە لە ساڵی خۆریدا حیساب دەكرێت، بەم هۆیەوە وەرزەكان لە شوێنی خۆیان گۆڕان و وەرزی كەم ئاوی لە وەرزی لافاودا هات، ئەم هەڵەیە، خۆی راست كردەوە پاش تێپەڕینی (1460) ساڵی خۆری.

میسرییە كۆنەكان هیچ بنەمایەكیان نەبوو بۆ دانانی بەروار. بەروارەكانیان لە دانانی پادشاكانەوە دادەنا و ئەو ساڵەیان دەكرد بە سەرەتای دانانی بەروار و رووداوەكانی سەردەمی ئەو پادشایە. بە واتەیەكی تر ساڵی پاشایەتیان بەكاردەهێنا. تائێستاش شوێنەوارناسان هیچ جۆرە نووسینێك یان نەخشێكیان نەدۆزیوەتەوە تا بەرچاویان روون بكاتەوە بۆ دۆزینەوەی ئەو ساڵەی كە رۆژژمێری میسری تێدا بەكارهاتووە، بەڵام زاناكان بەشێوەیەكی نزیكەیی دایانناوە.

لە ساڵی (238) زایینی فەیلەسوفی بیركاری (سنسورینوس) كتێبێكی دانا و روونی كردەوە كە ساڵی (139) زایینی لەگەڵ یەكەم رۆژی ساڵی میسری بەرانبەر بووە بە هەڵهاتنی ئـــەستێرەی سیروس لەگەڵ هەڵهاتنی خۆر. وەك وتمان ساڵی میسری هەموو (1460) ساڵێك بەرانبەر دەبێت لەگەڵ ساڵی خۆری. ئەمەش وا دەكات بنەمای كاركردن بە ساڵی میسری بەمشێوەیە بێت:

1460 – 139، بەمشێوەیە نزیك بوەوە:

1460×3 = 4380 – 139 – 4241 ی پێشزایین دەبێتە سەرەتای دروستبوونی رۆژژمێری میسری.

دووەم: رۆژژمێری رۆمانی:

دانانی ئەم رۆژژمێرە دراوەتە پاڵ (رۆمیولس)ی دروستكەری شاری رۆما، مێژونووسان دەڵێن: شاری رۆما لە 21ی ئەبریلی 753ی پێشزایین دروست كراوە. ئەم بەروارە بوو بە بنەمای رۆژژمێری رۆمانی. سەرەتای ساڵ لای رۆمانەكان دەكەوتە مانگی (مارس)ەوە، كە یەكەم مانگی بەهار بووە، هەروەها ساڵ پێكهاتووە لە دە مانگ و درێژی هەموویان (304) رۆژ بووە و لەمانە پێكهاتبوون:

مارس، 31 رۆژ.

ئەبریل، 30 رۆژ.

مایۆ، 31 رۆژ.

یۆنیۆ، 30 رۆژ.

كونتیلس ( پێنجەم)، 31 رۆژ.

سكستیلس (شەشەم)، 30 رۆژ.

سێپتەمبەر، 30 رۆژ.

ئۆكتۆبەر( (هەشتەم)، 31 رۆژ.

نۆڤەمبەر (نۆیەم)، 30 رۆژ.

دیسەمبەر (دەیەم)، 30 رۆژ.

چوار مانگی سەرەتای ساڵ ناونرابوون بەناوی خوداوەندەكانەوە (لە بەشی یەكەمدا باسمان كردووە). بێگومان ئەم رۆژژمێرە لەسەر بنەمایەی زانستی دانەنرابوو، لەبەرئەوە چەند جارێك چاككاری تێدا كراوە. بەنموونە لە سەردەمی نوما (NUMA POMPITIUS) دووەم مەلیكی رۆما ئەم چاككارییانە كراوە:

1. مانگێكی نوێ خرایە پێش مانگی مارس و ناونرا یەنایەر.

2. مانگێك زیاد كرا لە دوای مانگی دیسەمبەر و ناونرا فیبرایەر.

3. رۆژەكانی مانگ كرا بە (29 یان 30) رۆژ بەدوای یەكدا و درێژی ساڵ بووە (354) رۆژ وەك ساڵی مانگی.

4. بۆ رێككردنەوەی ساڵی رۆمانی بە ساڵی خۆری، نوما بڕیاریدا هەموو دوو ساڵ جارێك مانگێك بخرێتەسەر ساڵ و درێژی (22 یان 23) رۆژ بێت و یەك بەدوای یەك دابنرێن و هەموو چوار ساڵێك جارێك (45) رۆژ زیاد بكرێت، كە تێكڕای ئەم زیادكردنە بۆ هەر ساڵێك دەكاتە (11) رۆژ و چارەكە رۆژێك، بەمەش تێكڕایی درێژی ساڵێك دەبێتە (365) رۆژ و چارەكە رۆژێك.

لە ساڵی (452)ی پێشزایین، دووبارە چاككاری تێداكرا و مانگی فیبرایەر خرایە دوای یەنایەر. ئەم چاككارییانە لە لایەن پیاوانی ئایینییەوە یاری پێدەكرا لە بەرژەوەندی خۆیان یان لە بەرژەوەندی كەسانی خاوەن دەسەڵات. ئەم یاریكردنە بە رۆژژمێر بەردەوام بوو تا سەردەمی (یۆلیۆس قەیسەر).

سێیەم: رۆژژمێری یۆنانی:

لە ساڵی (46)ی پێشزایین یولیوس قەیسەر یەكێك لە گەردوونناسەكانی ئەسكەندەرییەی راسپارد كە رێكخستنێكی جێگیر بۆ رۆژژمێر بكات، ئەو گەردووناسەش (سوسیجینوس) بوو، كە ئەم چاككارییانەی كرد:

1. كاركردنی بە ساڵی مانگی لابرد و ساڵی خۆری كارپێكرد كە درێژییەكەی (365) رۆژ و چارەكە رۆژێك بوو، بە جۆرێك كە سێ ساڵی لە دوای یەك درێژی هەر ساڵێك (365) رۆژ بێت و ناوینان (ساڵی ئاسایی) و ساڵی چوارەمی كردە (366) رۆژ و ناوینا (ساڵی پڕ) (سنە كبیسە).

2. سەرەتای بەرواری یۆنانی كرد بە یەكەم رۆژی مانگی یەنایەری ساڵی 709ی دروستكردنی شاری رۆما كە بەرانبەرە لەگەڵ 1ی ینایەری 45 پێشزایین.

3. مانگە تاكەكانی كردە (31) رۆژ و مانگە جووتەكانی كردە (30) رۆژ، جگەلە مانگی فیبرایەر كە لە ساڵی ئاساییدا (29) رۆژ و لە ساڵی پڕدا (30) بوو.

بەم چاككارییانە مانگەكانی ساڵ بەمشێوەیەیان لێهات:

ینایەر، 30 رۆژ.

فێبرایەر، 29 رۆژ لە ساڵی ئاسایی و 30 رۆژ لە ساڵی پڕ.

مارس، 31 رۆژ.

ئەبریل، 30 رۆژ.

مایو، 31 رۆژ.

یونیو، 30 رۆژ.

كونتیلس، 31 رۆژ.

سكستیلس، 30 رۆژ.

سێپتەمبەر، 31 رۆژ.

ئۆكتۆبەر، 30 رۆژ.

نۆڤەمبەر، 31 رۆژ.

دیسەمبەر، 30 رۆژ.

ئەوەی كە ئاشكرایە، سوسینجینوس ئەم رۆژژمێرەی دانەهێناوە، بەڵكو لە رۆژژمێری چاككراوی میسرییەوە وەریگرتووە كە لە ساڵی (328) پێشزایینەوە كاری پێكراوە و گومان دەكرێت كە گەردوونناسی یۆنانی (ئۆردۆكس) داهێنەرەكەی بێت. لە ساڵی (44) پێشزایین ناوی مانگی كونتیلس كرا بە یولیو بۆ بە زیندوو هێشتنەوەی ناوی لیولیوس قەیسەر. لە ساڵی (8) پێشزایین ئەنجومەنی پیران بڕیاریدا كە مانگی سكستیلس بكرێتە ئۆگۆست بۆ بەرزڕاگرتنی ناوی قەیسەر ئۆگۆست، ئەمە ئەو نازناوە بوو كە (ئۆكتافیوس) وەری گرت لەدوای سەركەوتنی بەسەر (ئەنتۆنیوس) لە جەنگی (ئەكتیوم) لە ساڵی (31) پێشزایین. پاش ماوەیەك دەركەوت كە ئەو مانگەی بەناوی لیولیوس قەیسەرەوەیە 31 رۆژە، بەڵام ئەو مانگەی بەناوی ئۆگۆستەوەیە 30 رۆژە! كە ئەمەش بەرزڕاگرتنی یەكەمە بەسەر دوومدا، لەگەڵ ئەوەشدا خەڵكی رۆما خۆشیان بە ژمارەی جووت نەدەهات، لەبەر ئەوە مانگی ئۆگۆستیشیان كردە 31 رۆژ و رۆژێكیان لە مانگی فێبرایەر كردەوە! بەم هۆیەوە سێ مانگی دوابەدوای یەكی یولیو و ئۆگۆست و سێپتەمبەر 31 رۆژ بوون. بۆ چارەسەری ئەمە هەر یەك لە مانگی سێپتەمبەر و نۆڤەمبەر كرانە 30 رۆژ و هەردوو مانگی ئۆكتۆبەر و دیسەمبەر كرانە 31 رۆژ. بەمشێوەیە دابەشكردنی مانگ و رۆژەكانیان بەمجۆرەی لێهات:

یەنایەر، 31 رۆژ.

فێبرایەر، 28 یان 29 رۆژ.

مارس، 31 رۆژ.

ئەبریل، 30 رۆژ.

مایو، 30 رۆژ.

یونیو، 30 رۆژ.

یولیو، 31 رۆژ.

ئۆگۆست، 31 رۆژ.

سێپتەمبەر، 30 رۆژ.

ئۆكتۆبەر، 31 رۆژ.

نۆڤەمبەر، 30 رۆژ.

دیسەمبەر 31 رۆژ.

تێكڕایی رۆژەكانی ساڵ بووە 365 یان 366 رۆژ.

• گۆڕینی بنەمای بەرواری یۆنانی بۆ لە دایكبوونی مەسیح:

ئەم گۆڕێنە لە لایەن راهبێك بەناوی (دیونیسس ئەكسیجیوس) كرا، كە لە شاری (سیپیا)ی باشووری روسیا لەدایكبووە و كۆتاییەكانی تەمەنی خۆی لە شاری رۆما بەسەر بردووە، ئەم زاناییە شارەزاییەكی بەرفراوانی هەبووە لە گەردوونناسی و بیركارییدا. دەڵێن ئەو گۆڕینەی لە ساڵی 532 كردووە و خۆشی لە ساڵی 550 كۆچیدوایی كردووە. وەك زانراوە (دیونیسس) پشتی بەو چیرۆكە بەستووە كە دەخرێتە پاڵ (كلیمنت ئەسكەندەری) كە بڕوای وا بووە، حەزرەتی مەسیح لە 25ی دیسەمبەری ساڵی (28) لە فەرمانڕەوایی ئۆگۆست قەیسەر لەدایك بووە. كە سەرەتایی فەرمانڕەوایی بە ساڵی 727ی رۆمانی دانراوە، بەمجۆرە ساڵی 28 دەكاتە ساڵی 754 (727+27) بەمشێوەیە دەركەوت كە حەزرەتی مەسیح لە ( 25ی دیسەمبەری 754ی رۆمانی) لەدایك بووە،

هەروەها دیونیسس یەكەم رۆژی مانگی یەنایەری ئەم ساڵەی كردە بنەمای یەكەم ساڵی زایینی، بەمشێوەیە یەكەم رۆژی مانگی یەنایەری ساڵی یەكەمی زایینی بەرانبەر بوو بە یەكەم رۆژی مانگی یەنایەری ساڵی 754ی رۆمانی. بەمجۆرە (رۆژژمێری رۆمانی 753 ساڵ لەپێش ساڵی زایینییەوەیە). ئەوەی كە گرنگە ئاگاداری بین ئەوەیە كە دیونیسس لە حیساباتی خۆیدا كەتبووە هەڵەوە! چونكە ئەو سەرەتایی فەرمانڕەوایی ئۆگۆستی بە ساڵی 727 رۆمانی داناوە، راستییەكەی ئەو ساڵەیە كە (ئۆكتافیوس) نازناوی ئۆگۆستی وەرگرت! بەڵام فەرمانڕەوایەتی ئۆكتافیوس لە ساڵی 723 دەستی پێكردووە! واتە ساڵی 28 لە فەرمانڕەوایەتی ئۆكتافیوس بەرانبەرە بە ساڵی 750ی رۆمانی كە لەڕاستیدا ساڵی 750ی رۆمانی ساڵی لەدایكبوونی حەزرەتی مەسیحە، بۆیە بەپێی حیساباتی دیونیسس (4) ساڵ لەدایكبوونی مەسیحی پێشخستووە! بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەم هەڵەیە راست نەكرایەوە و هەروا مایەوە و تائێستاش كاری پێدەكرێت. ئەوەی ماوە بیڵێن ئەوەیە، كە پێویستە ئێمە جیاكاری بكەین لەنێوان لەدایكبوونی مەسیح و بەرواری زایینی، چونكە مەسیح لە 25ی دیسەمبەر لەدایك بووە و بەرواری زایینی بە یەكی یەنایەری ئەو ساڵە دەست پێدەكات كە مەسیحی تێدا لەدایك بووە. گرنگترین شتێك كە پێویستە ئاماژەی پێبدەین ئەوەیە (ئەو چیرۆكەی كلیمنتی ئەسكەندەری، كە بــەرواری زایینی لەسەر دانرا، هیچ جۆرە بەڵگەیەكی نییە و بەهیچ جۆرێك زانستی نییە!؟).

چوارەم: رۆژژمێری گریگۆری:

لە ڕاستیدا ئەم رۆژژمێرە چاككارییەكی تری رۆژژمێری یۆنانییە بە مەبەستی گونجاندن و راستكردنەوەی هەڵەكان بووە. ساڵی یۆنانی (٢٥، ٣٦٥) رۆژە، لە كاتێكدا ساڵی خۆری (365،2422) رۆژە. كەواتە ساڵی یۆنانی بە رێژەی (0، 0078) لە ساڵی خۆری زیاترە، واتە نزیكەی (سیانزە خوولەك و چواردە چركە). راستە ئەم جیاوازییە گەلێك بچووكە، بەڵام بەتێپەڕبوونی كات گەورە دەبێت. لە ساڵی 325 زایینی ئیمبراتۆر کۆستەنتین فەرمانی كرد بە كۆمەڵێك لە پیاوانی كەنیسەی شاری نیقیا لە ئاسیای بچووك، تا رێكخستن بخەنە نێو هەندێك لە كاروباری ئایینی و دانانی كاتی چەژنەكان و ئەو بێسەروبەرەییەی كە هەیە نەیهێڵن. لەو ساڵەدا كاتی هەوا خۆشبوونی ئەو ساڵە دەكەوتە 21ی مارسەوە بەپێ ساڵنامەی یۆنانی. لە ساڵی 1582 زایینی پاپا گریگۆری سیانزەیەم تێبینی ئەوەی كرد، كە (اعتدال الربیعی) لەو ساڵەدا كەوتووەتە 11ی مارسەوە! واتە هەڵەیەك هەیە كە ماوەكەی (10) رۆژە! ئەم جیاوازییە لەماوەی نێوان ساڵانی 325 تا 1582دا رووی داوە. ئەم هەڵەیە هەموو 128 ساڵ جارێك رۆژێك جیاوازی دەكات یان زۆر دەبێت لە ساڵێكدا! پاپا گریگۆری ویستی ئەم هەڵەیە راست بكاتەوە، بۆ ئەو مەبەستە (كریستۆفەر كلافیوس)ی راسپارد. كریستۆفەر كلافیوسیش ئەم دوو چاككارییەكەی كرد:

1. دۆزییەوە كە جیاوازی نێوان سالێ یۆنانی و ساڵی خۆری نزیكەی (3) رۆژە بۆ هەموو (400) ساڵێك، بە واتەیەكی تر: 400×0، 0078= 3،12 رۆژ، ئەم رۆژانە زیادەكانی ساڵی یۆنانییە لە ساڵی خۆری لەو ماوەیەدا. بۆیە كلافیوس بڕیاریدا (3) رۆژ لە هەر (400) ساڵێك بكاتەوە.

2. بۆ راستكردنەوەی (اعتدال الربیعی) بڕیاریدا رۆژی 21 ی مارس بكاتە رۆژی (اعتدال الربیعی) لە بری 11 ی مارس. كلافیوس بڕیاریدا (10) رۆژ لە ساڵی 1582 بكاتەوە و رۆژی 5ی ئۆكتۆبەری 1582ی كردە رۆژی هەینی بەپێی رۆژژمێری یۆنانی كە بەرانبەر دەبێت لەگەڵ 15ی ئۆكتۆبەری 1582ی ساڵنامەی گریگۆری. لەم بەروارەوە رۆژژمێری گریگۆری كاری پێكرا. بەشێك لە وڵاتانی وەك (فەرەنسا و ئیسپانیا و پرتوگال) لەهەمانكاتدا كاریان بەم رۆژژمێرە كرد، بەڵام هەندێ لە وڵاتانی تر لە سەرەتاوە كاریان بەم رۆژژمێرە نەكرد تا كاتێكی دوورتر لەوانە: بەریتانیا لە ساڵی 1752ەوە كاری پێكرد، بەڵام یابان لە ساڵی 1872و زایین و روسیا لە ساڵی 1912و یۆنان لە ساڵی 1917 و رۆمانیا لە ساڵی 1923و میسر لە ساڵی 1875و لە سەردەمی خدێوی ئیسماعیل كاریان بەم رۆژژمێرە كرد.

• تێبینی:

لە مێژووی مرۆڤایەتیدا گەلێك جۆر لە رۆژژمێر داهێنراون و كاریان پێكراوە، زۆربەی رۆژژمێرەكان تا ئێستاش لە ناوچەیەكی دیاریكراو یان لە ناو نەتەوەیەی دیاریكراودا لە پاڵ رۆژژمێری گریگۆری یان كۆچیدا كاریان پێدەكرێت، وەك رۆژژمێری كوردی، كە تا ئێستاش لە كوردستاندا كاری پێدەكرێت، یان رۆژژمێری فارسی كە لە ئێراندا كاری پێدەكرێت، ئەمە جگە لە رۆژژمێری سینی و كۆری كە لە وڵاتانی سین و كۆریادا بە تەواوی كاریان پێدەكرێت. لێرەدا چەند ناوی چەند جۆرێك لە رۆژژمێرەكان دەهێنین وەك: میسری، یۆلیانی، سلوقی، مایا، ئەكادی، عیبری، سریانی، سینی، كوردی، كۆری، بێزەنتی، گریــگۆری، كۆچی (هیجری)، فارسی (هجری شمسی)، ئیمامی، بەهائی، هیندۆسی، ئەمازیغی، ئەسیوپی، تەبەری، بەنگالی، هیندی. لەم سەردەمەی ئێستاماندا رۆژژمێری گریگۆری بەشێوەیەكی گشتی لە وڵاتانی جیهاندا كاری پێدەكرێت، جگەلە چەند كەنیسەیەكی رۆژهەڵاتی كە تائێستاش كار بە رۆژژمێری یولیانی دەكەن.

•••

سەرچاوە:

www.wikipedia.org

بابەتی پەیوەندیدار

هەروەها چێکی بکە
Close
Back to top button