رۆشنبیریسڵاید

پڕۆژەیەکی بەریتانیی بۆ دواڕۆژی سلێمانی، لە ٦ حوزەیرانی ١٩٢٣ز دا

نووسینی: رەنجدەر محمد عەزیز

دوای بۆردومانکردنی سلێمانی لە لایەن هیزی ئاسمانی بەریتانی و حکومەتی عێراق و ناجارکردنی شێخ محمودی نەمر بۆ بەجێهێشتنی سلێمانی لە دوای بەهاری ١٩٢٣، پاس دامەزراندنی ئەنجومەنێک بۆ بەڕیوەبردنی کاروباری لیوای سلێمانی، چەندین پرۆژە لە لایەن کۆمیسیاری باڵای بەریتانی لە بەغداد و حکومەتی عێراقییەوە بۆ دیاریکردن و ڕێکخستنی پەیوەندییەکانی ئیدارەی لیوای سلێمانی و حکومەتی ناوەندی لە بەغداد پێشنیاز کران، ئەم دۆکۆمێنتە یەکێکە لەو پرۆژە پێشنیازکراوانە.

دەقی پرۆژەکە

پرۆژەیەک کە لە لایەن کۆمیسیاری باڵای (بەریتانیا لە عێراق )ەوە خراوەتە بەردەم حکومەتی عێراق، لە ٦ی حوزەیرانی ١٩٢٣.

بۆ: ئەفسەری سیاسی لەگەڵ هێزەکانی بەریتانیا لە سلێمانی.

١. بۆ دەرکردنی ئەو ڕاگەیەندنراوە هاوپێچە لە ئێستادا فەرمانت پێکراوە، کە دەتوانی بریار بدەی لەسەر گونجاوترین کات پێش ئەوەی سەربازانی بەریتانیی سلێمانی بەجێبهێڵن.

٢. ئەگەر دەگونجێت، تۆ دەبێت فۆڕمی ڕاگەیاندن و ڕێکەوتنەکە بەبێ گۆڕانکاری وەک هاوپێچەکە بهێڵیتەوە. ئەگەر بەتەواوی پێویست بوو بۆ مەبەستی دەستەبەرکردنی ڕەزامەندی سەرکردەکانی کورد، ئێوە وەک دوا کەس دەسەڵاتتان پێدەدرێت بۆ گۆڕینی دیاریکردنی سنوورەکان بۆ ئەوەی ڕانیە بخەنە ناو سلێمانییەوە.

٣. ئەگەر پێتوایە پێویست و گونجاوە، ئەوا ئەتوانی سەرکردەکانی کورد ئاگادار بکەیتەوە کە بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستییەی کە ئێستا تورکەکان لە سنوورەکانی عێراق دەرکراون وچیتر مەترسیی گومڕایی شێخ محمود لە پێشڕەویکردنیان نەماوە و هەروەها لە ڕوانگەی ئەو ڕاستییەی کە شێخ مەحمود لە سەرەتای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەم دواییەوە خۆی لە دژایەتیکردن یان هێرشکردنە سەر هێزەکانی بەریتانیا بەدوور گرتووە، بۆیە کۆمیساری باڵا و حکومەتی عێراق دژایەتی خواستی سەرکردەکانی کورد ناکەن ئەگەر بیانەوێت شێخ مەحمود بانگهێشت بکەن بۆ ئەوەی بەشداری پی بکەن لە بەشێک لە ئیدارەدانی سلێمانی. هەروەها بە هەمان شێوە دەتوانیت شێوازی خۆت بەکاربهێنیت لە ڕێگەی ناردنی نامە بۆ شێخ مەحمود.

٤. ئەگەر ناتوانیت قبوڵکردنی ئەو ڕێککەوتنەی هاوپێچکراوە دەستەبەر بکەیت، ئەوا دەتوانیت بە شێوازی خۆت سەرکردەکان ئاگادار بکەیتەوە لەو مەرجانەی کە بە گونجاوی دەزانیت سەبارەت بەوەی کە حکومەتی بەریتانیا بە مافی خۆی دەزانێت کە بە هەر شێوەیەک بیەوێت مامەڵە لەگەڵ سلێمانی بکات جا بە کردەی (هێرشی) ئاسمانی بێت یان بە شێوەی تر.

ڕاگەیاندنێک بۆ (جێبەجێکردن) لە سلێمانی.

بەندی ١

دوای ڕەچاوکردنی ئەو زانیاریانەی کە لەم دواییەدا لە سلێمانی لەلایەن کۆمیساریی باڵا و هەروەها لەلایەن سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە کۆکراونەتەوە سەبارەت بە هەڵوێست و خواستی سەرکردەکانی گەلی کورد لە لیوای سلێمانی، کۆمیساری باڵا بەناوی حکومەتی بەریتانیا و خاوەنشکۆ شا فەیسەڵەوە بڕیاریان داوە کە هیچ ناڕەزایەتییەکیان نابێت بەرامبەر بە دامەزراندنی ئیدارەیەکی سەربەخۆی کوردی لە سنووری لیوای سلێمانیدا، وەک لەمەودوا دیاری دەکرێت، بەو مەرجەی ئیدارە ئۆتۆنۆمییەکە کە دامەزرا بەڵێن بدات کە لە پەیوەندی هەمیشەیی لەگەڵ حکومەتی عێراقدا بمێنێتەوە، ئەمەش بۆ پاراستنی یەکێتییەکی گومرگی هاوبەش لەگەڵ عێراق بۆ ئەوەی هیچ بەربەستێکی گومرگی لە نێوان ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیدارەی سلێمانی و ئەو ناوچانەی کە ڕاستەوخۆ لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بەڕێوەدەبرێن دروست نەبێت و هەروەها دەبێت ئیدارەکە هیچ پەیوەندییەک لەگەڵ حکومەتەکانی تردا دروست نەکات بەبێ ڕاوێژی پێشوەختە لەگەڵ کۆمیساری باڵا و ڕەزامەندی ناوبراو.

بەندی ٢

سەرکردەکان و خەڵکی سلێمانی ئازادن لە هەڵبژاردنی هەر شێوازێکی ئیدارەدان کە بیانەوێت و هەروەها لە دیاریکردن و ملکەچ بونیان لە کاتێکەوە بۆ کاتێکت تر بۆ هەر کەسێک یان کەسانێک کە خوازیار بن دایبنێن وەک سەرۆکی ئیدارەکەیان، بەڵام کۆمیسیاری باڵا و خاوەنشکۆ شا فەیسەڵ جگە لە ناونیشانی حوکمداری سلێمانی داننانێن بە هیچ ناونیشانێکی تر بۆ سەرۆکی ئیدارەکە.

بەندی ٣

ئیدارەی سلێمانی مافی ئەوەی هەیە هەر جۆرە باجێک کە بیەوێت لە سنوورەکانی خۆیدا بسەپێنێت ، جگە لە گومرکەکان، کە ڕێژەکانی دواییان یەکسان دەبێت لەگەڵ ڕێژەی ئەو گومرکانەی کە جارجارە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە دەسەپێندرێت.

بەندی ٤

ئیدارەی سلێمانی مافی کۆکردنەوە و تەرخانکردنی هەموو ئەو باج و رسوماتانەی هەیە کە بۆ مەبەستەکانی خۆی و  لەسەر بنەمای فەرمانەکانی خۆی لە نێو سنوورەکانیدا سەپێنراون بەپێی مادەی پێشوو و هەروەهامافی کۆکردنەوەی باجی گومرگی لەسەر هەموو ئەو کاڵایانە هەیە کە ڕاستەوخۆ لە وڵاتی فارسەوە دەچنە ناو سلێمانییەوە.

بەندی ٥

حکومەتی عێراق مافی ئەوەی هەیە هەر باجێک کە ئارەزووی بکات بیخاتە سەر ئەو تووتنەی کە لە سلێمانییەوە دێت، بیسەپێنێت و بیگۆڕێت و هەروەها ئەو باجە کۆبکاتەوە و داهاتەکەی بۆ مەبەستەکانی خۆی تەرخان بکات.

بەندی ٦

سنووری سلێمانی دەبێت هەمان سنوری کۆنی لیوای سلێمانی بێت وەک ئەوەی لە ٥ی ئەیلوولی ١٩٢٢دا وەستابو، بەدەر لە ڕانیە و چناران و ناودەشت ناحییەکانی قەزای ڕانیە. بەمەرجێک ئەگەر دانیشتوانی هەر قەزایەیەک یان ناحیەیەک کە هاوسنوورە لەگەڵ لیوای کەرکوک و لەگەڵ قەزا یان ناحیەکە پەیوەست بێت بەو لیوایە ئەوا پێویستە داواکاری پێشکەش بە پشکنەری کارگێڕی لە کەرکوک بکەن و ئەویش داواکارییەکە ڕەوانەی کۆمیساری باڵا دەکات.

بەندی ٧

پشکنەری کارگێڕی بەریتانی لە کەرکوک لە ئێستادا دەبێتە نێوەندگیر لە پەیوەندی نێوان کۆمیساری باڵا و حکومەتی عێراق لە لایەک و ئیدارەی سلێمانی لە لایەکی ترەوە. ئەفسەری سیاسیش کە لەگەڵ هێزەکانی بەریتانیان کە ئێستا لە سلێمانین، ئەو سەرکردە و کەسایەتییە دیارانەی سلێمانی هەڵدەبژێرێت کە پێیوایە باشترینن بۆ مەبەستی ڕازیکردنیان و واژۆکردن بەناوی خەڵکی سلێمانییەوە لەسەر ئەو ڕێککەوتنەی کە هاوپێچ کراوەو ئەو مەرجانەی سەرەوەی تێدایە و خۆی بەناوی کۆمیساری باڵا و پاشای فەیسەڵەوە ڕێککەوتنەکە واژۆ دەکات.

بەندی ٨

کاتێک سەرکردەکان و خەڵکی سلێمانی شێوازی ئیدارەکەیان هەڵبژارد و هەروەها کەسێک یان کەسانێکیان دیاری کرد وەک سەرۆکی ئیدارەکە، بە گوێرەی بەندی دوو لەم ڕاگەیاندراوە، دەبێت دەستبەجێ ئەفسەری سیاسی ئاگادار بکەنەوە کە لەگەڵ هێزەکانی بەریتانیایە کە ئێستا لە سلێمانین، یان ئەگەر هێزەکانی بەریتانیا تا ئەوکاتە سلێمانیان بەجێهێشت، ئەوا ئەفسەری پشکنەری کارگێڕی بەریتانی لە کەرکوک لە سروشتی ئیدارەی هەڵبژێردراو و ئەو کەسە یان کەسانەی کە هەڵبژێردراون بۆ ئەوەی سەرۆکی ئەو ئیدارەیە بن و ئەفسەری ناوبراو دواتر بەناوی کۆمیساری باڵا و شا فەیسەڵ بانگەوازی ئەو کەسە یان کەسانە دەکات کە وەک سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئیدارەی سلێمانین بۆ واژۆکردن و قبوڵکردنی ئەو ڕێکەوتننامەیەی کە هاوپێچ کراوە و دەبێت ماوەیەکی گونجاو دیاری بکات کە لەو ماوەیەدا واژوکردن و قبوڵکردنەکە ئەنجام بدرێت. ئەگەر لە ماوەی دیاریکراودا ئەو کەسە یان کەسانەی وەک سەرۆکی ئیدارەی سلێمانی هەڵبژێردراون ڕێککەوتنەکە واژۆ نەکەن و قبوڵی نەکەن، ئەوا پووچەڵ دەبێتەوە و کۆمیساری باڵا و حکومەتی عێراق ئازادن لە گرتنەبەری ئەو جۆرە ڕێوشوێنانەی کە بە پێویستی بزانن بەرامبەر بە سلێمانی.

***

تێبینی : ئەم بابەتە لە گۆڤاری ئاژین، ژمارەی ٤ ی بەهاری ٢٠١٣ بڵاوبوەتەوە، کە گۆڤارێکی  ڕۆشنبیریی مەعریفی وەرزییە، لە لایەن فاکەڵتی ئادابی زانکۆی سۆرانەوە دەر دەچێت.

بابەتی پەیوەندیدار

هەروەها چێکی بکە
Close
Back to top button