رۆشنبیریسڵاید

ئازادبوونی مەحموود پاشای سەرۆک هۆزی جاف لە ئەستەنبوڵ لە بەڵگەنامەکانی قاجارییدا ..

ناساندن و ڕانان: هەردی مەهدی میکە

بە گوێرەی ئەم بەڵگەیە، کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدە، ئەو کاتەی کە دەوڵەتی عوسمانی، مەحموودپاشای جاف (١٨٤٦-١٩٢١) بانگهێشتی ئەستەنبوڵ دەکات و لەگەڵ گەیشتنیدا، لەوێ دەستبەسەر دەکرێت، پاش ئەوە لە ساڵی ١٨٩٢ دەگوترێت هەڵدێت، یاخود بە گوێرەی ئەم بەڵگەیە ئازاد دەکرێت، دەستبەجێ ناوبراو ئەو شارە بەجێدەهێلێت و لە ڕێی قەوقازەوە خۆی دەگەیەنێتە باکووری وڵاتی قاجار (ئێرانی هەنووکە) تا لەوێوە بگاتە تاران و ڕوودەکاتە شاری ڕەشت و وەک دەردەکەوێت خزمانی و پیاوەکانی لە کوردستانەوە ئاگادار دەکاتەوە، تا هەم وەک پشتیوانی و وەک پێشوازیش خۆیان بگەیەننە شاری ڕەشت. بەڵام صەدری ئەعزەمی قاجار، حکومەتی مەحەلی گیلان ئاگادار دەکات کە زۆر پرۆتۆکۆلی و پێشوازی فراوانی لێ نەکەن، تا هەست نەکات خاوەن پێگە و کەسایەتییە، وەک لە کۆتایی بەڵگەکەدا صەدری ئەعزەم نووسیوویەتی: ” قەدەغەی بکەن کە ڕێکارەکانی ڕێزگرتن بۆ ئەو ئامادە بکەن تا وا بیرنەکاتەوە خۆیی و کەسەکانی بەڕێز [خاوەن پێگەن]ن.”

لەبەڵگەنامەکەوە دەردەکەوێت، حکومەتی قاجار نیگەرانە و ترسی هەیە، سەرچاوەی ئەم ترسەش لە سێ حاڵەت بەدەر نییە:

١) لە ترسی دەوڵەتی عوسمانی و نیگەرانی ئەوەی پەیوەندییەکانیان تێکبچێت کە “یاخییەک”یان داڵدە داوە.

٢) یان ترس لە هەژموونی مەحموود پاشای جاف لە هەڵگەڕانەوە و دروستکردنی کێشەی ئاسایشیی و کۆمەڵایتی و سیاسی بۆ قاجار.

٣) یاخود لە ترسی هەردوو خاڵی پێشوو پێکەوە. کە سیناریۆی بەهێز ئەوەیە دەوڵەتی قاجار ڕەچاوی هەردوو ترسەکەی کردووە، چونکە ناوبراو کوردە و هەمیشە لە سیستمە ناوەندگەرا و دەسەڵاتە خۆسەپینەکانی فارس و تورک لە هەر هەلێکدا بۆیان لوا بێت یاخی بوون و نارەزایەتیان بە هەر شێوەیەک بێت نواندووە.

ناساندنی بەڵگە:

شوێنی پاراستنی ئۆرجیناڵی بەڵگە: دامەزراوەی بەڵگە و کتێبخانەی نەتەوەیی ئێران/ یاریدەدەرێتی بەڵگە نەتەوەییەکان.

پاراستنی ئەلیکترۆنی: ناوەندی کوردستان بۆ دۆکیۆمێنت و لێکۆڵینەوەی ئەکادیمی

لایەنی دەرکەر: وەزارەتی نێوخۆی قاجار لە تاران

بۆ: حکومەتی مەحەلی گیلان لە ڕەشت

نێرەر: صەدری ئەعزەم ئەمینوسوڵتان (امین السلطان) [علی اصغر خان اتابک اعظم]*

وەرگر: موئەیەد ئەلدەولە حوکمڕانی گیلان

نێوەڕۆکی بەڵگە:

جێگری شایستەی بەڕێزی باڵا موئەیەدودەولەی حوکمڕانی گیلان بەختی باشی بەردەوام بێت، وەک ئەوەی هەواڵ گەیشتووە، مەحموودپاشای سەرۆک هۆزی جاف کە لە ئەستەنبوڵ دەستبەسەر کرابوو لەوێ ئازاد کراوە و بە ئاراستەی ڕەشت هاتووە لایەنگرانی ئەویش لە کوردستانەوە بەرەو ڕەشت بەڕێ کەوتوون، ئەڵبەتە ئێوە لێکۆڵینەوە بکەن هەر کاتێک مەحموود پاشا هاتە ڕەشت بە زوویی ئاگادارمان بکەنەوە و قەدەغەی بکەن کە ڕێکارەکانی ڕێزگرتن بۆ ئەو ئامادە بکەن تا وا بیرنەکاتەوە خۆیی و کەسەکانی بەڕێز [خاوەن پێگەن]ن.

و زانیارییەکانی خۆتان لە ڕێگەی تێلگرافەوە بنێرن.

ئەمینوسوڵتان، ٩ی سەفەر [1309ک/1892ز]

**

*) عەلی ئەسغەر ئەمینوسوڵتان (١٨٥٨-١٩٠٧.ز)، صەدری ئەعزەم[وەزیری یەکەم، سەرۆک وەزیران]ی پاشای ناصرەدین شای قاجار بوو، لە گورجییەکانی ئەو قەڵەمرەوییە بوو. پاش مردنی ئیبراهیم ئەمینوسوڵتانی باوکی، شوێنی وی گرتەوە و صەدری ئەعزەمی هەرسێ پاشای قاجار ناصرەدین، موزەفەر و محەمەدعەلی شا بووە.

***

بابەتی پەیوەندیدار

هەروەها چێکی بکە
Close
Back to top button