Uncategorizedسڵاید

بەسەرهاتێکی ئاشتییخوازانەی نێوان حەبیبوڵڵا خانی باوەجانی و مەحموود پاشای جاف ..

دانا جاف

خوێنەری هێژا.. ئەوەی لە بەر دەستدایە گووڵبژێرێکی کورتە لە باسێکی گشتی لە سەر کەسایەتی حەبیبوڵڵا خانە، لە کتێبی، سەلاسی باوەجانی لە هەگبەی مێژووی کۆمەڵایەتی و سیاسی، نووسینی عارف باوەجانی، یەکێکی دیکە لە بەڵگە گرنگەکانی مێژووی حەبیبوڵڵا خانی باوەجانی، بۆ سەلماندنی ئاشتی و تەبایی نێو جافەکاندا، بەسەرهاتێکی نێوان هەردوو پیاوی دیاری مێژووی جاف واتە، عێلە گەورەکەی کورد، مەحموود پاشای جاف و حەبیبوڵڵاخانی باوەجانییە، کە ئەو بەسەرهاتە لە نێو بەگزادەکانی جاف نەوە دوای نەوە باسکراوە و باسدەکرێت، و کاک خووسرەو جافیش لە زاری عەلی بەگی جافەوە، کە دەبێتە (کەنیزای) حەبیبوڵڵاخان بیستوویەتی و لە کتێبەکەی هۆزی جافدا باسی کردووە.

لەو سەردەمەدا حەبیبوڵڵا خان وەک سەرۆکێکی گەورەی جافەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بە تایبەت ناوچەکانی جوانڕۆ و سەلاسی باوەجانی، پێوەنديیەكى زۆر باشى ھەبووە لەگەڵ محمود پاشاى جاف، کە شوێنی دەسەڵات و قەڵەمڕەوی لە دەڤەرەکانی گەرمیان و شارەزووری باشووری کوردستاندا بووە. پێوەندییەکانیان ئەوەندە گەرم و گووڕ بووە، خەڵكانێكى ئاژاوەگێڕ و ناحەز دەکەونە نێوانیان و بەهۆی فیتنەیی ناڕاستەوە، کە گوایا حەبیبوڵڵا خان وتوویەتی من ئامادە نیم هیچ پەیام و بڕیارێکی مەحموود پاشای جاف، جێبەجێ بکەم، دڵڕەنجاندنێک دەکەوێتە نێوانیان. بە بیستنی ئەو هەواڵە ناڕاستە، محمود پاشا توڕە دەبێت! دەڵێت ئەگەر ئەو جۆرە قسەیە ڕاست بێت و حەبیبوڵڵاخان خۆی لە جافەکان بە جیا بزانێت، سوێندێکی تووند دەخوات و دەڵێت، ئەگەر نەمرم دەبێت (قۆترە) كۆترەدار بدەمە سەر شانی ھەڵی بگرێت و بەرەو ڕووی جافەکانەوە بێتەوە. ھەر ئەو جۆرە خەڵکە فيتنە و ئاشوبگەرانەی نێوانیان، هەمان قسەى محمود پاشا دەگێڕنەوە بۆ حەبيبوڵڵاخان، لەوکاتەدا کە حەبیبوڵڵا خان حاکمی بەشێک لە ناچەکانی خوارووی خۆرهەڵاتی کوردستان دەبێت، لە ئەوجی دەسەڵات دەبێت و هێزێکی زۆری سوارچاک و تفەنگچی بە توانای بە کوڕەکانی خۆشییەوە لەگەڵ دەبێت، حەبیبوڵڵاخانیش زۆر گوومانی لا دروست دەبێت، کە حەتمەن زانیارییەکی هەڵە بە دەستی مەحموود پاشا گەیشتووە، چاوەڕێی ڕۆژێکی وا دەکات، کە لە نزیکەوە یەک ببینن و لەو قسە و قسەڵۆکانەی کە لە نێوانیان کراوە، لە یەک تێبگەن. کاتێک ناوبراو دەبیستێتەوە کە مەحمود پاشا بۆ گەشتێک هاتووەتە ناوچەى شەمێران و سەرشاتە. لەوکاتەدا چەند مانگێک بەسەر ساردی نێوانیان تێپەڕبووە، حەبيبوڵڵا خانیش بێجگە لە نییەتی ئاشتی و تەبایی، هیچ کەمبوونێکی نەبووە، ئەوە بە هەلێکی باش دەزانێت بۆ ئاشتکردنەوەی نێوانیان، و چوون خاڵی هەرە گرنگی کاری باوەجانی، لە سەردەمانی ئیمپراتۆری و میرنشینەکانی هەموو دەڤەرەکانی کوردستاندا، هەوڵدانی بێوچانی بووە بۆ ئاشتی و تەبایی و یەکڕیزی نێوجافەکان. بە مەبەستی ئەوەی کە ئەوانیش بۆ خۆیان دەسەڵاتی ناوچەکە بەڕێوە ببەن، تا ناوچەی جافەکان نەکەوێتە ژێر دەستی لایەنی دیکەی نامۆ بە خەڵک و ناوچەکە.

حەبیبوڵڵاخان لەگەڵ چەند سوارێک دەچێت بۆ سەردانی مەحمود پاشا، و بەدەم ڕێگاوە کە دێت (قۆترە) کۆترەدارێک دەبینێت، و یەکسەر سوێندەکەی مەحموود پاشای دێتەوە یاد، و بە یەکێک لە پیاوەکانی دەڵێت ئەو کۆترە دارەم بۆ بێنن، ئەوانیش بە سەرسووڕمانەوە لەوەی کە جەنابی سەرکردەیان بەو هەموو هەیبەت و دەسەڵاتەوە، دەبێت ئەو کۆترە دارەی بۆ چی بێت؟! داواکارییەکەی بۆ جێبەجێ دەکەن. چەند میترێکی دەمێنێ بۆ دەوار و شوێنی حەوانەوەکەی مەحمود پاشا، لە سەر ئەسپەکەی دادەبەزێت، کۆترەدارەکە دەخاتە سەرشانی و دەڕوات بەرەو دەوارەکەوە، پیاوەکانی مەحمود پاشا کە ئەو دیمەنە لەو پیاوە گەورە و بەهێزە دەبینن، زۆر سەریان سووڕدەمێنێت، خەبەر دەدەن و دەڵێن پاشای گەورە، وا حەبیبوڵڵا خان بەرەو دیوەخان ھات. پاشا یەکسەر هەڵدەستێ و دەچێت بەرەو پیریی بۆ پێشوازیکردنی، کە دێتە دەرێ و دەبینێ حەبیبوڵڵاخان (قۆترە) کۆترەدارەکەی بەسەر شانەوەیە. موحموود پاشا دەڵێت، ئەو کۆترە چییە بە شانتەوە و نابێت ئەوە بکەی تۆ کەسێکی گەورە و ڕێزداری. حەبیبوڵڵا خان لە وڵامدا دەڵێت: پاشای بەڕێزمان، ئەوە تەنیا لەبەر خاتری سوێند خواردنەکەی بەڕێزتان هەڵمگرتووە، بۆ ئەوەی سوێندەکەت نەکەوێت. ئیتر مەحموود پاشای جاف باوەشی پڕ لە سۆزی پێدا دەکات و ئاشت دەبنەوە. پاشای جافەکان لەو ڕەوشتە جوانەی حەبیبوڵڵا خان، و گەورەیی و لێبوردەیی و لێهاتوویی و ئاشتیخوازیی، ئەم پیاوە گەورەیەی بۆ ڕوون دەبێتەوە. ئیدی پێوەندییەکانیان بە تەواوی باش دەبێتەوە، زۆر گەرموگوڕ و بە تینتر لە جارانی پێشووتر دەبێت. لە دوای ئەو بەسەرهاتە ژن و ژنخوازیش لە نێوانیان درووست دەبێت.

***

بابەتی پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

هەروەها چێکی بکە
Close
Back to top button