زانیار مەحموودی
دنیای ڕۆژاوا، ئەو بەشە پێشکەوتووەی سەرزەوی، هەتا ئێستا سێ قۆناغی فکری و کۆمەڵایەتی بەخۆیەوە بینیوە؛ تانوپۆی قۆناغی یەکەم بە باوەڕی ئایینی تەنرابوو، باوەڕ بە خودا و دونیای دوای مەرگ و ملکەچبوون لەمەڕ فرمانەکانی خودا بەتۆخی لەناو خەڵکدا دەبینرا، ئایین گەرەنتیی خۆشبەختی و ئاسوودەییی ئەبەدی بە باوەڕداران دەدا. لەم قۆناغەدا ئایینداری لەسەرەتای مێژووەوە، واتە لەسەدەی یەکەمی زایینەوە بەردەوام بوو تا سەدەی پازدەیەم. هەرچەند ئێستێ قۆناغی کلاسیک وەک قۆناغی زاڵی زەمانە کۆتایی پێ هاتووە، بەڵام باوەڕە ئایینی و کلاسیکییەکان هەنوکە لە چەند پارچەیێکی ئەوروپا شوێنکەوتەی خۆی هەیە و یەکشەممانی حەفتە بۆ مەبەستی بەجێھێنانی عیبادەت و نوێکردنەوەی بەڵێنی خۆیان سەردانی پەرەستگەیان دەکەن، کەوابوو کۆتاییهاتنی دەورانی سووننەتی بە واتای کوێربوونەوەی باوەڕە سووننەتییەکانی ئەوروپانشینەکان نییە. ـ
لە سەدەی شازدەهەمی زایینی بەولاوە، بە فرەوانبوونی دەسکەوتی زانستی و هاتنی شۆڕشی زانستیی گەورەی وێنەی شۆڕشی کۆپەرنیک و گالیلۆ و نیوتن و ڕووشانی سیمای هەندێ لە باوەڕە بەڵگەنەویستە ئایینییەکان، هێواش هێواش بناغەی ئایین هەرەسی هێنا و زانست بووە جێگرەوەی ئایین و بەختیاری و ئاسوودەییی مرۆی وەئەستۆ گرت و جیهانی ڕۆژاوا چووە ناو دەورانی مۆدێرنەوە. هەرچەند زانست و تەکنۆلۆژیا دەسکەوتی گەورە و گرانی بۆ ژیانی بەشەر ساز داوە و ئێستەش بەردەوامە و گەلێ ئاسوودەیی بە مرۆ بەخشیوە، بەڵام بە تێپەڕبوونی زەمان کەمتوانایی زانستمان بۆ دەرکەوتووە لە گەیاندنی ئینسان بە لووتکەی خۆشبەختی، کە گرنگترینی نەبوونی تەکیەگایەکی دەروونییە بۆ مرۆڤ لە سەروەختی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ نائومێدی و شکستە باوەکانی ژیانی، بەپێچەوانەوە لەسەردەمی سووننەتیدا تەکیەگایەکی مەحکەم و مەعنەوی ژبۆ مرۆ تەیار کرابوو تاوەکوو لە کاتی ترس و شکست و ناکامی پەنای وەبەر نێ. قۆناغی مۆدرێن خودانی وەها پاڵپشتێکی گرنگ و کاریگەر نەبوو، لەم ڕووەوە دڵەڕاوکێ و خەمۆکی بوونەتە نەخۆشینە بەربڵاوەکانی چاخی مۆدێرن.
لە گەرمەی دڵخۆشی و سەرمەستی دونیای غەربدا، کە لە سۆنگەی دەسکەوتە زانستییەکانەوە بوو، یەکەمین بیرمەند کە کەمایەسیی ئەم قۆناغە مۆدێرنەی دەسنیشان کرد و خەڵکی لێ ئاگادار کردەوە، نیچە بوو. ناوبراو بەجوانی درکی بە خاڵی لاوازی مۆدێرنیتە کردبوو، خەمبارانە گوتی: «خودا مردووە و ئێمە کوشتمان… ئەوەی پیرۆزترین و بەهێزترین شت بوو کە جیهان تا ئێستە بەخۆیەوە بینیوێتی، بەهۆی خوێن لێھاتنی زۆرەوە کە بەرهەمی چەقۆکانی ئێمە بووە، مردووە؛ کێ لەم خوێنەمان پاک دەکاتەوە؟ کام ئاوە هەیە تاوەکوو خۆمانی پێ بشۆینەوە؟ نیچە بەدروستی نەمانی باوەڕی ئایینی وەک کەموکورتییەکی دەورانی مۆدێرنیتە دیاری کردبوو، ئەم نەمانەش سەرلەنوێ نۆژەن ناکرێتەوە و ناگەڕێتەوە، چونکە باوەڕ بە خودای قادری موتڵەق مردووە و زانست و مادەگەرایی بە هەموو کەموکوڕییەکانیەوە شوێنی ئەوی گرتووەتەوە.
دوای ڕابردن لە قۆناغی کلاسیکەوە بۆ مۆدێرنیتە، قۆناغی پۆست مۆدێرن سەری هەڵدا. لەم قۆناغەدا کایەی بێباوەڕی وەرچەرخانێکی دیکەی بینیوە، لە بێباوەڕیی ئایینییەوە بووەتە باوەڕنەکردن بە گەیشتنی مرۆڤ بە خۆشبەختی و وەدیهاتنی خەونەکانی و ئاکامەکەشی پووچگەرایی بووە کە لەم چاخەدا هاتووەتە ناو ژیانی مرۆڤەوە. ڕوون و ئاشکرایە لە دونیای پۆست مۆدێرندا، ئاسوودەیی و بەختیاریی بەشەر وەچنگ ناکەوێ. ژیانێک تژی بێ لە نگەرانی و دڵەڕاوکێ، مەعنای بەرز و تەرزی خۆی لەدەست دەدات و لەلایەکی ترەوە هیچ بیر و ئەندێشەیەکی ڕزگاریخوازیش وەدەر ناکەوێ. مرۆڤانێکمان هەن جگە لەوەی گومان لە فەلسەفەی ژیان و واتای بوونی خۆیان دەکەن، بگرە مناڵ خستنەوە و بەردەوامبوونی ژیانی مرۆش بەلایانەوە بێواتایە. بەم هۆیەوە لە قۆناغی پۆست مۆدێرن و سەدەی بیست و یەکدا، ڕووبەڕووی بیرمەندانێکی وەک دەیڤد بناتار دەبینەوە کە باوەڕی وایە مناڵ خستنەوە لە دونیایەکی لێوانلێو لە ئازار و ژان و دڵەڕاوکێی نەبڕاوە، نائەخلاقییە و دەبێ لێی دوور بکەوینەوە.
– بۆ ئاشنایەتی لەگەڵ فەلسەفەی دژەزایین کتێبی دەیڤد بناتار بەنێوی «هەر نەبوون باشترە» بخوێننەوە.
***