رۆشنبیریسڵاید

دیـن و دەسەڵات، مێــژوویەک لە خوێنڕێژی وساتێک لەدادپەروەری، شارستانیەتێکی پڕ لە زانستدیـن و دەسەڵات ..

حەبیب محەممەد جاف

عبدالملیک کوڕی مەروان پێنجەم خەلیفەی بەنی ئومەییە و دامەزرێنەری دەوڵەتی ئومەوی، پێش ئەوەی حوکم و دەسەڵات بگرێتە دەست بەوە ناسرابوو لە مەدینەی مونەوەرە کە کەسێکی خواناس و زانا و فەقیهێکی گەوڕەیە. ئەعمەش کە بە (شیخ المحدثین) ناسراوه دەڵێت لە مەدینەدا چوار زانا هەبوو یەکێکیان عبدالملیک کوڕی مەروان بوو .

کاتێک عبدالملیک دەسەڵاتی گرتەدەست قورئانێکی بە دەستەوەبوو رووی کردە قورئانەکە ووتی (هذا فراق بیني وبینك) واتە ئیتر ساتەوەختی جیابوونەوەی من وتۆیە .

حەجاجی کوڕی یوسفی سەقەفیش یەکێک بوو لەسەرکردەکانی بەردەستی كە پێشتر یەکێک بوو لەوانەی خەریکی وتنەوەی قورئان و تەفسیری قورئانی پیرۆز بوو لەشاری تایف. کاتێک ئیعلانی خەلیفەیی خۆی کرد شام و فەلەستینی ئێستاش بەیعەتیاندا بە عبدالملیک کوڕی مەروان.

عبداللە کوڕی زوبێر

کچەزای ئەبوبەکری سدیق بوو، کوڕی (ئەسما) کە ناسراوە بە (ذات النطاقین) چونکە پشتێنەکەی کرد بە دووبەشەوە تێشوو و خواردنی دەبرد بۆ پێغەمبەر درودی خوای لەسەربێت و ئەبوبەکری باوکی کاتی هیجرەت، باوکیشی زوبەیری کوڕی عەوامە کە لە حەوارییەکانی پێغەمبەرە (ص) و یەکێکە لەو (١٠) دە سەحابەیەی کە مژدەی بەهەشتی پێدراوە .

عبدالله یەکێک بوو لەوانەی بەرگریەکی سەرسەختی کرد لە خەلیفە عوسمانی کوڕی عەفان کاتێک ماڵەکەی ئابڵۆقەدرابوو. ئەویش لە بنەماڵەی بەنی ئومەییە، خەلیفەی ئومەوەییەکان دەچنەوە سەر هەمان بنەماڵە، بەڵام ئامادە نەبوو دوای معاویە بەیعەت بدات بە یەزیدی کوڕی، یەزیدیش ئابڵۆقەی مەککەی دا و بۆردمانی مەککە و کەعبەی پیرۆزی کرد، بەڵام نەیتوانی داگیری بکات، لەو ئانوساتەدا یەزید کۆچی دوایی کرد و ئابڵۆقەش شکا.

عێراق و ئوردن و بەسرە و خوراسان و حیجاز و زۆربەی وڵاتان بەیعەتیان دابوو بە عبداللە کوڕی زوبەیر وەکو خەلیفەی موسڵمانان .بۆیە ململانێ و جەنگێکی سەخت و درێژخایەن کەوتە نێوان هەردوو خەلیفە.

عبدالملیک کوڕی مەروان و عبداللە کوڕی زوبێر

عبدالملیک بە سەرکردایەتی خۆی پەلاماری عێراقی دا کە (موسعەبی کوڕی زوبیر) برای عبداللە کوڕی زوبێر والی عێراق بوو، سوپاکەی عێراقی داگیر کرد و موسعەبی کوشت و سەرەکەیان برد بۆ خەلیفە عبدالملیک، پاشان سوپایەکی بە سەرکردایەتی حەجاجی کوڕی یوسفی سەقەفی رێکخست بۆ داگیرکردنی مەککەی پیرۆز کە حەجاج خۆی بە فەتح ناوی دەبرد.

حەجاج حەوت مانگ ئابڵۆقەی مەککەی پیرۆزی دا و پاشان بە مەنجەنیق بوردمانی کرد و ئاگری تێبەردا و وێرانی کرد، هەروەها بۆردمانی کەعبەی پیرۆزیشی کرد کە تازە نۆژەن کرابووە کە پێشتر لەلایەن یەزیدی کوڕی معاویەوە بۆردمان کرابوو، حەجاج دوای (٧)حەوت مانگ ئابڵۆقەدان پەلاماری داو و قەتڵ و عامی هەموو ئەوانەی کرد کە لەگەڵ عبداللە کوڕی زوبیردا بوون، پاشان ئەمیر المؤمنین عبداللە کوڕی زوبێری کوشت، سەرەکەی لە لاشەکەی کردەوە و لاشەکەی بۆ ماوەی حەوت رۆژ هەڵواسی بەداردا لە دەروازەی مەککە و سەرەکەی نارد بۆ شام بۆ ئەمیری موسڵمانان عبدالملیک کوڕی مەروان، عبدالمیک سەری عبداللە کوڕی زوبێری بەرزکردەوە وتی ئیتر کۆتایی ئەوانەیە کە ململانێی دەسەڵاتی ئێمەیان دەکرد .

ئەمە دەریدەخات کە دەسەڵات چەند مرۆڤی دیندار دوور دەخاتەوە لە دینداری. لە کاتێکدا ئەوانەی چوونە دەسەڵات خەڵکی زانا و دانا بوون لە زانستی شەرعیدا، بەڵام دەسەڵاتکردنی بە خوێنڕێژ و دوور لە خوا و ئایینی پیرۆزی ئیسلام ئەمە ساتەوەختی زێڕینە، سەردەمی سەحابە و تابعینە، ئەگەر باس بێتەسەر مێژوویی جەنگی خواریج و فیرەقی ئیسلامی و سەردەمەکانی دوایی هەر حەز بە باسکردنی ناکەیت

شارستانیەتێک بەو گەورەییە، بەو هەمووە داهێنانە گەورانە، هەڵکەوتنی ئەو هەمووە زانا گەورانە لە هەموو بوارەکاندا، ئەو کتێبخانە مەزنە ئیسلامییەی زانایانی ئیسلام دایانمەزراندووە لەسەر لێبوردەیی و پێکەوە ژیان و شێوازی ژیانکردن، ئەو جیهانە ئەفسوناوییەی تەسەوف و عیرفان کە عارفە موسڵمانەکان ڕەگوریشەیان دامەزراندووە و مرۆڤ دەکەن بە کەسێک هەڵوەدای چاکەخوازی بێت .کەچی وادەزانیت حوکمدارەکان لە ئەستێرەیەکیترەوە هاتوون حوکمی ئەم شارستانییەتە گەورە و بەرفراوانەیان کردووە وبەخوێن گۆش کراون. ئەڵبەتە ئەمە رێسایەکی گشتی نییە لە مێژوویی دەسەڵاتی ئیسلامیدا چەندین دەسەڵاتداری دادپەروەری گەورەش هەبووە لە مێژوویی شارستانییەتی ئیسلامیدا یەکێک لەوانە عمری کوڕی عبدالعزیز کە نمونەی دەسەڵاتدارێکی دادپەروەری خواناس بووە بەڵام (وقلیل ماهم).

بابەتی پەیوەندیدار

هەروەها چێکی بکە
Close
Back to top button