نووسینی: هەرێم عوسمان
پێشەکی:
ئەدەبی بەراورد یەکێکە لەو رێبازانەی لە بەراوردکردنی دوو تێکست، دوو ئەزموون و دوو کو‌لتوور… دەکۆڵێتەوە.(١) ئێمە لەم کارەدا هەوڵدەدەین کاریگەرییەکانی روانینە فەلسەفیەکانی رێبازێکی فەلسەفی لەسەر شاعیرێکی کورد نیشانبدەین. بەو مانایەی رادەی کاریگەرییەکە چەندە و شاعیر لە کوێدا ئەو کاریگەرییەی پێوە دیارە؟ ئەم تێکستانەی لە شیعرەکانی شاعیرمان وەرگرتووە هەوڵدەدەین رادەی کاریگەرییەکەو پاشان فەرهەنگێکی ئەو فەلسەفەیە لە کۆتایدا بخەینە ڕوو، ئەو چەمکانەی ئەو فەلسەفەیە کاری پێدەکات چۆن لە شیعرەکانی ئەم شاعیرەدا رەنگیداوەتەوە. هاوکات دەبێت بڵێین لەبەرئەوەی فەلسەفەی بوونگەرایی یەکێکە لەو فەلسەفانەی نزیکیەکی زۆری لە شیعر هەیە(٢) فەیلەسوفانی بەشێکی زۆریان بۆخۆیان ئەدیب و لێکۆڵەری بواری شیعر‌و ئەدەبیات بوون، هاوکات بە زمانێکی نزیک لە زمانی ئەدەبی فەلسەفەکەیان نووسیوە، ئەوا کاریگەری لەسەر شاعیران بەگشتی و ئەم شاعیرەی کورد داناوە. ئەو شیعرانەی ئێمە کاری لەسەر دەکەین بریتیە لە شیعری رامیار مەحمود، کە یەکێک لەو شاعیرانەیە، کاریگەر بووە بە بیری فەلسەفی و بۆخۆی چەندین نووسینی فەلسەفی هەیە(بۆ نمونە لە گۆڤارەکانی، گوتار، کۆنسێپت، رۆژنامەی کوردستانی نوێ…) هاوکات لە ئەوروپا ژیاوەو زمانی ئەوروپی زانیوە، خۆشی خاوەنی وتاری فەلسەفییە و بەتایبەت لەبارەی فەیلەسوفە بوونگەراکان نووسیویەتی، بە واتایەکی دیکە لە چەندین رێگەوە دەتوانین بڵێین ئەو ئاگاداری فیکری ئەوروپی بووە. لێرە دەمانەوێت بە خێرایی ئەوە دەربخەین کە چۆن کاریگەری هەریەکە لە نیچەو کامۆ و بوونگەراییەکان بە تایبەت سارتەر لە شیعرەکانیدا هەبووە، هاوکات دەبێت بڵێم لەنێو ئەم فیکرە ئەوروپیەدا رۆحی رۆژەهەڵاتی و عیرفان بە گشتی ئامادەییان هەیە، کە دەتوانین بڵێین عیرفان لە دڵدا زۆر بە چڕی خۆی خەستکردوەتەوە، ناونیشانی هەردسو دیوانەکەی جۆرە یەکێتییەک لەنێو ئەم دوو ئاراستەیەدا، یەکیان وەک بیر‌و ئەویدی وەک لایەنی رۆحی (لەسەرما ئاژاوەیەک هەیە بۆ خۆکوشتن، لە دڵما ترپەیەک هەیە بۆ ژیان یان دڵ لەناو سنگی ئەم جیهانەدا لێنادات)(٣) تێبینی دەکەین دڵی رۆژهەڵاتی و عیرفانی بەردەوام ئامادەییان هەیە.
خاڵێکی دیکە کە کاریگەریەکە دیار دەخات، بۆ خۆی شاعیر لە شیعرەکانیدا ناوی بەشێک لەو فەیلەسوف و شاعیرانە دەهێنێت. وەک مەولەوی، مەحوی، سارتەر، نیچە..لەلایەکی دیکەوە دەبێت بڵێین ئەمە لەو شێوە کاریگەرییە کە رێبازێک بە گشتی کاریگەری لەسەر شاعیر داناوە، واتە یەک شاعیر کاریگەری لەسەر شاعیرێکی دیکە دانەناوە، بەڵکو بەگشتی لێرەدا دوو رێباز هەن، یەکیان فەلسەفەیەو ئەویدیکە رێبازی رۆحی و سۆفیگەری، کە کاریگەریان لەسەر شاعیر هەبووەو بە ئاشکرا ئەم کاریگەریە دەبینرێت، ئەمەش لەو کاریگەریانەیە کە وەک پۆل ئازەر کردی لەسەر کاریگەری شۆڕشی فەرەنسا لەسەر نووسەرە ئیتالیەکان(٤)، ئێمە لێرەدا کاریگەری فەلسەفەی بوونگەرای و سۆفیگەری(کە بەتایبەت لێرەدا پشتمان بە فەلسەفەی بوونگەرایی بەستووە بۆ دەرخستنی ئەو کاریگەریە). کردووە. جگە لە رووە ئاشکراکەی هاوکات لەنێو ئاخندا شاعیر تێڕوانین و دنیابینی ئەم دوو جیهانبینیەی پێوە دیارە، هەروەک لێکدژی دەکرێت لەنێو ئەم دوو ئاراستەیەدا هەبێت. بەڵام شاعیر جۆرە رێکخستنێکی کردووە، هەروەک فیکری فەیلەسوفی بوونگەراش هایدیگەر، یەکێک بووە لەو فکرانەی زۆر سودی لێبینراوە بۆ لێکۆڵینەوە لە بواری سۆفیگەرێتیدا چ بە کوردی و چ بە فارسی و زمانە جیاوازەکان.(٥) هاوکات دەبێت بڵێین ئێمە زیاتر کارەکەمان بریتیە بووە لە دەرخستنی ئەو کاریگەریە لە ئاستی ناوەڕۆکی شیعری شاعیردا، کە چۆن ئەم فەلسەفەیە ناوەڕۆکی شیعری شاعیری دەوڵەمەند کردووە.
نموونەی شیعری شاعیر:
وەک سەرەتا باشترە هەندێک نمونەی شیعری شاعیر بهێنینەوە تا بەرچاوروونیەک بێت، بۆ دەرکەوتنی ئەو کاریگەرییەو پاشان خۆمان بە شیکارکردنی بە پێی ئەو فەلسەفەیەی باسمان کرد خەریک دەکەین. ئەمەش هەندێک نمونەی شیعرەکانیەتی کە چۆن ئەو شاعیر‌و فەیلەسوف و چەمک و بیرکردنەوانە کاریگەر لەسەری داناوە.
”هه‌موو ئه‌وانه‌ی ته‌حه‌مولی ئه‌وه ناکه‌ن خۆیان نه‌بن
ئه‌ندامن له‌م شۆڕشه‌دا…
شاعیره‌کان مرۆڤی رۆژگاره سه‌خته‌کانن…
نابووته‌کانی لێده‌رچن مرۆڤی مه‌زن له‌سه‌ر نه‌خشه ناڕوات…
ئه‌و جیهانه‌ی من دروستمکردووه بۆ هه‌رکه‌سێک رێگایه‌کی خۆی هه‌یه”
یاخود..
”له جه‌نگی ژیاندا هه‌ر مرۆڤێک ئه‌بێت
رێوشوێنی تایبه‌ت به خۆی بگرێته به‌ر
به‌ختیاری ئه‌گه‌ر هه‌بووبایه خۆش نه‌ئه‌بوو
به هه‌شتی راسته‌قینه بریتییه له گه‌ڕان بۆی
ریسوایی ته‌واو ئه‌وه‌یه که به‌ناوی ژیانه‌وه هه‌مانه…
زۆرجار گێلی و غه‌فڵه‌تیش پێویسته
ئه‌گه‌ر جیهان به‌مشێوه‌یه بڕوات
ئه‌بێت هه‌موومان ده‌ست به تێکۆشان بکه‌ینه‌وه (سوپاس بۆ مارکس)
‘ هەموو مرۆڤێک چەند خولەکێک پێش مردن ئەڵێت:
ئاخ بۆ بەشوێن مردنەوە نەبووم
من وەک هەمو کەس رۆژێک لە رۆژان ئەمرم
بەڵام هەموو کەس ئەو ژیانە ناژی کە خۆی هەڵیبژاردوە(سوپاس بۆ سارتەر)
ئه‌بێت مرۆڤ نهێنی بوونی خۆی بدۆزێته‌وه پێشئه‌وه‌ی بمرێت”15
یاخود:
‘ کە ئەڵیم زۆر ئازارم هەیە
تۆ ئەگەر مەولەویت بیرناکەوێتەوە
واتە هەرگیز لە من نەگەیشتویت…
من مرۆڤی جیهانیم مرۆڤی جیهانی هەمیشە دونیایەکی دوکەرتی هەیە
هەمیشە وەک مەحوی دڵی بە خەڵک تێکەڵ دێت’
”حه‌زم له دڵخۆشییه ئه‌وه‌ی خه‌ڵک باسی ئه‌کات
حه‌زم له ده‌رگایه‌که له ژیانی خاڵی بمباته ده‌ره‌وه”
”شتێکی تایبه‌ت که بیزانم له‌سه‌ر مرۆڤ
ئه‌وه‌یه که رۆژانه ژیانی لێ ئه‌ڕوات”
”چاوم لێیه له‌ناو ژیانا رائه‌که‌م
ده‌مم کردۆته‌وه و ئاوه‌زم داخستوه”
”من شوانی مرۆڤه وێڵ و سه‌رگه‌ردانه‌کانم
ئه‌وانه‌ی ژیان قه‌پاڵیان لێ ئه‌گرێت نه‌ک سه‌گ”26
دڵ و عه‌قڵ و جیهان
لەنێو ئەو شیعرانەی سەرەوەدا هێڵمان بە ژێر ئەو دێڕو وشانەدا هێناوە کە پێمانوایە ناوەڕۆکی شیعری شاعیریان دەوڵەمەندکردووە و شیعریان لێ سازکراوە. ئێمە لە خوارەوە هەوڵدەدەین راڤەی ئەو شیعرانە بکەین و بە گشتی لەبارەی شیعرەکانی لە دیوانە کۆکراوەکەیدا بە ناوی ‘دڵ لەناو سنگی ئەم جیهانەدا لێنادات’ کاریگەری فەلسەفەی بوونگەرایی نیشان بدەین.
له دیوانی”دڵ له‌ناو سنگی سنگی ئه‌م جیهانه لێ نادات” زۆر به زمانێکی ساده‌و رۆژانه‌یی شیعری پێ سازکراوه، وه‌لێ زمانی ساده‌یی رۆژانه‌ی بردۆته ئاستێکی به‌رزی ده‌ربڕینی هه‌ستی مرۆڤێکی هۆشیار. بێ زۆر له‌خۆکردن به خوێندنه‌وه‌ی شیعره‌کانی تێده‌گه‌یت ئاستی قوڵی مانا‌و هه‌ستی مرۆڤێکی غه‌مگین و ره‌شبین چۆن ده‌کرێت به‌زمانی خه‌ڵکی سه‌رجاده ده‌ربڕیت، هه‌رچه‌ند رامیار له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نییه به ره‌شبین دابنرێت، چونکه ئه‌و له زۆرباردا وه‌ک عاشقی ئازار ده‌رده‌که‌وێت، ده‌یه‌وێت جه‌نگی ئازار بکات، هاوکات بۆ بوونی ئومێد ئیلهام له‌و ره‌شبینییه وه‌رده‌گرێت، رامیار له چه‌شنی (نیچە) نیچه‌ییه‌کان له‌ناو ئه‌و هه‌موو ئازار‌و غه‌مگینییه‌دا، هێزی هه‌یه، ویست و مه‌یلی هه‌یه. له‌پاڵ ره‌شبینییه‌که‌یدا هه‌میشه به‌ڵێ بۆ ژیان ده‌کات، به‌ڵام ئه‌م به‌ڵێیه پڕه له رووخاندن، به‌ڵێیه‌کی ساویلکانه نییه، به‌ڵێیه‌که ته‌ژییه له ره‌شبینی، چونکه ئه‌و ڕه‌شبینییه ویست بۆ رووخاندنی به‌رده‌وام ده‌کاته‌وه، رووخاندنی وه‌هم، درۆکانی ژیان، رووخاندنی ئه‌و واقعه‌ی ئه‌وی شاعیری زیندان کردووه، ئه‌و سه‌رکێشییه‌ی له شیعره‌کانی رامیاردا ده‌بینرێت گه‌لێ نزیکه له سه‌رکێشییه‌کانی نیچه، سه‌رکێشییه‌ک له ئاست ژیانی رۆژانه‌و هه‌ڵهاتن لێی، راکردن لە سیستم و خۆبەستنەوە پێوەی..هه‌ست ناکه‌یت مرۆڤێکی دابه‌سته‌یه، له‌به‌رئه‌وه ره‌شبینییه‌که ئاوێزانی گه‌شبینییه‌کی مه‌یلداره به ژیان و جیهانێکی دی، شیعره‌کانی رامیار له چه‌شنی فه‌لسه‌فه‌که‌ی نیچه‌یه، که دژی بێ بێئومێدی ده‌هزرا، سرکه‌و ده‌ستبه‌رداری ره‌خنه‌کانی خۆی نابێت چه‌نده گرانیش بێت، شیعره‌کانی شه‌ڕێک به‌رپا ده‌که‌ن له‌گه‌ڵ جیهانێکی نا ئینسانی‌دا، به ئومێدی جیهانێکی مرۆیی(٦).
شاعیر تێگه‌یشتووه بوونی مرۆڤ بریتییه له سه‌ره‌ڕۆیی، چونکه مرۆڤ به ناته‌واویی و ناکامڵییه‌وه هاتۆته بوون(یان وه‌ک بوونگه‌راکان ده‌ڵێن فڕێدراوه)(٧) له‌به‌رئه‌وه ده‌بێت خۆی ته‌واوبکات، بۆ ئه‌مه‌ش ده‌بێت جه‌نگ بکات، له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی رێگری ده‌که‌ن، ئه‌و زانیویه‌تی ژیان بریتییه له جه‌نگێک(٨)، که ده‌بێت به‌رده‌وام له ململانێ‌و تێکۆشان‌دا بێت، ئه‌وه‌ی له شیعره‌کانیشیدا هه‌ستی پێده‌که‌ین، ئه‌و نادڵنیاییه به‌رده‌وامه‌یه، که له نادڵنیاییه‌که‌وه بۆ نادڵنیاییه‌کی دی ده‌تبات، ئه‌و دڵنیایه له نادڵنیاییه‌که‌ی، وه‌ک ئه‌وه‌ی ژیان بریتی بێت له نادڵنیایی. نادڵنیایی له ئه‌وان، له جیهان، ژیان، نادڵنیایی خودی ژیان له مردن. شاعیر له گه‌لێ له شیعره‌کانیدا پێویستی دڵنیایی ده‌رده‌خات، به‌ڵام ناشتوانێت دڵنیابێت، چونکه ئه‌و شت نییه، مرۆڤێکی هه‌ستیاره، نیگه‌رانه(دیاره نیگه‌رانی له فه‌لسه‌فه‌ی بوونگه‌راکاندا پێشمه‌رجی بوونی مرۆڤه) خاڵێکی دیکه تێبینی ده‌که‌ین دڵ له‌نێو سنگی ئه‌م جیهانه لێنادات.. جیهان یه‌کێکی دیکه‌یه له‌و پێشمه‌رجانه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی بوونگه‌رای چونکه پێیانوایه مرۆڤ یان دازاین بوونه له جیهاندا(9) گه‌ر تێبینی ئه‌م شیعرانه‌ی سه‌ره‌وه بکه‌ین راسته‌وخۆ ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌که‌وێت که مرۆڤێکی ناڕازی و پڕ هه‌یه، که شۆڕش ده‌کات، واته چه‌ند پڕه به‌ڵام هه‌ست به که‌می ده‌کات بۆ ئه‌وه‌ی خۆی پڕ بکاته‌وه. واته شۆڕشکردن بریتیه له‌وه‌ی ئه‌ته‌وێت خۆت بدۆزیته‌وه‌و که‌میه‌کانی خۆت ته‌واو بکه‌یت. له جه‌نگی ژیاندا هه‌رکه‌سه‌و ئه‌بێت رێوشوێنی خۆی هه‌بێت. ئه‌وه هه‌م تاکه‌که‌سی و هه‌م ره‌سه‌نانه‌یه.
هەر لەناونیشانەکەوە دەتوانین شیکردنەوە بۆ ئاگایی فکری شاعیر بکەین..(دڵ لەناو سنگی ئەم جیهانە لێنادات)
سه‌ره‌تا بۆ ده‌بێت دڵ له‌ناو سنگی ئه‌م جیهانه لێنه‌دات؟ ئه‌ی دڵ ده‌بێت له کوێ لێ بدات، شوێنگه‌ی دڵ ده‌بێت کوێ بێت؟ چی وایکردووه دڵ له لێدان بکه‌وێت؟ ده‌بێت ئه‌و خالقه کێ بێت، که جیهانی ناسازانه سازاندووه؟
واته زۆر به ساده‌یی تێده‌گه‌ین ئه‌وه‌ی هه‌ر ده‌بێت ببێت ئێستا نابێت، دڵ ده‌بێت لێبدات. راڤه‌یه‌کی ساده پێمانده‌ڵێت ئه‌م شیعره زیندوویه‌ک نووسیویه‌تی هه‌ست به مردوویی ده‌کات، هه‌ست ناکات ده‌ژیی، ژینگه‌ی ژیانی لێشێواوه، یان ژینگه‌که شێواوه یان که‌سه‌که. زۆرێک له شیعره‌کانی رامیاردا هه‌ست به راکردنێکی ماراسۆنی ده‌که‌یت له‌م جیهانه، یان باشتر بڵێم له‌ده‌ست ئاگایی، هۆشیاری، واته شاعیر به هۆشیارییه‌وه له هۆشیاری هه‌ڵدێت. زۆرکات واهه‌ستده‌که‌م شاعیر گه‌لێ په‌شیمانه له‌وه‌ی به ئاگاییه‌وه له‌م جیهانه‌دا ده‌ژی، واته حه‌زێکی زۆر به‌دیده‌که‌م، که ده‌یه‌وێت بێ باک بێت، شاعیر مه‌یلی بۆ بێ ده‌ربه‌ستی هه‌یه، وه‌لێ ناتوانێت، به‌راستی وایه زۆرێک له مرۆڤه هۆشیاره‌کان گه‌لێ له هۆشیاری خۆیان بێزارن، به‌ڵام ناچارن(وه‌ک بڵێیت ئه‌مه قه‌ده‌ری ئه‌وان بێت)، ناتوانن لێی هه‌ڵبێن (نمونه‌ی فه‌یله‌سوف و رۆشنبیر‌و شاعیر‌و…زۆر هه‌ن که به‌مجۆره‌ن). مرۆڤه هۆشیاره‌کان، هۆشیاری بووه‌ته به‌شێکی گرنگی بوونیان، هۆشیاری جلوبه‌رگ نییه فڕێی بده‌ن. به بوونه‌وه ده‌نووسێت. هۆشیاری چه‌نده به‌خته‌وه‌ری تێدایه هێنده به‌دبه‌ختی هه‌ڵگرتووه. چونکه به ئاگاوه له جیهان و که‌سانی دیکه ده‌ڕوانیت، به ئاگایت له بوونی خۆت. چی واده‌کات ئه‌م جیهانه هێنده دڵڕه‌ق و دڵکوژبێت؟ ئه‌م ناونیشانه ده‌ریده‌خات جیهان بێ به‌زه‌ییه، به‌ڵام ئایا هه‌ست به راکردن له به‌رپرسیاریه‌ت نابینین، به‌وه‌ی ئه‌م جیهانه هی ئێمه نییه؟ واته ئه‌م جیهانه هی من نییه‌و من لێی به‌رپرس نیم؟ من بوونم له نێو جیهاندا(١٠). ئیدی چۆن ده‌بێت، دڵ داببڕێت؟ ئایا گرفت له جیهاندایه یان له دڵی مندایه؟ واته ئایا جیهان خۆی به سروشت دڵکوژه یان ئه‌وه ئێمه‌ین جیهانمان به ده‌ردێک بردووه، والێکردووه‌که‌ڵکی دڵ تیاژیانی نه‌بێت؟ ناونیشانه‌که په‌شیمانبوونه‌وه‌یه‌کی تێدایه، له‌و کاره‌ی مرۆڤ کردویه‌تی. هه‌ست به بێ لانه‌یی دڵ ده‌که‌ین، دڵ سه‌رگه‌ردانه(ره‌نگه له هه‌ندێ دۆخدا ئه‌مه بزوێنه‌ری شیعری شاعیر بێت). هه‌ست به که‌رتبوونی مرۆڤ ده‌که‌ین. وه‌ک بڵێیت جیهان شوێنی دڵاره‌کان نه‌بێت، ئه‌م جیهانه ناتوانێت وه‌ک لانه‌یه‌کی ئارام بۆ دڵ شیاوبێت. له ناونیشانه‌که‌وه دیاره که ژیان چه‌نده پڕ ئازاره له‌م جیهانه‌دا، ئه‌و جیهانه به ره‌قی خۆی نه‌رمی‌و ناسکی دڵ به‌رگه‌ی ناگرێت، ده‌بێت شاعیر خۆی به‌هێزبکات.
جگه‌له‌وه‌ی شاعیر له نێو جیهانی بوونی خۆیدا، تانه له جیهانی ئه‌وان ده‌گرێت، واته ئه‌و جیهانه واقعییه‌ی ئه‌وان به که‌ڵکی دڵی شاعیر نایه‌ت، ئه‌مه‌ش هه‌نگاوهه‌ڵگرتنی شاعیره له بوونی رۆژانه‌ییه‌وه بۆ بوونی ره‌سه‌ن، پرسیارکردنه له بوون به گشتی(١١). ناونیشانی ئه‌م دیوانه، بڕیاردانی تێدایه، له‌وه‌ی دڵ لێنادات، هاوکات ده‌ستنیشانکردن و ئاماژه‌کردن و چاوه‌ڕوانی تێدایه(دڵ له‌م جیهانه‌دا لێنادات)، ده‌شێت دڵ له جیهانێکی دی لێبدات(جیهانی ناوه‌کی)، یان با ئه‌م جیهانه والێبکه‌ین دڵ تیا لێ بدات؟ به‌ڵام ئایا بڕیاردانه‌که‌ی و ئاماژه‌ی به گۆڕینی جیهان دژیه‌ک نین؟. به‌ڵام باسی ئه‌وه‌م کرد، ره‌شبینی رووکه‌شی شاعیر ئاماژه‌یه به هانده‌ری گه‌شبینی. هاوکات ده‌شێت وه‌ک ره‌مز بیخوێنینه‌وه، واته دڵ غه‌مگینه به‌م ژیانه، چونکه له‌رووی فسیۆلۆژییه‌وه دڵ که لێنه‌دات، واته مردن، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ده‌ڵێت لێنادات، به لێدانه‌وه ئه‌م دێڕه‌ی نووسیوه، واته ئه‌و ده‌مه‌ی ده‌ڵێت دڵ لێ نادات، دڵ ده‌بێت لێ بدات، ده‌نا ئه‌م نووسینه له‌دایکنه‌ده‌بوو. به‌ڵام ده‌شێت مه‌به‌ست ئه‌وه‌بێت، ئه‌و مردنه، که دڵ لێ نادات، رازینه‌بوون بێت به‌م ژیان و جیهانه، واته ئه‌م جیهانه جیهانی مرۆڤه وه‌ستاوه‌کانه، مرۆڤه نه‌گۆڕو جیاوازی کوژه‌کانه، ئه‌وانه‌ی هه‌ستیان نییه، خۆیان نین. خۆده‌شبێت مه‌به‌ست نارازیبوون بێت له مرۆڤه‌کانی ناو جیهان، توڕه‌یی بێت له خه‌ڵکه‌که‌ی، هاوکات له هه‌ندێک شیعریدا له ئاستی گه‌وره‌یی ژیاندا هه‌ست به‌مه ده‌که‌ین، هه‌ندێک ده‌میش ته‌نیا له ئاست نیشتیمان‌دا، واته سنوورێکی دیاریکراو شاعیری غه‌مگین کردووه، تا ئه‌وه‌ی خۆ دووره په‌رێزبگرێت لێیان، به‌ڵام نه‌شتوانێت، واته وه‌ک عاشقێک نه‌یه‌وێت مه‌عشوقه‌که‌ی ببینێت، چونکه به بینینی ئازار ده‌چێژێت، ناشتوانێت خۆ دوور بگرێ و باسی نه‌کات، یان نه‌یبینیبێت، واته چه‌ند جیهان دڵکوژ بێت، به‌ڵام باسی ده‌که‌م، چونکه عاشقیم. به زمانی هایدیگه‌ر بڵێم، له نێوان بوونی رۆژانه‌و بوونی ره‌سه‌نی خۆیدا گیری خواردووه، ئه‌و ده‌یه‌وێت خۆی بێت، خۆبوونیش جه‌نگی ده‌وێت(١٢).
عه‌قڵ و دڵ دوانه‌یه‌کن، عه‌قڵ ئه‌م جیهانه‌ی سازکردووه، ئه‌و دیکتاتۆره شوێنێکی بۆ دڵ نه‌کردۆته‌وه. ئه‌م جیهانه ماڵی عه‌قڵه نه‌ک دڵ. ناونیشانی یه‌که‌م دیوانی رامیار ”له‌سه‌رما ئاژاوه‌یه‌ک هه‌یه بۆ خۆکوشتن له دڵما ترپه‌یه‌ک هه‌یه بۆ ژیان”گه‌ر سه‌ر ئاماژه بێت بۆ عه‌قڵ، عه‌قڵیش بۆ خۆکوژی، دڵیش بۆ ژیان. واته ئه‌وه‌ی من به عه‌قڵ ده‌ژیم، ناتوانم بژیم، چونکه عه‌قڵ به‌ره‌و خۆکوشتنم ده‌بات، به‌ڵام پێویستمان به‌شتێکه تا هاوسه‌نگی راگرێت ئه‌ویش دڵه. دڵ ژیانی له‌خۆدا هه‌ڵگرتووه، ئه‌وانه‌ی به دڵ ده‌ژین گرفتی ژیانیان نییه(به‌ڵام گرفتی جۆری ژیانیان بێگومان هه‌یه)، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی به عه‌قڵ ده‌ژین گرفتی ژیانیان هه‌یه(لێره‌دا گه‌ر بیر له خۆکوژی فه‌یله‌سوفان بکه‌ینه‌وه خراپ نییه، هاوکات عاشقه خۆکوژه‌کانیش عه‌قڵ پاڵنه‌ری خۆکوژیان بووه). خۆکوشتن نه‌مانه له‌م جیهانو ژیانه‌دا. به‌ڵام دڵ ده‌ژی له نێو ئه‌م جیهانو ژیانه‌دا، واته دڵ مه‌یلی ژیان ده‌کات، به‌ڵام عه‌قڵ به جۆرێک بێز له ژیان ده‌کاته‌وه. بۆ ئه‌وه‌ی ناروونی ساز نه‌بێت هه‌ندێک دڵ هه‌یه پاڵنه‌ری عه‌قڵه، هاوکات به پێچه‌وانه‌شه‌وه، له‌به‌رئه‌وه جۆری هزرینه‌که ده‌گۆڕێت له نێوان شاعیر‌و فه‌یله‌سوف، ناکرێت شاعیر بێ هزر بژی، ته‌نیا به دڵێکی بێ هزر کرده‌ی شیعری ئه‌نجامبدات. چونکه له شیعره‌کانی شاعیردا هه‌ست به بیرکردنه‌وه‌ی دڵی ده‌که‌ین، یان رۆحی، به‌واتا عه‌قڵی شاعیر له‌ناو دڵیدایه، ده‌نا گه‌لێ زوو شاعیر خۆی ده‌کوشت، بیرکردنه‌وه‌ی شاعیر له رێگه‌ی دڵه‌وه‌یه. ”عه‌قڵم تاراده‌یه‌کی زۆر له‌ناو دڵمدایه”49، یان ”من دوایین رۆژهه‌ڵاتیم به دڵ بیرده‌که‌مه‌وه”27. شاعیر به تێکه‌ڵکردنی عه‌قڵ‌و دڵ هاوسه‌نگییه‌کی راگرتووه له‌نێوان ژیان‌و مردن‌دا. ترپه‌ی دڵ له‌به‌رامبه‌ر ئاژاوه‌ی سه‌ردا لاوازه، واته ژیان له‌به‌رامبه‌ر خۆکوشتنم گه‌لێ لاوازه، به‌ڵام هێزی دڵ له هێزی عه‌قڵ گه‌لێ بڵندتره، ده‌نا ئاژاوه، توانای خامۆشکردنی ترپه‌ی هه‌یه، به‌ڵام به‌هێزی دڵه، که ئاژاوه‌ی له‌به‌رامبه‌ر ترپه‌ی خۆیدا سه‌رو نه‌کردووه، چونکه ئاژاوه توانای شاردنه‌وه‌ی ترپه‌ی هه‌یه، گه‌ر دڵ لاواز بێت. شه‌ڕی دڵ‌و عه‌قڵ دواجار ده‌بێته جۆرێک له لێکتێگه‌یشتن، که ئه‌ویش بیرکردنه‌وه‌ی دڵه.
شاعیر،که ده‌ڵێت دڵ لێنادات جۆره هه‌ڵوێستێک ده‌نوێنێت به‌رامبه‌ر به جیهان، تا خۆی سازکات، تا بوون له نێو خۆی، به ره‌و بوون بۆ خۆهه‌ڵکشێت(ئه‌م دوو چه‌مکه سارته‌رین و له کتێبی بوون و نه‌بووندا به وردی شیکراونه‌ته‌وه)(١٣)، واته له‌نێوان بوونی ره‌سه‌ن و بوونێکی داگیرکراودایه ”ئه‌م دووره په‌رێزییه‌ش جۆرێکه له هه‌ڵبژاردنی بوونی خۆ” شاعیر ده‌بێت خراپی جیهان ده‌ربخات تا دۆخی خۆی باس‌بکات، بگره به باسکردنی دۆخی جیهان دۆخی خۆی و بوونی خۆی باسده‌کات، شاعیر باسی سه‌لاری‌و بێوه‌یی ئه‌وان ده‌کات، که چۆن سه‌ری خۆیان کزکردووه نا‌وێرن له خۆیان بڕوانن، لێره‌وه باسی یاخیبوون‌و ریسک‌کردنی خۆی ده‌کات، جیهان ئاوێنه‌ی کرده‌ی خۆیه، هه‌ڵبژاردن و سازکردنه‌کانمان جیهان سازده‌کات، سارته‌ر وته‌نی ئێمه شایسته‌ی ئه‌م جیهانه‌ین چونکه خۆمان سازمانکردووه(١٤)، رامیاریش ده‌یه‌وێت هه‌ڵوێست له ئاست ئه‌و جیهانه‌دا وه‌ربگرێت، چونکه جیهانی مرۆڤه.
لەلایەکی دیکەوە لە شیعرەکانیدا مرۆڤی بەرز زۆر هاتوە کە پێمانوایە بە کاریگەر نیچە، بەرزە مرۆڤ-مرۆڤی سۆپەرمانی وەرگیراوە، چونکە ئەو یاخیبوونەی نیچە هەیەتی لە شیعرەکانیدا هەیە، چونکە مرۆڤی لەسەر نەخشە نەڕۆشتوو بریتیە لەو مرۆڤە یاخیە(١٥). لەلایەکی دیکەوە ئەو جیهانە ڕەشبینیەی لە شیعرەکانیدا بەدەردەکەوێت کە تێهەڵکێشە بە گەشبینی بیرخەرەوەی کامۆیە کە چۆن لە سەرەتاو هەنگاوی یەکەمیدا رەشبینی هەبووە لە چەشنی دەربڕاوی’ئایا ژیان شایستەی ئەوەیە تێیدا بژین’ لەگەڵ قۆناغی دووەمی کارەکانی کە بەرگریە لە ژیان و مانەوە.(١٦)
لێرەوە دەبێت بڵێین شیعرەکانی زۆر زیاتر هەڵدەگرن بۆ وردبوونەوە لەوەی چۆن بە کاریگەریەکە گواستراوەتەوە، بەڵام بوار نییەو ئەوەی هەیە فەرهەنگێک لەو زاراوانەی شاعیر لێی سودمەند بووە دەخەینە ڕوو.
کەناڵەکانی شاعیر کاریگەریەکەی لێوە گواستوەتەوە:
جێگەی باسە هەر شاعیرێک یاخود نووسەرێک لە رێگەو ناوەندێکەوە کاریگەری خۆی لەگەڵ ئەو سەرچاوەو نووسەرو رێبازانە وەردەگرێت، بێگومان ئەو ناوەندەش گرنگە، ئایا ناوەندەکە رەسەنەو ئەسڵیە یاخود ناراستەوخۆیە، تێبینی دەکەین شاعیر بە شێوەیەکی راستەوخۆ سودی لەو کەناڵانە وەرگرتووە، لەلایەک بۆ توێژەر ئاسانە دۆزینەوەی چونکە خۆی ئاماژەی پێدەدات، هاوکات لەنێو شیعرەکانیشیدا پێماندەڵێت، لە دەرەوەی خۆشی بەهۆکاری نووسینەکانی بەدەر لە شیعرەکانی ئەو کاریگەریە دەدۆزینەوە. لە خوارەوە چەند کەناڵێک دیاریدەکەین.
١ـ شاعیر زمانی ئەوروپی زانیوەو خوێنەری بووە بەو زمانە ئەوروپیانە، ئەمەش لە نووسینەکانیدا دەبینرێت، کە وەک سەرچاوەی نووسینەکانی بەکاریهێناوە.
٢ـ شاعیر خوێنەرێکی بواری فەلسەفەیەو کاریگەری ئەم فەلسەیەو بەگشتی فەلسەفە لە شیعرەکانیدا رەنگیداوەتەوە.
٣ـ لایەنێکی زۆر دیار‌و بەڵگەنەویست شاعیر بۆ خۆی لە شیعرەکانیدا ناوی سارتەرو چەندین فەیلەسوف و شاعیری سۆفیگەری هێناوە، کە دەریدەخات لە کوێوە بیرۆکەکانی بۆ هاتووە.
٤ـ شاعیر لە تێهەڵکێشکردنی ئەو دوو دنیایە دنیای عیرفانی و فەلسەفی، سودی وەرگرتوەو شاعیرە فارسە کلاسیکەکان لە شیعرەکانیدا ناویان هاتووەو بۆ خۆشی شیعری لە شارە ئێرانیەکان نووسیوە. لەبەرئەوەی زۆرینەی شیعرەکانی شاعیر ناوی شوێن و کاتەکەی تێدایە ئەوا دەبێتە بەڵگەیەکی باش بۆ دۆزینەوەی ئەم کاریگەریە.
فه‌لسه‌فه‌ی بوونگه‌رایی:
فه‌لسه‌فه‌ی بوونگه‌رایی به‌پله‌ی یه‌که‌م بایه‌خ به بوونی مرۆڤ ده‌دات، بوونی مرۆڤیش وه‌كو هه‌موو هه‌بوویه‌كی دیكه، بونیادی ئۆنتۆلۆجی و خه‌سڵه‌تی تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه. ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییه‌ی، جیاوازییه‌كی بنه‌ڕه‌تی له نێوان ئه‌م‌و هه‌بووه‌كاندا دروستده‌کات. تایبه‌تمه‌ندیه‌تی بوونی مرۆڤیش له چه‌ند خاڵێكدا كۆده‌بێته‌وه:
یه‌كه‌م، بوونی مرۆڤ به پێچه‌وانه‌ی هه‌بووه‌كانه‌وه، پێش ناوه‌ڕۆكی ده‌كه‌وێت و ناوه‌ڕۆكی له بوونیدایه. واته بوونێکی ناته‌واوی هه‌یه‌و ده‌بێت خۆی ته‌واوبکات و ناوه‌ڕۆک بۆ خۆی په‌یدا بکات.
دووه‌م، ناوه‌ڕۆك ده‌سته‌یه‌ك خه‌سڵه‌تی نه‌گۆڕ و پێدراو نیه و ئه‌و پڕۆژانه‌یه، که مرۆڤ خۆی هه‌ڵیانده‌بژێرێت و به‌ئه‌نجامیان ده‌گه‌یه‌نێت.
سێیه‌م، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی مرۆڤ به‌بێ ناوه‌ڕۆك په‌یدا ده‌بێت و خۆی ناوه‌ڕۆك بۆ خۆی داده‌هێنێ، ئه‌وا ناته‌واوه و بوونێكی پڕی نیه. له‌م ڕێگه‌یه‌شه‌وه ده‌توانێت بوونێکی ره‌سه‌نی هه‌بێت.
چواره‌م، بوونی مرۆڤ ئاگامه‌ندانه‌یه، یان مرۆڤ ئاگامه‌ندییه و ئاگامه‌ندانه هه‌وڵی تێگه‌یشتنی بوون ده‌دات و ده‌یه‌وێت خۆی ته‌واو بكات.
بوونگهرایهتی ڕادیكاڵانه، بۆچوونه زاڵبوه‌كانی ئه‌ریستۆ و دێكارت ڕه‌تده‌داته‌وه و زه‌مینه‌یه‌كی نوێی فه‌لسه‌فیمان بۆ ئاماده‌ده‌كات. با بزانین له چ ڕوویه‌كه‌وه، یان بۆچی بوونگهرایهتی ڕادیكاڵانه‌یه؟ بوونگهرایهتی له دوو ڕووه‌وه ڕادیكاڵانه‌یه، یه‌كه‌م، له ڕه‌تدانه‌وه‌ی بیروباوه‌ڕه فه‌لسه‌فییه‌كانی له‌پێشتر و له ڕوویه‌كی دیكه‌وه، له پێشخستنی بوون و دواخستنی ناوه‌ڕۆكدا. دووه‌م، له هه‌ڵگێڕانه‌وه‌ی كۆجیتۆكه‌ی دێكارتدا بۆ “((من هه‌م، كه‌وابوو من بیر ده‌كه‌مه‌وه !))”.(17) هه‌ڵگێرانه‌وه‌ی كۆجیتۆكه‌ی دێكارت بۆ ئێمه، هێنده‌ی هه‌ڵگێڕانه‌وه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی هیگڵ له لای ماركسه‌وه گرنگ و ڕادیكاڵه. دامه‌زراندنی ناوه‌ڕۆكێكی له پێشتر و نه‌گۆڕ بۆ بوونی مرۆڤ، جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌و خاڵه ده‌كات، كه مرۆڤ وه‌كو هه‌بوویه‌ک، پێش هاتنی بۆ ناو جیهان، ناوەڕۆکی له‌پێشتری له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتێكی ده‌ره‌كییه‌وه بۆ سازكراوه و به‌و ناوه‌ڕۆكه پڕ و له‌پێشتر و پێدراوه‌وه په‌یدا بوه. ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر گۆڕانكاری و هه‌ڵبژاردن و ئافراندنی ناوه‌ڕۆكی خۆیدا نیه و به ناچاری ده‌ژی. ناچاره‌كی ڕه‌تدانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی داهێنان و سه‌ربه‌ستی مرۆڤه و ڕێگه‌نادات مرۆڤ ناوه‌ڕۆكی خۆی ته‌واو بكات و پڕۆژه‌كانی بوونی هه‌ڵبژێرێت.
به پێچه‌وانه‌ی ئه‌م بۆچوونه ئایدیالیسته‌وه، ئێمه له‌و باوه‌ڕه‌داین ناوه‌ڕۆكی مرۆڤ داهێنانه و سه‌ربه‌ستیش پێشمه‌رجێكی زه‌رورییه بۆ بوونی. ئه‌گه‌ر مرۆڤ سه‌ربه‌ست نه‌بێت و پڕۆژه‌كانی بوونی هه‌ڵنه‌بژێرێت ناوه‌ڕۆكی خۆی داناهێنێت. داهێنانی ناوه‌ڕۆكیش له‌و حاڵه‌ته‌دا ڕووده‌دات، كاتێك مرۆڤ به‌بێ ناوه‌ڕۆكێكی له‌پێشتر په‌یدا بێت و به ناته‌واوی بێته جیهانه‌وه، تاکو بتوانێت ڕۆڵی داهێنه‌رانه‌ی خۆی ببینێت. هه‌ر لێره‌وه‌یه ئه‌م فه‌لسه‌فه‌یه بایه‌خ به تاک ده‌دات به‌و مانایه‌ی وه‌ک تاکێک دێته نێو جیهانه‌وه‌و ناته‌واوه‌و ده‌بێت خۆی ته‌واو بکات و پرۆژه‌کانی هه‌بڵژێرێت.(18).
فەرهەنگی هەندێک لە چەمکە فەلسەفییەکانی فەلسەفەی بوونگەرایی کە لە شیعرەکانی رامیاردا رەنگیداوەتەوە:
جیهان و بوون- له‌ناو– جیهان: پێشمه‌رجێکی ئۆنتۆلۆجی بوونی مرۆڤه و له هه‌موو پێشمه‌رجه‌کانی دیکه هه‌مه‌کیتر و له پێشتره. چونکە مرۆڤ لەنێو جیهاندایە بۆ ئەوەی هەبێت.
بوونی مرۆڤ ناتەواوە: واتە مرۆڤ بە کەمیەوە هاتوەتە بوون و فڕێدراوە دەبێت خۆی تەواو بکات..شاعیر زۆر لە ژێر کاریگەری ئەمەدا بووە بۆ نمونە بەهەشتی راستەقینە گەڕانە بۆی. یان ئەم جیهانەی من بۆ هەر کەسێ رێگەی خۆی هەیە.. واتە هەر مرۆڤێک دەبێت خۆی هەڵبژێرێت نەک لەسەر ئەوانیتر بژی و خۆی نەژیو ئەوانیتر بڕیاری بۆ بدەن. تێبینی بکەین بوونی رەسەن و نارەسەنیش کە پاشتر دێن پەیوەستن بە کەمی بوونەوە، کە مرۆڤی رەسەن خۆی پڕدەکاتەوە، بەڵام نارەسەن ئەوەیە تا دەشمرێت هەر بە ناتەواوی دەمرێت.
بوونی ڕه‌سه‌ن: بوونێكی خۆناس و خاوه‌ن خۆیه، له ژێر کاریگه‌ری بیرکردنه‌وه‌ی ئه‌واندا هه‌ڵنابژێرێ و بڕیار نادات.
بوونی ناڕه‌سه‌ن: بوونێكی خۆنه‌ناس و نامۆ، بوونێكی داگیركراوی هه‌یه، له ژێر کاریگه‌ری ئه‌وانیدیکه‌دا ده‌ژی و بیرده‌کاته‌وه.، ئه‌وان حه‌زیان له چی بێت ئه‌ویش حه‌زی لێده‌کات. ئه‌وان ناگه‌ڕێن به‌دوای ژیانی خۆیاندا.
سوپه‌رمان، مرۆڤی به‌رز: ئامانجی مرۆڤه له فه‌لسه‌فه‌ی نیتشه‌دا. کە شاعیر لە شیعرەکانیدا زۆر بەمە کاریگەرەو ئەو یاخیبونانەی نیشانەی بەرزی مرۆڤ نیشاندەدەن. تێبینی شاعیر بکەین من مرۆڤێک دروستدەکەم تر س لە دڵیدا نەبێت.. ئەم هێزە هێزی خوا-مرۆڤیە. هاوکات جۆرە باڵابوون و دەرچونێک لە هێزەمیتافیزکیەکان هەیە، کە دەرخەری ئەو هێزەی راگەیاندنی (خوامرد) ی نیچەیە لای شاعیر.
هیچگه‌رایه‌تی: بۆچوونێكی بوونناسانەیە، كه بنه‌ڕه‌تی بوون به(هیچ) داده‌نێت. چەند جۆرێک هیچگەرایەتی هەیە، کە باسی دوو جۆر هیچگه‌رایه‌تیمان كردووه: هیچگه‌رایه‌تی ڕه‌شبین و ڕووناكبین، یان هیچگه‌رایه‌تی ڕه‌شبین و به‌رنامه‌گه‌ری. شاعیر لەو ڕەشبینانەیە کە بەرنامەی هەیەو بۆخۆی رەتی هیچەگەرایەتی دەکات، چونکە لەو شاعیرانەیە پرۆژەیە بۆ خۆتەواکردن هەیە لەبەرئەوە لەو شاعیرە ڕەشبینەی گەشبینی تیا دەردەکەوێت.
نیگه‌رانی: ئه‌و رێگه‌یه‌یه که مرۆڤی ناره‌سه‌ن به‌ره‌و ره‌سه‌نیه‌ت ده‌گه‌ڕێنێته‌وه به‌هۆی ئازاری ویژدانه‌وه، واته وه‌ک گڵۆپێکه داده‌گیرسێت کاتێک له ره‌سه‌نیتداین. شاعیر زۆرکات مه‌یلی ئه‌م ناره‌سه‌نیه‌ته‌ی هه‌یه‌و نیگه‌رانی گه‌ڕاندویه‌تیه‌وه بۆ نێو ره‌سه‌نیته.. بۆ نمونه ‘باوه‌ڕناکه‌م که‌س وه‌ک من به خوارخێچی بیری کردبێته‌وه’ ئه‌م ئاگاییه له خواروخێچی نیشانه‌ی نیگه‌رانیه.
تاکه‌که‌س: له‌م فه‌لسه‌فه‌یه‌دا به تایبه‌ت روو له تاکه‌که‌س و بایه‌خ به پێگه‌یاندنی تاکه‌که‌س ده‌کات. لێره‌شدا شاعیر زیاتر وه‌ک تاکه‌که‌س ده‌رده‌که‌وێت. تاکێکی ره‌سه‌ن و خۆهه‌ڵبژێر که بڕیار له‌سه‌ر چاره‌نووسی خۆی ده‌دات.
ئه‌نجام:
1ـ شاعیر له شیعره‌کانیدا به ئاشکرا کاریگه‌ری فه‌لسه‌فه‌ی بوونگه‌رایی و لایه‌نی رۆحی سۆفیگه‌ری پێوه دیاره.
2ـ شاعیر راسته‌وخۆ ئه‌و کاریگه‌ریه‌ی نیشانداوه، به ناوهێنانی فه‌یله‌سوف و شاعیره سۆفیگه‌ره‌کان.
3ـ له‌و فه‌لسه‌فه‌یه‌دا جۆرێک له ڕه‌شبینی هه‌یه، که سودی لێوه‌رده‌گیرێت بۆ خۆپێگه‌یاندن و ره‌سه‌ن بوون، که شاعیر به‌هه‌مانشێوه ڕه‌شبینی پێگه‌یه‌نه‌رانه‌ی پێوه دیاره.
4ـ شیعره‌کانی شاعیر به زمانێکی زۆر ساده نووسراون، به‌ڵام بیرێکی فه‌لسه‌فی له پشت شیعره‌کانه‌وه‌یه.
5ـ پارادۆکسێک له شیعره‌کانی شاعیردا هه‌یه، له‌نێوان ره‌سه‌نبوون و ناڕه‌سه‌نبووندا به مانا فه‌لسه‌فیه بوونگه‌رایه‌که، که شاعیر له زۆر شوێندا ویستی ناره‌سه‌نی هه‌یه، له‌به‌رئه‌وه‌ی مرۆڤی ناره‌سه‌ن خۆشبه‌خت ده‌ژی بیر له ژیان ناکاته‌وه، به‌ڵام هاوکات شاعیر پێیوایه ژیان بۆ ئه‌وه‌ی بیری لێبکه‌یته‌وه‌و بایه‌خی پێبده‌یت. بۆیه جه‌نگی ره‌سه‌نیه‌ت ده‌کات.
***
سەرچاوەکان:
١ـ وانەی ئەدەبی بەراورد[خوێندنی دکتۆرا]، د. محەمەد دلێر.
٢ـ د.محه‌مه‌د که‌مال، سارته‌رو خوێندنه‌وه‌یه‌کی نوێ، ده‌زگای سه‌رده‌م- سلێمانی، لاپه‌ڕه، 48.
٣ـ لەسەرما ئاژاوەیەک هەیە بۆ خۆکوشتن، لە دڵما ترپەیەک هەیە بۆ ژیان(ئەم دیوانە ساڵی ١٩٩٨ لە چاپخانەی رەنج چاپکراوە. رامیار مه‌حمود، دڵ له‌ناو سنگی ئه‌م جیهانه‌دا لێ نادات، له بڵاوکراوه‌کانی رێکخراوی کۆنسێپت- سلێمانی، ساڵی چاپ 2012.
٤ـ ئەلیکساندەر دیکما، پرنسیپەکانی ئەدەبی بەراورد، وەرگێڕانی لەرووسیەوە، د. ئەنوەر قادر محەمەد، چاپ و بڵاوکردنەوەی سلێمانی، ٢٠١٢.لا. ١٦٤
ـ ٥. د. محەمەد ئەمین عەبدوڵڵا، بوون لەشعری مەحوی، مەڵبەندی كوردۆلۆجی-سلێمانی، چاپی یەكەم، ساڵی.2008
6ـ کۆمه‌ڵێک نووسه‌ری سویدی، فه‌لسه‌فه‌ی کۆچه‌ری، وه‌رگێڕانی، هه‌ندرێن، سه‌نته‌ری لێکۆڵینه‌وه‌ی فکری‌و ئه‌ده‌بی نما، به‌هاوکاری وه‌زاره‌تی رۆشنبیری سلێمانی، ساڵی 2005، لاپه‌ڕه.75.
٧ـ مارتن هایدیگه‌ر، بوون و کات، وه‌رگێڕانی د.محه‌مه‌د که‌مال، ده‌زگای سه‌رده‌م-سلێمانی، ساڵی 2013، لاپه‌ڕه. 261.
٨ـ ئالبێركامۆ، ”مرۆڤی یاخی” وه‌رگێڕانی ئازاد به‌رزنجی، كتێبخانه‌ی ئه‌ندێشه-سلێمانی، ساڵی 2012. لا.244.
٩ـ د.محەمەد كەمال، هایدیگەر‌و شۆڕشێكی فەلسەفی، دەزگای سەردەم-سلێمانی، چاپی یەكەم، ساڵی 2007
١٠ـ مارتن هایدیگه‌ر، بوون و کات، لا.. ٣٦٣.
١١ـ زەکەریا ئیبراهیم، کێشه‌ی مرۆڤ (کێشه فه‌لسه‌فییه‌کان)، وه‌رگێڕانی، محمه‌مه‌د مسته‌فا قه‌ره‌داغی، خانه‌ی وه‌رگێڕان- سلێمانی، ساڵی 2013، لاپه‌ڕه 20.
١٢ـ بوون و کات، مارتن هایدیگەر.. لا٣٦٨.
١٣ـ ژان پۆل سارته‌ر، بوون و نه‌بوون، وه‌رگێڕانی، د.محه‌مه‌د که‌مال، ده‌زگای سه‌رده‌م- سلێمانی، ساڵی 2011. لاپه‌ڕه 17.
١٤ـ سەرچاوەی پێشوو. لا. ٤٦٦.
١٥ـ فریدریش نیچه، وه‌های گوت زه‌رده‌شت. وه‌رگێڕانی عه‌لی نانه‌وازاده. ده‌زگای موکریان-هه‌ولێر. چاپی یه‌که‌م، 2001. لاپه‌ره 38.
١٦ـ ئەلبێرت کامۆ ”مرۆڤی یاخی” وه‌رگێڕانی ئازاد به‌رزنجی، كتێبخانه‌ی ئه‌ندێشه-سلێمانی، ساڵی 2012.
١٧ـ http://www.bungeraiy.net/.
١٨ـ د.محەمەد کەمال، ئۆنتۆلۆجی بنەڕەتی بوونی مرۆڤ. یانەی قەڵەم ـ سلێمانی، چاپی دووەم. ٢٠١٢.
ئەو سەرچاوانەی بۆ فەرهەنگەکە سودم لێوەرگرتووە، جگە لەو دوو کتێبەی هایدیگەر‌و سارتەر:
١ـ د.محەمەد كەمال، هایدیگەر‌و شۆڕشێكی فەلسەفی، دەزگای سەردەم-سلێمانی، چاپی یەكەم، ساڵی 2007
٢ـ د. محەمەد کەمال، نیتشە و پاش تازەگەری، دەزگای سەردەم-سلێمانی، ٢٠١١.
٣ـ د.محەمەد كەمال، بوون‌وداهێنان،دەزگای سەردەم-سلێمانی، چاپی یەكەم، ساڵی 2004.
٤ـ فەلسەفەی سارتەرو خوێندنەوەیەکی نوێ، دەزگای سەردەم- سلێمانی. ٢٠٠٦.