سڵایدهزر

فەلسەفەی زانین لای فەیلەسوفانی یۆنانی (سوكرات و پلاتۆن و ئەریستوتیلیس)

نووسینی: د. حسن حسین(*)

       أ. شوێن و پێگەی سوكرات لە ناو مێژووی فەلسەفەی یونانیدا بۆ هەوڵەكانی لە بواری ” مێتود” دەگەرێتەوە.

سوكرات لە تیۆری تایبەت بە خۆی دەڵێت :” پێویستە لە ناخ و دەروونی مرۆڤدا بە دوای زانیندا بگەریین، چونكە ئەو زانینە بە هۆی پرسیاركردن و گفتوگۆكردنەوە دێتە دونیاوە. بە واتای ئەوەی كە دۆزەرەوەی زانین لە ناخی مرۆڤدا بریتیە لە بیركردنەوە نەك دەركپێكردنی هەستی و راستەوخۆ بۆ شتەكان”. مێتودی سوكرات لە زانیندا پشت بە بنەمایەكی گرنگ دەبەستی ئەویش: ئەوەی ئێمە لە توێژینەوەی فەلسەفیدا هەوڵی بۆ دەدەین بریتیە نی یە لە دۆزینەوەی شتێك كە پێشتر هیچ مان لە بارەییەوە نەدەزانێ، بەڵكو بۆ ئەوەی بە باشترین رێگا و شێواز شتێك بزانین كە پێشتر لە بارەییەوە شتمان زانیوە، ئەمە واتای ئەوە ناگەینێت كە ئێمە شتی زیاتر دەربارەی بزانین، یان زانیاری زیاترمان دەستەكەوێ، بەڵكو ئەوەی كە ئێمە بە رێگا و مێتودی جیاوازەوە بگەینە زانین و ناسینەوەی، بە باشترین شێوە بیزانین یان بیناسین، زانینی كرداری نەك زانینی نا راستەقینە، یان راستەوخۆ یزانین یان بیناسینەوە، نەك بە شێوەی شاراوە(كولنوجوود،ص152-153). لێرەوەیە كاتێك سوكرات دەڵێت :” تاكە شتێك دەیزانم ئەوەیە كە هیچ نازانم”، ئەو مەبەستی ئەوە نی یە كە نەزانە، یان هیچ نازانێ، بەڵكو ئەو بۆچوونە گوزارشت لە دۆخێكی تایبەت دەكا كە پەیوەست بە پێشكەشكردنی پێناسەی تەواو بۆ تێگە و وێنە و بۆچوونە فەلسەفیەكان، سوكرات ئەو گرفتەی هەبوو، نەیدەتوانی بە وردی پێناسە بۆ بۆچوونەكانی بكات، ئەمەیش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كە تێروانینە فەلسەفیەكان هیچ جۆرە پێناسەیەك پەسەند ناكەن وەك ئەوەی لە زانستەكاندا هەیە.

       ب. فەلسەفەی زانین لای پلاتۆن:

       پلاتۆن لە دیالۆكی تیتاتوس بۆچوونەكانی دەڕبارەی زانین دەخاتە ڕوو، تیادا ڕەخنە لە بۆچوونی سۆفیستەكان دەگرێ بەوەی كە هەستەكان سەرچاوەی زانین بن. بەشێكی دیالۆكەكە بۆ پێناسەی زانست و زانین تەرخان دەكا، دیالۆكەكە لە نێوان سوكرات و تیتاتوس دەبێ، ئەوەی تیتاتوس باسی دەكا بریتیە لەوەی ” ئەو كەسەی شتێك بزانێ ئەوە هەستی پێدەكا.. كەواتە زانین تەنها بریتیە لە هەستپێكردن”(صالح، ل 32-33). لێرەدا سوكرات پرسیاریك ئاراستەی تیتاتوس دەكا و دەڵێت زانین چییە؟ چونكە پلاتۆن كاتێ توێژینەوە لە بابەتی زانین دەكا كە پرسیار دەربارەی زانین چییە و ڕاستی چییە دەست پێدەكا. بەڵام وەڵامی ئەو پرسیارە ناداتەوە پێش ئەوەی نەزانین و ناراستی نەسەلمینی چییە، ئەمە كارەیش بە ڕەخنە گرتن لە سۆفیستەكان دەست پێدەكا (جدیدی، ل 266). لەبەرئەوە، كاتێ سوكرات دەربارەی زانین لە تیتاتوس دەپرسێ ئەویش لە وەڵامدا دەڵێت:

1. زانین هەستكردنە یان دەركپێكردنی هەستییە.

2. زانین بڕیاری ڕاستە یان باوەڕی ڕاست.

3. زانین بریتیە لە باوەڕی ڕاست كە بە پاساو و بەڵگە داكۆكی لێدەگرێ.

       لێرەدا تیتاتوس لە پێناسەی یەكەمدا مەبەستی ئەوەیە كە بڵێت زانین لە كوپیكراوە هەستیەكانەوە دەستپێدەكا كە خاوەنەكەی متمانەی تەواوی پیێ هەیە. لەبەرئەوە، سوكرات دەڵێت ئەمە بۆچوونی ” بروتوگوراسە” كە دەڵێت :” مرۆڤ پێوەرە بۆ سەرجەم شتەكان”. واتای ئەمە ئەوەیە كە شتەكان بۆ تۆ چۆنن ئەوها دەبن، وە بۆ من چۆنن ئەوها دەبن و هەردووكمان لە نەوەی ئادامیزادین. بەڵام گەر بپرسین ئایا مەبەستی سۆفیستەكان لە مرۆڤ چییە؟ ئایا مرۆڤی تاكە یان مرۆڤی گەردوونیە بەوەی هەموو تاكێك بەشێك لە ماهیەتی مرۆڤایەتی تیادایە. ئەوەی سۆفیستەكان و لە دەقەكەی پروتوگوراسدا هاتووە مرۆڤی تاكە بەوەی كە توانا و تێگەیشتنی مرۆڤ تاكە پێوەرە بۆ بوونی سەرجەم شتەكان و نەبوونیان. بە واتای ئەوەی مرۆڤ بە هەستەكان دەركی پێدەكا هەن و ئەوەیشی دەركی پێناكا نییە. كەواتە ڕاستی لای ئەوان بریتیە لەوەی كە راستەوخۆ بە رێگای هەستەكانەوە دەڕكی پێدەكەین، ئەوەی دەیبیستین و دەبینین و بونی دەكەین ڕاستیە، كەواتە ڕاستی بۆ هەموو كەسێك لە بارە (هەمان سەرچاوە، ل 266). لێرەوە سوكرات هەندێ گازەندە ئاڕاستەی بۆچوونی تیتاتوس دەكا و دەڵێت:

1. بە پیێ بارودۆخی مرۆڤەكان دەركپێكردن هەستی دەگۆری، بەڵام زانین بەردەوام لەو شتانە دەكۆڵیتەوە كە بابەتین، كەواتە زانین تەنها دەركپێكردن هەستی نییە.

2. چۆن جیاوازی بكەین لە نێوان دەركپێكردن هەستی ڕاست و هەڵە.

3. گەر بۆچوونی بروتوگوراس ڕاست بێ ئەوا مەحاڵە و كاڵتەجاریە كەسێك بۆچوونی كەسێكی تر ڕەتبكاتەوە ئەگەر ناڕاستیش بیت.

4. هەموو زانیاریەكانمان پەیوەست نییە بەوەی هەستپێكراوە، چونكە تایبەتمەندییە گشتییەكان وەك بوون و نەبوون و لێكچوون و جیاوازی و چاكە و خراپە ئەمانە چۆن دەیانزانین؟ وەك ئاشكرایە بە رێگای ئەقڵەوە دەناسڕێن نەك هەست. (زیدان، ل 17-18).

       سەبارەت بە پێناسەی دووەم سوكرات واتای ” بڕیاردان” ڕووندەكاتەوە و دەڵێت مەبەستم ” ئاخافتنی دەروونە لەگەڵ خوێدا” بۆ سەلماندنی بابەتێك یان ڕەتكردنەوەی، بە گەیشتنی بە جێگیری و نەمانی گومان بڕیاردەدەم. بڕیاردان بریتیە لە دەستەواژەیەك كە متمانەم بە ڕاستیتی هەیە و دواجار دەبێتە باوەڕ و بڕوا. لێرەدا سوكرات نموونەیەك دەهێنیتەوە بۆ رازیكردنی تیتاتوس و پاشگەزبوونەوەی لە بۆچوونەكەی. نموونەكەی بریتیە لە دیالۆكی نێوان پارێزەر و دادوەر. وەك دەزانین پارێزەر هەموو بەڵگەی سەلماندنی تاوانی تاوانبارەكەی لایە بەڵام هەندێ لەو بەڵگانە دەخات بەردەست كە دەبنە هۆی سەلماندنی بێ تاوانی كەسەكە و ئازادكردنی لە لایەن دادوەرەوە، لەبەرئەوە، دادوەران تەنها بە بیستنی ئەو بەڵگانەی پارێزەرەكە دەیخاتە ڕوو بڕیاری بێ تاوانی كەسەكە دەدەن، ئەمە بۆ خۆی ئەنجامێكی دروستە لە هەندێ زانینی كەمەوە. لەگەڵ ئەمەدا بڕیار ڕەنگە ڕاست بێ وە ڕەنگە ناڕاست بێ، بەڵام ئەمە لە زانیندا نییە لەبەرئەوە، سوكرات دەڵێت :” یان دەزانم یان نازانم ” ئەمەیە پلاتۆن روونیدەكاتەوە كە تایبەتمەندی بنەرەتی زانین ڕاستیە. و زانینی ناڕاستیش بریتیە لە دەڕبرینی ناكۆك. (هەمان سەرچاوە، ل 19)

       سەبارەت بە تیۆری زانین لای پلاتۆن وەك ئاماژەمان بۆ كرد بە پرسیار درەبارەی زانین چییە و ڕاستی چییە و زانینی ڕاستی چییە و ڕاستی ڕاستیەكان چییە؟ دەست پێدەكا. ئەمانە دەستپێكی هەموو فەیلەسوفێكی ئیپستیموڵۆجیە كاتێ بە دوای وەڵامی ئەو پرسیاراندا دەگەڕێ. لەبەرئەوە، پلاتۆن ڕەخنە لە سۆفیستەكان دەگەڕێ و هەست وەكو تاكە سەرچاوەی زانین ڕەتدەكاتەوە. لێرەدا پلاتۆن ڕەتكردنەوەی دەركپێكردن هەستی بە چەند خاڵیك رووندەكاتەوە:

1. ئەنجامەكانی داهاتوو ڕاستی دەركپێكردنی هەستی ناسەلمێنی، ئەوەی بۆ هەموو تاكێك دەربارەی داهاتوو ڕاستە لەگەڵ ڕوودانی ڕووداوەكان پێچەوانە دەبێتەوە بە نموونە ( دادوەرێكی مەزن بەڵام چارەنووسی بەندینخانەیە).

2. دەركپێكردن هەستی دەگاتە ئەنجامی ناكۆك، ئەو شتەی لە دوورەوە گەورەیە لە نیزیكەوە بچووكە.

3. گەر دەركپێكردن هەستی سەرچاوەی ڕاستی بێ یان ڕاستی بێ ئەو مرۆڤ دەبێتە پێورەی هەموو شتەكان بەوەی كە بوونەوەریكی دەرپێكەرە.

4. كاتێ دەڵین دەركپێكردن هەستی زانینە ئەوە تیۆرەكەی پرتوگوراس ڕووبەڕووی گرفت دەبێتەوە، چونكە ئەو پێیوایە ئەوەی بۆ مرۆڤ ڕاست بێ ئەوا ڕاستە، كەواتە كاتێ تیۆرەكەی بۆ من هەڵە بێ ئەوا دەبێ دان بەوەدا بنێت. (ولتر ستیس،ل 155-156).

بەڵام بۆچوونی پلاتۆن لەسەر زانین كە لە كۆماردا باسی كردووە پەیوەستە بە تیۆری ئیدیكانەوە، پلاتۆن پێیوایە كە بوونەوەرێكی نەگۆڕ هەیە و ڕەهایە و خەسڵەتی گۆڕانی بەسەردا نایت، ئەمە بەڵگەیە بۆ بوونی جیهانێك ئەو بونەوەرە لە خۆ بگرێ، ئەویش جیهانی ئیدیكانە ئێمە بە تێرامانی ئەقڵی دەڕكی پێدەكەین. پلاتۆن یەكەم كەس نەبووە باسی لەو جیهانە كردبێ، بەڵكو هەر یەك لە فیساگۆرس و سوكرات باسیان كردووە، فیساگۆرس بوونی جیهانێكی مەعقول بۆ تیروانین و ڕاستیەكانی ماتماتیك بە پێویست دەزانی. هەروەها سوكراتیش بوونی جیهانێكی مەعقول بۆ واتا ئاكاریەكان و ئاینیەكان بە پێویست دەزانی. بەڵام پلاتۆن لە گۆرانی شتەكانەوە گەیشتە بوونی جیهانێكی نەگۆڕ و ڕەها، ئەو جیهانە وەك هۆكارێك بۆ راڤەكردنی گۆران لە جیهانی هەستدا گرنگە. پلاتۆن بە پێویستە زانی بۆ هەر یەكێك لە شتەكانی جیهان هەست و بینراو ئیدەیەك هەبێ لە جیهانێكی تر كە شتەكانی ئەم جیهانە كۆپی ناتەواوی ئەو ئیدێیە بێ. ئەو ئیدێیانە بە ئەركی واتا گشتییەكان هەڵدەستی بۆ ڕاڤەكردنی چۆنیەتی بیركردنەوە لە شتە هەستپێكراوە لێكچووەكان. بۆچی پلاتۆن زانینی هەستی بە زانین نازانی؟ خوێندنی ئەو بۆ ئەندازە و ماتماتیك بونی ڕاستی ڕەها لە بابەتەكانی ماتماتیك یەكێكە لەو هۆكارانەی وا لە پلاتۆن بكە بڵیت جیهانی هەستپێكراو جیهانێكی جێگیر و چەسپیو نییە بەڵكو بە جیهانێكی گۆراو وەسفی دەكا كە هیچ زانینیكی ڕاست لە خۆ ناگرێ. چونكە ئەو بابەتەی شایستەی ئەوە بێ زانینی لێوە وەرگرین دەبێ بابەتی جێگیر و نەگۆڕ بێ ئەویش تەنها لە جیهانی ئیدێكاندا هەیە. لە ڕوانگەی پلاتۆنەوە دەستەواژە ئەزموونیەكان بابەتی زانین نین چونكە ڕاست و هەڵە لە خۆ دەگرن، زانینی ڕاستەقینە دەبی بەردەوام مسۆگەر بێ بە هیچ جۆرێك گۆڕان بەسەر بەهاكەیدا ڕوونەدا. لە لایەكی ترەوە بابەتەكانی هەستكردن یان شتە هەستپێكراوەكان دەكرێ بە ناكوك وەسف بكرێن، چونكە ئێمە دەتوانین لە كاتی جیاوازدا تایبەتمەندی جیاواز و ناكوك بخەینە پاڵ یەك شتی هەستپێكراو. بە نموونە جیاوازی هەیە لە نێوان نموونەی بازەنە و پرتقاڵی خڕ، خڕ بازەنە تەواو كامڵە و كەمووكورتی تیادا نییە، بەڵام خڕی شتێكی بازەنەی هەستپێكراو ناكامڵە و هەندێ جار وەك بازەنە دەردەكەوی و هەندی جاریش وەك هیلكەیی. لێرەدا پلاتۆن دەگاتە ئەنجامیك ئەویش شتە هەستپێكراوەكە بازەنەی نابی بە پێچەوانەوەی نموونەی بازەنەیی لە ئەندازەدا كە بەڕاستی فۆرمی بازەنەیی هەیە. لێرەدا پلاتۆن دەگاتە ئەوەی هەر شتیك سیفەتی ڕەهایەتی و نەگۆڕی و كامڵی تیادا بی ئەوا بابەتی زانینە، ئەمەیش تەنها لە جیهانی ئیدێكاندا هەیە، كەواتە بابەتی زانین بریتیە لە جیهانی ئیدێكان كە لە رێگای ئەقڵەوە دەركیان پێدەكەین. هەروەها پلاتۆن دەگاتە ئەوەی كە جیاوازی هەیە لە نێوان زانین و مەزنە و باوەڕ چونكە سیفەتی زانین ڕاستی ڕەهایە، بەڵام مەزنە یان باوەڕ ڕەنگە ڕاست بێ و ڕەنگە هەڵە بێ. (زیدان، ل 20-21)

پلاتۆن پێیوایە مرۆڤ بە شێوەی زگماكی هەڵگری فۆرم و ئیدەێ شتەكانە، ئەو فۆرم و ئیدێیانە بە بێ گۆڕان لە زەینی مرۆڤەكاندا دەمێننەوە لە كاتێكدا زانیاریەكانمان دەربارەی جیهانی دەرەكی كاتێ و لە ناودەچن و دەگۆڕێن لەبەرئەوە، ڕاستی بە هیچ جۆرێك لەم جیهاندا نییە، بەڵكو جیهانێك هەڵگری ڕاستی دەبێ كە بوونی لە دەرەوەی كات و شوێن بێ، بوونێكی باڵای هەبێ ئەویش جیهانی ئیدەكانە كە ڕاستی تیادا جێگیرە. ئیدێكانی پلاتۆن بریتین لە بێروكەكان دەربارەی تایبەتمەندی و چۆنیەتی شتەكان كە لای پلاتۆن بە شێوەی زگماكی لە زەینی مرۆڤدایە، وەك ئەوەی یادەوەری بێ و ئێمە لە جیهانێكی ترەوە بۆمان مابێتەوە(جیمس، ل 52-53). ئەمە بۆ خۆی بەرەو بابەتیك ترمان دەبات ئایا مرۆڤ پێش ئەوەی لە سەر زەوی دەركەوێ هیچ بەشێكی لە جیهانێكی تر ژیاوە؟ وەك دەوتری روحی مرۆڤ پێش جووت بونی لەگەڵ جەستدا لە جیهانێكی تر بووە، ئایا ئەو جیهانە جیهانی ئیدێكانی پلاتۆنە؟.

پێویستە ئێمە بزانین مەبەستی پلاتۆن چییە كاتی باس لە زانینی مسۆگەر دەكا، ئایا زانینی مسۆگەر تایبەتە بە زانست یان میتافیزیك ؟ مرۆڤ دەتوانی بگاتە زانینی مسۆگەر و نەگۆر؟. لای پلاتۆن زانینی مسۆگەر زانینە بە ماهیەتی نەگۆر، ئەو ماهیەتە هیچ پەیوەندی بە شتەكانی جیهانی هەستیەوە نییە(صالح، ل 37). بەو واتای ناكری مرۆڤ لە جیهانی هەستیدا بە دوای ئەو ماهیەتانە بگەڕێ. هەندێ پێیانوایە كە ژمارە و فۆرمە ئەندازەیەكان بریتین لەو ماهیەتە نەگۆرانە، بەڵام گەر ماهیەتی نەگۆر لە جیهانی هەستیدا بوونی نەبی ئەوا چون ئەو فۆرمانە بەشێكن لەو ماهیەتانە؟ لە كاتێكدا ژمارەكان و فۆرمەكان لەگەڵ شتە هەستپێكراوەكان بەشدارن یان دەكرێ وێنای ئەوە بكەین كە پەیوەندی هەیە لە نێوانیان. كەواتە ناكرێ بڵین ڕاستی ڕەها و مسۆگەریان هەیە لەبەر بەشداریان لەگەڵ شتەكانی جیهانی هەستی. بەڵام دەكرێ بڵین مسۆگەرێتی ئەوان دەكەوێتە نێوان سێبەری جیهانی هەستی و جیهانی ئیدەێ پەتی(هەمان سەرچاوە، ل 37). لێرەدا ئەو ڕووندەبێتەوە كە هەڵەی بڵین پلاتۆن جیهانی هەستی بە تەواوی ڕەتكردوتەوە یان پەراوێزخستوە لە پرۆسەی زانیندا. لە ڕاستیدا پلاتۆن گرنگی هەستی بە دوو جۆر ئاماژە پێكردووە:

1. لە ڕووی زانستیەوە پێویستە هەستپێكراو بناسینەوە بۆ ئەوەی بزانین بە باشی ڕەفتاری لەگەڵ بكەین و بە باشترین شێوە بە ڕیوەبەرین.

2. لە ڕووی تیۆریەوە دەركپێكردن جیهانی هەستی دەبێتە دەستپێكێك یان دەرگایەك بو گەیشتن بە زانینی ڕاستیەكان.

بەمشێوەیە دەگەینە ئەوەی كە جیهان سێ جۆری بوونەوەر لە خۆ دەگرێ : جۆری یەكەم جیهانی هەستپێكراو و جیهانی ڕاستیە ماتماتیكیكان و جیهانی ڕاستیە نەگۆرەكان و ماهیەتە ڕەهاكان. كەواتە بە پێی دابەشبونی جیهان بۆ سێ بەش ئەوا سێ جۆر زانینیشمان هەیە، یەكەم زانینی هەستی بە زانینی مەزەنەیی ناسراوە، دووەم زانینی بڕیاری ڕاست كە لەو زانینە مەزەنەیەوە هەڵدەهێنجرێت ئەم جۆرە بڕیارە لە پلەیەكی ناوەندیە چونكە مەزنە دەكرێ ڕاست بێ یان هەڵە، وە زانینی نموونەیی كە فەیلەسوفان دوای ئەوەی ئەقڵ ڕووناك دەبێتەوە ئەو جۆرە زانینە دەدوزیتەوە. (هەمان سەرچاوە، ل 38)

       جیاوازی نێوان پلاتۆن و فەیلەسوفانی هاوچەرخ – دەربارەی بۆچوونەكانی لە زانیندا:

1. ئەو جیاوازیی لە نێوان زانین و باوەڕەوە كراوە جێگای قبوڵكردن نییە، ئەوان هیچ گرفتیان لەگەڵ پێوەرەكەی پلاتۆندا نییە دەربارەی زانین و باوەڕ بەوەی كە زانین هەڵە لە خۆ ناگری بەڵام باوەڕ ڕەنگە ڕاست بێ و رەنگە هەڵە بێ. بەڵام ئەوان پێیانوایە كە مەحاڵە مرۆڤ بتوانێ بگاتە ڕاستی رەها یان ڕاستی ڕەها بەدەست بێنی، بەڵكو ئەوەی ئامانجی ئێمەیە پاساوی تەواومان هەبێ بۆ قبوڵكردنی ڕاستی دەستەواژەكان وەك بابەتی زانین، لەبەرئەوە، ” الفرید ایر” پێناسەی زانین دەكا و دەڵێت :” بریتیە لە باوەڕێكی ڕاست لای ئەو كەسەی پاساوی تەواوی هەیە بو ڕاستیەكەی”.

2. فەیلەسوفانی هاوچەرخ بە پیچەوانەی پلاتۆنەوە پێیانوایە دەكری ئێمە جیهانی هەستپێكراو وەك بابەتی زانین وەرگرین، یان وەك بابەتی زانینمان وەرگرین. یان دەستەواژەی ئەزموونی كە باس لە ڕووداوێكی سروشتی دەكا ڕاستی لە خۆ دەگرێ گەر ئەو ڕاستیەیش ڕەها و مسۆگەر نەبێ، ئەوە گرفت نییە ڕاستیەكی شیمانەیی هەبێ. وەك ئەوەی بڵین ” غاندی بە كوژراوی مرد” یان ” فڕۆكە لە ئۆتۆمبیل خێرا ترە”. (زیدان، ل22 ).

       بە گشتی دەبینین پلاتۆن زانین بۆ چوار ئاست دابەش دەكات ئەوانیش:

       یەكەم: ئاستی وێناكردنە هەستیەكان: بە یەكەم هەنگاوی زانین ناسراوە لای پلاتۆن، تیادا هەستەكان لە پەیوەندیدان لەگەڵ شتە گۆراوەكانی جیهان، بۆیە تەنها دەرك بەو دیاردانە دەكات كە لە جیهانی هەستیدا دەردەكەون. بەڵام لەبەر ئەوەی هەستپێكراوەكان لە گۆرانی بەردەوام دان، ئەوە ناكرێ زانین و وێناكردنەكانی ببنە كەرەسەی راستەقینەی زانستی دڵنیاكەرەوە، كەواتە ناتوانین بەو شێوەیە بگەینە بریار راست و دروست لەسەر بابەتەكان.

       دووەم: ئاستی وێناكردنی مەزەنەیی یان بریاردان لەسەر هەستپێكراوەكان: ئەم جورە زانینە بەرزترە لە جوری ئاستی یەكەم، چونكە مرۆڤەكان تیادا بریار لەسەر بابەتەكان دەدەن، بریارەكانیان بریتی نیە لە بابەتەكانی جیهانی دەرەوە، بەڵكو زیاتر بریتیە لە زانین بە شتە گۆراوەكان. لەم قۆناغەدا هەندێ زانستی كرداری وەك ” پزیشكی و سیاسەت و زانستی سروشتی” خۆیان تایبەت كرد بە شت و دیاردە گۆراوەكان، بۆیە ئەو زانیاریانە بریتی نەبون لە زانستی راستەقینە، لەبەر ئەوەی بریارەكانیان لەسەر بابەتەكان یان ” راستن یان هەڵە “، لە كاتیكدا پلاتۆن پێی وابو بابەتی زانستی راستەقینە دەبێ مسوگەر و جێگیر و بریارەكانیشی بە زەروورەت راست بن، ئەمە جورە بریارانە لە جیهانی شتە گۆراوەكاندا نیە، بۆیە بابەتەكانی وەك زانستی مسوگەر و راستەقینە لای پلاتۆن رەتكرانەوە(خلیل، ل 180).

سێهەم: ئاستی بەڵگەهێنانەوە ” الاستدلال”: بابەتەكانی ” ئەندازە و گەردووناسی و ماتماتیك” لە خۆ دەگرێ، بابەتەكانی ئەم ئاستە زیاتر جێگیر و چەسپاون، بە نموونە زانستی ئەندازە گرنگی زیاتر بە شێوەو فۆرمی شتەكان دەدات وەك ئەوەی گرنگی بە لایەنی مادی شتەكان بدات، چونكە هزر لێرەدا زیاتر تیشك دەخاتە سەر هێما و وێنەكان نەك خۆدی شتە مادەیەكان.

       چوارەم: ئاستی ئیدەكان: ئیدەكان بابەتی راستەقینەی زانستن، چونكە بیروكەكان لەم ئاستەدا نەمر و جێگیرن و هیچ جۆرە گۆرانیەكیان تیادا روونادات، بیروكەكان تایبەتن بە جەوهەر و خود، لە دەرەوەی شتەكانن وەك راستی خۆیان لە شتەكان نیشاندەدەن، بەڵام جیهانی بونەوەر هەستیەكان وەك سێبەری راستی وان، بۆیە ناكرێ ئێمە لە رێگای ئەو جیهانەوە دەرك بە جیهانی ئیدەكان بكەین، بەڵكو تەنها بە رێگای هزر پەتیەوە، وەك تێرامان و تێكوشان دەتوانین دەرك بە راستی و ئیدەكان بكەین(خلیل، ل 181).

       ج. زانین لای اریستوتیلیس.

       اریستو پێیوایە زانینی ڕاستەقینە زانینە بە ماهیەتی شتەكان، چونكە بوونی ڕاستەقینە بوونی ماهیاتە (عبدالرحمن، ل 61). ئامانج لە زانین لای اریستو پێكهێنانی جیهانێكە تا مرۆڤ بتوانی لێی تێبگات بە دۆزینەوەی ماهیاتەكان، گشتییەكان، كاتیگۆریەكان لە رێگای بابەتە بەشیەكانەوە، بوونەوەرەكانەوە، ئەم بەشانە یان بوونەوەرانە لە دەرەوەی ماهیاتەكانەوە بوونیان نییە بە شێوەیەكی سەربەخو، ماهیەت بریتیە لە فۆرم و بوونەوەریش كەرەسەیە(صالح، ل 40). هەروەها گشتییەكان بریتین لەو بێروكانەی كە زەینی لە رێگای چەندباربوونەوەی شتەكانەوە دروستی دەكات، بە دروستكردنی ئەو جۆرە بیروكانە جیهانێك پێكدەهێنین كە دەتوانین بەئاسانی لیێ تیبگەین ئەویش جیهانی زانینە(هەمان سەرچاوە، ل 40). لەبەرئەوە، لە ڕوانگەی اریستوەوە زانینی هەستی زۆر گرنگە بۆ ناسینەوەی ماهیەتی شتەكان. بەڵام بەو واتایی نا كە زانینی هەستی تاكە بناغە بێ بۆ دەركپێكردن، یان تاكە سەرچاوە بێ بۆ زانین(عبدالرحمن، ل 62). گەر ئێمە بڵین هەست تاكە سەرچاوەی زانینە، واتای ئەوەیە هەموو كەسێك دەتوانی زانیاری و زانست و زانین بە دەست بێنی، كەاوتا پێویستمان بە پرۆسەی فێربوون نییە. ئەمە گرفتێك دروست دەكات ئەویش مرۆڤ پێویستە بە فێربوون نییە مادامێك لە توانایدا هەیە بێ مامۆستا فێر بێ. بەڵام وەك دەزانین مەحاڵە فێربوون هەبێ بێ ئەوەی زانستێكی پێشوەخت نەبی لێوەی فێربین. ئەم زانستە پێشوەختە پێویستە كۆتایی هەبی، بگەینە بناغەی كۆتایی ئەو زانستە كە خۆی لە تێگە گشتییەكان، مسۆگەرەكان دەبینێتەوە، هەر كاتیك مرۆڤ گەیشتە ڕاستی مسۆگەر ئەوە لیۆەی بە سەلماندن دەگاتە زانیاری تر.

زانین لای اریستو بەشێكە لە بەرهەمی زەینی مرۆڤایەتی، بەڵام زەینی مرۆڤ بەشێكی سەربەخو نییە بەڵكو ئەندامیكە لە ئەندامەكانی دەروون، دەروونیش لای اریستو هەستەكان لە خۆ دەگرێ كە زانیاری دەربارەی جیهان رەوەوانەی مرۆڤ دەكەن. (صالح، ل 41). ئایا مەبەستی ڕاستەقینە اریستو لە زانین چییە ؟ زانینی هەستیە؟ زانینی ئەقڵیە؟ زانینی زانستیە؟ یان داناییە؟ بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە بوچوونی مامۆستایەكی اوكسفورد كە پسپۆرە لە فەلسەفەی اریستو ئەویش” روس” دەلێت:” ئامانجی سەرەكی اریستو لە سەرەتای میتافیزكیكەیدا تا كۆتایی بریتیە لە دەستكەوتنی ئەو فۆرمەی زانین كە پێدەوتری دانایی”. داناییش بریتیە لە زانینی هۆكارەكان بە تایەبت هۆكاری یەكەم. لێرەوەیە كە دانایی زانینیكی ئەستەمە لە سەر مرۆڤەكان، بەدەست هێنانی كارێكی ئاسان نییە، بابەتەكانی ئەستەمن چونكە لە هەستەكانەوە دوورن(هەمان سەرچاوە، ل 43). كەواتە گەر زانینی راستەقینە بریتیە بێ لە دانایی، ئەوا دانایی زانینی ئامانج لە رووداو و دیاردەكانمان بۆ ئاسان دەكا، اریستو لە یاساكانی هزردا باس لەوە دەكات كە مرۆڤ هەر كاتیك گەیشتە راستیەك ئەوا ناتوانێ دواجار دژەكەی یان پێچەوانەكەی بسەلمێنی، بە نموونە سەلماندنی خولقێنەری جیهان و گەردوون لە رێگای زانینی زانستیەوە مرۆڤ ناچار دەكا بەوەی باوەر بەو بوونەوەرە باڵایە بكە كە جیهانی خولقاندوە، چونكە پێچەوانەوە ئەمە پێدەوترێ زانینی ناكۆك.

لێرەدا پرسیارێك دەیتە پێشەوە، ئەویش مرۆڤ چۆن دەتوانێ بگاتە زانینی ئەو ماهیەتانە؟ یان زانینی مسۆگەر؟ اریستو پێچەوانەی پلاتۆن ئەو زانینە بو وەبیرهێنانەوە ناگەڕێنێتەوە، بەوەی كە دەروونی مرۆڤ پێش ئەوەی بێتە نێو جەستەوە لە جیهانێكی تردا بە وێنەی شتەكان ئاشنا بووە لەبەرئەوە، لەم جیهانەدا تەنها لە رێگای وەبیرهێنانەوە دەتوانێ بگاتە ڕاستیەكان. بەڵام اریستو ئەم بۆچوونە پەسەند ناكات لەبەرئەوە، لای ئەو بە هیچ شێوەیەك جیابوونەوەی نییە لە نێوان فۆرم و كەرەسە كە ناوی ناوە ” لێكدراو”. اریستو بە دوای توانایەكی تردا دەگەرێت لە مرۆڤدا، بۆ ئەم مەبەستەیش پەنا دەباتە بەر بیرۆكەی ” گەشەكردن” بە واتای وەرگرتنی زانین هەنگاو بە هەنگاو بە پیێ گەشەكردنی مرۆڤ. لە رێگای دوو بیرۆكەی گرنگەوە ئەوانیش ” هێز و كردار”. ئەوەی تایبەتە بە تیۆری زانین لێرەدا بریتیە لە ” ئامادەی و وەرگرتن” بەواتای ئەوەی مرۆڤ هەر لە سەرەتای دروستبونیەوە ئامادەی هەیە بۆ وەرگرتنی زانین. (عبدالرحمن، ل 63). كەواتە دەتوانین بڵین كە زەینی مرۆڤەكان هیچ بیرۆكەی زگماكی تیادا نییە، یان زانیاری زگماكی تیادا نییە وەك ئەوەی پلاتۆن ئاماژەی بۆ كردەوە و دواجار لای دیكارتیش ئەمە دووبارەدەبێتەوە كە باس لە بوونی زانینی زگماكی دەكا لە زەینی مرۆڤدا. اریستو پێیوایە مرۆڤ توانای وەرگرتنی زانین و زانیاری هەیە وەك ئامادەیی بو فێربوون. كەواتە ئامادەیی شتێكی ناخەكییە لە هەموو مرۆڤەكاندا هەیە كە بریتیە لە وەرگرتنی زانین. مرۆڤ پێش ئەوەی فێری شتێك ببیت ئەوا ئامادەی تیادا هەبووە تا فێرببێ. (هەمان سەرچاوە، ل 43).

بەڵام سەبارەت بە گەیشتن بە زانینی گشتییەكان یان ماهیەت، ئایا مرۆڤ دەتوانێ لە رێگای هەستەكانەوە بگاتە ئەو زانینە؟ اریستو دەڵێت :” لە دەرووندا توانایەك هەیە ئەویش ئەقڵە. ئەم ئەقڵە دەرك بە بناغە بنەرەتیەكان دەكا، چونكە بە هەستەكان ناگەینە ئەو بناغانە، كەوابوو بۆ گەیشتن بەو بناغەیە دەروون پێویستە بە هێزێكی تر هەیە ئەویش ئەقڵە. ئەریستو پێیوایە كە ئەقڵ و مەعقول یەك شت بن، بە واتای ئەوەی كاتێ دەرك بە شتێك دەكەم ئەوا هەمان ئەو شتە فۆرمێكی زەینی و ئەقڵیە. ئەمە دۆخی ئامادە و وەرگرتنی زانینە لە نێوان ئەقڵ و شتی مەعقولدا (عبدالرحمن، ل63-64). لێرەدا گەر پرسیارێك بكەین وبڵین مەبەستی ئەریستو چییە لە مەعقولات ؟ ئایا مەعقولاتی ئەریسو هەمان یاساكانی هزرە وەك خۆیەتی و ناكۆك و بێ مامناوەند، یان بریتیە لە جەوهەر و ماهیەت. ئەریستو ئەمەی ڕوونەكردۆتەوە. بەڵام ڕەنگە مەبەستی ماهیەت و جەوهەر بێ، چونكە ئەو پێیوایە ئێمە تایبەتمەندی شتەكان دەناسینەوە كە ئەویش بریتیە لە ماهیەتی شتەكە. لەبەرئەوە، لە روونكردنەوەی دەربارەی پلەكانی زانین، زانینی هەستی بە قۆناغی یەكەمی زانین دەزانیت، چونكە مرۆڤ لە دەركپێكردن هەستیەوە دەست پێدەكا و هەنگاو بە هەنگاو تا دەگاتە زانینی پەتێ(65). بەنموونە ئێمە لە رێگای ژماردنی شتەكانەوە گەیشتن بە ژمارەكانی وەك (1 و 2 و 3… ) كە ئەمانە بۆ خویان بوونەوەری پەتین، بەڵام لە رێگای زانینی هەستییەوە پێیان دەگەین.

•••

*) مامۆستا لە بەشی فەلسەفە، زانكۆی رانیە.

       لیستی سەرچاوەكان:

1. كولنجوود، ر.ج، مقال فی المنهج، ترجمة، امام عبدالفتاح امام، المجلس الاعلی للثقافة-المشروع القومی، 311، القاهرة، 2001.

2. الشماع، صالح، مشكلات الفلسفة، بغداد، 1977.

3. جدیدی، محمد، الفلسفة الاغریقیة، منشورات الاختلاف، الجزائر، 2009.

4. زیدان، محمودفهمی، نظریة المعرفة عند مفكری الاسلام و فلاسفة الغرب المعاصرین، دارالنهضة العربیة – بیروت، 1989.

5. ستیس، ولتر، تاریخ الفلسفە الیونانیە، ترجمە، مجاهد عبدالمنعم مجاهد، مجد مۆسسە الجامعیە للدراسات والنشر والتوزیع، بیروت،2005.

6. جیمس، ولیم، مدخل الی الفلسفە ، ترجمە، عادل مصگفی، رۆیە للنشر والتوزیع، القاهرە، 2011.

7. خلیل، یاسین، منگق المعرفە العلمیە، منشورات الجامعە اللیبیە، ج1، 1971.

8. بدوی، عبدالرحمن، خریف الفكر الیونانی، مكتبە النهچە المصریە، 1970.

بابەتی پەیوەندیدار

یەک کۆمێنت

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

هەروەها چێکی بکە
Close
Back to top button