نووسینی: د. عەبدولکەریم سروش
وەرگێڕانی: هەڵکەوت هەورامی
ئەم بابەتە باس لە رەخنەى ئەخلاقى دەسەڵات دەکات. لە هەندێک لە نووسینەکانم جەختم لەسەر ئەو خاڵە کردۆتەوە کە ئێمە پێویستمان بە رەخنەى ئەخلاقى زۆرێک لە چەمک و گوتەزاکانە و زۆرێک لەو بابەتانەى ئەمڕۆ سەروکاریمان لەگەڵیاندا هەیە، دەبوو جارێکى دی رەخنەمان لێبگرتنایە و توێژینەوەى تازەمان لەسەریان ئەنجام دەدا و هەروەها بابەتى حکومەت ودەسەڵاتى سیاسى یەکێک لە گرنگترینیانە.
کۆمەڵگەى مەدەنى، لە کۆمەڵگەى نامەدەنى ئەخلاقیترە و هەر لەبەر ئەمەشە زیاتر کۆمەڵگەى مەدەنى پەسەند دەکەین و دەبێت زیاتر پەسەندى بکەین. ئێمە هەموومان باوەڕمان وایە دیکتاتۆرى خراپە، ستەمکارى ناشیرینە و لەجیاتى ستەمکارى و دیکتاتۆرى دەبێت سیستەمێکى عادیلانەتر، مرۆییانەتر، ئازادیخوازتر و ئازادى بەخشتر دابنیشێت، بەڵام ئەوەى بۆچى ستەمکارى خراپە و بۆچى سیستەمى دیکە کە لە جیاتى ئەو دەناسرێن، بۆ نموونە خەڵکسارى، باشترە، جێگەى ڕوونکردنەوەى سەربەخۆیەو ئێستا بەیارمەتى خودا دەمەوێت لەم خاڵەوە ئەم بابەتە بپشکنم. هەڵبەتە ئەم باسە، باسێکى کۆنە و لەبارەیەوە قسە کەم نەکراوە، قسەکانى منیش لایەنى بیرخستنەوە و بیرهێنانەوەیان هەیە و ئومێدەوارم دەست مایەیەک بن بۆ بیرکردنەوە و بیانویەک بۆ کردار. ئەم ڕستە زۆر بەناوبانگەى (لۆراد ئەکتۆن)(1902 – 1834)(2) ئەمە قسەیەکى زۆر ژیرانەیە. لەڕاستیدا یەکەمین ئەو کەسانەى بیریان لە گەندەڵ هێنەرى دەسەڵات کردەوە و رێگەى ئەم مانایە گرنگەیان دۆزییەوە، هەمان ئەو کەسانە بوون کە هێز و دەسەڵاتیان جیاکردەوەو هەڵوەشاند.
بابەتى جیاکردنەوەى هێز لە پایەو بنەماکانى هەر پێکهاتە و سیستەمێکى دیموکراسییە، هەر لەسەر ئەم بنەمایە دامەزراوە و هەر لەم دیاریکردنەوە سەرچاوە دەگرێت کە دەسەڵاتى چڕ و هەڵبژاردنى بێ سنور و بێشومار، کاتێک لە دەستى کەسێک یان کەمینەیەکى بچوکدا بیت، پۆل و لقەکانى گەندەڵییەکان لەوەوە لەدایک دەبن و بۆئەوەى ئەم گەندەڵییانە چارەسەر ببن، دەبێت دەسەڵات جیا بکرێتەوە. شێوەى ناسراوى هێز و دەسەڵات کە لە یاسای بنەڕەتى ئێمەشدا هاتووە لە ئەندێشەى دیموکراسی هاوچەرخ و ڕۆژگارى ئەمڕۆیە، هەمان ئەوەى دابەش دەبێت بۆ هێزى یاسادانان، جێبەجێکردن و دادوەرى. ئەو تێوریایەى سەرەوە سورە لەسەر ئەوەى نابێت ئەو سێ هێزە لەکارى یەکتردا دەستێوەردان بکەن و هەروەها نابێت هەرسێ هێزەکە بخرێنە بەردەم دامەزراوەیەک یان تەنها کەسێک.
ئەم دیاریکردنە کە دەسەڵات گەندەڵى دەهێنێت، دیاریکردن و ئاماژەیەکى پیرۆزە، و هەم لەسەر بنەماگەلى تێورى دامەزراوە و هەمیش لەسەر بنەماى دۆزینەوە ئەزموونییەکان. مێژووى دوور و درێژى ستەمکارى، لە پێش چاوەکانى هەموومانەوەیە. خوێندومانەتەوە و زانیومانە سوڵتان و فەرمانڕەوا ستەمکارەکان چۆن سەرچاوەى هەر جۆرە گەندەڵییەک بوون. جیاکردنەوەى هێزەکان کە لە حەقیقەتدا بەجۆرێک لاوازکردنى هێز و ڕێگرییە لە کۆبوونەوەى هێز، رێگەچارەیەکى سەلمێنراو بوو بۆئەوەى ڕێگرى لە گەندەڵى دروستکردن گەندەڵکاری و خراپەکارى دەسەڵات بکات.
سۆفییەکان و عاریفان، پێشڕەوان و پێشەنگانى تیۆریاى گەندەڵکارى دەسەڵات بوون. ئەوان گەندەڵکارى دەسەڵات، چ دەسەڵاتی سیاسی و تەنانەت چ دەسەڵاتى زانستى و مەعریفى یان دیاریکردبوو. ئەوان بینیبوویان تەنانەت ئەو کەسانەى دەگەنە پلەى باڵاى زانستى و قەبارەیەکى گەورە لە زانیارى و دانایی و زیرەکیان تێدا کۆدەبێتەوە، هەندێجار دەبنە بوونەوەرى ترسناک، دوور لە ئەخلاق و گەندەڵ و جۆرەکانى گەندەڵى پەیوەست بە وەهمى دانایی و بیناییان تێدا کۆ دەبێتەوە. بینیبوویان ماڵ و سامان -کە خۆى جۆرێک دەسەڵاتە- چۆن گەندەڵى دەهێنیت. ئەوەیان بینیبوو دەسەڵاتى سیاسى چۆن گەندەڵى دەهێنێت، بەڵام ئەوان بۆ چارەسەرکردنى بابەتەکە، رێگەیەکى نەرێنى و سەلبییان پێشنییار دەکرد کە بریتیبوو لە کەنارگرتن و دورکەوتنەوە لە هەرجۆرە دەسەڵاتێک. باوەڕیان وابوو کە “بێ دەسەڵاتى باشترین مایەى پاریزگاریگاریکردنە و پاراستنە” تێوریایان ئەمە بوو، بێ توانا بوون، نەبوون و خاوەن نەبوون، باشترین دەست مایە و سەرمایەى پارێزگارى و پارێزگارانەو ڕێگرى لە گەندەڵیەکان دەکات. چیرۆکى مارگیر و ئەژدیها کە لە مەسنەویدا هاتووە، وێناى قسەى سەرەوەیە: مارگیرێک ئەژدیهایەکى سڕ و بەستووى ڕاوکردبوو و بە گومانى ئەو وایزانیبوو ئەم ئەژدیهایە مردووە. هێناى بۆ بەغدا بۆئەوەى خەڵکى سەیرى بکات. خەڵکێکى زۆر فراوان کۆبونەوە. خۆرى گەرمى بەغدا لە جەستەى ئەژدیهاى دا، سەهۆڵ بوویە ئاو، ئەژدیها زیندوو بوویەوە، جوڵاو لە یەکەمین هەنگاویدا، پیاوى مارگیر و پاش ئەو ئەوکەسانەى تر لەدەوریدا و زۆرێکى ترى بە هیلاک برد. “مەولەوى” دەڵێت، ئەم ئەژدیهایە هەمان خودى نەفسە. ئەم نەفسە ئەگەر دەسەڵات بگرێتە دەست، دەبێتە ئەژدیهاو لە یەکەمین هەنگاودا خاوەنەکەى خۆى دەشکێنێت و قووتى دەدات و پاشان نۆبەى لەناوچونى ئەوانى تر دێن و لێرەدایە ئامۆژگارى دەکات و دەڵێت:
اژدهـــا را دار در بـــرف فـراق
هین مکش او را بە خورشید عراق
تا فسردە مى بــود ان اژدهــات
لقمەى اویى چـــو او یــابد نجات
مـات کـن او راو امن شو زمات
رحم کم کـن نیست از اهل ێلات
(مەسنەوى مەعنەوى، دەفتەر سێیەم، بەیتەکانى 976-1066)
واتە : (ئەژدیها لە بەفرى فیراقدا بهێڵەوەرە، مەیهێنە بۆ خۆرى عێراق، تاکو سڕ بێت ئەو ئەژدیهایەت، پاروویەکى ئەوى گەر زیندوو ببێتەوە و سڕى نەمێنێ، ماتى بکە و لە ماتکردن بێ خەم بە، رەحم بکە و ئەو لە ئەهلى چاکە نییە).
ئەم ئەژدیهایە دەبێت لە بەفرى سڕبوون و مات بووندا بمێنێتەوە، دەبێت نیوە مردوو، نیوە گیان و لە سەهۆڵ و بەفرى دوورى و لە فیراق لە دەسەڵات بمێنێتەوە، وەگەرنا بە زیندووبونەوەى، هەموان لەناو دەبات. ئامۆژگارى ئەخلاقى سۆفى گەلى وەکو “مەولانا” و زاهیدانى وەکو “غەزالى” ئەوەبوو دەسەڵات بە شێوەیەکى رەها، گەندەڵهێنەرە، تاک و کۆمەڵگە گەندەڵ دەکات و لەبەرئەوە رێگەچارە ئەوەیە مرۆڤ نزیکى ئەم سەرچاوەى گەندەڵییە نەکەوێت. هەڵبەتە ئەم مەزنانە دەیانزانى بە بوونى هەموو ئەم ئامۆژگارییانە، کەسانێک هەن ئاگرى هەوەس و تەماع لەمەڕ دەسەڵات تیایاندا بڵێسەى هەیە و بە هیچ جۆرێک ئەم ئامۆژگارییانە ئەم ئاگرە نامرکێنێتەوە و لەم ڕووەوە کاروبارەکانى جیهان دەوەستن و سەر زەوى نامێنێت. ئەوان ئامۆژگارییان دەکرد کە:
بەدریـا در منافع بی شمـار است
و گر خواهى سلامت برکنار است
واتە : (لە دەریادا سوودەکان بیشومارن گەر دەتەوێ سەلامەت بى، لە کەناردا بە) وەستان لەکەنار و قەراغى دەریا، دڵ نەدان بە دەریا، نەچونە ناو ئاو و نوقم نەبوون تێیدا، مایەى سەلامەتیە.سەلامەتى لەم جۆرە شوێن و لایەنگرییانەدا زامن کراوە، بەڵام ڕۆشتن بۆناو دەریا ترسناک و مەترسیدارە.(3)
ئامۆژگارى “دوورى لە دەسەڵات ” بۆ ژیانیکى سەداسەد نادونیایى و ڕاهیبانە بە سوودە. بەڵام هەرکە بمانەوێ بچینە ناو دونیای واقیعەوە، بەجۆرێک لە جۆرەکان لەگەڵ دەسەلاتدا دەرگیر و پەیوەست دەبین، ئیدى دەسەڵاتى ماڵ و سامان بێت، یان سیاسى یان فیکرى و جگە لەمانە. هەر ئەو کاتەى کەسێک لە دونیادا پێیەکانى لە پلەى تەرککردنى دونیا و زوهدگەرایی هێنایە دەرەوە و ویستى ژیانى دونیایی بە ماناى واقیعى ووشە بگرێتە بەر، سەروکارى لەگەڵ چەند سەرچاوەو چاوگە گەلێکى دەسەڵاتدا دەبێت و لێرەدایە باسى زەین دێتە ناوەوە و بیرکردنەوە لەبارەیەوە دروست دەبێت، و پێویستە لێکۆڵینەوە لەگەڵ دەسەڵات ڕوون بکەیتەوە.
رەنگە بتوانین بڵێین، لە بنەڕەتدا سیاسەت واتە تیۆریاى دەسەڵات و تیۆریای دابەشکردن و جڵەوکردنى دەسەڵات. لە هەر تێوریایەکى سیاسیدا ئەم پرسیارە بەشێوەیەکى بەرجەستە دەخرێتەڕوو کە بریتییە لەوەى دەسەڵات چییە؟ پێویستییەکانى دەسەڵات کامانەن؟ باشترین شێوەى دابەشکردنى دەسەڵات چین؟ باشترین شێوەى جڵەوکردن و کۆنتڕۆڵى دەسەڵات کامەیە؟ هەموو ئەم پرسیارانە لە چەمکى سیاسەت، رێوڕەسمە سیاسییەکان و هاوڵاتیبوون و ووڵاتدارى بەشدارن و بوونیان هەیە و کەم تا زۆر، لە ڕابردووى دوورەوە تاکو ئەمڕۆ کارووبارى لەمجۆرە و چەمک و بۆچوونى لەم شێوەیە، لەنێو ئەندێشەکان و قوتابخانە سیاسییەکان، رووداوەکاندا ئامادەگیان هەیە.
لە یەکەمین ئەو تێوریایانەى بۆ جڵەوکردنى دەسەڵات دانراون، تێوریایى (عەدالەت و فەرمانڕەوا) یان (فەرمانڕەوایی فەرمانڕەوا)یە. من ئەمە ناودەنێم “تیۆریاى ئەفلاتۆنى جڵەوکردنى دەسەڵات”. کتێبى “کۆمارى ئەفلاتۆن” لەبارەى بابەتى سیاسەت و تەنانەت چەمکێک بەناوى ویلایەتەوەیە، واتە بەڕێوەبردنى گشتى کۆمەڵگە لە شوێنێکى بەرز و بڵندەوە. پێکهاتەى سیاسی کە لەسەرى ئەو “فەرمانڕەوا حەکیم”ەیەوە دانیشتبێت، ئەو پاشایەى لەهەمانکاتدا کە پاشایە، فەیلەسوفیش بێت. یان بە گوتەى “سەعدى” دەروێشى پاشا:
تو برتخت ســلگانى خویش باش
بە اخلاق پاکیزە درویش بــاش
واتە: (تو لەسەر تەختى سوڵتانى خۆت بە، بە ئەخلاقى پاک و دەروێش بە).
پێکهاتەى (حاکمى حەکیم)، پێکهاتەیەکى گرنگە و پیشاندەرى چاودێرى و گرنگى (ئەفلاتۆن)ە بۆ گەندەڵخوازى و گەندەڵهێنەرى دەسەڵات. ئەو داواى فەرمانڕەوایەک دەکات کە بەماناى وردى ووشە، خاوەنى هەموو هەڵبژاردنەکان بێت. ئەو بەشێوەى لەسەداسەد فەرمانڕەوایی دیکتاتۆرى دەوێت. دواجار تێدەگات و دەزانێت فەرمانڕەوایەکى لەمجۆرە و دەزگایەکى حکومەتى لەمجۆرە دەتوانێت شوێنگەى سەد جۆر گەندەڵی بێت، لەبەرئەوە توخمێکى کۆنتڕۆڵکەر و ڕێکخەر دەخاتە تەنیشتییەوە کە بریتییە لە حیکمەت. دەڵێت: ئەم فەرمانڕەوا تۆتالیتارە کە هەموو شتێکى لە چنگدایە، ئەگەر حەکیم بێت، ئەگەر فەیلەسوف بێت، ئەگەر زاناو کارناس بێت، کەمتر دووچارى هەڵە دەبێت.
ئەم تیۆریایە دواتر تاڕادەیەک شێوەیەکى سادەترى پەیدا کرد و لە سەداسەد ئەفلاتۆنى نەمایەوە بەبەڵگەى ئەوەى بەتایبەت بەتایبەت لە کۆمەڵگە ئایینییەکاندا، تیۆریای ئەفلاتۆن بە شێوەیەکى تەواو نەیدەتوانى جێگاى قبوڵکردن بێت.تیۆریای سیاسی ئەفلاتۆن کۆمەڵێک داخوازى یان باشتر بڵێین کەموکوڕییەکە هیچ ئەخلاقێکى ئاینى جێبەجێیان ناکات. لەوانە، بەشداریکردنى ژنان لە تیۆریای ئەفلاتۆندا بە ڕوونى بوونى هەیە. هەرلەبەر ئەمە فەرمانڕەواى دانا (حاکمى حەکیم) لە کۆمەڵگە ئایینییەکاندا بە فەرمانڕەواى دادپەروەر گۆڕدرا. ووتیان ئەو فەرمانڕەوایەى کە هەموو هەڵبژاردنەکانى لەبەردەستدایە و دەتوانێت بەکاریان بهێنێت، دەبێت خاوەنى عەدالەت بێت. عەدالەتى ئەو بەجۆرێک کارێک و پلەیەکە لە کارو پلەکانى حیکمەتى ئەو دەتوانێت لە گەندەڵییەکانى دەسەڵاتى رەها ڕێگری دەکات.
رەخنەى من لە بنەڕەتدا ئاڕاستەى تیۆرداڕێژەرى لەمجۆرەیە. یەکەم دەمەوێت ئەوە ڕوون بکەمەوە چۆن کاتێک دەسەڵات کۆدەبێتەوە و ناشرینییە ئەخلاقییەکان بۆ خودى حاکم بەدواى خۆیدا دەهێنێت کە عەدالەتى فەرمانڕەوا ناتوانێت ڕێگریان بێت و هەر لەبەرئەمەش لەجیاتى حاکمى دادپەروەر پێویستمان بە (پێکهاتەى دادپەروەرانە) هەیە و لەو کاتەدایە گەندەڵى دەسەڵات چارەسەر دەبێت.
دووەم: دەمەوێت ئەوە ڕوون بکەمەوە ئەمجۆرە کۆبونەوەیەى دەسەڵات چ جۆرە ناشیرین گەلێکى ئەخلاقى لە ئاستى کۆمەڵگەدا بەرهەم دەهێنێت، کە جێگەى قبوڵکردنى هیچ یەکێک زانایان و فەیلەسوفانى ئەخلاق نییە و ناتوانێت ببێت.
ئاماژە بەوە دەکەم رەخنەى ئەخلاقى دەسەڵات، بە زمانى سادە بەو مانایەیە ئەوە پشان بدەین کۆبونەوە و چڕبوونەوەى دەسەڵات، دەبێتە هۆى چ گەندەڵى گەلێکى ئەخلاقى. ڕەگ و ڕیشەى ئەم گەندەڵیانە بناسین، بەخراپیان بزانین و پاشان خەریکى چارەسەر بین.
لە بنەڕەتدا لەنێوان عەدالەت و دەسەڵاتدا بەراوردێکى ناهاوتاو نایەکسان یان گونجاوییەکى پێچەوانە هەیە، بەو جۆرە نییە ئێمە بە ویستى خۆمان بتوانین هەردووکیان یان چەند کارێکى خوازراو و هەبوو کۆکردنەوەیان تێدا ئەنجام بدەین و بتوانین کۆیان بکەینەوە. ئەگەر دوو کاری جیاواز، دژیەک و کۆ نەبوون، داخوازو داواکارى ئێمە بوون، بەلەبەرچاوگرتنى ئەوەى هەردووکیان داواکارى ئێمەن، ناتوانین بەیەکەوە ئاشتیان بکەینەوە و لە جێگەیەک نیشتەجێیان بکەین. ئەزموونى مێژوویی ئەوە نیشان دەدات بە بەرزبوونەوەى دەسەڵاتى تاکەکەسێک و بەوەى هەڵبژاردنەکانى بەدەستى زۆر بن، تواناى بۆ عەدالەتخوازى کەم دەکات. کتومت بە پێچەوانەى ئەو چاوەڕوانییەى تیۆرداڕێژەرانى ئەفلاتۆنى هەیانە. بە هەڵبژاردنى زۆرتر و زیاتر بوونى زۆرى تاک، دەسەڵاتى ئەو کەسە بۆ جێبەجێکردنى عەدالەت، لەمەڕ ناسینى مافى ئەوانیتر و دابەشکردنى عادیلانەى دەسەڵات کەمتر دەبێتەوە و هەر لەبەر ئەمەش، ئەم تیۆریایە ئەگەرچى لە جیهانى تیۆریادا جوان بەرچاودەکەوێت، لە جیهانى کردار و ئەزموونى واقیعدا، هەم ناشیرین و هەم نامومکینە. بە گوتەى “مەولەوى”:
نادر افتد اهـل این مــا خولیــــــا
منتڤر کــە روید از اهن گیــــــــا
ان کـــە روزى نیستش بخــت ونجـات
ننگرد عقلش مگـــــــر در نادرات
واتە :(دەگمەنن ئەهلى ئەم ماخۆلیایە، کە چاوەڕوانى رواندنى گیا بکەن لە ئاسن، ئەوەى لە بەخت و ڕزگاربووندا رۆژێک رزگارى نییە، عەقڵى تێڕانامێنێت مەگەر لە شتە دەگمەنەکاندا).
ئەمە نیشانەى ماخولیاو گێژبوونە، کەسێک دابنیشێت و بڵێت من دەمەوێت لە ئاسن گیا سەوز بێت. رەنگە سەوز بێت کەس ئەوەى نەسەلماندوە مەحاڵە، بەڵام بە ئومێدى ئەوەى “رەنگە” ناتوانرێ دابنیشین و ژیان لەسەر ئەوە بونیاد بنێین. بۆیە جارێکى دى سەلماندنى زۆر فراوان و مێژوویی لە هەموو کۆمەڵگەکاندا ئەوەمان پیشان دەدات کاتێک هەڵبژاردنەکانى کەسێک زۆر دەبن، هەڵبژاردنێک لە ئەو کەسە وەردەگیرێتەوە و ئەویش هەڵبژاردن و تواناى عەدالەتخوازییە. لەبەرئەوە کۆکردنەوەى ئەم دوو گوتەزایە لە کەسێک و تەنها دەزگایەکدا، ئاشتیخوازى و ئاشتەوایی نێوان ئەم دووانە مەحاڵە، یان بەلایەنى کەمەوە دوو کارى دەگمەنن کە بوونیان هەیە. ناتوانرێت بە چاوەڕوانى شتێى لەم جۆرەوە دابنیشین و لەبەرئەوە فەتواو فەرماندان بۆ کارێکى لەمجۆرە و دانیشتن بە چاوەڕوانى بۆ هێنانەدى شتێکى لەمجۆرە، لە ژیرییەوە دوورە. لە ڕاستیدا ئەو بەڵایەى رووبەڕووى کۆبونەوەى ئەم دووجۆرە دەسەڵاتە دەبێتەوە، زۆر لەمان زیاترە و ئەو نائەخلاقى و رەزیلەتانەى سەرهەڵدەدەن، زیاد لەوەن بەتەواوى مرۆڤ گومانى ئەوە بکات تاکى پڕ لە دەسەڵات و خاوەن دەسەڵات ناتوانێت دادپەروەر بێت.(4) کاتێک سەرچاوەیەکى دەسەڵات پەیدا دەبێت و دەیەوێت دادپەروەر بێت و عەدالەت لەکۆمەڵگەدا بڵاو بکاتەوە، دەبێت سەیر بکەین و ببینین لە سێبەرى ئەم فەرمانڕەوا دادپەروەرەدا، ئەم فەیلەسوفە حەکیمە ئەفلاتۆنییە، چ کۆمەڵگەیەک بە چ پلەیەک و بە چ سیفەت و تایبەتمەندى لە فەزیلەتە ئەخلاقییەکان گەشە دەکات. ئەو کاتەیە دەتوانین بڕیارى ئەوە بدەین کە ئایا ئەو سەرچاوەیە، دادپەروەرە یان نا، بە دەستەواژەیەکى تر مەبەست لە بوونى فەرمانڕەوایی دادپەروەر ئەوەیە بەهۆى بەڕێوەبردنى ئەوەوە و لە پەنا و سێبەرى ئەودا کۆمەڵگەیەکى دادپەروەر دروست ببێت. ئەگەر لە پەناى دەسەڵاتێکى لەمجۆرە، کۆمەڵگە لەجیاتى پڕ بوونى بە فەزیلەتەکان، پڕ لە ڕەزیلەت بێت، ئەو کاتە دەبێت بزانین لەو خاڵەى سەرەوەدا، عەدالەت بوونى نییە و کتومت لێرەدایە بە بۆچوونى من، گەندەڵى تیۆریای ئەفلاتۆنى، فەرمانڕەوایی ژیر و دانا “حاکمى حەکیم ” یان فەیلەسوفى حەکیم و دانا، بەتەواوى ئاشکرا دەبێت و لێرەدایە دەبێت و حەقیقەت و گرنگى و پتەوى ئەو تیۆریایە بە پێوەرى هەڵسەنگاندن، هەڵسەنگاندنى بۆ بکرێت. بۆ ئەم تیۆریایە کە بە ستەمکارى رەها یان تۆتالیتاریالیزم (Totalitarianism) کۆتایى پێ دێت. چەند رەخنەیەکى ئەخلاقى بوونیان هەیە کە ڕەنگە یەکێک لە گرنگترینیان، دروستبوونى سیستەمێکى ناکارا و ناتەواو بێت، ئەگەرچى ناکاراو نا تەواوى بە گەندەڵییەکى ئەخلاقى نەژمێردرێت، بەڵام پێچەوانەى چاوەڕوانى کەسانى پلە بەرزى ئەو سیستەمە یان پێچەوانەى چاوەڕوانى ئەو گەل و خەڵکەیە کە لەو سیستەمە سیاسییەدا دەژین. بەهەرحاڵ، مەبەست لە بونیادنان و دامەزاراندنى هەرسیستەمێک، تێرکردنى دەسەڵاتخوازى کەسێک یان چەند کەسێک نییە، مەبەست دامەزراندنى سیستەمێکى سیاسی و کۆمەڵایەتى و هێنانەدى کۆمەڵە ویست و ئارەزوو و داخوازییەکە، وەکو سیستەم و ئارامى و گەشە و…هتد، هەروەها دابینکردنى کۆمەڵە داخوازییەکە، سیستەمى دیکتاتۆرى بەتایبەت لە جیهانى ئێستادا، ناکارایەو هیچ گومانێک لەمەدا بوونى نییە و کۆمەڵناسان ئەم خاڵەیان بەرێگەى جۆراوجۆر پیشانداوەکە کاتێک سیستەمێکى دیکتاتۆرى تەنانەت ئەگەر لە ڕووى ئەخلاقیشەوە باش بێت و کەم و کوڕى نەبێت، لەڕووى کردارییەوە سیستەمێکى ناتەواو و بێ توانایە و لەژێر هێنانەدى بەڵێنەکانى خۆیدا نابێت.
گرنگترین رەخنەى دەسەڵاتى ڕەها لەلایەن فەیلەسوفى ئەڵمانى – بەریتانى، فردریک فۆن هایک (Fredrich Von Hayek “1899-1992”) خراوەتە ڕوو. ئەو بەڵگەى ڕوونەى کە دەیخاتە ڕوو بریتییە لەوەى کاروبارەکانى کۆمەڵگە بە ئاگایی و زاناییەوە سەرچاوە دەگرن و ئەم ئاگایی و زانینە لە هەموو کۆمەڵگەدا بڵاو دەبێتەوە و لە لاى هیچ تاکێک یان دامەزراوەیەکدا بوونى نییە ئەگەر سامان بەخشین دەوڵەمەند کردنى کاروبارەکانى کۆمەڵگە بەهۆى کەسێکەوە بێت و هەڵبژاردنى زۆرى لەبەردەستدابێت، ئەو کەسە یان ئەو تەنها دامەزراوەیە لە ئەنجامدانى کارەکاندا بێ توانا دەبێت، ئەمەش لەبەرئەوەى زانیارى پێویستى لەبەردەستدا نییە و ناتوانێت زانیارى پێویستى لەبەردەستدا بێت. (هایک) ئابوریزانێکى هاوچەرخى لیبڕاڵە و هەر لەسەر ئەم بنەمایە، بەڵگەى ئەوە دەهێنێـتەوە، سۆشیالیزم واتە، ئابوورى لەسەدا سەدى چڕ، بەهۆى نەبوونى توانای کۆکردنەوەى هەموو زانیاریەکان لە یەک جێگەدا، شتێکى نامومکینە.
لەسەر ئەم بنەمایە نەک تەنها ئابوورى چڕ، بەهۆى نامومکین بوونى زانیارییە چڕەکان، نامومکین و ناکارایە و بێتوانایە لە چارەسەرى کێشە ئابوورییەکان و کردنەوەى گرێ ئابوورییەکان، بەڵکو حکومەتى چڕیش بەتایبەت لە سەردەمى نوێدا کە جیهانى زانیارییەکانە، رۆژ بە رۆژ ناکاراتر و لەبەرئەوە نامەشروعتر دەبێت و رەزامەندى خەڵک بەدەستناهێنێت، دڵەکانیان نابات و هەر لەبەر ئەم هۆکارەش بێ تواناتر و دەست بەستراوتر دەمێنێتەوە تاکو دەکەوێت و لەناودەچێت. بەپێى ئەم رەخنەیە و هاوڕا لەگەڵ ئەم رەخنەیەدا، سیستەمى ستەمکارى، واتە ئەو سیستەمەى تیایدا دەسەڵاتى چڕ بوونى هەیە و کۆبۆتەوە و ئەمەش سیستەمێکى نا ئەخلاقییە.
رەخنەى دیکە لە رێگەى نامەشروع بوونى ئەو سیستەمانەوەیە کە تیایاندا دەسەڵات، چڕ و کۆکراوەیە. بەڵگەى نامەشروع بوونى سیستەمەکان لەگەڵ دەسەڵاتى چڕو پڕدا بریتییە لەوەى لەسەر بنەما و پایەى ڕەزامەندى گشتی نین و لەسەر ئەوە دانەمەزراون خەڵکى نایەوێت و لێیان ڕازی نین، بەڵام ئەوان بەزۆر، خۆیان دەهێڵنەوە و لەپەناى سەرى تیغ و نێزەدا خۆیان دەهێڵنەوە. بۆیە ئەگەر مەشروعیەت لەسەر بنەماى ڕەزامەندى گشتى بزانین، سیستەمە ستەمکارییەکان نامەشروعن. بێگوومان بناغەى هەر کردارێکى ئەخلاقى، هەڵبژاردن و تواناى هەڵبژاردنە. ئەگەر ئێمە بونەوەرێک نەبین هەڵبژاردن لەدەستى خۆماندا بێت و خاوەن تواناى هەڵبژاردن نەبین، ناتوانین بونەوەرى ئەخلاقیش بین. لەژێر زۆر و جەبردا مرۆڤ ناتوانێ ئەخلاقی بێت و ئەخلاقیانە بژى. کردارێک دەبێتە کردارى ئەخلاقى و داوەرى ئەخلاقى دەکرێت کە هەڵبژێردراو نەبێت و لە بکەرى خاوەن تواناى هەڵبژاردنەوە سەرى هەڵدابێت و ئەنجامدرابێت. هەمیشە لەبارەى هەڵبژاردنەوە دەوترێ دوو رێگە لەبەردەم مرۆڤدایە کە دەتوانێت هەریەکێک لەم دوو رێگەیە هەڵبژێرێت و پاشان لەو کاتەدایە دەتوانرێ داواى بەرپرسیارێتى لێ بکریت.
گریمانەى ئەوە بکەن ئێوە لەسەر دوو ڕێگا وەستاون پێتان دەڵێن بەدەستى خۆتانە خۆتان کامەیان هەڵدەبژێرن بەوەى لەلاى چەپەوە یان لاى ڕاست. هەڵبەتە ئەمە ئەو کاتەیە رێگەکان یەکسان بن، هاوتەریب و ڕێک بن. بەڵام ئەگەر یەکێک لەم دوو رێگەیە کێو و شاخ، بەرز، تێپەڕبوون پیایدا قورس و سەخت و پڕ مەترسى و مەترسیدار بێت و رێگەکەى دیکە زۆر ڕێک و ئاسان ئایا دەتوانرێت بوترێ ئەم دوو رێگەیە یەکسانن و ئەوە خۆتان هەڵی دەبژێرن لە هەر رێگەیەکیانەوە دەتانەوێ، دەتوانن بڕۆن. شتێکى بەڵگەنەویستە تواناى زۆرێک لە مرۆڤەکان بەو ئەندازەیە نییە ڕێگاى پڕ مەترسى و هیلاکى هەڵبژێرێت، زۆربەیان رێگەى ئاسان هەڵدەبژێرن، هەرچەندە بەڕاستى و دروستى مەبەستەکە نەزانن. ئەوەى دەوترێ مرۆڤ خاوەنى هەڵبژاردنە وەکو شتێکى دەروونى و ناوەکیە، کار تەواو ناکات. راستە ئێمە خاوەن هەڵبژاردنن و ناچار نین، بەڵام کارەکە ئەو کاتە تەواو دەبێت دوو رێگە و رێباز لەبەردەم مرۆڤدا بن، کەم تا زۆر لە ڕووى ئاسانى و سەختییەوە، بەها گەلى یەکسان بوونیان هەبێت. بەڵام ئەگەر ئەم بەرامبەریە تێکبچێت و نەمێنێت، لە حەقیقەتدا هەڵبژاردن و ئیختیار لەمرۆڤ وەرگیراوەتەوە و لەجیاتى ئەوەى ئێمە رێگە هەڵبژێرین، رێگە ئەوەمان بۆ هەڵدەبژێرێت بۆ کێ بڕۆین.
لە بنەڕەتدا، رەگ و ریشەى ئەو توخمە دژە ئەخلاقییەى لە پێکهاتەیەکى نادیموکراسى تۆتالیتاریدا دێتەدى، بریتییە لەوەى کۆمەڵگە، رێگە گەلى یەکسان و ڕێبازى یەکسان لەبەردەم ڕێبواراندا دانانێت، بەڵکو لەلایەکەوە بەرەو خوارەو مرۆڤ دەکەوێت و لەلایەکى تر بە جۆرێک سەربەرەو ژوورە و بە هیچ هەوڵ و کۆششێک تەى ناکرێت. ئەم دوو رێگەیە ماناى ئەوەیە تواناى هەڵبژاردنى ئەخلاقى لە مرۆڤەکان وەردەگرێتەوە و وەرگرتنەوەى تواناى هەڵبژاردنى ئەخلاقى، یەکسانە بە رەزیلەتێکى بەڵگەنەویستى ئەخلاقى.
ئێستا پرسیار ئەوەیە چۆن بارودۆخێکى لەمجۆرە دروست دەبێت؟ وەڵام ئەوەیە ئەگەر دابەشکردنى دەسەڵات لە کۆمەڵگەدا هاوسەنگ و دادپەروەرانە نەبێت و هەموو دەسەڵاتەکان لە یەک شوێندا کۆبکرێنەوە، لێژبوونەوە و سەربەرەو ژوور دروست دەبێت و هەموو ڕوانین و نیگاکان بەرەو یەک شوێن دەبات. ئەو کەسانەى بەدواى دەسەڵاتەوەن دەزانن دەبێت خۆیان لە چ شوێنێکەوە نزیک بکەنەوە و دەبێت لەکوێدا ببنە خاوەن شت تەنانەت ئەو کەسانەى زانست و مەعریفەوە، ووردە ووردە بۆیان دەردەکەوێ لەو جێگەیەى سامان و دەسەڵات بوونى هەیە، زانایانیش دەبنە خاوەن شتانى ماددى و هەمیش ڕێزیان دەپارێزرێت.
نابێت لە چارەنووسى زانایان، حەکیمان و فەیلەسوفانى مەزن لە هەموو قۆناغەکانى مێژووى ئەم سەر زەمینە بێئاگابین، ئەوان بەجۆرێک لە جۆرەکان ناچار بوون لەگەڵ دەربارى سوڵتانەکان پەیوەندى دروستبکەن و پەیوەندیان هەبێت، نابێت ئەمە لە رەزیلەتى ئەخلاقى تاکەکەسى ئەوان بزانین. سەرەو لێژبوونەوەى کۆمەڵگە و ئەوەى کە هەموو شتێک بەرەو لایەک دەڕوات هۆکارى سەرەکى بوو. نایەکسانى و نابەرامبەرى بەجۆرێک بوو کە کەسێکى وەکو (ئیبن سینا) کە ئەهلى حیکمەت، مەعریفەت و فەلسەفە بوو، کۆتایی رێگەى بەرەو شوێنگەى ئەم نابەرامبەرییانە، واتە دەربار، کۆتایی بێت. لە قورئانى پیرۆزدا لە سورەتى (حەشر)دا لە باسی دابەشکردنى دەستکەوت (غەنیمەتەکان)دا هاتووە: [کَیْ ڵا ێکُونَ دُوڵەً بَیْنَ الْڕَغْنِێاءِ مِنکُم] سورەتى حەشر، ئایەتى”7″). دەسکەوتەکانتان دابەشبکەن، تاکو پارەتان تەنها لەدەستى کەسى دیاریکراو و دیاردا نەبێت و لە هەموو کۆمەڵگەدا پەخش و بڵاو ببێتەوە)، واتە، سەرەوژوور و سەرەوژێر بوون لە کۆمەڵگەدا دروست نەبێت بەوەى پارە و دەسەڵات و هەموو شتێک بەرەو شوێنێک بڕوات.
ئەگەر لە کۆمەڵگەدا شتێکى لەمجۆرە دروست ببێت، تواناى هەڵبژاردنى ئەخلاقى وەردەگیرێتەوە و نیگاکان ڕووەو لایەنێک و ڕووگەیەک دەبات. رۆشتن بۆ سەرەوە پلە پلە دژوارترە لە رۆیشتن لە رێڕەوى سەرەوخوار. لە کۆمەڵگەیەکدا کە دەسەڵات چڕ و تۆتالیتارى بوونى هەیە، دۆخێکى لەمجۆرە دروست دەبێت. زانست، سامان و دەسەڵاتى سیاسى لە دەستى کۆمەڵێکى پڕ دەسەڵات و دەسەڵاتداردا کۆدەبێتەوە و خەڵکانى مامناوەند کە کۆمەڵگەیان پڕ کردۆتەوە، ناچار رووەو ئەو لایەن و رێگەیە دەڕۆن و تەنها تاکە ئاراوتە (استپنا)کان دەتوانن لەم دوانە را بکەن و بەرەو لایەکى دیکە و رووگەیەکى تر بجوڵێن.
شوێنگەى دروستبوونى رەخنەى ئەخلاقى دەسەڵات کتومت لێرەدایە. کۆمەڵگەى ئەخلاقى ئەو کۆمەڵگەیەیە تیایدا رێگەو شێواز و رێبازى یەکسان تاڕادەیەک یەکسان لەبەرامبەر یەک رێگە و تاکە رێگەى کۆمەڵگەدا بوونیان هەبێت. ئەگەر ئەم لایەن و رێبازانە، بە مەبەست نایەکسان و هاوتا نەبن، توانا یان جورئەتى هەڵبژاردن لە تاکەکانى کۆمەڵکە وەردەگرنەوەو ئەوان بەبى هەڵبژاردن بەرەو لایەک دەبەن. ئەو کۆمەڵگانە کۆمەڵگەیەکى تۆتالیتارن و دەبنە کۆمەڵگەیەکى بێ هەڵبژاردن و بێ ئیرادە و بێ توانا لە هەڵبژاردن، کۆمەڵگەیەکى لەمجۆرەش کۆمەڵگەیەکى دوور لە ئەخلاق و نائەخلاقییە، چونکە هەڵبژاردن ژێر بیناو بناغەى هەر کردارێکى ئەخلاقییە و کاتێک بێ ئەخلاقى دەبێتە فەرمانڕەوا، هەموو جۆرە رەزیلەتێک دەشێ سەرهەڵبدەن و لە هەموو شتێک خراپتر ئەوەیە داوەرى ئەخلاقى لەو کۆمەڵگەیەدا نامومکین دەبێت.
لەبەرئەوە، فەیلەسوفێک- پاشایەک یان فەرمانڕەوا یان حەکیمیک، بەگریمانەى ئەوەى بەدەگمەن لەم جیهانەدا دەدۆزرێتەوە، سیستەمێک دەهێنێتەدى پڕ لە گەندەڵى ئەخلاقى و خاڵى لە حیکمەت. “تعرف الاشجار باپمارها”، واتە، درەختەکان لەڕووى میوەکان و بەهۆى میوەکانیانەوە دەناسرێنەوە. ئەگەر حەکیمێکى فەرمانڕەواى لەمجۆرە بوونى هەبێت، بە بەڵگەى ئەوەى میوەى ئەم درەختە، میوەیەکى نائەخلاقییە، دەردەکەوێ رەگ و ریشەى ئەو درەختەش نائەخلاقییە. لەبەر ئەوە ئەو رەخنەیەى لە تیۆریاى ئەفلاتۆن دەگیرێت بریتی نییە لەوەى ئەم فەرمانڕەوا دانا و حەکیمە پەیدا نابێت و نادۆزرێتەوە و ئەو بۆ کارێکى نەدۆزراوە ئێمەى ناردووە. بەڵکو رەخنەى تیۆریاى ئەفلاتۆن ئەوەیە ئەگەر کەسێکى لەمجۆرەش بدۆزرێتەوە ئەو سیستەمەى لەدڵى ئەودا ئامادەگى هەیە و دەکوڵێت، سیستەمێکى لەسەداسەد نائەخلاقییە، چونکە لەسەداسەد نائیختیارى و هەڵبژاردنى تێدا نییە و ئەو میوە گەندەڵەى لەسەر لقى ئەم درەختەوە دەردەکەوێ، باس و حیکایەت لە رەگ و ریشەى گەندەڵى ئەم درەختە دەکات و ئەم سیستەمە کۆى گشتییەکەى سیستەمێکى قبوڵنەکراوە.
رەخنەى ئەخلاقى سیستەمێکى لەمجۆرە، هەر لێرەدا کۆتایی نایەت، خاڵى دیکەش بوونیان هەیە. لەوانە ئەوەى لەم سیستەمەدا جێگۆڕکێیەک و هەڵەیەکى زۆر و ناسک و نەبینراوى ئەخلاقى و لۆژێکى بوونى هەیە و ڕوودەدات کە هەر بەهۆى ئەم نەبینراوییەى گەندەڵهێنەرە. کاتێک فەیلەسوف / پادشایەک و بە دەستەواژەى (سەعدى) پاشا/ دەروێشێک کە خاوەنى هەموو چاکەکان بێت و فەرمانڕەوایی بکات، لەم حاڵەتەدا بە گوتەى لۆژیکەکان گوتەزایەکى ئاڵۆز و تێکەڵ دروست دەکەین و دەڵێین (الف، چاکە) واتە، ئەم کەسە زۆر چاکەو خاوەنى هەموو فەزیلەتەکانە، بەڵام بە تێپەڕبوونى کات ووردە ووردە ئەم بابەتە شێوەیەکى دەگۆڕێت، واتە لەجیاتى “الف، چاکە”، “چاکە، الف” دادەنیشێت، واتە ئەو بوونەوەرەى خۆی بانگەشەى ئەوە بوو کە چاکە و چاکەکانى هەیە، ووردە ووردە دەگۆڕێت بۆ پێوەرى چاکى، نەک تەنها “الف” “چاک” ە، بەڵکو (چاک)ى شتێک نییە جگە لە (الف) بوون. خودى فەرمانڕەوا دەبێتە بەرجەستەکەر و پەیکەر و پێوەرى چاکى فەزیلەت و بەخشندەیە نەک تەنها لە رەخنە ڕادەکات، بەڵکو دەبێتە پێوەرى رەخنەى ئەوانیتر و مرۆڤەکان بۆ داوەریکردن لەبارەى چاکییەوە، سەیرى ئەوە دەکەن و لەوە دەڕوانن و چاوەکانیان ڕووەو ئەو سەرچاوەیە دەڕوات. گۆڕانێکى لەمجۆرە، خودى هەڵەیەکى لۆژیکى وە رەزیلەتێکى ئەخلاقییە.
هیچ کەسیک پێوەرى فەزیلەت نییە. تیۆریایەکى لەمجۆرە، بەپێی گوتەى شاعیرەکان تەنها لەبارەى خوداوە قبوڵەو وەردەگیرێت بەوەى (هەرچى ئەوەى خەسرەو دەیکات، شیرین دەیکات). ئەگەر ئەم بۆچوونە لەگەڵ هەزار گریمانەو ئەگەر لەبارەى خوداوە قبوڵ بکەین، ناتوانین لەبارەى هیچ کەسێک لە بەندەکانى خوداوە قبوڵى بکەین. ئێمە بەلایەنى زۆرینەوە دەتوانین بڵێین، “الف” “چاکە”ە، سەرەتاو دەستپێکى مەترسییەکى ئەخلاقى زۆر قورس و گەورەو سەختە کە دەبێت لە شەڕو مەترسییەکەى پەنا بۆ خودا ببرێت.
لە کۆمەڵگە ستەمکارییەکاندا هەمیشە ئەم رووداوە رووى دەدا و ستەمکاران، حەزوو مەیلیان لە شتێکى لەم جۆرە هەیە، گوتەبێژانێکیش هەن ئەم مانایە ووردە ووردە بەهێز دەکەن و فەرمانڕەوایان تێدەگەێنن، ئەوان نەک تەنها چاکن، بەڵکو پێوەرى چاکین و هەمووان بۆ چاکبوون و نزیکبوونەوە و گەڕان بۆ حەقیقەت و فەزیلەت دەبێت بەدواى ئەواندا بن و لەوان نزیک بن. ئەمەش گەندەڵى ئەخلاقى دووەمە کە بەهۆى کۆبوونەوەى دەسەڵاتى سیاسی و پێداویستیەکانییەوەیە.
ئێوە سەیرى ئەو کەسانە بکەن پیا هەڵدانیان هەبووە و ئەمکارایان ئەنجامداوە بەدرێژایی مێژوو لەبارەى دەسەلاتەکانەوە، ئەگەر لەچاوى کۆمەڵناسان سەیرى ئەم بابەتە بکەین، باشتر لە ماناو چەمکەکەى تێدەگەین. بۆ کەسانى پیاهەڵدەر پەیدا بوون و ئەوان لە ڕاستیدا چییان دەکرد؟ ئێوە سەیرى ئەو قەسیدە و شیعرانە بکەن لە ئەدەبى فارسی و عەرەبیدا کە پیاهەڵدانیان تێدایە. راستە کەسانى پیاهەڵدەر بۆ پارە و مووچە ئەم شیعرانەیان دەووت و کەسانى زەلیل و هەژاربوون – ئەمەش بێگومان لە رەزیلەتەکانى سیستەمە ستەمکارییەکانە کە نۆکەر سیفەتى لەم تاکانە، تەڵقین هاندەدات و کەسایەتى تاکەکان دەکوژێت تاکو حەقیقەتەکان لەپێناو سوود و بەرژەوەندى خۆیان ژێر پێ بخەن، بەڵام لەمەڕ ئەو هۆکار گەلەى واى کردووە کەسانى پیاهەڵدەر، دەست بکەنە پیاهەڵدان، ئەگەر سەیرى ناوەڕۆکى پیاهەڵدانەکانیان بکەن، بۆ نموونە قەسیدەکانى (عنێرى و فەررەخى و…هتد)، دەبینیت ئەوان بە پاشاکانیان نەدەوت، ئێوە چاکن و ئێوە مرۆڤى گەورەن، بەڵکو سەروتر لەوە دەیانوت، پێوەرى گەورەیی و فەزیلەت و مەزنى ئێوەن. لێرەدا بوو ئەو مەترسی و کارەساتە ئەخلاقییە روویدەدا. ئەمە دووەمین گەندەڵ کە لە پلەى رەخنەى ئەخلاقى دەسەڵات دەبێت سەرنجى لێبدرێت، لە هەر شوێنێک دەسەڵات بەهێز بکرێت بە ئەنجامگەل و بەرهەم گەلى لەم جۆرە کۆتایی بێت، واتە، یەکەم پێوەرى دەسەڵاتى هەڵبژاردنى مرۆڤەکان کەمتر دەکاتەوە و دووەم، پێوەرى فەزیلەت لەحاڵەتى ڕووت و گشتى دەرەکى و لە تەنها کەسێک یان کۆمەڵێک لە تاکەکان کۆتایی پێ دەهێنێت و لەمانەدا دەیبینێتەوە، ئەوا بزانن لەم حاڵەت و دۆخەدا رەزیلەتێکى بەڵگە نەویستى ئەخلاقى ڕوویداوە.
هەندێک لە هۆشمەندانى سەرزەمینى رۆژئاوا لە رەخنەى کەپیتالیزمدا، کتومت سەرنجى ئێمەیان بۆ ئەم خاڵە ڕاکێشاوە بەوەى لە سیستەمى سەرمایەدارى (کەپیتالیزم)دا هەڵبەتە ئەم رەخنەیە لەسەر سیستەمەکەى بەرامبەرى بەهەمان هێزەوە بوونى هەیە – تواناى هەڵبژاردنى خەڵکى کەم دەبێتەوەبەرەو لایەنێک، کاروبارەکان جۆرێک دەچنە پێشەوە و ڕاگەیاندن بەجۆرێک یەکلایەنە دەبێت کە کەم تا زۆر خەڵکى هەمان ئەوکارە دەکەن و هەمان ئەو شتەیان دەوێت کە خاوەنانى دەسەڵات و پارە دەیخوازن بە شێوەیەکى ناسک، بەبێ ئەوەى خۆیان تێبگەن، بەرەو لایەنێک رێنمویی دەکرێن. کاتێک ئەم دوو رەزیلەتەى سیستەمە دەسەڵاتدارە چڕە و (متمرکز)مان لەبەرچاو گرت، ئەوکاتە ئەم بنەمایانە، ئەنجام و لقى خۆیان لێدەبێتەوە و ئەوانەش زۆرن و ئێمە لەگەڵیاندا ئاشناین من تەنها لەژێر سێ ناونیشان و بەشدا و لەسەر بنەماى هەمان ئەخلاقی دێرینى ئەفلاتۆن و ئەرستۆیی -هەڵبەتە بە تیۆریای نوێیی ئەخلاقیش دەتوانین بەدوایاندا بڕۆین- ئاماژە بۆ ئەو لقانە دەکەم.
لە تیۆریا ئەخلاقییەکانى کەسانى رابردوودا و بینا لەسەر بیروباوەڕى کەسانى رابردوو واتە، ئەرستۆییەکان و ئەفلاتۆنییەکان کە زۆربەى زانایانى موسوڵمانیش پێیان رازى بوون، ئێمە سێ سەرلقى فەزیلەتمان هەیە، چونکە سێ هێزمان هەیە، یەکەمین هێز، هێزى توڕەبوونە کە دەیانوت بۆ بەرگریکردنە لە زیانەکان، دووەم هێز، هێزى شەهوەت، ئەم هێزەش بۆ راکێشانى حەزەکان و ئەو کارو کردەوانەى خوازراو و سروشتین و سێیەم هێزیش، هێزى عاقڵى، کە هێزى بیرکردنەوەیە. هێزى توڕەبوون و هێزى شەهوەتیان جوڵێنەرى هێزى عەقڵ زانیوە و بە هێزى عەقڵیشیان دەوت، هێزى شوناس. مرۆڤ کاتێک کە دەجوڵێت یان بە توڕەبوون دەجوڵێت یان بە شەهوەت و حەز و کاتێکیش بیر دەکاتەوە، سوود لە هێزى عەقڵ و ژیرى وەردەگرێت. پاشان هەر یەک لەم سێ هێزەیان بە خاوەنى فەزیلەتێک دەژماردن و دەیانوت هەر یەکێکیان فەزیلەتێکى هەیە. دەیانوت فەزیلەتى هێزى توڕەبوون، ئازایەتى “شجاعت”ە و فەزیلەتى هێزى شەهوەت و حەز “پاکى”یە و فەزیلەتى هێزى ژیرى و عەقڵ، “حیکمەت”ە. ئێستا هەر لەسەر ئەم پۆلبەندى و دابەشکارییە، ئەو گەندەڵیە ئەخلاقیانەى پەیوەستن بە دامەزراوە چڕەکان و ویستى خوازى روون دەکەینەوە.
وتمان فەزیلەتى هێزى توڕەبوون، ئازایەتییە. ئازایەتى بە ماناى هەبوونى زۆر و قەلەندەرى نییە، بەڵکو بەماناى زاڵبوونە بەسەر نەگونجاوی و ناسازگارى و بەرکەوتنە لەگەڵ سەختى و نارەحەتیەکان. کاتێک کەسێک لە مەیدان و گۆڕەپانى سەختى و ناڕەحەتیەکان رابکات، تواناى بەرکەوتنى لەگەڵ ناسازگارى و ناتەباییەکانى نەبێت و نەتوانێ بەسەر هەواى خۆیدا زاڵ بێت، ئازا نییە. لە سیستەمى چڕى دیموکراسیدا، ئەم فەزیلەتە بە توندى هەڕەشەى لێدەکرێت. لە بنەڕەتدا سیستەمى توتالیتار کە تیایدا دەسەڵاتى چڕ بوونى هەیە و پێکهاتەى کۆمەڵایەتى – سیاسیان بە جۆرێکە کە تیایدا ترس بوونى هەیە، سیستەمى ترس فرۆشتن و سەندنەوەى ئازایەتی بوونى هەیە، ئەو سیستەمە سیستەمێکە تیایدا مرۆڤەکان ناتوانن خۆیان دەربخەن و خۆیان پیشانبدەن و بە کەسانى ناسروشتى و ناڕێک و خوار، چونکە فشارە دەرەکییەکان دەرکەوتنى ئازایەتى نامومکین دەکات. هێزى توڕەبوون تەنها پەیوەندى بە جەنگ و جیهادەوە نییە. ئازایەتى، ئازایەتى عەقڵانیش دەگرێتەوە. دەربڕینى بۆچوون، دڕینى خورافە و خستنەڕووى تیۆریایەکى نوێ، ئازایەتى دەوێت. چەند قسەى چاک لە مێژووى رابردووى ئێمە و هەموو نەتەوەکانى تردا هەبوون، کە نەکراون و نەوتراون، لەبەرئەوەى ئازایەتى ئەخلاقى بۆ دەربڕینى ئەم قسانە بوونى نەبووە. ئەوەى وتراوە لەسەداى بچوکێکە لەوەى دەتوانرێ بوترێ و گەیشتبوویە عەقڵى تاکەکان. زۆرێک لە قسەکان یان توانى دەرکەوتن و دەرخستینان نەبووە و بۆیان نەلواوە، یان بێژەرئازایەتى ئەخلاقى دەرخستنى ئەو گوتانەى نەبووە. لە کۆمەڵگەى تۆتالیتار و ستەمکاردا کە تیایدا هەوراز و نشێو و ئاستى نایەکسان بوونیان هەیە، ئەرک و کارى فیکریش هەر ئەم هەوراز و نشێوانە دیارى دەکەن و لەبەرئەوە شتەکان لە یەک شوێن کۆدەبنەوە، مێشکەکان فەرامۆش و ستەملێکراو و کەناردەخرێن و دەربڕینى هەر جۆرە بۆچوونێک لەگەڵ توندوتیژى و تۆقاندنى حکومەتەکان و باڵادەستەکان رووبەڕوودەبێتەوە.
کاتێک دووکەس پێگەو پلەى یەکسانیان هەبێت و لە پلەو پێگەى یەکساندا بۆچونى پێچەوانە دەرببڕن، گفتوگۆى نێوانیان ماناى هەیەو لە دیالۆگى ئەو دوو کەسە گەشە فیکرى بەرهەم دێت. بەڵام لەو شوێنەى دەبێت رەخنە لە خاوەن دەسەڵات و دەسەڵاتداران بگیرێت و کەموکوڕىو ناتەواوییەکانیان دەربخرێت و یان بە دەستەواژەى (مەولەوى) بەدواى لێکچون و گومانگەرایی بگەڕێین، لەوێدایە تاکەکان پێستى قسە دەڵێن و واز لە کرۆک و ناوەڕۆکەکەى دەهێنن.
ئەمە گەندەڵییەکى ئەخلاقى و رەزیلەتێکە لە سیستەمە تۆتالیتارەکاندا دروست دەبێت و ڕوودەدات، لە کۆمەڵگەیەکى لەمجۆرەدا، پێست فرۆشان بەسەر ناوەڕۆک فرۆشاندا زاڵ دەبن، لەم سیستەمانەدا نەک تەنها ڕیزگرتن لە نەزان و سوکایەتى بە زانا دەکەن، بەڵکو ستەم لەخودى بیرکردنەوەش دەکەن و پەرە بە بیرکردنەوەى زەبونانە دەدەن. دووەمین هێز لە سێ هێزەکە، هێزى حەز و ئارەزوو (شەهوە)ە، واتە راکێشانى حەز و ئارەزووەکان و تێرکردنى خواستەکان. هەموو ویستەکانى مرۆڤیان ناوناوە ئارەزوو (شەهوەت)، یان حەز و ئارەزووەکان و دەیان ووت هێزێک هەیە کە بەدواى ویست و خواستەکان و دابینکردنیاندا دەڕوات و فەزیلەتەکەشى پاکیزەیى(عفت)ە. پاکیزە، واتە، لە ئاستى مامناوەندا و بە شێوەیەکى مامناوەندانە رۆیشتن بەدواى ویست و ئارەزووەکانى خوددا، رۆچوون و زیادەڕۆیی نەکردن و ئەسیر و بەند نەبوونى هەواو هەوەس و ئارەزوو. ئەم هێزەش بە شێوەیەکى دڵنیا و بەتەواوى لە سیستەمێکى تۆتالیتاریدا دوچارى رەزیلەتى ئەخلاقى دەبێت و ئەوەى دژیەتى، واتە تەماع و سوربوون و زیادە ویستى و سنورداربوون و…هتد، لە جێگەیدا دادەنیشن. واتە، پاکیزەیی لە نێوچوو، ئەوکات وادەزانن بە حیجاب دەتوانن پاکیزەیی دروست بکەن. رەگ و ریشەى پاکیزەیی نەبوونى حیرێ و زیادەویستییە، دەبێت ئەوە دابین بکرێ.
ئێوە بیردەکەنەوە و وادەزانن زۆرێک لەو رەزیلەتانەى لەنێوان ئێمەدا بوون و ماونەتەوە، ریشەیان چییە؟ ئێمە ئامۆژگارى کەممان نەبووە، خوتبەو ئامۆژگارى ئایننى کەممان نەبووە. ئامۆژگاریکەر، نووسەر و زاناى ئایینى و ئەخلاقى فراوانمان هەبوون. بەڵام بۆچى ئەوانە کاریگەرییان لەسەر واقیع نەبووە؟ بۆچى ئەم رەزیلەتانە هەروەک خۆیان ماونەتەوە؟ نهێنییەکەى ئەوەیە ئێمە لەو سیستەمانەدا ژیاوین کە رەزیلەت جێکەوتى تیایاندا هەیە. کاتى نزیکبوونەوە لە چەقى دەسەڵات بوویە ئامانج، ئیدى هەموو شتێک بەوە پێناسە دەکرێت. مرۆڤ بەئاسانى دەبێتە گوێ لەمست و پیاهەڵدەر و مافى ئەوانى تر ژێر پێى دەخات تاکو بەرەو سەرەوە بڕوات. لە سیستەمێکى لەمجۆرەدا مافى مرۆڤ لە بنەڕەتدا شکۆفە ناکات و لق دەرناکات و ناڕوێت. لەم سیستەمەدا، لە بنەڕەتدا ستەم ئاراستە دەکرێت و دەخرێتەڕوو، چونکە پاکیزەیى کە فەزیلەتى هێز حەز و ئارەزووە و جڵەوکردنى ویست و خواستەکانە، پاک لە ناو دەچێت و دەڕوات. بە گوتەى “مەولانا”:
چون گمع خواهد ز من سلگان دین
خاک بر فرق قنـــاعت بعد از این
(مەسنەوى مەعنەوى، دەفتەرى پێنجەم، بەیتى، 2695)
واتە: (کە تەماع هات بۆ لام ئەى سوڵتانى دین، ئیدى پاش ئەمە خاک بەسەر قەناعەتمدا دێت).
گەر ئەو پلە باڵایە تەماع پەسەند بکات، دەبێت خاک بەسەر قەناعەت و پاکیزەییدا بکرێت و بخرێنە ناو گڵەوە. بەڵام چى بەسە حیکمەتدا دێت کە فەزیلەتى هێزى عەقڵە؟ لە بنەڕەتدا کەسى حەکیم ئەو کەسەیە زیرەک بێت و بە شێوەیەکى مام ناوەند و میانەڕەوانە و راست و دروست سوودى لێوەر بگرێت. لە سیستەمى ستەمکاریدا، زیرەکى چەمکى شەیتانى پەیدا دەکات بەوەى بە رەزیلەتى هێزى عەقڵ دەژمێردرێت. هەواڵێک لە حیکمەت بوونى نییە، بەڵام تاکو بتەوێ شەیتان شیفەت و زرنگى و پیاوى رەندى بەرچاو دەکەون. ئایا یەکێک لەو هۆکارانەى عاریفان لە سیستەمە ستەمکارییەکانى پیشوودا، زیرەکی –کە ماناى شەیتانیبوونى هەبوو- یان بە خراپ دەزانى و بانگەشەى تاکەکانیان دەکرد عەقڵ نەخەنەکار و زیرەک بەکارنەهێنن و عیشقیان دەخستە جێگەیەوە، هەر ئەمە نەبوو؟
زیرکـــى بفروش و حیرانــى بخـــر
زیرکى ڤـــــن اسـت و حیرانى نڤـر
داند ان کــو نیک بخت و محـرم است
زیرکى ز ابلیس و عشق ز ادم است (مەسنەوى مەعنەوى، دەفتەرى پێنجەم، بەیتى، 2695)
واتە: (زیرەکى بفرۆشە و حەیرانى بکڕە، زیرەکى گومانە و حەیرانى روانینە، ئەوەى زانى کە خۆشبەخت و مەحرەمە، زیرەکى لە ئیبلیس و عیشق لە ئادەمەوەیە).
بە گوتەى “مەولانا” تاکە خۆشبەختەکان و ئەو کەسانەى مەحرەمى نهێنییەکانى حەقیقەتن، دەزانن و تێدەگەن زیرەکى و چۆن و بۆچى هەمیشە شەیتانانە و ئیبلیسانەیە و رەگەز و کاڵایەکە لە دوکانى شەیتان دەیفرۆشن. لە بەرامبەردا عیشق و عاشیقى پەیوەندییان بە ئادەمەوە هەیە و گرنگترین سیفەتى عاشیق، لەخۆبوردەیى و تەسلیمى بێ چەند و بۆچییە کە کتومت لە بەرامبەر زیرەکیەکانى شەیتاندا دەوەستێت. لەخۆبوردن، فیداکارى و وازهێنان لە خود لە مرۆڤن و لە کارەکانى مرۆڤن و لە بەرامبەردا، زیرەکى، دووڕوویى و تەڵەکەبازى کارى ئیبلیسن. بەمجۆرەیە کە فەزیلەتى هێزى عەقڵ کە حیکمەتە و لەم جۆرە سیستەم و پێکهاتانەدا بۆ رەزیلەتى هێزى عەقڵ دەگۆڕێت.
لەبەرئەوە باشترین پێوەر بۆ ئەوەى بڕیار بدەن کە ئایا سیستەمێک مەشروعە یان – بە چاوپۆشین لەوەى رەزامەندى گشتى لەسەرە کە بێگومان ئەمە مەرجە- بریتییە لەوەى ببینین و بزانین ئایا ئەو سیستەمە، ئیختیارێک بۆ مرۆڤەکان دەهێڵێتەوە یان نا؟ ئایا تواناى هەڵبژاردن لە نێوان بژاردە یەکسانەکان دەهێڵێتەوە یان نا؟ وە ئایا ئازایەتى، پاکیزەیى، حیکمەت وەردەگرێتەوە یان بەهێزى دەکات؟ ئەمانە پێوەر گەلى زۆر شیاو و گرنگن. ئەم پێوەرانە، هەم بۆ هەڵسەنگاندنى سیستەمە سیاسییەکان و هەم بۆ سیستەمە کۆمەڵایەتى و ئابوورییەکان بە سوودن و رەگ و ریشەکان لە رووى میوەکانەوە دەناسێنن.
ئێمە بۆ دارشتنى سیستەمێکى دادپەروەرانە نابێت بەدواى چەمکێکى زۆر دەگمەن و ئاسمانى و دەستنەکەوتوو لەمەڕ عەدالەت بڕۆین. هەر بەو جۆرەى پێشتر وتم، عەدالەت کۆى کۆمەڵە فەزیلەتێکە، نەک زیاتر. ئەگەر لە کۆمەڵگەیەکدا کۆى کۆمەڵە فەزیلەتێک بوونیان هەبێت، ئەو کۆمەڵگەیە کۆمەڵگەیەکى دادپەروەر و عادیلە و ئەگەر بوونیان نەبێت، دادپەروەر نییە و ناتوانرێ بە هیچ ئامرازێکى تر ناوى عەدالەتى پێوە بچەسپێنین. ئەو دامەزراوەیەى کۆمەڵگە بەڕێوە دەبات، کاتێک دادپەروەرە زەمینەى دەرکەوتنى فەزیلەتە ئەخلاقییەکان لە کۆمەڵگەدا فەراهەم بکات و ئەگەر نەیکات هەرچەند بە پێى بانگەشە و بینا لەسەر تیۆریاى “ئەفلاتۆن” حکومەت و حیکمەتى کۆکردبێتەوە، لە رووى میوەکانییەوە دەناسرێتەوە ئەو رەگ و ریشەیە گەندەڵە و عەدالەتێک بوونى نییە. بۆ رەخنەگرتن لە سیستەمێک، تیغێکى بڕەرتر لە ئەخلاق بوونى نییە. ناتوانرێ بەناوى فەرمانڕەوایى حەکیمەوە پەردە بەسەر فەزیلەتەکاندا دابدرێت.
●●●
تێبینى: ئەم بابەتە بەشێکە لە کتێبى (ادب قدرت، ادب عدالت) و هەموو کتێبەکە بۆ زمانى کوردى وەرگێڕدراوە و ئامادەى چاپە.
1. ئەم وتارە ساڵى (1381) دراوە.
2. فەیلەسوفێکى ئینگلیزە و ئەم گوتەیەى چەندین جار لە نوسینە هاوچەرخەکاندا بەکارهاتووە. کە دەڵێت: (دەسەڵات گەندەڵى دەهێنێت و دەسەڵاتى ڕەها، گەندەڵى ڕەها دەهێنێت).
3. ئەم هەر وەک ئەو ئامۆژگارییانە بوون کە لەبارەى “عەقڵ و عیشق”ەوە هەیانبوو، دەیانوت: عاقڵى وەکو گەڕانە بەناو دەریادا، گەوهەر بەدەستەوە دەدات، بەڵام مەترسى لەناوچوون و نوقم بوونیشى لەگەڵدایە. بەڵام عاشیقى سەر سپاردن و سەلامەتیە، بە گوتەى “مەولانا”:
عشق چو کشتى بود بهر خواێ
کم بود افت بود اغلب خــــلاێ
4. لە بنەڕەتدا عەدالەت شتێک نییە جگە لە کۆمەڵە فەزیلەتێک، واتە عەدالەت فەزیلەتێکە لەسەرووى فەزیلەتە ئەخلاقیەکانى ترەوە نییە، عەدالەت کۆى فەزیلەتە ئەخلاقیەکانە. هەر لەبەرئەمە عەدالەت چەمێکى زیادەیە، هەڵبەتە زیادبوونى بو مانایە نییە عەدالەت چەمکێکى هیچ و وەهمى بێت، بەڵکو مەبەست ئەوەیە شتێکى تر نییە لەسەرووى فەزیلەتە ئەخلاقیەکانەوە.
سەرچاوە:
ادب قدرت، ادب عدالت، عبدالکریم سروش، نشر ێراگ، چاپ اول، 1385.