رۆشنبیریسڵاید

هەمەوەند … مەیجەر سۆن

وەرگێڕانی: ڕەنجدەر شێرزاد

سەرۆک: کەریم بەگی کوڕی فەتاح بەگ.

تیرە لاوەکییەکان:

ا) هەمەوەندی تەواو ڕەسەن (تەواو):

بەگزادە (چەلەبی)، ڕەشەوەند، ڕەمەوەند، سەفەروەند، سێتەبەسەر.

ب) جوتیاران (هەژاران):

کافرۆشی، پیریای، سۆفیوەند، شینکی.

سەرۆکی لاوەکی: موشیری کوڕی محەمەدی مام سڵێمان.

محەمەد ئاغا، سەرۆکی ڕەشەوەند.

محمود ئاغا، سەرۆکی سەفەروەند.

ئەمین قادر حەیدەر عومەر، سەرۆکی ڕەمەوەند.

سڵێمان ئەحمەدی گوڵخاتون، سەرۆکی سێتەبەسەر، بنەچەی هەموویان دەچێتەوە سەر چەلەبی.

هێزی هەمەوەند: ١٠٠٠ خێزان، پێشتر ٧٠٠ ئەسپ، پیادەیان نییە.

جوتیاران (چینی هەژاران – گوندنشینان): کافرۆشی: ١٠٠ ماڵ، ٥٠ ئەسپ، ١٠٠ پیادە.

پیریای: ٢٥٠ ماڵ، ١٥٠ ئەسپ، ٢٠٠ پیادە.

سۆفیوەند: ١٣٠ ماڵ، ٦٠ ئەسپ، ١٠٠ پیادە.

تێبینییە گشتییەکان: دیارترین هۆزی شەڕکەرە لە هەموو کوردستان، ژنەکانیان بەشداری دەکەن لە شەڕی بەرگریکردن. چەکدار و سوارەی نایابن. هۆزەکە شافیعی توندڕەون و بە نەژاد و زمان کرمانجین. هەمەوەندی ڕەسەن هەموویان سەر بە چەلەبی، باوکی ڕەسوڵن، ناوی ئەم تیرە لە دامەزرێنەرەکەیەوە وەرگیراوە، وەک ڕەشەوەند لە خێڵی ڕەشید؛ ڕەمەوەند لە ڕەمەزان، سەفەروەند لە سەفەر، واتە هەموو کوڕەکانی چەلەبی. سێتەبەسەر، کە ئێستا بە بەشێک لە هەمەوەند دادەنرێت، لە بنەڕەتدا جافن و بۆ ماوەی ١٥٠ ساڵە لەگەڵ هەمەوەندن (لە سەرەتادا ئاماژەی بەوە کردووە کە سێتەبەسەر یەکێکن لە تیرە ڕەسەنەکانی هەمەوەند سەر بە چەلەبی بەگزادە). هۆزەکە پەیوەندی نییە بە ئەحمەدەوەند بۆهتوی ئیران، وا دادەنرێت کە ئەمەی دواییان هۆزێکی خراپی شیعەیە، کە هەندێک جار بانگەشەی پەیوەندی بە هەمەوەندەوە دەکەن. هۆزە (مەبەستی خێلە مسکێنەکانی هەمەوەندە) جوتیار و هەژارەکان هەموویان ئەوانەی، کە لە بازیان نیشتەجێ بوون کاتێک هەمەوەند ئەوێی گرت، جگە لە سۆفیوەند کە لە بنەڕەتدا جافن و بەر لە ٢٠٠ ساڵ هاتوونەتە ناو هەمەوەندەوە. هۆزەکە خاوەنی خەسڵەتی بەرزی ڕاستگۆیی و سەربەخۆیی و ئازایەتییە.

سنوورەکانی هۆزەکە:

لە باکور: شوان و بازیان و شاخی تۆکمە.

لە باشور: تاوغ سو .

لە ڕۆژهەڵاتەوە: بەرزەرد و زنجیرەی بەرزایی تاسڵوجە.

لە ڕۆژئاواوە: قەرەحەسەن و شوانی خاسە.

هۆزەکە ئێستا نیشتەجێن لە گوندەکانی: موزەفەر، دۆڵان، هەنجیرە، کانی ماران و ئەوانی تر.

مێژوو: هۆزەکە لە بنەڕەتدا لە نزیک شاری (سنە)وە هاتوون لە ساڵی ١٧٠٠ی زایینی و هۆزە نیشتەجێکانی پیرەی و کافرۆشیان داگیرکردووە، کە نیشتەجێی بازیان بوون. هۆزەکە یارمەتی دامەزرینەری سلێمانی، سلێمان پاشای بابانی قەڵاچۆلانیان دا لە دژی سڵێمان پاشای بەغداد لە دەوروبەری ساڵی ١٧٨٧. بەردەوام بوون لە هاوپەیمانیان لەگەڵ بنەماڵەی بابان و یارمەتی عبدولڕەحمان پاشای بابانیان دا لە دژی تورکەکان دوای دامەزراندنی سلێمانی لە ساڵی ١٨١٩، هەروەها یارمەتی ئەحمەد پاشایان دا لە دژی نەجیب پاشا لە نزیک کۆیسنجاق لە ساڵی ١٨٣٤. لەم بۆنەیەدا هێزەکانی کورد شکستیان هێنا و هاوپەیمانیەتییەکەیان لێکترازا و ئەحمەد پاشای بابان پەنای بردە بەر شاخی بەمۆ.

لە ساڵی ١٨٣٦، هەمەوەند دووبارە چوونە پاڵ بنەماڵەی بابان لە ژێر فەرمەنڕەوایەتی عەزیز بەگی بابان، کە دوا بە دوای یەک، شەڕی تورکەکانی کرد لە کرێپچنە و دەربەندی بازیان. لە کۆتاییدا عەزیز بەگ شکا و هەمەوەند پەرشوبڵاو بوونەوە.

بۆ ساڵانێکی زۆر دوای ئەمە، هەمەوەندەکان هەموو دوو یان سێ ساڵ جارێک بەردەوام بوون لە ڕاگەیاندنی ڕاپەڕینیان دژی تورکەکان. ئەم ڕاپەڕینانەش تەنها دوای شەڕی قڕم (مەبەست لە شەڕی قرمی نێوان ڕووسیا و عوسمانی و هاوپەیمانەکانییەتی لە ١٨٥٣-١٨٥٦) کۆتاییان هات، کاتێک کە هۆزەکە شکا و هەڵهاتن بۆ زەهاو و بۆ ماوەی ٧ ساڵ لەوێ مانەوە. لەوێشەوە بەردەوامبوون لە سەر ‌هێرشەکانیان تاکو کفری و تیرۆرکردنی وڵات (سەیر ئەوەیە کە سۆن لێرەدا هێرشی هەمەوەند بۆ سەر تورک لە خاکی کوردستان و وڵاتی خۆیان بە تیرۆرکردنی وڵات ناو دەبات!)

لە ساڵی١٨٦٧، کە پاشای بەغداد هیچ هۆکارێکی نەدەبینی بۆ سزادانی هەمەوەندەکان، ڕێگەی پێدان بۆ گەڕانەوەیان بۆ بازیان.لە ساڵی ١٨٦٧، هەمەوەند ڕاپەڕین لە دژی نامیق پاشای بابان و دوای شەڕێکی گەورە دووبارە کشانەوە بۆ زەهاو و دوو ساڵ لەوێ مانەوە، دوای ئەوە حافز و تۆفیق پاشایان نارد بۆ سەڵاحیە (کفری) بۆ دروستکردنی ڕێککەوتن لەگەڵ کوردە ڕاپەڕیوەکانی ئەوێ، محەمەد بەگی باجەڵان ئاشتی بۆ ڕێکخستن و بەو بۆنەیەوە جارێکی تر گەڕانەوە بۆ بازیان. لێرە بێدەنگ بوون بۆ ماوەی ٥ ساڵ بەڵام لە کۆتاییدا ڕاپەڕین دژی مەدحەد پاشا و گوندەکانی کەرکوکیان سووتاند و چەندین جار هێزە نیزامییەکانیان شکاند. مەدحەد پاشا هێزێکی تایبەتی پێکهێنا کە ٥٠٠ چەرکەسیشی لەخۆ دەگرت. ئەم هێزەش لە لایەن هەمەوەندەوە شکستی پێهێنرا لە نزیک دوانزە ئیمام لە کفری. دوای ماوەیەکی کەم لەمەش، هەوڵێکی زیاتری تورکەکان لە خانەقین روبەڕوی هەمان ئەنجام بوویەوە.

وا دەردەکەوێت کە ڕەئوف پاشا، جێگرەوەی مەدحەت پاشا زیاتر سەرکەوتو بوو، بەو پێیەی ئاشتی ئەنجامدا لەگەڵ هەمەوەند و هانی سەرۆکەکەیانی دا بچێتە بەغداد، کە لەوێ ڕێککەوتنیان ئەنجامدا و هۆزەکە جارێکی تر لە بازیان جێگیر بوون. ئەم ئاشتییە بەردەوام بوو تا ساڵی ١٨٧٥، لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕی ڕووس و تورک، هۆزەکە بوو بە خۆبەش و ڕۆیشتن بۆ قەوقاز و لەوێ خۆی جیاکردەوە. تا ئەم کاتە پیاوانی هۆز تەنها چەکدار بوون بە دەمانچە و نیزە، بەڵام لە قەوقاز گەڕانەوە بە چەکی ڕووسی و دوای ئەوە نیزەکانیان فڕێدا.

لە ساڵی ١٨٧٨ هەمەوەند لە ئیبراهیم خانجی کێشەیان بۆ دروست بوو لەگەڵ زەنگەنە، بەهۆی ئەوەی کە زەنگەنە بە غەدر یەکێک لە سەرۆکەکانی هەمەوەندیان کوشت. زەنگەنە کە شکستیان هێنا، هەڵهاتن بۆ شێخ لەنگەر و هەمەوەندەکان بەدوایاندا ڕۆیشتن. لەم نێوەندەدا، زەنگەنە داوای یارمەتی سەربازی کردبوو، هەربۆیە هێزێک کە پێکهاتبوو لە کەتیبەیەکی پیادە و ٦٠ سوارە و ٤٠ سۆارەی قاتر و ٢ دەمانچەی مەیدانی سووک لە ژێر سەرکردایەتی عەبدوڵڵا ئەفەندی خانەقین بەرەو شێخ لەنگەر ڕۆیشتن و لەوێ ئەم هێزە لەلایەن قایمقامی سەلاحییەوە پاڵپشتی کرا بە ٧٥٠ سوارە و ٨٠ پۆلیسی سوارە و هۆزەکانی زەند و پاڵانی و هەندێک لە تاڵەبانی و باجەڵان.

هەمەوەندەکان لە کاتی بەیانیدا هێرشیان کرد و تفەنگەکان و فەرماندەی بەتالیۆنەکەیان گرت لەگەڵ گرتنی تەواوی سوارەکانی سەڵاحییە. دیلەکان دوای چەککردنیان ئازاد کران. لە کاتی گەڕانەوەیاندا، هەمەوەندەکان ڕوبەڕوی دوو کەتیبەی پیادە بوونەوە کە لە کەرکوکەوە نێردرا بوون، ئەمانەش بە هەمان شێوە شکێنران.

ئێستا هێزێکی گەورە لە ژێر فەرماندەیی جەنەراڵ ئەدهەم پاشا پێکهێنراوە کە لە هەشت کەتیبەی پیادە و فەوج و نیوێکی سوارە و یەک کەتیبەی هێزی پیادەی سوار پێکهاتووە. یەکەم شەڕکردن لە گۆپتەپە ڕوویدا، کە تیایدا هەمەوەند پاشەکشەی بە بەشی ناشەڕکەری هۆزەکەی بۆ خاکی فارس کرد. لە کاتی چالاکییەکەدا هۆزەکە سەرکەوتوو بوو لە گەمارۆدانی سەربازەکان و جەنەڕاڵ ئەدهەم پاشایان گرت. دواتر ئازادیان کرد، و بەبێ دەستدرێژی کردن کشانەوە بۆ زەهاو.

ئێستا ئەوان زنجیرەیەک هەڵمەتی خێرا و مەودا دووریان دەست پێکردووە، کە بەهۆیەوە بەناوبانگن. لەگەڵ زەهاو وەک ناوەندیان، لە کەرکوکەوە لە لایەک و لە لایەکی دیکەوە بۆ تەیسەفون هەروەها بۆ کرماشان لە دیوی فارسەوە هێرشیان کردووە. ئەمەش بۆ ماوەی نزیکەی دوو ساڵ و نیو بەردەوام بوو، کاتێک هەردوو حکومەتی تورکیا و فارس ڕاوێژیان کرد سەبارەت بە میکانیزمەکانی چارەسەرکردنی کێشەکە و لە ئەنجامدا هێزێک لە هەمەدانەوە ڕەوانە کرا کە پێکهاتبوو لە دوو فەوجی هەمەدان، فەوجێکی زەنگەنەی کرماشان، فەوجەکانی کولیای و گۆران، دوو فەوجی کەرەند، هۆزەکانی کەلهوڕ، سەنجابی و ئەحمەدوەند بوهتوی، بە گشتی نزیکەی ١٥٠٠٠ کەس. تورکەکان هێزێکی زۆریان بەدرێژایی کەنارەکانی ڕووباری سیروان کۆکردەوە. ئێستا هەمەوەندەکان خێزانەکانیان جێهێشت لە عەلی پەکان لە نزیک چەمی هەواسان و ڕۆشتن بۆ بینینی فارسەکان لە بەشی باکووری دەشتی باجەڵان لە حاجیلەر و سەرتاف. ئەمانەیان شکست پێهێنا و چەند هەزار قاترێکی بارهەڵگریان گرت و بەدوایاندا ڕۆیشتن تا ماهیدەشت و گەڕانەوە بە تاڵانی (دەسکەوتێکی) گەورەوە. لێرەوە گەڕانەوە و جێگیر بوون لە قۆرەتوو و قەسری شیرین.

لەم نێوەندەدا هێزەکانی تورکیا بەهۆی هەڵهاتنی مەنسور پاشای مونتفیک لە بەغدا بانگکرابوونەوە، کە ئەمە بووە هۆی ڕاپەڕینی عەرەبەکانی مونتفیک. فەرماندەکەیان لە سیروان بەجێهێڵدرا بۆ ئەوەی لەگەڵ هەمەوەندەکاندا گفتوگۆ بکات، ئەنجامەکەش ئەوە بوو کە ڕێگەیان پێدرا بە ئاشتی نیشتەجێ ببن و وازبێنن لە ناوچەی نیشتەجێبوونە نوێیەکەیان لە قورەتوو، بەڵکو دیالەیان بڕی و گەڕانەوە بۆ بازیان، گواستنەوەی دەستکەوتەکانیان لە ڕووبارەوە ١٧ ڕۆژی خایاند. ئێستا پێشنیازیان کردوە کە یارمەتی تورکەکان بدەن لە دژی عەرەبەکان، بەڵام پێشنیازەکەیان پەسەند نەکرا.

لە ساڵی ١٨٨٠، خێڵی شاتری جاف، لە ژێر دەسەڵاتی عەزیز شاوەیس، کۆبوونەوە بۆ هێرشکرنە سەر جافی سەرەکی (مەبەستی بەگزادەی جافە) و حەمە پاشای جافیان کوشت و دوای ئەمە هەڵهاتن و دواتر پەنایان بردە بەر هەمەوەند لە ژێر سەرکردایەتی جوامێر (جوامێر ئاغا) لە بنەماڵەی بەگزادەی هەمەوەند. هەربۆیە، ئێستا جافی سەرەکی هێرشیان کردە سەر هەمەوەندەکان، چونکە ڕەتیانکردەوە شاترییەکان بدەن بە دەستەوە، لەسەر ئەو بنەمایەی کە گوایە ئەوان کۆتاییان بە شەڕێکی خوێناوی هێناوە. شەڕەکە لە نزیک گل ڕوویدا، کە تیایدا جافی سەرەکی شکستیان هێنا. ئێستا تەقی پاشای والی بەغداد هێزێکی نارد بۆ یارمەتیدانی جافی سەرەکی. جافی شاتری و ژن و مناڵی هەمەوەندەکان بۆ پاراستنیان نێردران بۆ زەهاو بەشی شەڕکەری هەمەوەند زیاتر لە دوو مانگ سەربازەکانی لە بەرگریدا هێشتەوە، لە کاتێکدا جوامێر، قەسری شیرینی کرد بە ناوەندی خۆی.

لە دەوروبەری ئەم کاتەدا، زول سوڵتان، حوکمداری گشتی ئەسفەهان، سوپایەکی پێکهێنا و ناردی بۆ جوامێر، کە ناوبراو بەڕیکەوت بوو بۆ ئەسفەهان لەگەڵ ٤٠ ئەسپدا. فەرمانڕەوایەتی زەهاوی پێبەخشرا لەگەڵ مانگانەی ١٠٠٠ تمەن بۆ خەرجییەکانی و گەڕایەوە بۆ ئەم ناوچە دوای ئەوەی کە سوارەکانی بانگ کردەوە، کە هێشتا هێرشیان دەکردەسەر خاکی تورکیا، قەڵایەکی دروست کرد، کە تا ئێستاش بە قەڵای جوامێر ناسراوە لە قەسری شیرین و لەوێ نیشتەجێ بوو. دوای دەرکردنی زول سوڵتان، جوامێر بەهۆی ساختەکارییەکانی فارسەوە ڕاپەڕی و بە دووری و فراوانی هێرشیان ئەنجامدا، بەجۆرێک کە هەردوو حکومەتەکە دیسانەوە ڕیککەوتن. پلان بۆ کردەوەی هێزەکان ڕێکخرا لە ژێر سەرکردایەتی هیشام الملیکی فارس و قورت ئیسماعیل پاشای دیاربەکر لەگەڵ سوپای بەغداد لە تورکیاوە. ئەمە لە ساڵی ١٨٨٤.

هشام الملیک بە بەڵێنی درۆی ئەنجامدانی پەیماننامەیەک جوامێری هاندا کە بێتە کەمپەکەی لە نزیک قەسری شیرین، کە لەوێدا لە ڕێگەی چادرەکەیەوە چەقۆی لە پشتی دابوو. پاشان خێڵەکە هەڵاتن بۆ قەرەداخ.

لەم کاتەدا محەمەد پاشا داغستانلی دێتە خانەقین بۆ شەفاعەتکردن بۆ هۆزەکە. لە ئەنجامدا هۆزەکە دوور خرایەوە، بەشێکی بۆ تەرابلوس لە سوریا و بەشێکی بۆ ئەدەنە، محەمەد پاشا ٣٠ ئەسپی لەگەڵ ئەو خێزانانە هێشتەوە کە لە زەهاو نیشتەجێی کردن.

لە ساڵی ١٨٩٦ بەشی تەرابلوس سەرکەوتوو بوون لە هەڵهاتن، و سەرکەوتوو بوون لە گەیشتن بە بازیان، بە شێوەیەکی بەرچاو لە ڕێگەی هاوکاری هۆزی شوان. بەشی زەهاو ئێستا دێنە بازیان و هاوکاریان کردووە لە دانانی پلان بۆ ئازادکردنی بەشی ئەدەنە.

چەند مانگێکی کەم دوای ئەمە، ١٥٠ ئەسپسوار لە بەشی ئەدەنە هەڵهاتن و خێزانەکانیان بەجێهێشت (بە گوێرەی ئەو پلانەی پێشوەختە دانرا بوو)، والی ئەدەنەیان ئاگادار کردەوە کە ماڵەکەیان تێپەڕاند. دوای بە دواداچوون ئەوانیترێش شوێنیان کەوتن و سەرکەوتوو بوون و هەوڵەکان بۆ ڕێگریکری لێکردنیان لە حەلەب و دێرەزوریش بە هەمان شێوە شکستی هێنا. ئەمانەش گەیشتنە بازیان. ئێستا ٤٠٠ ئەسپی هەمەوەند چووەتە موسڵ و هەڕەشەی ئەوەیان کردووە، کە ئەگەر بنەماڵەی ئەدەنە نەگەڕێنرێنەوە ئەوا وڵات وێران دەکەن. داواکارییەکەیان جێبەجێ کرا و خێزانەکان لەسەر حیسابی حکومەت گەڕێنرانەوە بۆ بازیان. هەتاکو ساڵی ١٩٠٨ هۆزەکە بێدەنگ بوون، ئەوکاتە ڕاپەڕین دوای کوشتنی شێخ سەعید قەرەداخی و دوای ناڕەحەتکردنی وڵات بۆ چەند مانگێک دیسان کشانەوە بۆ زەهاو. لەوێ مانەوە تا ١٩١٠، کاتێک نازم پاشا ڕێگەیدان بگەڕێنەوە، بەهۆی ئەوەی نەیانتوانیوە سزایان بدات، لەو کاتەوە کە بێدەنگ بوون، هەرچەندە ڕەتیانکردەوە باج بدەن.

درەختی بنەماڵە

باپیرەی هاوبەش، هەمەوەندی چەلەبی.

دووەم نەوە        سێیەم نەوە         چوارەم نەوە              پێنجەم نەوە

ڕەسوڵ             فەقێ قادر          فەتاح بەگ                 کەریم بەگ

عوسمان کوڕی نییە

ڕەحیم              قادر

دەروێش زۆرێک لە نەوەکانی ئێستا لە ژیاندان

شەریف

کاک عبدوڵا         عبدولڕەحیم ٤ کوڕ و ژمارەیەک کوڕەزا

مام سڵێمان        محەمەد             موشیر

ڕەمەزان            عومەر              قادر                       ئەمین

ڕەشید              بەهرام              عەزیز       حسێن باوکی محمد ئاغا

سەفەر              کەریم              خدر                       محمد ئاغا

***

سەرچاوە: یاداشت و تێبینییەکان لەسەر هۆزەکانی باشوری کوردستان.

مەیجەر سۆن ئەفسەری ڕامیاری لە خانەقین.

وەرگێڕانی: د. رەنجدەر محمد عزیز.

بابەتی پەیوەندیدار

هەروەها چێکی بکە
Close
Back to top button