رۆشنبیریسڵاید

چۆن ژینگەیەکی پەروەردەیی لەبار دەخوڵقێت؟

نووسینی: ئەرسەلان زرار

سایکۆلۆژیا لە هەوڵی بێ وچان دایە بۆ بنیاتنانی ژینگەیەکی پەروەردەیی، کە برەو بە مرۆڤایەتی بدات بۆ تێگەیاندنیان لە هاوکێشە ئاڵۆزەکانی ژیانکردن. ئەمەش بە کارلێکی بەردەوام لە لایەنە فیزیکی و بایۆلۆژی و کۆمەڵایەتی و ڕۆشنای بیرکردنەوەیەوە دێتە وجوود.

سایکۆلۆژیای پەروەردەیی هەوڵی دروستبوونی تاکێک دەدات کە توانا داربێت لە بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی تەندرووست. وە هۆشیاری تاک لە گۆمەڵگادا دەخوڵقێنێت بە جۆرێک کە خەمخۆریەکی بەردەوامیان هەبێت بۆ بنیاتنانی ژینگەیەکی لە بار و هۆشیارو پراو پر لە مەعریفەت.

هەردەم سایکۆلۆژیای پەروەردە جەخت لە گرتنەبەری ڕێگایەک دەکاتەوە، کە تیایدا پەیوەندییەکی دۆستانە لەگەڵ کۆمەڵدا دروست بکات، بەشێوەیەک هەرتاکێک بۆ بریاردان هەم پشت بە ژینگە ببەستێ و هەم کاریگەری پۆزەتیڤی هەبێت بۆ هەر تاکێکی نێو ژینگەی خودی و ژینگەی جیهانی.

دەرونزانی پەرەوردەیی دەبێ سیستمێک و زەمینەیەکی لەبار بڕەخسێنێت بۆ هەر تاکێک کە تیایدا کار بکاتە سەر لایەنە ئەخڵاقی و ڕۆشنبیری و ئاست و ئەدای هۆشیارانە. ئامانجی سایکۆلۆژیاش ئەمانە لەخۆ دەگرێت (هۆشیاری تاک و ڕەفتاری تاک و بەها کۆمەڵگەییەکان).

هۆشیاری تاک:

بۆ بەدیهێنانی ئەم خەونە لەمێژینەییە کە هەر کۆمەڵگایەک لە هەوڵی جددی دایە بۆی پێویستە بەرپرسانی ئەم بووارە “لە بنەچەی سەرهەڵدانی تاکێکی بیرتیژ زەمینە بڕەخسێنن نەک تاکێکی کۆنە بیرو کوێرە بۆچوون”.

وەک دەزانین ژینگە پڕە لە تاکی جیاوازو بیرتیژ و بیرکۆڵ، (بۆیە دەبێ لە دەنکی ژێر گڵ دەست پێبکات نەک لە بەرووبوومی ڕزاو و بۆگەن). دەبێ لە باخچەی ساوایان و قوتابخانە سەرەتاییەکان قوتابیان ڕۆڵی بنیاتنەر ببینن، نەک ڕوخێنەر و بە بەبەغاکردنیان.

ڕەفتاری تاک

سەبارەت بە ڕەفتاری تاک ئەوەیە کە تەواوی تاکەکانی کۆمەڵگا توانای پراکتیکی و تەکنەلۆژیایان بۆ فەراهەم بکرێت تا ئەم ژینگە دڵخوازە درووست بکەن کە مورتاح بن بە ژیانکردنیان تیایدا. واتە لە ناوەندە فێرکاری و پەروەردەییەکان هەل بڕەخسێت بۆ یان تا بتوانن کاریگەریە نێگەتیڤەکانی بوواری ژینگەییان هەرەس پێبێنن. نموونە جوانکان بەرچاو بخرێن و نموونە نەشیاوەکان بنەبڕ بکەن.

بەها کۆمەڵگەییەکان

سەبارەت بەم لایەنە پێویستە هەوڵی باشترکردنی نەریتە باوەکان کە تا رادەیەک کاریگەری سستی هەیە لە بەروەپێشچونی ئایدیا نوێگەریەکان بدرێت نەک بنەبڕکردنی ڕیشەیی ئەم ئایدیانە چونکە قورسە قەناعەت بە تەمەن هەڵچووەکان بێنین تا لە جیهانی ئەمڕۆ بگەن. بۆیە دەبێ هەندێ لە نەریتە ئێکسپایەرەکان بنێژرێن تا نوێگەری گونجاو سەردەربکاتو گوڵ بگرێ. بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجە سایکۆلۆژیانە لە بوواری پەروەردە پێویستە چەند هەنگاوێک بنرێت تا برەو بە هەر تاکێک بدات تا ژینگەیەکی لەبار بنیاتبنێت بۆخۆیی و بۆ نەوەکانی داهاتوو لەمانە:

١. پێویستە پڕۆگرامی ژینگەی پەروەردەیی لە قوتابخانەو زانکۆکان بە مەنهەج بکرێت.

٢. لە بواری ڕاگەیاندن و سۆشیاڵ سایتەکاندا بە بەردەوام بابەت گەلێکی پەیوەست بە پەروەردەی ژینگەی پەخش بکرێن و بخرێنە بەرچاو و گوێی بینەرو خوێنەر.

٣. دەرفەت دان بە چاپکردنی کیێب و ڕۆژنامە گەری لە بواری ژینگەی پەروەردەیی.

٤. دروستکردنی چەند پسپۆریەت و مامۆستای زانکۆی چاڵاک لە بواری ژینگەییدا.

٥. هاندانی رێکخراوەکانی بواری ژینگە بۆ تێکەڵکردنی هەموو تاکێک بە لایەنی ژینگەیی.

٦. دەستەبەرکردنی سەرچاوەی زانستی لە بواری ژینگە بە زمانی شیرینی کوردی.

***

بابەتی پەیوەندیدار

هەروەها چێکی بکە
Close
Back to top button