رۆشنبیری

کاریگەری و هەژمونی شێخ محمود لە سلێمانی لە بەڵگەنامەکانی ئەرشیفی وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا

د. رەنجدەر محمد عزیز

یاداشتی بڵاوکراوە، ژمارە:٤٣، لە ڕێککەوتی ٨ی کانوونی یەکەمی ١٩١٨ لە لایەن مەیجەر ئیدوار ولیام چارلس نۆیڵ، ئەفسەری سیاسی لە سلێمانیەوە بۆ ئەفسەری کارگێڕی ڕامیاری لە کفری و کەرکوک و ئاڵتون کۆپری.

دەکرێت ئەوە بیر بخرێتەوە کە ئێمە بەهاری ڕابردوو ئامادەکاریمان کرد بۆ دانانی شێخ محمود وەک نوێنەری بەریتانیا لە سلێمانی وە لە ڕاستیدا بۆ ئەو مەبەستە نامە نوسراو هەروەها نێردرا بەڵام لە خولەکی کۆتایدا هەڵوەشێنرایەوە. من ئاگاداری هەموو ئەو هۆکارانە نیم کە بونەتە هۆی ئەوکارە، بەڵام گریمانەی ئەوە دەکەم کە ئێمە کاریگەری شێخ محمودمان بە بەس زانیوە بۆ گەرەنتی کردنی ئەو کارە. لە ساتی گەیشتنمەوە بۆ ئێرە هەوڵمداوە کە ئەوەندەی ئەکرێت بیرم بە کراوەی بهێڵمەوە، هەروەها هێشتا چەند ڕۆژێک نەبو لێرە بووم کە بڕیارمدا بە جێبەجێکردنی ئەو پێشنیازەی کە گەیشتبوە گوێی شێخ محمود. ئەو کاریگەری و دەسەڵاتەی کە شێخ محمود لەم وڵاتەدا پراکتیزەی کردوە بە باشی ناسراوە. پێش شەڕ هیچ بەشێک لە حوکمڕانی عوسمانی نەبوە هاوشێوەی ناوچەی سلێمانی لە ئاژاوەو نائارامی سیاسیدا. سەرەکیترین جوڵەی ئەم ئاژاوەگێڕییە خودی شێخە کە لە لایەن کەس و کار و شوێنکەوتوانییەوە هاوکاری دەکرا و تۆڕێکیان بەسەر لادێکاندا دروست کردوە. هەوڵێکی خۆرسکانە هەیە بۆ ناساندنی کاریگەری ئەوانەی بەشدارن بە شێوەیەکی خراپ، بەڵام ئەگەر ئەوە لەبەرچاو بگیرێت کە سیاسەتی تورکەکان چی بوە، ئەوا ڕەوایەتیەکی دروست هەیە لە سەیرکردنی چالاکییەکانی شێخ وەک گوزارشتکردنێکی خۆڕسک بۆ ڕاپەڕین لە لایەن خەڵکانێكی ستەملێکراو. بەدەر لە هەر پرسیارێک تایبەت بە پاکانەکردن بۆ بنەماڵەی شێخ، ئەو کێشەی کە لێرەدا ڕووبەڕووی ئێمە دەبێتەوە بە شێوەیەکی بنەڕەتی یەکێکە لە کێشە سیاسییە پراکتیکییەکان. کاریگەری شێخ محمود بوونی هەیە و لەوانەیە تەنانەت گەورەتر بێت لەوەی پێشتر هەبوە. بە بێ پیوەرێکی تەواوی ئەو هەماهەنگی و هاوکارییانەی کە شێخ لە ئێستادا پێشکەشی ئێمەی دەکات، بە ئەگەرێکی زۆرەوە پێویست بە هێنانی یەکەیەکی سەربازی بەهێز دەکات کە من دەزانم حکومەتی خاوەنشکۆی بەریتانیا تا ڕادەیەکی زۆر دژی کارێکی لەم جۆرەیە. هەروەها لە گۆشەنیگای سیاسییەوە گرنگە کە ئاشتی لەم ناوچەیە بەردەوامی هەبێت بە بێ هاوکاری یەکە سەربازییەکانی بەریتانیا. بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی ئەم دواییەی بەریتانی-فەرەنسی، ئێمە ئامانجمان دروستکردنی کوردستانێکی سەربەخۆیە لە ژێر چاودێری بەریتانیدا، بەلام بە هۆی هەل و مەرجی دواکەوتووی و ناگەشەسەندوی وڵات و نەبونی پەیوەندی و ئەو ناکۆکیانەی لە نیوان هۆزەکاندا هەن، ناچارین کە لە چەندین سەکۆوە کار بکەین و هەوڵ بدەین بۆ دروستکردنی بابەتەکانی فەرمان و یەکێتی، و پارێزگاری کرکردن لەرۆژی دواتر بە مەبەستی هەماهەنگی دروستکرن لە پیناو یەکگرتن لە کۆتاییدا. بە شیوەیەکی ئاشکرا جگە لە بەشێکی دانەبڕاو لە ئیدارەی گشتیمان لە میسۆپۆتامیا، مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم کەیسانە کارێکی ناکردارییە، سەرباری ئەوەش بە هۆکارەکانی سیاسەتێکی فراوانتر، بە شێوەیەکی تایبەتی ئێمە تووشی دڵەڕاوکی بووین لە هاندانی تورکە لۆکاڵییەکان بۆ بە تایبەتی ڕوانین بۆ میسۆپۆتامیا لە پیناو ڕینماییی و ئیلهام وەرگرتن. هەرچەندە ئاسۆی هەر پەیوەندیەک لەگەل دەوڵەتی عەرەبی ئەگەری زۆرە کە ناخۆش بێت بۆ بەشێکی بەرچاوی ناسیۆنالیستە سەرسەختەکان و هەروەها بۆ پیاوانی هۆزەکانی ناوچە شاخاوییەکان. تەنها چەند ئەندامێکی زۆر رۆشنبیری کۆمەڵگان کە تێڕوانینی پێویستیان هەیە بۆ تێگەیشتن لەوەی کە پەیوەندی لەگەڵ بەغدا پتەوترین گەرەنتییە بۆ پێشکەوتن و گەشەسەندنی ماددی و تاکە بناغەی ڕاستەقینەیە بۆ ئۆتۆنۆمی و بڕیاردان لە مافی چارەی خۆنوسین. لەژێر ئەم بارودۆخەدا ناچارین چاوەڕوانییەکانی زۆر کەس بێهیوا بکەین، و ئەرکێکی زۆر ئاسانمان نیە لە ڕازیکردنی سەرکردەکانی خەڵک بە گشتی بۆ قبوڵکردنی ماوەی درێژخایەن لە پەروەردە و تاقیکردنەوە. بەم شێوەیە دەردەکەوێت کە هەر سەرهەڵدانی ئانارشی یان دژایەتیی دەبێ بە هەر نرخێک بێت ڕێگری لێ بکرێت تەنانەت ئەگەر لەسەر حیسابی فراوانکردنی ڕەزامەندی و پشتیوانیمان بێت بۆ ئەو کەسانەی کە شێوازەکانیان بە تەواوی لەگەڵ بیرۆکەکانی یاری دادپەروەرانە و دادپەروەری بەریتانیدا ناگونجێت. من ئاگادار نیم ئایا لە ناوچەکەتان بزوتنەوەیەکی ناسیۆنالیزمی بەهیز هەیە بە ئاراستەی سەربەخۆی و مافی چارەی خۆنوسین.

لێرەدا بزووتنەوەیەکی لەو شێوەیە بوونی هەیە و دەبێت لە ژێر کۆنتڕۆڵدا بهێڵرێتەوە لە ڕێگەی بەردەوامدان بە بیرخستنەوەی حکومەتی خاوەنشکۆی بەریتانیا، وە ئەگەر بەرپرسیارێتی بەرێوەبردنی کوردستان قبوڵ بکات بە جێبەجێکردنی ئەو بنەمایانەیی کە لە بەیاننامەی ئینگلیزی-فەرەنسیدا هاتووە، تەنها لەسەر ئەو تێگەیشتنە توندەی کە خەڵک و ئەوانەی کە وەک فەرمانڕەوا هەڵیاندەبژێرن، ئەوا لەگەڵ ئەو ڕێسا و بنەمایانەدا دەگونجێن کە پێویستن بۆ پاراستنی فەرمانەکان و بەڕێوەبردنی دادپەروەری و دڵنیابوون لە پێشکەوتن و گەشەکردن. بۆ زۆرکەس سەربەخۆی تەنها بە واتای سەربەخۆیی دێت لە هەموو ڕێگرییەکان و یاساکان، هەوەکو کەیسی ئێران کە لەوێ لە ساڵی (١٩٠٨)ەوە مەشروتە(شۆڕشی دەستۆریخوازی) وەک هاوشێوەی دەسترێژیکردنە سەر و مۆڵەتی لێهاتوە. هەروەها بە کارێکی بەسود زانراوە کە سەرنجیان بۆ نمونەکانی مێژوو ڕابکێشم کە بە ئەوەی ئەمدواییەی ڕوسیا گەیشتە لوتکە، کە زۆر نەزانەکانێش ئاگادارن، ئەمەش بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە ئەوە نیشان دەدات کە ئەگەر جوڵانەوە نیشتمانییەکان کۆنترۆڵ نەکرێن و لەژێر کۆنترۆڵدا نەهێڵرێنەوە ئەوا کارەسات دروست دەبێت. ئەوەی تا ئێستا وتراوە کەم تا زۆر لایەنی نەگەتیڤی وێنەکەیە لە ڕوانگەی ناسیۆنالیستە سەرسەختەکانەوە. بۆ ڕوکردنە لایەنی ڕوناکتر، ئێمە هەردەم دەتوانین ئاماژە بەوە بکەین کە پەیوەندی لەگەڵ بەغداد لە ڕێگەی لۆجیکی جوگرافییەوە دەبێت، وە هەروەها زیاتر پرسێکی ڕازیکردنی ڕۆژانەیە، ئەگەر پێویست نەبێت پێویست ناکات دەستتێوەردان بکرێت لە گەشەکردنی وڵات لەسەر هێلە نیشتمانییەکان. تا ئەو جێگایەی دەگونجێت کارمەندانی ئیدارە کورد دەبن. لیڤییە کوردکان بەرزدەکرێنەوەو فەرماندەیی دەکرێن. زمانی کوردی زمانی فەرمی حکومەت دەبێت و یاساکان گۆڕانکاریان تێدا دەکرێت تاکو بگونجێن لەگەل داب و نەریت و بەها ناوخۆییەکاندا. هەروەها سیستەمی باج و کۆکردنەوەی داهات بە شێوەیەک دادەڕێژرێتەوە کە پێداویستی خەڵک دابین بکات. سەبارەت بە کەیسی خێڵەکان، ئەوا ڕێز لەو داب و نەریت و یاسایانە دەگیرێت کە بونیان هەیە و هەروەها ڕێگە بە سەرۆکە دانپێنراوەکان دەنرێت بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری خێلەکانیان وەکو ئەوەی تا ئێستا هەیە. سەبارەت بە دارای، وڵات بودجەی پارێزگاکانی دەبێت و هەروەها ئەو باجەی کۆدەکریتەوە تەرخان دەکرێت بۆ بەڕێوەبردن و گەشەپێدانی وڵات بەڵام ڕێگە بە بەشداریکردن دەدرێت بە ئاراستەی فراوانکردنی ئیدارەی دایک (سەرەکی) لە بەغداد. لە لایەکی ترەوە پەیوەندی لەگەڵ میسۆپۆتامیا دڵنیایی دەدات لە گرنگی سودی مادی بە ڕادەیەکی زۆر. پەروەردە و کاروباری گشتی و کشتوکاڵ و پەیوەندییەکان هەمویان بە تێکڕا ئیلهام و پاڵنەری خۆیان لە بەغدادەوە وەردەگرن. بەم شێوەیە دەبینرێت کە لەسەرەتاوە بەڵینی ئۆتۆنۆمییەکی فراوان دەدرێت وە لەگەڵ پەروەردەکردنی خەڵک و ئامادەکاری بۆ خۆبەڕیوەبردنیان ئەم ئۆتۆنۆمییە فراونتر دەبێت. ئەم پرۆسەیە لە نۆرەی خۆیدا پیدەچێت لە ڕێگای سودە مادی و ئەخلاقیەکانەوە کە دروست دەبن لە ئەنجامی پەیوەندی لەگەڵ بەشەکانی تری عێراقدا. لێرەدا پێویستە هەڵوێستمان بەرامبەر شێخ محمود دیاری بکەین. وەکو پێشتر ئاماژەم پێکرد، ئێمە دانمان ناوە بە شێخ محموددا تا ئەو جێگایەی کە ناوبراو لە لایەن خەڵک و هۆزەکانەوە دانیپێدابنرێت. ناوبراو نامەیەکی پێیە ئیمزاکراوە بۆ فەرماڕەوایەتی بەزۆری ئەو بەسەر لایەنە دودڵەکاندا. خودی شێخ کەسێکی دانایەو هەستی منداڵێکی سادەی هەیە. ئەو گرنگیپێدان و نیگەرانیانەی ناوبراو هەیەتی سەبارەت بە کاروبارەکانی کە زۆر بە جدی وەریگرتوە هەر لەسەرەتاوە ئەوی ترساندوە. هەروەکە لەم دواییانە ئەم دەقەی لە سەعدی وەرگرتوە، دەڵێت ” هیچ کەسێک دامەنێ لەشوێنی کار ئەگەر دانا نەبێت هەرچەندە شوێنی کار جێگەی کەسی دانا نیە”. شێخ بە سروشتی خۆی ڕەوشتێکی فراوان و گەشاوەی هەیە و کاریگەر دەبێت بەو کەسەی کە دوا ووشەی لەگەڵ دەڵێت. بە داخەوە ناوبراو بە گروپێک لە خەڵکانی فزولی دەوردراوە کە مێشکی پڕ دەکەن لە چەمکی ناماقوڵ و گەمژانە. ئەمانە مۆدێلێکیان داهێناوە کە تیایدا خۆیان بە حوکمڕانی هەموو کوردستان ئەزانن، وە بودجەیەکی نایابیان دیاریکردوە کە مانگانەی فەڕاشی داماو چەند ڕوپیەیەکە لا کاتێکدا مانگانەی لێپرسراوانی دادگاو فەرمانبەرانی تر یەکسانە بە هەزاران ڕوپیە.

سەرباری ئەوەش هێشتا شێخ محمود سیاسیەکی بەرچاوی بەهێزە. ئەگەر کەسێک دژی دانانی بێت ئەوا چوار کەس پێشوازی لە دانانی دەکەن. ئەمەش بەشێکی کەمە لە ناڕەزایەتی لە وڵاتێکدا کە پەیوەندی بنەماڵە و ناکۆکی ناوخۆیی ڕۆڵێکی گەورەی تیادا دەگێڕن. تا ئێستا جاف، بنەماڵەی بەگزادەی جاف، هەمەوەند، بەشێک لە زەنگەنە، شێخ بیزەینی، پیشدەر، بەشێک لە دەلۆ، وەیسی و داودە، هەورامانییەکان و ژمارەیەکی زۆر کەسایەتی دیار لەسەر سنوری فارسەکان هاتونەتە ئێرەو ڕەزامەندیان دەربڕیوە لەسەر دانانی شێخ محمود. ئەگەر بە وشەیەکیش بێت من ئامادە نیم بۆ وتنی بەیعەتی خزمەت کردن. لە هەندێک حاڵەتدا، زیاتر سەبارەت بە پشتوێنەی باشوری خێڵەکان ڕەنگە دەنگێک بەدەست بهێنرێت لە ئەنجامی ئەو پشتیوانییەی کە ئێمە پێشکەشی شێخمان کردوە. من هەرچەندە لە چەندین بۆنەدا ڕامگەیاندوە کە با بزانریت ئێمە بۆ ئەوە لەوێ نین کە تاکو کەس ڕازی بکەین بۆ ئەوەی خۆی بخاتە ژێر کاندیدبوونی ئیمەوە. ئەو ڕاستیە بەرچاوە ماوە کە شێخ محمود لەم خاکەدا هێزێکە و فاکتەرێکە کە دەبێت حسابی بۆ بکرێت، وەکو ئەسپێکی چاودێری دەبێت بۆ گەیشتن بە خێڵەکانی ناوچە شاخاوییەکانی باکور و هەروەها ئەوانەی سنوری فارس بۆ ئەوەی واز لە دوژمنایەتی ئێمە بێنن، بۆیە دانانی شێخ سەرمایەیەکی جیاوازە. لیرەدا پرسیارێک دیتە ئاراوە کە ئایا لە بەرژەوەندی ڕاستەقینەی کوردستان و ئێمەیە کە دەسەڵات و هێزی شێخ محمود گەورە بکەین. لەوێدا مامەڵەیەکی باش هەیە کە پێوێستە لە هەردوولاوە بوترێت. من شەخسی خۆم خولیای بیرکردنەوەم لەوەی کە ئەگەر تاکەکانی تر چێژ ببینن لە هەمان ئەو جەماوەریبوون و دەسەڵاتەی کە شێخ محمود دەیەوێت دروستی بکات لە ناوچەکانی تری وڵاتدا، ئەوە کارێکی بێسود نابێت بۆ هەموو ئەوانەی پەیوەندیدارن بە خودی شێخ محمودیشەوە. بەڵام پێموانییە کە کارێکی ژیرانە بێت بە شیوەیەکی دەستکرد ئەو جۆرە کەسانە دابنێین. ئەگەر ئەوانە لە خۆیانەوە سەرهەڵبدەن جا لە ئەنجامی خواستێکی ڕاستەقینە لە لایەن خەڵکەوە بێت یان لە ڕێگەی بەهێزی کەسەیاتی و کاراکتەری خۆیانەوە، ئەوا دەتوانین بەو شێوەیە قبوڵیان بکەین کە لە هەمانکاتدا دەمانەوێت شێخ محمودی پێ قبوڵ بکەین. لە ئیستادا وادەردەکەوێت کە بەشێکی زۆری لایەنی وڵات لە ژێر ئاڵای ئەودا خۆیان ڕێکبخەن و ئەگەر ئەمە ڕاست بێت ئەوا سیاسەتی ئیمە دەبێت بەو ئاراستەیەدا بێت کە زۆرترین سود لە پێگەو کاریگەری ئەو وەربگرین. پیشنیاز دەکەم کە ئیوە وەک ڕاوێژکاری خۆتان بۆ بابەتی خێلەکان ئەو پیاوانە هەڵبژێرن کە لای شێخ محمود قبوڵ دەکرێن و هەروەها ئەوانەی کە بە دانانی نویێەرایەتی شیخ ڕازین. کۆرسی پێشنیاز کراو یارمەتیدەر دەبێت بۆ پارێزگاری ڕووبەڕوبونەوەی حکومەتی شێخ، بەڵام بە کردەوە ئەمە دەستتێوەردان لە دەسەڵاتی ئەفسەری ئیداری ڕامیاری ناکات لە مامەڵەکردنی ڕاستەوخۆ لەگەڵ هۆزەکانی ناوچەکە بە بەردەوامی لە ئاگادارکردنەوەی شێخ و ئۆفیسەکەی و ئاماژەپێکردنی لیرەوە بۆ چارەسەرکردنی هەر حاڵەتێک کە هۆزەکانی ناوچەکانی تر بەشدار بن تیایدا. لە نامەی ئەم دواییەی ئەفسەری ئیداری ڕامیاری ئاڵتون کۆپریدا هاتوە کە کوردەکان زیاتر بە دەستی سەرۆک و سەیدەکانیان ئازاریان چەشتوە وەک لە بەرپرسانی تورکیا. ئەمەش پستڕاستدەکرێتەوە لە ڕاپۆرتێکی ئەم دواییەی ئەفسەری ئیداری و ڕامیاری کەرکوک و هەروەها لەو گفتوگۆیانەی کە لەگەڵ ئەندامانی گروپی ڕۆشنبیری پێشەی کردومە کە لە ئیستادا بە ژمارەیەکی زۆر لێرە نین، بەڵام ڕەنگە چاوەڕێی لێشاوێکی بەرچاو بن لە ڕزگارکردنی دیلەکانی جەنگ. ئەو وتەیەی سەرەوە بە تەواوی پشتڕاستدەبێتەوە، بەڵام پێموایە هەرچەندە ئێوە ئامادەن ڕازی بن لەسەر ئەوەی کە کاتی ئەوە نیە هەڵمەتێک لە بەرژەوەندی ئاژاوەی ستەملێکراوان دەست پێبکەین. ئامانجی دەستبەجێی ئێمە ئەوەیە کە سەرکردەکانی هۆزەکان وبازرگانەکان و چینی پیاوانی ئاینی و لە راستیدا ئەو خەڵکەی کە بە تەنها دەتوانن گوێیان لە دەنگیان بێت، وە ئەوە هەڵبژێرن کە لەگەڵ میسۆپۆتامیادا بن و لە ئێستادا هەموو بیرکردنەوە مرۆڤایەتییەکان و هەستەکان لە پێناو ئەو ئامانجەدا بیت.

***

تێبینی: ئەم بابەتەمان پێشتر لە گۆڤاری (مێژووناسی، ژمارە (٢)ی، هاوینی ٢٠٢٢، ساڵی یەکەم) بڵاو کراوەتەوە. لێرە دایدەنێمەوە بە هیوای سودلێبینینی لە لایەن هاوڕیانەوە.

بابەتی پەیوەندیدار

هەروەها چێکی بکە
Close
Back to top button