محەمەد هەریری
١
کوشتنی سوهرەوەردی لەسەر زمانی زۆرێک لە ڕۆشنبیرانی کورد بۆتە بنێشتە خۆشەی سەر زمان و بن زمانیان. سەیر لەوەدایە نەماندیت بە دەگمەن یەکێک وردبێتەوە لەو کەیسە و توێژینەوەیەکی لەسەردا بکات، تەنها دووبارەکردنەوەی قسەی هەندێ نێوەندی شیعی و عەلمانیەت و نەتەوەپەرستانی پەڕگیرە.
هادی عەلەوی دەڵێت: “یەکێ لە تاوانەکانی سەڵاحەدین لە سێدارەدانی فەیلەسوف شهاب الدین السهروردي بوو. ئەوەش لە ئەنجامی سکاڵانامەیەکی پیاوانی ئایینی حەلەب ڕوویدا کە کوفری ئەویان دەسەلماند و داوای موستەهەقی کوشتنیان دەکرد.
پیاوانی دینیش دەسەڵاتێکی زۆریان هەبوو لە سەردەمی ئەمیرە جەنگەکانی تورك، هەروەها نورەدین و سەڵاحەدین پشتیان بە پیاوانی ئایینی دەبەست لە پێناو هاندانی خەڵك وگۆشکردنیان لە دژی فەرەنگیەکان ، بە حوکمی مۆرکی ئایینی جەنگی خاچداران. لە بەدبەختی دایە کە تاقە فەرمانێکی لە سێدارەدان جێبەجێ کرابێت لە مێژووی ئیسلامیدا لە دژی فەیلەسوفێك لەسەردەستی ئەو کوردە دادپەروەرەدا بووە.”
عەلەوی بە ئەسەفەوە باسی ئەو هەڵەیە دەکات و سەرەڕای ئەوەش پێیوایە سەڵاحەدین زۆر مرۆڤێکی ئەستۆپاك بوو و دژی گەندەلی بوو و ڕیزی جیاوازیەکانی دەگرت و پشتگیری ڕەخنەی هەقیقی دەکرد لە گەندەڵی وهەر خۆشی لە پشت هاندانی ڕەخنەگرێکی سەرسەختی وەك الوهرانی دەکرد، کە هەتا کەس وکاری سەڵاحەدیننشی نەدەپاراست لە رەخنە توندەکانی.
هەقیقەتی فەلسەفی سوهرەوەردی
سوهرەوەردی ناوی يحيى بن حبش بن أميرك ی، ناسراو بە شهاب الدين السهروردي بوو، لە ٥٤٩ هیجری لە دایك بووە لە سوهرەوەرد، ودەڵێن لە ساڵی ٥٨٧ هیجری کوژراوە، هەرچەندە ساڵی مردنی جیاوازی لەسەر هەیە.
خەڵکانێکی زۆر بە ئاگایی وبێ ئاگایی لە مەسەلەی لە سێدارەدانی سوهرەوەردی لەلایەن سەڵاحەدین، بێ ئەوەی لەو بابەتە وردبنەوە، هەندێکیان تەنها لەبەر قینی مەزهەبی و هەندێکی تر لەبەر هەرزەکاری فیکری، و کەسانیکی تریش لەبەر هۆکاری ئایدیۆلۆژی و دەمارگرژی نەتەوەیی، تۆمەتی ستەمکاری دەدەنە پاڵ کەسایەتیەکی دادپەروەر و بێفیز و خۆشەویستی خەڵک وجەماوەری وەك سەڵاحەدین، کە بەڕای هادي العلوي لە جوامێریدا وێنەی نەبووە لە پاش خودی پێغەمبەر محەمەد.
سوهرەوەردی لە خەیاڵی ئەو کەسانە فەیلەسوفێکی گەورەی بێ گوناه و بەری و ئاسایی میژوو بووە، زانایان و خەڵک و دەسەڵاتی سەڵاحەدین لە هیچ و خۆڕایی ئەو کەڵە فەیلەسوفەیان کوشت! سەڵاحەدین ێك کە بۆ ژنە خاچپەرستێك بگریێت چونکە شیرەخۆرەکەی لێی ڕفێندرابوو، وەك ابن شدادی مێژوو نووس بە زیندوویی تۆماری کردوە لە کتێبی [ النوادر السلطانية والمحاسن اليوسفية] باسی دەکات.
بەزەیی بێ سنووری هێندە مەزن بوو جەنگاوەرە خاچ پەرستەکانیشی گرتبۆوە، تاڕادەی ئەوەی شیعە قیندارە مەزهەبیەکان تۆمەتی مەیلداری بە مەسیحیەتی دەدەنەپاڵ، لەبەر لێبوردەیی و تۆلەرانس وتەساموحی لەگەڵ جەنگاوەرە خاچپەرستەکان، نەک مەدەنیەکان!!
دەیانەوێت هەر شارێکی گرتبا وەك داعشی کردبا تا لێی ڕازیبن!! شوهرەتی جوامێری سەڵاحەدین هێندە دەنگی دابوەوە لە ئەوروپای کۆنی سەردەمی کڵێساش، تارادەی ئەوەی خەڵکانێکی مەسیحی ڕەچەڵەکیان دەگەڕاندەیەوە بۆ خانەوادەیەکی میرزادەی مەسیحی، بەڵکو لە فەرەنسا تا ئەمڕۆش ناو لە منداڵەکانیان دەنێن سەڵاحەدین Saladin ! وەك دکتۆر لویس بوزێ دەڵێت لە ڕۆژنامەی لوفیگارۆ Figaro لە ٢٢ تشرینی دووەمی ١٩٩٣ لە ڕاگەیاندنی مەرگنامەیەك ناوی ئەو کەسەی وا بڵاوکردبوەوە Marie Bernard Saladin! وەك لە کتێبی (صلاح الدين الأيوبي بين العباسيين والفاطميين والصليبيين) سيد حسن الأمين دا هاتووە سەرەڕای ئەوەی تەرخان کراوە بۆ ناوزڕاندنی سەڵاحەدینی مەزن.
سەڵاحەدین بەو هەموو لێبوردەیی و شکۆوە ماقوڵە فەرمان بکات بە کوشتنی فەیلەسوفێکی موسڵمان؟! ئەگەر هۆکارێکی تر لە پشت ئەو سزایە نەبێت؟!
بە نسبەت سوهرەوەردی یش، ئەو کەسێکی تابڵێی سەرچڵ و هەڵەشە بوو بە شەهادەی نزیکترین کەس و قوتابی و دۆستی خۆی، فخرالدین الماردینی کە دەربارەی وتویەتی:
” ئەو لاوە چەندە زیرەك و زمان پاراوە! کەسم وەك ئەو نەدیوە لەو سەردەمەدا. بەڵام من لیی دەترسم لەبەر زۆر هەڵەشەیی و بێ باکی و کەم تەحەفوزکردنیدا، کە ببێتە هۆی لەناوچوونی.” هەروەها ماردینی ئاماژە دەکات بە گوێنەدانی بە هیچ ئیعتاباراتێکی کۆمەڵایەتی، بۆیە نامۆ دەردەکەوت بە دەوروبەرەکەی سەرەڕای قسە قوول و سەیرەکانی ابن تغري بردي دەڵێت: “سەروشکلی زۆر پیس وپەڵۆس بوە، نەخۆی دەشۆرد ونە جلەکانی، ونە نینۆکی دەکر ونە قژی کورت دەکردەوە!” وابن خلدون یش دەربارەی دەڵیت زانستی گەورەتر بوو لە عەقڵی، وەك خیردالدین الزرکلي لە الاعلام دا ئاماژەی پێدەکات!
٢
ئایا سوهرەوەردی کورد بوو؟!
چیرۆکی سوهرەوەردی لە سەرچاوەکان لەوەوە دەست پێدەکات کاتێ بە پەیامێکی تایبەتەوە بەرەو دیاربەکر و ئەنادۆڵ و سوریا دەچێت، بەر لەوەی بچێتە حەلەب و لەلایەن پاشای ئەوێ زاهیرشای کوڕی سەڵاحەدین [الملك الظاهر أبو المنصور غياث الدين غازي، ( 568هـ – 613)] میوانداری بکرێت، ناوبانگی وای دەرنەکردبوو، ئەگەرچی بۆ هەرکوێ ڕۆیشتبا سەرنجی خەڵکی بۆخۆی ڕادەکێشا بە زیرەکی و شیعرە ناسکەکانی وبیرە فەلسەفیە قووڵ و نامۆکانی.
کە لە حەلەب گیرسایەوە و بووە مایەی بایەخپێدانی کوڕی سەڵاحەدین، کە لێی دەگێڕنەوە زۆر حەزی لە دۆستایەتی ئەهلی تەسەوف و عیرفان بووە، وەك هەر کوردێك کە بە گشتی تا ئەمڕۆش زیاتر حەزیان بە مەسلەکی ئەهلی تەسەوفە لەناو گروپە ئاینیەکانی ئیسلامدا. هەتا بەڵگەی بەهێزیش هەیە کە خودی سوهرەوەردیش کورد بووە، وەک ابن خەلەکان دەڵێ: ناوی يحيى بن حَبَش بن أَمِيرَك، دەڵێ ئەمیرەک لەفزێکی کوردییە بچوک کردنەوەی ناوی ئەمیرە لە کوردیدا وا بچوک دەکرێتەوە!
ابن حوقل یش لە کتێبی (صورة الأرض، ص 314) دەڵێت: سەهرەوەرد وەک دەشتی شارەزوورە لە پیت وبەرەکەتی و خۆش ژیانی، وهەرزانی و چاکی شوێنەکەی وجوانی، کوردیش زاڵن بە ژمارە تێیدا.
سوهرەوەردی و زاهیر شا و سکاڵای مەلایان!
نکوڵی لێ ناکرێ کە سوهرەوەردی لەو تەمەنە لاوییەیدا زۆر عەقڵی گەورە بوو، موتەسەوفێک و فەیلەسوفێکی گەورە بوو.
بەڵام لەبەر ئەوەی سوهرەوەردی بڕیاری دابوو هەموو نهێنیەکانی دەعوە وبیروڕاکانی بە ئاشکرا بە گوێی خەڵکی دادات بە ئاشکرا، پیاوانی دینی حەلەب دەیان جار سکاڵایان لەدەست دەکرد، وداوای دوورخستنەوە وسزادانیان دەکرد، لە زاهیرشای ئەیوبی، بەڵام کوڕەکەی سەڵاحەدین سکاڵاکانی پشتگوێ دەخست، بۆیە ئەوان سکاڵاکانیان گەیاندە خودی سەڵاحەدین، تێیدا نووسیبویان:
ئەگەر وابروات سوهرەوەردی عەقڵی زاهیرشای کوڕت تێك دەدات، ئەگەریش ئازاد بکرێت عەقڵی خەڵکی گشتی تێك دەدات! ئەوەش تا ڕادەیەکی زۆر ڕاست بوو، چونکە بانگخوازانی ئەو قوتابخانەیەی سوهرەوەردی پێگەیاندبوو، لە ڕووی عەقڵیەوە زۆر زیرەك بوون، کەسانێکی وەك ابن سینا و اخوان الصفای پێگەیاندبوو، دەکرێت بڵێین جگە لە بیروباوەڕە دینیە مەزهەبیە شیعیەکانیان، بایەخیکی زۆر و زەوەندیان بە زانستە عەقڵیەکان و فەلسەفیەکان دەدا.
وتاریان کاریگەری لەسەر نوخبەی ڕۆشنبیر وخەڵکی گشتیش بەجێ دەهێشت. هەرچەندە مەودایەکی گەورە هەبوو لە هەڤدژی، لە نێوان ئەو بیروباوەڕە فەلسەفیانە و بیروباوەڕە مەزهەبیە دینیەکانیان، و ئەو دەرەنجامە تەسکانەی کە هەوڵیان بۆ دەدا لەڕێگای فەلسەفەوە.
کە سکاڵای زانا سونیەکان و خەڵک زۆر بوو، لەسەر بە ئاشکرا تەبشیر کردنی سوهرەوەردی بە بیروراکانی، مەلاکان وخەڵکی گوێڕایەڵیان، کە دیتیان زاهیرشای کورەکەی سەڵاحەدین هیچ ڕێکارێك ناگرێتەبەر لەدژی سوهرەوەردی، بە ناچاری نامەیەکی زۆریان بۆ سەڵاحەدین نووسی، سەڵاحەدین یش، وەك سەرکردەیەك پاراستنی بەرەی ناوخۆی لە دەست ئەو زانایانە بوو کە ڕۆڵی میدیا و ئامادەباش کردنی خەڵک یان دەگێڕا، لە جەنگی خوێناوی وسەرتاسەری لە دژی خاچپەروەران، لەبەر پایەی بڵندی زانا ومەلاکان نەیدەتوانی لێبوردەیی لەوێدا بنوێنێ، بۆیە کاتی ئەوەی نەبوو دانیشێ گوێ لە فەلسەفە و بیروڕاکانی فەلسەفی سوهرەوەردی بگرێت، کە فەلسەفەی ئیشراقی ئەو هێندە ئاڵۆز و تەلیسماوییە، هەتا لە گفتوگۆکان دەردەکەوێ مەلا وزانا دینییەکانیش بەباشی تێینەدەگەیشتن!
ئەوە نە کاری ئەو سەرکردە سەربازیە گەورەیە بوو، نە خۆشی سەری لەو ڕموز و غموزانەی فەلسەفە دەردەچوو، بۆیە کارەکەی خستە ئەستۆی مەلا و زانایانی دینی، چونکە تۆمەتەکەش بە بڕوای سەڵاحەدین هەر دینی بوو، بۆیە داوای کرد لە زانا ئاینیەکان لێپرسینەوەی لەگەل بکەن، نەک بیکوژن، دڵنیام کە سەڵاحەدین چاوەڕوانی ئەوەی نەدەکرد بیکوژن!
سەڵاحەدین سەرەڕای مەزنی بەڵام حیسابی زۆری بۆ ئەو مەلایانە دەکرد، چونکە زۆربەیان لەناخەوە دژی سەڵاحەدین بوون، خۆیان بە پیاوی قەرزاری نورەدین زەنکی دەزانی، هەتا ڕۆژێک ئەو مەلا وزانایانەی حەلەب هەڕەشەنامەیەکی تووندیان بۆ سەڵاحەدین ناردە میسر، کاتێ بۆیان دەرکەوت کە پابەندی فەرمانەکانی نورەدین زەنکی سەرداری ناکات، تێیدا هاتووە: ” زۆر پێت درێژ کردوە سەڵاحەدین، سنوورت بەزاندووە، تۆ تەنها خزمەتکارێکی نورەدینیت، نەکەی بوغرا بیت. ئێمە تۆمان لە نەبوونەوە دەرهێنا، دەشزانین چۆنت بگەڕێنینەوە بۆ هیچ “
ئەمین مەعلوفی ڕۆماننوس دەڵێت: سەڵاحەدین خالی بوو لە توندڕەوی ووشک وبرینگی سەتحی، کە تەبعێکی زاڵ بوو بەسەر نوورەدین زەنکی. بۆیەش پیاوانی دینی زەنکییان پێ باشتر بوو لە سەڵاحەدین، چونکە تەبعی پیاوانی دینی وایە هەمیشە تووندڕەوانی دینیان پێ پەسندترە بەسەر کەسانی میانڕەو ونەرم ونیان.
ئەوەبوو سوهرەوەردی درایە دادگا لە ژێر فشاری مەلاکان، بەناوبانگترین بەشی ئەو دادگاییکردنە وگفتوگۆیە لەگەڵ سوهرەوەردی، لە تاقە سەرچاوەیەک گێڕدراوەتەوە بە ناونیشانی البستان الجامع لتواريخ الزمان ی عمادالدين ابو حامد الاصفهاني، کە كلود كاهن لە القاهرة چاپی کرد لە نێوان ساڵی 1937 و1938 . نازانین تا چەند ڕاستە، چونکە وەک نووسەرێک دەڵێ:
لاهوتییە مەسیحییەکان گومان لە زیندووبونەوەی الیعازر دەکەن چونکە تەنها لە ئینجیلێک لە چوار ئینجیلەکان هاتووە، ئەگەر باوەڕ بە ڕیوایەتێکی کتێبێکی پیرۆزی وەک ئینجیل نەکرێ، چونکە تەنها یەکیان باسیان کردوە، چۆن باوەڕ بە ڕوداوێک دەکرێ لە کتێبێکی ئاسایی یەک کەس باسی کردوە؟! لەوەش خراپتر هەتا خودی کتێبەکە ونووسەرەکەی نەناسراون و تۆمەتبار دەکرێ بە خواستنی ناوی عماد الاصفهاني کە نووسەرێکی ناوداری سەردەمی سەڵاحەدین بووە، بەڵام ناوی ئەو کتێبە هەرگیز لە لیستی کتێبەکانیدا نەهاتووە، تەلفیق کراوە لەسەر ناوی ئەو، زانایانی توراسی عەرەبی سەلماندویانە کە ئەوەی لەو کتێبە نووسراوە ستایلی نووسینی عمادی ئەسفەهانی نییە!
ڕۆژهەڵاتناس برۆکلمانیش دەڵێ سوهرەوەردی بیروڕای غونوسی وعیرفانی لەسەر بنچینەی ئەفلاتونیەت وفیساگۆرکیەتی نوێی هەبوو وپەیڕەوی لێ دەکرد… تەعالیمەکانی زۆر زوو گومانی خستە دڵی زانایانی سوونە، وگوتیان سەر بە عەقیدەی قیرمیتیەکانە یان ئیسماعیلییەکانە کە دوژمنی دەوڵەت بوون، بەو شێوەیە سەلاحەدین سەرەڕای میانڕەوی ولێبوردەیی هیچی لەدەست نەهات جگە لە ڕازیبوون بە حوکمی مەرگ بەسەر سوهرەوەردی کە زاناو قازی دەریکردبوو لە ١١٩١. “
ئەو قسەیەی برۆکلمانیش هەر بە پشت بەستن بەو تاقە سەرچاوەیە گوتراوە، من دەڵێم سەڵاحەدین نە ئاگاداری کوشتنی بوو، نە لەوێ بوو، ئەو کارەکەی سپاردە کوڕەکەی وزانا ومەلاکان.
سەڵاحەدین کاتێ بەخۆی لە شوێنی ڕووداو دەبوو تەنها لێبوردەیی و مەزناتی نیشان دەدا، وەک لە شەڕی دژی حەشاشەکان کە دوو جار هەوڵی کوشتنی سەڵاحەدینیان دا، ئەو فیرقە ئیسماعیلیە باتینیەی کە کافرن لە نەزەری زانایانی سوونە، بەڵام کە سەڵاحەدین گەمارۆیدان ودەیتوانی قەڵاچۆیان کات، بەڵام بە حیکمەت ولێبوردەیی و دڵگەورەیی خۆی ڕێکەوتنی لەگەڵدا کردن تا بێلایەنیان کات لە جەنگی نێوان خۆی و خاچپەروەران. هەتا لێبوردنی لە خاچپەرستانیش جێگای سەرسوڕمانە لە لێبوردەیی ئەو.
ماقول نییە بتوانێ هەموو ئیسماعیلییەکان لەناوبەرێت نەیکات، کە چەندە ترسناک بوون وترس وتۆقانیان خستبوە دڵی دەسەڵاتدار و خەڵکی ئاسایی، بە هەزارانیان ڕەشکوژ دەکرد، بەڵام بۆ موتەسوفێکی فەیلەسوف بڕیاری کوشتنی بدات، وەک بڵێی مەترسی زیاتر بێت لە حەشاشەکان؟!
٣
گفتوگۆکانی دادگایی کردنی سوهرەوەردی
لە دادگایی کردنەکەی سوهرەوەردی گەر ڕاست بێت هاتووە :
“قازی گەورەی دیمەشق کە دادگایی سەهرەوەردی کرد کتێبەکانی ئەو فەیلەسوفەی خوێندۆتەوە، تەنها ڕستەیەك هەڵوەستەی پێکرد، کە سەهرەوەردی لە کتێبیکیدا نووسیبووی: [خودا دەتوانێت پێغەمبەرێك دروست بکات]، بە سەهرەوەردی گووت:
– تۆ دەڵێیت خودا دەتوانێت پێغەمبەرێك دروست بکات، ئەوەش ئەستەمە، چونکە هیچ پێغەمبەرێك لە پاش محەمەد نییە.
– سەهرەوەردی گووتی: سنوور نیە بۆ هێزی خوا، ئەوەی توانای بەسەر هەموو شتێکەوە هەبیت، ئەگەر شتێکی ویست لێی عاسێ نابێت.
– قازیەکە وەڵامی دایەوە: خودا توانای هەموو شتێکی هەیە جگە لە دروستکردنی پێغەمبەرێکی تر، موستەحیلە.
– سەهرەوەردی گووتی: ئایە دروستکردنی بە ڕەهایی موستەحیلە یان نا؟
جارێ ئەو قسەیەی باسی خەلقکردنی پێغەمبەرێکی تر لە هیچ کتێبێکی سوهرەوەردی لەوانەی بەردەستن نەهاتووە! بەڵام ئەگەر گریمان ڕاستیش بێ، واتە سوهرەوەردی جیاوازی دەکرد لە نێوان ئیمکانی عەقڵی و ئیمکانی مێژوویی. بە عەقڵ خوا توانای هەموو شتێکی هەیە، بەڵام بە مێژوو چونکە وەعدی داوە محمد دوا پێغەمبەری بەشەریەت بێ، ناتوانێ پێغەمبەرێکیتر دروست بکات یان بنێرێ.
بێگومان هەردوو لا ڕاستی هەیە لە داواکەیان، بەڵام نیازی خراپی مەلا وقازییەکە گفتوگۆکەی بە ئاقارێکی تراژیدی دا دەبرد. دڵنیام هەتا قازی حەلەب یش باوەڕی بەوە هەبوو خوا هەموو کارێکی پێدەکرێت، بەڵام لە چڕبوونەوە لەسەر ئەو پرسە دیارە مەرامێکی تایبەتی هەبوو، شەڕێکی دینی مەزهەبی سیاسی هەبوو، چونکە ئەو و پیاوە دینیەکانی تری حەلەب دڵنیا بوون لە باتینیەتی سوهرەوەردی، وباتینیەکانیش ڕوئیای تایبەتیان هەیە بەرامبەر پێغەمبەرایەتی، کە لای ئەوان بە هاتنی پێغەمبەر محمد کۆتایی نەهاتووە! و بە ئاشکرا لە کتێبەکانیان بانگەشە بۆ پێغەمبەرایەتی محمدی کوڕی ئیسماعیل دەکەن، کە ناوزەدی دەکەن بە الناطق السابع [قسەکەری حەوتەم] و پێغەمبەر محمدیش لایان ناطق السادسە!
ابو ایوب السجستانی، کە پێیدەڵێن فەیلەسوفی گەورەی ئیسماعیلی لە کتێبی اثبات النبوات دەڵێت:” ئەوەی لە سنوری ئیبراهیم ڕاوەستا و باوەڕی پێ هێنا وبروای بە بانگەوازی ئەو کرد، وتێنەپەڕاند بۆ سنوری موسا، ئەوە جیاوازی کردوە لە نێوان ئەو و موسا، کە سنوری ئەو وئەویان بەیەك گەیشتوون، ئەوەی لە سنوری موسا ڕاوەستا و باوەڕی پێ هێنا وبروای بە بانگەوازی ئەو کرد، وتێنەپەڕاند بۆ سنوری عیسا، ئەوە جیاوازی کردوە لە نێوان ئەو و عیسا، کە خوا سنوری ئەو وئەویان بەیەك گەیاندوە، ئەوەی لە سنوری عیسا ڕاوەستا و باوەڕی پێ هێنا وبروای بە بانگەوازی ئەو کرد، وتێنەپەڕاند بۆ سنوری محمد صلی الله علیە و اله، ، ئەوە جیاوازی کردوە لە نێوان ئەو و موسا، کە خودا سنوری ئەو وئەویان بەیەك گەیشتوون، ئەوەی لە سنوری محمد صلى الله عليه و علی اله وەستا و باوەڕی پێ هێنا وبروای بە بانگەوازی ئەو کرد، وتێنەپەڕاند بۆ سنوری القائم [واتە پێغەمبەرەکەی ئیسماعیلیەکان]، ئەوە جیاوازی کردوە لە نێوان ئەو و خاوەنی قیامەت [!!!]، کە خودا سنوری ئەو وئەویانی بەیەك گەیاندوون!”
” کتاب اثبات النبوات، للفیلسوف الاسماعیلي ابو یعقوب اسحق السجستاني، حققه وقدم لە تامر عارف، الطبعة الثانیة، دار المشرق، بیروت – لبنان، ص ٤٢-٤٣.
نەك هەرهێندە لە هەندێك کتێبی تری ئیسماعیلیەکاندا هاتووە کە باوەڕیان وایە پێغەمبەرایەتی پایەکی بەشەریە و خەدیجەی خێزانی پیغەمبەر ، محمدی کردۆتە پێغەمبەر.
ابراهیم بن الحسین الحامدي لە یەکێك لە لە نهێنیترین کتێبی بانگەوازی ئیسماعیلیەکان، كنز الولد، دەڵێت: “فرفعت (خديجة منزلته) كما ذكرنا بأمر ولي الأمر, وسلّمت إليه رتبة النبوة والرسالة, وهو ما روي أنّ خديجة أسلمت يوم الاثنين وقت الظهر, وهو اليوم الذي بُعث فيه, والوقت الذي قام به مرسلاً”
کنز الولد، دار الاندلس، عني بتحقیقه د. مصطفی غالب.
پاش ئەوەی پیاوانی دینی حەلەب گەیشتنە قەناعەت بە باتینیەتی یا قیرمەتیەتی یان ئیسماعیلیەتی سوهرەوەردی، و خۆشی بێ باکانە قسەی قووڵ وتەلیسماوی وپڕ ئاڵۆزی دەکرد لە کۆرەکان، زۆر جار قسە و بیروڕاکانی باتیتیەکان دەکرد، قازی حوکمی مەرگی بەسەردا پاش ئەو وتووێژە، بەڵام هەتا مەسەلەی کوشتنیشی زۆر باسی لەسەرە، هەندێك دەڵێن بە “خنکاوی مرد، وهەندێکی تر دەڵێن بە شمشێر کوژرا و بەهێزترینی ئەو ڕایانەش ئەوەیە کە دەڵیت خۆی مانی گرت لە خواردن وخواردنەوە تامردن” شخصیات قلقة في الاسلام، ص ١٣٢
لەو جەوە تائیفی ومەزهەبیەی چەرخی چوارەم و پێنجەم وهەتا شەشەمی کۆچی، زۆر زەحمەت بوو کەسێکی فەیلەسوف و سۆفیەکی قسە قووڵ وبیرتیژ ڕزگاری بێت لە گومان لێکردنی، پاش هەڵگەڕانەوەی ئەشعەری لە موعتەزیلە و دژایەتی سەختی ئەهلی حەدیس وسەلەف بۆ مەزهەبەکانی شیعە و موعتەزیلە وئیسماعیلیەت وباقی جوڵانەوە فەلسەفی و باتینییەکان، بەڵکو دژایەتی مەزاهیبی سوونیش، ئەوەی تۆمەتبار کرابا بە باتینیەت و لادان لە سوونی بوون و وەلائ بۆ دەوڵەتی سوونی، حەتمەن دەکوژرا، کەسیش نەیدەتوانی بە ئاسانی ڕزگاری کات، هەتا سەڵاحەدینیش، چونکە ڕێشمەی شەقام لە دەستی ئەو مەلایانە بوو.
ئایا سەڵاحەدین تاوانبارە؟!
کەسانێکی زۆر بی ئاگایانە لەسەر ئەو مەسەلەیە سەڵاحەدین تۆمەتبار دەکەن بە بکوژی و بە دژایەتی فەلسەفە بە سەرسەختی، بەڵام دەبێ بزانین نە سەهرەوەردی ئەو کاتە هێندە ناسراو بوو لەناو حیهانی ئیسلامیدا، نە سەڵاحەدین دەیناسی، مەلایەکانی حەلەب وایان تێگەیاندبوو کە خەریکە کوڕەکەی زاهیرشا لە دین وەردەگەڕێنێ، وپیاوی باتینیەکانی دوژمنی سەڵاحەدینە!
بۆیە ئەگەر ڕاستیش بێ سەڵاحەدین فەرمانی کوشتنی دابێ، کە من پێم ڕاست نییە، کارێکی چاوەڕوانکراوە لەو جەوە بارگاوییە مەزهەبی وتائیفیەی سەرزەمینی ئیسلام تیایدا دەژین!
بە نیسبەت دژایەتی فەلسەفەوەش، سەڵاحەدین وەک باسمان کرد، هەر ئاگاشی لە فەلسەفە و باسەکانی نەبوو، ڕاستە هەموو مەزاهیبە ئیسلامیەکان لە دژایەتی فەلسەفە و تاڕادەیەکیش زانستی کەلام و مەنتق، کەوتبونەتە ژێر کاریگەری حەنبەلیە سەلەفیەکان و ئەهلی حەدیس، سەڵاحەدین کە شافیعی و ئەشعەری بوو، لە ڕووی مەزهەبیشەوە نەرمکێشتر بوون لە مەزهەبەکانی تر بەرامبەر فەلسەفە و زانستی کەلام و مەنتق.
ئینجا سەڵاحەدین تەنها داوای دوورخستنەوەی کرد، کوڕەکەی نەیکرد، دوایی دەڵێن داوای دادگایی کردنی کردوە. ئەوەی حوکمی مەرگی بەسەردا قازی دیمەشق بوو، کە ئەو کاتە قازیەکان پایەی سەربەخۆیی خۆیان هەبوو، وەک کارمەندە دینیەکانی دەوڵەتی ئەوقافی ئەو سەردەمەی ئێمە نەبوون.
بێگومان هۆی کوشتن وسزادانی سەهرەوەدی فەلسەفە و کوفر نەبوو، هەرچەندە دەکرێت ئەوەش لە دژی بەکار هێنرابێت، بەڵام لە ڕاستیدا هۆکارێکی سیاسی لەدواوە بوو وەك لە ئاماژە مێژوویەکان دەردەکەوێت، کە ئەو سەر بە ترسناکترین هێزی نەیاری چەکداری قیرمیتیەکان یان ئیسماعیلیەکانی جبل مسیاف و قەڵای ئەلەموت بوو. کە چەندین جار هەوڵی کوشتنی خودی سەڵاحەدینیان دا وزامداریشیان کرد.
هۆکارەکانی کوشتنی سوهرەوەردی
من دەڵێم ئەوەی سوهرەوەردی کوشت ئەو هۆکارانە بوون:
یەکەم: هەڵەشەیی و بوێری وتەهەوری خۆی کە هەتا هاوڕێیەکی خۆی شێخ سدید بن رقیقە دەڵێت: “شهاب الدین سوهرەوەردی دەم نادەم سەردانی دەکرد، هاوڕێیەتی لە نێوانیان هەبوو، شێخ فەخرەدین ماردینی دۆستی گیانی بە گیانی دەیگووت ئەو لاوە چەندە زیرەک و زمان پاراوە، کەسم وەک ئەو نەدیتوە لەو زەمانەدا، بەڵام دەترسم لەبەر زۆر هەڵەشەیی وگوێنەدان وبەهەند وەرنەگرتنی، ببێتە هۆکاری لەناوچوونی “
” أن شهاب الدين السهروردي كان يتردد إليه في أوقاته، وبينهما صداقة، وكان الشيخ فخر الدين يقول لنا: ما أذكى هذا الشباب وأفصحه، ولم أجد أحداً مثله في زماني، إلا أني أخشى عليه، لكثرة تهوّره واستهتاره وقلة تحفّظه، أن يكون ذلك سبباً لتلفه “
دووەم: بیروڕاکانی زۆر بە زەقی پێچەوانەی بیروباوەڕە ئیسلامییەکانی ئەو سەردەمەی دەکرد، هەتا لێکۆڵەرێکی سۆفی گەورە دکتۆر عزمي طه دەربارەی سوهرەوەردی دەڵێت: ” لە هەقیقەتدا بیروباوەڕێکی زۆر لە کتێبەکانی سوهرەوەردی هاتووە، سەرەڕای ئەوەی تێگەیشتنیان قورسە و ئاڵۆزن، بیروباوەڕی جیاواز وپێچەوانەی تێدایە لەگەڵ بیروباوەڕی ئیسلامی. لە ناوەرۆکی نزیک دەبێتەوە لە بیرۆکەی یەکێتی بوون واتە وحدة الوجود، ئەوەی ئەو ناوی دەنێت بە الحکیم المتاله (بە حەکیمی خوداوەندکار ) لە پایەی پێغەمبەران وبەڵکو گەورەتریش دادەنێ!
سوهرەوەردی خۆشی بە قوتب دادەنێت کە دەبێ سەرۆکایەتی بۆ ئەو بێت، و شیاوە بۆ ئەوەی ببێتە خەلیفەی خودا لەسەر ئەرز، کە ئەوەش زۆر لە فەقیهەکانی هاندا تەکفیری بکەن!”
سێیەم: زانا و مەلاکان ئێرەییان بە سوهرەوەردی دەبرد، چونکە زاهیرشا زۆر خۆشی دەویست، وزۆر نزیکی کردبوەوە لە خۆی، هەروەها هەستیان بە دەسەوسانی دەکرد بەرامبەر لۆژێکی بەهێزی سوهرەوەردی کە هەموویانی دەمکوت دەکرد!
چوارەم: سوهرەوەردی لەبەر سەرخۆشبوونی بە مەی خوداوەندی وەک غەزالی لە کتێبی المشكاة باسی دەکات ودەڵێت: “سكروا سكرا وقع دونه سلطان عقولهم”. سۆفییەکان وا سەرخۆش دەبوون، دەسەڵاتی عەقڵیان لە دەست دەدا!
زۆر بەرزەفڕانە قسە و گفتوگۆی دەکرد لەگەڵ زانا ومەلاکانی ئیسلام، بۆیە تۆمەتباریان دەکرد بە لە خۆبایی بوون وفیزکردن بە سەریانەوە.
ابن أبي أصيبعة لە (عيون الأنباء في طبقات الأطباء، ص ١٦٧): دەڵێت: “شهابەدین سوهرەوەردی لەگەڵ فەقیهەکانی هەموو مەزهەبەکان گفتوگۆی دەکرد ودەسەوسانی دەکردن، فیزی دەنواند بەسەر ئەهلی حەلەب، واقسەی لەگەڵ دەکردن کەوا لەوان پایەی بەرزترە، ئەوانیش لێی توڕەبوون و فەتوای خوێن حەڵاڵکردنیان دا، تا کوژرا!”
بەڵکو وەک پێشووتر باسمان کرد، لێکۆڵەری سۆفی دکتۆر عەزمی تەها دەڵێت: خۆی پێ قوتبی هەرە مەزن و حەکیمی خواداوەندی بوو، کە پێیوابوو پایەیان لە پێغەمبەرانیش گەورەترە. یەکێک وابڵێت چۆن ڕزگاری دەبێت لەو سەردەمە دینییە مەزهەبییە؟!
پێنجەم: سەردەمەکە، چەرخی پێنجەم وشەشی هیجری، سەردەمی شەڕی دینی و مەزهەبی بوو، دژایەتی زۆر هەبوو لە نێوان سوونە وشیعە و خەلافەتی عەباسی سوونی و خەلافەتی فاتیمی شیعی، سوهرەوەردیش تۆمەتبار دەکرێ کە سەر بە یەکێ لەو بزوتنەوە باتینیانە بوو، کە کاریان دەکرد بۆ بەرژەوەندی خەلافەتی فاتیمی، هەتا سەرچاوەکانی باتینییەکان خۆشیان نایشارنەوە کە سوهرەوەردی سەر بە ئەوان بووە، بۆیە من دەڵێم پاڵنەری کوشتنی سیاسی بوو زیاتر لەوەی دینی بێت.
شەشەم: سەڵاحەدین وەزعی زۆر هەستیار بوو لە حەلەب، کە زۆر لایەنگری زەنگییەکان بوون، وحەلەب بەرەی ڕۆژهەڵاتی بوو لە دژی زەنگییەکانی موسڵ و سەلجوقیەکانی ئەنادۆڵ وئاسیای بچوک وباکوری کوردستان، دژی فەرەنگییەکان لە خۆرئاوای حەلەب، سەرەڕای کێشمەکێشێکی شاراوەی لەگەڵ دەسەڵاتی عەباسی. بۆیە نەیدەویست زانایان ومەلاکانی ئەو شارە لەخۆی زیاتر هاندات، کە هەتا ئەمڕۆش لە زۆربەی جیهانی ئیسلامیدا جڵەوی جەماوەریان بە دەستە ودەتوانن بە کەیفی خۆیان خەڵک هاندەن لە دژی هەر شتێک بیانەوێ! دەنا لێبوردەیی سەڵاحەدین بەشی هەموو ئیسماعیلیەکانی چیای مسیاف وچیاکانی شام بکات، چۆن بەشی سوهرەوەردی نەدەکرد؟!
حەوتەم: نووسەر عصام محفوظ لە وتارێکی ناوازەدا دەڵێت: کوشتنی سوهرەوەردی لە ساڵی ١١٩١ زاینی یان ٥٨٦ هیجری بوو، لەو ساڵەدا سەڵاحەدین لە بارێکی دەروونی وفشارێکی زۆر گەورەدا بوو. لەو ساڵەدا شای ئینگلزان ڕیکاردۆس بۆ دووەم ساڵی بوو گەمارۆی عەکای دابوو، ئەمین مەعلوف دەڵێت سەڵاحەدین هەرەسی دەروونی هێنابوو، زۆر خەمبار بوو، هەموو هیوایەکی لە دەستدا بۆ ڕزگارکردنی شاری عەکا، بە بەردەوامی دەگریا بۆ خەڵکی شارەکە کە لە گەمارۆدا بوون، و نائومێدانە هاواری یارمەتیان دەکرد، پزیشکەکان دەرمانی هێورکەرەوەیان پێ دەدا. لە تەموزی ١١٩١ ئاڵاکانی خاچپەرستان لەسەر شوراکانی عەکا بەدیار کەوتن. بەهائەدینی نووسەری سوڵتان سەڵاحەدین دەڵێ چوومە لای دڵی بدەمەوە وگووتم ئێستا کاتی خەم وگریان نییە، دەبێ دیلەکان ڕزگار کەیت! بەو شێوەیە لە کارەساتێکی سەربازیەوە بۆ کارەساتێکی ئینسانی، وسەڵاحەدین هەوڵی زۆری دا بۆ ڕزگارکردنی دیلەکان بە فیدیە بەڵام بێ سوود بوو! پاش نەختێک هەواڵی لەناوبردنی ٢٧٠٠ سەربازی سەڵاحەدین لەگەڵ ٨٠٠ ژن ومنداڵ بە دڕندەترین شێوە بە شمشێر و تیر و هەتا بە بەرد هەموویان کوشتن گەیشتە سەڵاحەدین، دەبێ باری دەروونی سەڵاحەدین چۆن بووبێ؟!
لەو کاتانەدا کە تاریکترین و خەمبارترین ساتەکانی سەڵاحەدین هەواڵی سوهرەوەردی بۆ هاتووە، کە خەریکی بڵاوکردنەوەی کوفر وزەندەقەیە، خەریکە کوڕەکەی لە دین هەڵگەڕێنێتەوە، و کابرایەکی باتینی ئیسماعیلییە، دەبێت چۆن بتوانێ لەو دوورەوە وردبێتەوە لەو بابەتەی پەیوەند بە کوفر، لەکاتێکدا لەشەڕدایە لەگەڵ کافرەکان لە دەوروبەری عەکا وقودس؟!
دەڵێت دڵنیام کاتێ نامەیان بۆ سەڵاحەدین ناردوە، سوهرەوەردیان کوشتوە وپرسیشیان پێ نەکردوە، تەنها پێیان ڕاگەیاندوە ئەویش بە پێی ئەمری واقیع ڕازی بووە. گومانم هەیە هەتا مەسەلەی سوهرەوەردیشیان بۆ باس کردبێ، نەیتوانیبێ لە سایەی بارێکی دەروونی وا خراپ، بایەخی پێویستی پێ بدات.
http://maaber.50megs.com/eighth_issue/sahrauardi.htm
ئەوە تەنها هەوڵێکی بێلایەنانەیە بۆ خوێندنەوەی ڕوداوی کوشتنی سوهرەوەردی لە چوارچێوەی مێژوویی وهەل ومەرجەکانی ئەو کاتە، نە بەرگرییە لە سەڵاحەدین، ونە پاکانە کردنە بۆ کوشتنی سوهرەوەردی، کە بێگومان کەسێکی مەزن و فەیلەسوفێکی گەورەی مێژووی ئیسلام بوو. ئەگەر کوشتتی کەسێک ببێتە بیانوو بۆ سفڕکردنی هەر سەرکردە وڕابەرێک، ئەوە هەتا پێغەمبەرانیش ڕزگاریان نابێ لەو چارەنووسە. بەهیوای ئەوەم چەند گۆشەیەکی تاریکی ئەو ڕووداوە تراژیدییە مێژووییەم ڕوونکردبێتەوە.