دەنگۆی هەژەند و سەرسووڕهێنەر لەمەڕ بوومەلەرزەکەی تورکیە
زانیار محمودی
لە هەوەڵ ساتەکانی بوومەلەرزەکەی تورکیاوە، جارێکی تر دەنگۆی سەیر سەیر سەبارەت بە ئەگەری ڕوودانی بوومەلەرزە بەهۆی ئەشیعەی «هاڕپ»ـەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە دەساودەست دەکرێ. لەم ڕاپۆرتەدا پێداچوونەوەیێک بۆ ئەم دەنگۆ و بەڵگە زانستییەکانی تایبەت بە ئەشیعەی هاڕپ کراوە.
چەند ساڵێ لەمەوبەر کاتێ بوومەلەرزەیەکی سامناک لە تورکیە ڕووی دا، هەندێ لە میدیاکان ناوی ئەشیعەی هاڕپیان هێنایە مەیدانی باسەوە، کە ئەگەری هەیە لە ڕوودانی ئەم بوومەلەرزەیەدا ڕۆڵی گێڕابێ. ئێستاش دوای ڕوودانی بوومەلەرزەیەکی وێرانکاری تر لە تورکیە، جارێکی تر بازاڕی ئەم گومانە گەرم بووەتەوە. چەند سەعاتێ دوای هاتنی بوومەلەرزەکەی نیوەشەوی ڕابردووی تورکیە، تۆڕی کۆمەڵایەتی بەگشتی و تویتەر بەتایبەتی، پڕ بوو لە دەنگۆی ئەوەی داخۆ شوێنپێی هاڕپ لەم ڕووداو و بەڵا سروشتییانەدا دەبینرێ، یان نا؟ لەم نێوەندەدا هەبوونی وزەخانەیەک لەم ناوچەدا کە خەریکە ساز دەکرێ، هێندەی تر دڵەڕاوکێ و گومانەکانی پتر کردووە.
هاڕپ و بوومەلەرزەکەی تورکیە
دەستپێکی ئەم گومانە دەگەڕێتەوە بۆ چەند ڕۆژ پێش ئێستا، واتە ڕۆژێ سێی فێبریوەر، کە تێیدا زانایەکی زەویناسی هۆڵەندی، بەنێوی (Frank Hoogerbeets)، تویتێکی بڵاو کردەوە و گوتی: “درەنگ یا زوو لەم ناوچەدا (باشوور و ناوەندی تورکیە، ئۆردن، سووریە، لوبنان) بوومەلەرزەیەکی (7.5) ڕیختەری دێت” پاش هاتنی بوومەلەرزەکە، تویتی ناوبراو، کە لە خوارەوە وێنەکەی دانراوە، بەخێرایی بڵاو دەبووەوە و گەلێ وڵامیشی بەدوای خۆیدا هێنا. خەڵکێکی زۆریش ئەم پرسیارەیان تەڕح کرد، کە لەبەرچی وڵاتانی ڕۆژاوا لە چەند ڕۆژ پێشترەوە کونسولخانەکانیان لە تورکیە داخست؟ لەلایەکی تریشەوە ململانێ و کەوتنە ژێر فشاری ئەردۆغان لەلایەن ئەمریکا و ناتۆوە بەهۆی ڕەوتاری دۆستانەی وی لەتەک ڕووسیە، وای کرد زۆرێک لە بەکارهێنەرانی تویتەر پێیان وابێ بوومەلەرزەکەی تورکیە ڕەهەندێکی سیاسی هەبێ و ڕۆڵی هاڕپ بەم ڕووداوەوە گرێ درابێ.
دەوروبەری سەعات دووی دوانیوەڕۆ جارێکی تر بوومەلەرزەیەکی تر لە هەمان ناوچە بە هێزی (7.8) ڕیختەر ڕووی دا، تاوەکوو قسە و باسەکان گەرم ببن و هەر لەو کاتانەدا هاتنی بوومەلەرزەیەکی (4) ڕیختەری لە نیویۆرک سەبەب بوو هەندێ خەڵکی تر بڵێن هاڕپ لە کۆنتڕۆڵ دەرچووە، بەڵام ئەم گومان و تیۆرانە تا چەند ڕاستن؟ بۆ ئەم مەبەستە دەستمان داوەتە شەنوکەوی ئەم بابەتە تاکوو بزانین هاڕپ چ قابلییەتێکی هەیە و داخۆ دەکرێ بوومەلەرزەکانی ڕابردوو بە هاڕپەوە گرێ بدەین، یان نا.
هاڕپ چییە؟
هاڕپ یان(High Frequency Active Auroral Research Program) یان بەرنامەی لێکۆڵینەوەی ئایۆنۆسفێری چالاک بە لەرەی بەرز، ناوەندی سەرەکیی ئەم پڕۆژە لە نزیکی ناوچەی گاکۆنای ویلایەتی ئالاسکای ئەمریکایە. تەواوبوونی ئەم پڕۆژەیە بیست ساڵی خایاندووە و تێچووەکەشی بە نزیکەی ٢۵٠ ملیۆن دۆلار خەمڵێنراوە. ئەمە یەکێکە لەو پڕۆژانەی لەلایەن هێزی دەریایی و ئاسمانیی ئەمریکاوە جێبەجێ کراوە و پڕۆژە نیزامییەکانی تر بۆ مەبەستی لێکۆڵینەوەیە لەسەر ئایۆنۆسفێر(بەرگە ئایۆنی زەوی)، هەروەها چینەکانی تری بەرگەهەوای زەوی و بەکارهێنانی سەتەلایتی تایبەت بۆ ئامانجی تایبەت، واتە بەگشتی بۆ ئامانجی ناجەنگی وەک لێکۆڵینەوە و گەیشتن بە زانیاریی زیاتر دەربارەی سروشتی چینە سەرووەکانی بەرگەهەوای زەوی و کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر زەوی بوو. زانایان لەڕێگەی هاڕپەوە بە دەسکاریکردن و ئیجاتکردنی گۆڕانکاری لە ئایۆنۆسفێر کە سەرووترین چینی بەرگەهەوای زەوییە، کۆمەڵێ لێکۆڵینەوەیان لەسەری ئەنجام داوە و کردوویانە بە جۆرە تاقیگەیەکی سروشتی.
هاڕپ بە کەڵک وەرگرتن لە شەپۆلی ڕادیۆییی لەرەبەرز، کە لە ڕادارەکانی خۆیەوە بڵاو دەبێتەوە ئەم کارە ئەنجام دەدات؛ واتە دوای وەرگرتنی بەشێک لەم شەپۆلانە لە بەرزیی (١٠٠ بۆ ٣۵٠ کیلۆمەتر) لەسەر ئاستی زەوی، دەبێتە هۆی گەرمبوونی ئایۆنۆسفێر و زیادبوونی جووڵەی ئەلیکترۆنەکان لەو ناوچەدا. یەکێ لە کەڵکەکانی هاڕپ ئەوەیە دوای ئەوەی کۆمەڵێ تەزووی دەستکرد دەنێرن بۆ ئایۆنۆسفێر و دەیورووژێنن، کۆمەڵێ شەپۆل بەدی دێن، دەکرێ ئەم شەپۆلانە مەودایەکی درێژ ببڕن و بگەنە قووڵاییی زەوی تاوەکوو کۆگای موشەک و تونێلەکانی ژێرزەوی بدۆزنەوە، یان پەیوەندی بە نۆقار(ژێردەریایی)ـەکانەوە بکەن.
ئەلیکترۆجێت چییە؟
جۆرێ ئامێری ئەلیکترۆنیی ئاوێزانە بەدەوری گۆی زەوی، کە بە خەزنکردنی وزە لەناو خۆیدا ژینگە و تەزوو گۆڕانی بەسەردا دێت و کۆمەڵێ شەپۆل بە لەرەی نزم دروست دەکات. ئامانجی هاڕپیش بۆ ئەوەیە لەڕێگەی ئەلیکترۆجێت وەکوو وێستگەیەکی گەورە کەڵکی لێ وەربگرێت تاوەکوو لە زەوی نزیک ببێتەوە.
گومانەکان سەبارەت بە هاڕپ
هاڕپ لەرەی ڕادیۆیی بۆ ئایۆنۆسفێر دەنێرێ و ئەلیکترۆجێت کاریگەری لەسەر کەشوهەوای زەوی دادەنێ، کە هەندێ جار لەکاتی ڕوودانی هەورەبرووسکە بەر زەوی دەکەوێ و لەسەر تەلەفۆن و ئامێری پەیوەندیی کارەبایی کاریگەری دادەنێ. لە گوتاری وێبسایتی (elminuto) دەگوترێ: هاڕپ وەک گەرمکەرەوەیەکی گەورە بۆ ئایۆنۆسفێر ئیش دەکات و دەتوانێ چەکێکی ژیۆفیزیکی ئاڵۆزی دروستکراوی دەستی مرۆڤ بێت. لە ئێدامەی ئەم ڕاپۆرتەدا پرسیارێک هاتووەتە ئاراوە، کە بۆچی پڕۆژەیەکی وەها لەلایەن سازمانی نیزامی و وەزارەتی بەرگرییەوە پشتیوانی لێ دەکرێ؟ وڵامەکەی ئەوەیە لەڕێگەی بەکارهێنانی هاڕپەوە دەکرێ پەیوەندیی ژێردەریایی، لێکدانەوە و کێشانەوەی نەخشەی ناوچەیەکی دوورەدەست و لێکۆڵینەوە لەسەر پێکهاتەی ژێرزەوینەکان پەرەیان پێ بدرێت. بەڵام ئەوەی لە ڕوانگەی زانستییەوە ئاشکرایە، ئەوەیە کە هاڕپ بەهۆی سەدان میلیۆن وات هێزەوە دەتوانێ گەرمکەرەوەیەکی گەورە بێ بۆ چینی سەرەوەی بەرگەهەوای زەوی، ئەمەش سەبەبی ئایۆندارکردنی چینی ئایۆنۆسفێر دەبێ و لێکەوتەی پێشبینینەکراو بەدوای خۆیدا دەهێنێ. هاڕپ تایبەتمەندیی ئاوێنەی هەیە و دەتوانێ لەسەر هەر خاڵێکی زەوی کاریگەری دانێ. ئێمە لەسەر چەکێکی نوێ قسە دەکەین کە دەتوانێ بایسی بەهێزکردنی زریان، زیادکردنی وشکەساڵی و ڕووداوی لەم چەشنە ببێت و بەبێ ئەوەی هیچ کەسێ هەستی پێ بکات هەموو خاڵێکی زەوی بریندار دەکات. بڵێی ئەمە چیرۆک بێ؟
نەیاران و لایەنگرانی هاڕپ چی دەڵێن؟
لایەنگرانی هاڕپ بۆ پاڵپشتیی ئەم پڕۆژە ئاماژە بە سوودە بێشومارەکانی دەکەن لە دنیای زانست و ژیۆفیزیک و سەربازیدا، بەڵام ڕەخنەگران بڕوایان وایە هاڕپ دەتوانێ لێکەوتەی زیانباری هەبێ بۆ زەوی؛ لە دروستکردنی مەترسی بۆ بەرگە ئایۆنی زەوییەوە بگرە تا دەستکاریکردنی زێهنی ئینسان. لێکۆلەرێک بەناوی (نیک بێگیچ)، لەگەڵ ڕۆژنامەنووسێک بەناوی (ژان مانینگ) توێژینەوەیەکی تەواوی سەبارەت بە هاڕپ ئەنجام داوە و بەرەنجامی ئەم لێکۆڵینەوە لە کتێوی «فریشتەکان ئەم هاڕپ (سازە)ـە ناژەنن» بڵاو بووەتەوە و تێیدا ئاماژەیان بە گریمانەیەک کردووە کە لێکەوتەی جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژە، گەلێ خراپترە لە تاقیکردنەوەی ئەتۆمی.
لەلایەکی ترەوە هەندێ لە لێکۆڵەرانی وەک (جێسیکا مەتیۆز)، کە بەڕێوەبەری بەرنامەی هاڕپە لە زانکۆی ئالاسکا ڕایگەیاندووە، کە بەرنامەی و لێکۆڵینەوەکانی هاڕپ توانای دەستکاریکردنی کەشوهەوای نییە و لەرە ڕادیۆییەکان جەزبی چینەکانی بەرگەهەوای زەوی نابن. (کیت گروز)، یاریدەری بەڕێوەبەری زانکۆی بۆستۆن گوتوویەتی: “هیچ میکانیزمێکی بڕواپێکراو بوونی نییە کە هاڕپ بتوانێ گۆڕانکاریی لە کەشوهەوادا بەدی بێنێت و ئەم جۆرە بانگەشانە بنەمای زانستییان نییە”. بەڵام بەڵگە زانستییە تازەکان دەڵێت: هاڕپ توانستی دروستکردنی لافاو، وشکەساڵی، زریان، هەورەبرووسکە، گێژەڵۆکەی ترسناک و بوومەلەرزەی سامناکی هەیە، بەتایبەت بۆ هەندێ ناوچەی وەک ئەفغانستان و فیلیپین بۆ ترساندنی تیرۆریستەکان، واتە لەڕووی سەربازیشەوە دەتوانێ وەک چەکێکی کۆمەڵکوژ کار بکات. هەندێکی تر هاڕپ بە خەتابار دەزانن لە کەوتنە خوارەوەی فڕۆکە و جۆرەها نەخۆشیی ئاڵۆز وەک سیندرۆمی ماندوویەتیی درێژخایەن، هەندێکیش پێیان وایە هاڕپ تەنانەت دەتوانێ وەک ئامێرێک بەکار بهێنرێ بۆ کۆنتڕۆڵی زێهنی مرۆڤ..
کۆبەندی
لەو ڕووەوە کە توانای دەستگەیشتنی تەواومان بەو زانیارییانە نییە، کە پەیوەندیی نێوان هاڕپ و بەڵا سروشتییەکان بەتایبەت بوومەلەرزە دەستنیشان دەکەن، ناکرێ بەشێوازێکی یەکلاکەرەوە لەسەر ڕاستێتیی ئەم بانگەشە قسە بکەین؛ ئایا ئەگەری ئەوە هەیە هاڕپ هۆکاری هەندێ لە بەڵا سروشتییەکانی ئەم دواییانە بێ؟ لەوانەیە تاوەکوو چەند ساڵی داهاتوو وڵامی ئەم پرسیارانەمان دەست بکەوێت.
***
سەرچاوەکان:
-Usatoday
-Elminuto