رۆشنبیری

دەسەڵاتی بوودەڵە، دەسەڵاتی بەردەوام

حەبیب محمد دەروێش

هەمیشە کە باسی دەسەڵات دەکرێت لەگەڵیدا باسی بوونی هێز دێت، بۆ ئەوەی حوکم بکرێت و یاساکان بسەپێنرێت، یاخود بۆ ئەوەی هەژموونێک زاڵ بکرێت دەبێت هێزت لە دەستدا بێت. لە یاسای دەستوریدا کە باسی دەسەڵات دەکرێت دەوترێت: (السلطة هي القوة ولایمكن تصور سلطة بلا قوة.)، دەسەڵات بریتییە لە هێز و ناکرێت وێنای دەسەڵاتێکی لاواز بکرێت، یاخود دەسەڵاتێک بەبێ هێز، ئەمە بۆ دەسەڵاتی مەعنەویش هەر ڕاستە، بەڵام ئەوەی ئەزمون کراوە لە مێژوودا، هەرچەندە دەسەڵاتەکە بەهێزیش بێت ناتوانێت بەردەوام بێت ئەگەر دانایی وعەدالەت هاوشان و هاوتەریبی هێزەکەی لەگەڵدا نەبێت، ئەڵبەتە هەموو دەسەڵاتێک دانایی هاوشانی بێت، هەمیشە عەدالەتیش پیادە دەکات، زۆر دەسەڵاتی گەورە و ملهوڕ لە مێژووی ئەم ناوچەیە پەیدا بووە، هەر ماوەیەک بڕی کردووە، تەنانەت لە قورئانی پیرۆزدا کاتێک پەروەردگار بەو مەزنییەی باسی دەسەڵاتی خۆی دەکات هەمیشه لەگەڵ دەسەڵاتی خۆیدا باسی دانایی وحەکیمی دەکات، ئەڵبەتە لە چەندین شوێن لە قورئاندا بە هەمان دەستەواژە هاتووە (العزیز الحکیم – العزیر هێز و دەسەڵاتە، (الحکیم: واتە دانایی و هەموو شتێک لە شوێنی خۆیدا دادەنێت وەکو دەفەرموێت:

– كَذَٰلِكَ يُوحِي إِلَيْكَ وَإِلَى الَّذِينَ مِنْ قَبْلِكَ اللَّهُ الْعَزِيزُ الْحَكِيمُ

– سَبَّحَ لِلَّهِ مَا فِي السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ وَهُوَ الْعَزِيزُ الْحَكِيمُ.

– وهو المهیمن علی عباده وهو العزیز الحكیم

– ربنا لا تجعلنا فتنة للذين كفروا واغفر لنا ربنا إنك أنت العزيز الحكيم.

– شَهِدَ اللّهُ أَنَّهُ لاَ إِلَـهَ إِلاَّ هُوَ وَالْمَلاَئِكَةُ وَأُوْلُواْ الْعِلْمِ قَآئِمَاً بِالْقِسْطِ لاَ إِلَـهَ إِلاَّ هُوَ الْعَزِيزُ الْحَكِيمُ.

– وَهُوَ الَّذِي يَبْدَأُ الْخَلْقَ ثُمَّ يُعِيدُهُ وَهُوَ أَهْوَنُ عَلَيْهِ وَلَهُ الْمَثَلُ الْأَعْلَى فِي السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ وَهُوَ الْعَزِيزُ الْحَكِيمُ.

– مَا يَفْتَحِ اللَّهُ لِلنَّاسِ مِن رَّحْمَةٍ فَلَا مُمْسِكَ لَهَا وَمَا يُمْسِكْ فَلَا مُرْسِلَ لَهُ مِن بَعْدِهِ وَهُوَ الْعَزِيزُ الْحَكِيمُ.

– وَلَهُ الْكِبْرِيَاء فِي السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ وَهُوَ الْعَزِيزُ الْحَكِيمُ.

چەندین ئایەتیتریش.

لەم ئایەتانەدا باسی دەسەڵاتی ژیان و خولقاندن و بوون و زیندووکردنەوە و حوکم و بڕیاردان .. هتد دەکات. باسەکە باسی باڵادەستی خوای گەورەیە، هەروەها لە سیاقی هەندێک لە ئایەتەکاندا لەگەڵ باڵادەستی و داناییدا باسی عەدالەتیش دەکات، هەروەک دەفەرموێت: (شَهِدَ اللّهُ أَنَّهُ لاَ إِلَـهَ إِلاَّ هُوَ وَالْمَلاَئِكَةُ وَأُوْلُواْ الْعِلْمِ قَآئِمَاً بِالْقِسْطِ لاَ إِلَـهَ إِلاَّ هُوَ الْعَزِيزُ الْحَكِيمُ)، واتە: حوکم و قەزاوەتی خوایە کە هیچ خوایەک نییە بێجگە لە ئەو، مەلائیکە و زاناکانیش دەیسەلمێنن کە حوکمی ئەو بە عەدالەتە و هیچ خوایەک نییە، ئەو نەبێت و تەنها ئەویش خاوەن دەسەڵاتێکی گەورە ودانا وحەکیمە.

لێرە لە باسی بەردەوامی دەسەڵاتەکەدا دەفەرموێت (قائما بالقسط)، واتە بەردەوام و ڕاوەستاوە بە عەدالەت، کەواتە دەسەڵاتێک عەدالەت بەرپا بکات بەردەوامە و هەمیشە بە پێوە دەمێنێتەوە و ناکەوێت، مان و نەمانی وابەستەی حیکمەت وعەدالەتە. هەموو یەکە و سیستەم و مەنزومەیەک لە خێزان و ڕێکخراو و حیزب و دەوڵەت و هەموو دەسەڵاتەکانی تریش، مانەوە و بەردەوامییان وەستاوە لە سەر حیکمەت وعەدالەت، بۆیە زانایانی ئیسلامی وتوویانە ناوی (العزیز الحکیم) ناوە مەزنەکەی پەروەردگارە (اسم اللە الاعظم.)

لە هەندێک شوێندا لە قورئاندا لەگەڵ (الحکیم) سیفەتی (الخبیر) هاتووە، کە بە مانای شارەزا لە وردەکاری شتەکان و هەموو مەسەلە و بابەتەکان، یان شارەزای وردەکاری مەخلوقەکان، ئەڵبەتە هەموو زانایەک شارەزا نییە، بەڵام شارەزاکان زانان، ئەمە بۆ پەروەردگار ئاساییە، بەڵام بۆ دەسەڵاتدارە مرۆڤەکان پێویستیان بەوە هەیە لە نزیکیانەوە ڕاوێژکارەکان شارەزا بن، بۆ ئەوەی بە ڕاوێژ و وردەکانیان پارێزگاری لە دەسەڵات بکەن و نەهێڵن بە لاڕێدا بڕوات، و پایەکانی هێز و دانایی و عەدالەت پایەدار بکەن.

جا هەر دەسەڵاتدارێک دەیەوێت حوکمداری بکات و بیەوێت دەسەڵاتەکەی بەردەوام بێت، دەبێت بزانێت حوکمدارییەکەی تەنها بە هێز بڕ ناکات، دەبێت هێز هاوشانی دانایی و عەدالەت بێت، چەندێک گرنگی بە خۆبەهێزکردن دەدات، دەبێت ئەوەندەش گرنگی بە پیادەکردنی دەسەڵاتەکەی بدات، بە پشت بەستن بە پایەکانی دانایی و عەدالەت، ئەگینا هەرچەندە بەهێز بێت ئاوابوونی دەسەڵاتەکەی تەنها مەسەلەی کاتە و هیچیتر.

بابەتی پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

هەروەها چێکی بکە
Close
Back to top button