رۆشنبیری

ڕەخنە لە عەقڵی فاشیستی .. سیروان حەمەڕەشید

کتێبی ڕەخنە لەعەقڵی فاشیستی لەنوسینی بەختیار عەلی-yew  ناوەندی ئەندێشە ساڵی 2015 چاپی کردوە لە ئەم کتێبە لە دووتوێی (346) لاپەڕەدا و لە چەند بابەت  و وتاری فیکری  پێکهاتوە.

 نوسەر زۆر بەوردی هەمو ئەو  پاشخانە کەلتوری و ئایدیا و  فاکتەرە بنەڕەتییانە دەستنیشان کردوە  کەعەقڵی فاشیزمی دروستکردوە، ئەگەر بمانەوێت لە مانا و جەوهەری فاشیزم تێبگەین و لانی هەرە  کەم خوێنەری بیەوێت بەوە مەعریفە و  فۆڕم و عەقڵییەتەی کە فاشیزمی لێدەێتەدەرێ ئاشنا بێت ،  زۆر گرنگە ئەم کتێبە  بەوردی  بخوێنتەوە تا وەک خۆیی و بابەتییانە لەکۆی شوناس و ماهییەت و ئەو فاکتەر و ژینگە و کەلەپور و نۆڕمە تێگەیشتن و هۆشیاری قوڵی لەسەر هەبێت بۆ ئەوە باشتر  لەسەر خودی ئەو بیرکردنەوە  و سیاسەت و دەسەڵات و سەرکردەدا  ڕۆحی فاشیزمیانەی  لەنێو جڤاتی  ئێمە و کۆمەڵگەی خۆرهەڵاتیدا  چۆن سەرهەڵدەدات!!!؟ . کەواتە بایەخ و گرنگی ئەم کتێبە لەوەدایە زۆرترین خوێنەرانی کورد بیخوێنەوە و لەسەر ئاستی ڕووبەری گشتی و کۆمەڵگەدا زۆر ترین مشتومڕ و گفتوگۆ و جەدەل لەسەر ناوەڕۆک و تێکستەکەی بکرێت..

 نوسەر لەسەرەتای کتێبەکەدا دەڵێت” ئەم کتێبە هەڵگری هەندێک لەو ئیش و وتارانەیە کەبەشێوەیەکی سەرەتایی باس لەچەمکی (فاشیزمی خۆرهەڵاتی) و هەندێک لەدەرکەوتەکانی دەکەن”

 باسی یەکەم بریتییە لە دیبەتێک نێوان (مەنسووری تەیفوری و بەختیار عەلی) دا

 لەپرسیارێکی مەنسووری تەیفوری لەسەر فاشیزم   نوسەر  لەوەڵامدا دەڵێت” دژایەتی چەمکی فاشیزم بەجۆرە هیستیرییە چاوەڕوانکراوە، بەتایبەت لای لیبڕاڵ و پۆپۆلیستە کوردەکانەوە  ئیشییان چاندنی وەهمی سیاسیە، کاریان قەناعەت هێنانە بەخەڵک کەهەندێک ڕیفۆرم دەتوانێت گۆڕانکاری گەوره دروستبکات ، زاراوەکە لەگوێچکەی زۆر کەسدا زرینگەیەکی سامناک و ناوخۆشی هەیە”

 نوسەر لەم دیبەتەدا مەترسی فاشیزم  لە ڕابردوو و ئێستا خستۆتەڕوو  دەڵێت:”  فاشیزم  ئەوە پرسیارە سەرەکییەکەیە؟  ناکرێت بەتەنیا یەک هێز هەبێت کەدەسەڵات بگرێته دەست و بیەوێت تەواوی هێزەکانی دیکە سەرکوتبکات و بیانسڕێتەوە، فاشیزم دەکرێت سیفەتی چەندەها هێز بێت کەتا ئاستی یەکدی وێرانکردن و یەکدی وردکردن، خۆیان و کۆمەڵگا ڕادەکێشنە ناو شەڕێکی گەورەی مان و نەمانەوە، فاشیزم لەو ساتەدا زۆر ئاشکرایە کەهەمەڕەنگی ئینسانی ئەوانی دی کورتدەکرێتەوە بۆ یەک سیفەت، یەک ناونیشان ، یەک ڕەهەند”

 هەروەها نوسەر لەسەر بەکارهێنانی وشەی فاشیزم دەڵێت:” فاشیزم بەو جۆرەی من بەکاریدەهێنم بۆ ئاشکراکردنی پاڕادۆکسە وەهمی و درۆزنانەیە، واتە قسەکردنە لەسەر خنکاندنی جیاوازییە ڕاستەقینەکان، ئەو جیاوازییانەی لەئینسانی تاکەوە هەڵدەقوڵێن، لەعەقڵی فەردیییەوە دێنەدەرێ، لەمۆڕاڵی ئینسانەکانەوە سەرچاوە دەگرن”

بەختیار عەلی لەوتاری داعش وەک ماشێنیکی فاشیستی  دەڵێت” داعش تەنیا بەرجەستەکەری ڕوخسارێکی هاوچەرخی ئەو قاڵبە ئایدیۆلۆژیەیە کەپێشتر لەقاڵبی بەعس و تۆرانییەت و ئەتاتورکییەت و قاعیدە و… هتددا دەرکەوتووە، دەرکەوتەیەکە جارێ لەناو دەوڵەتدا دەردەکەوێت وجارێک لەدەرەوەی دەوڵەت، جارێک لەبەرگی دەسەڵات و جارێک لەبەرگی ئۆپۆزسیۆندا” لەسەر  ئەو ماشێنی فاشستییە  لەڕێگەی تەقدیسکردنەوە  خۆی بەرهەم دەهێنت نوسەر پێوایە”  لەم ڕوانگەیەوە داعش  هێزێکی نامۆ نییە، هێزێک نییە جیاوازی ئەو هاوکێشانەی لەژێرەوە هەمو کۆمەڵگاکانی ئێمە حکومدەکەن، لێرەدا بونیادی گشتی لەڕێگەی تەقدیسکردنی جیاوازیی نێوان پارچەکانییەوە  ئیشدەکات، ماشێنەکە هەمیشە هەمان ماشێنە، بەهەمان خواست و مۆڕاڵ و بونیادەوە، بەهەمان مۆتێڤ و نیگاکردنەوە بۆ مرۆڤ، ئەوەی دەگۆرێت ناوکانیانە، لەگەڵ شوێن و ساتی دەرکەوتنیان”.

 لەوتاری فاشیزم و جیاوازیدا

 نوسەر  هێما بۆئەوەدەکات کە فاشیزم سەردەکێشت بۆ ڕاکێشانی جیاواز لەسەر ئاستی”  ڕاکێشانی جیاوازییە بۆ پلەی ڕاسیزم بۆ پلەی پۆلێنی بایۆلۆژی لەنێوان(من) و (ئەویدی)دا فاشیزم ئەوەیە هێزێک یان شوناسێک نەتوانێت بەبێ دروستکردنی وێنەیەکی دوژمن و وێنەیەکی حەیوانی لەئەویدی خۆی پێناسە بکات. وەک وێنەی جووەکان لای نازیزم، وەک وێنەی کافر لای تاڵیبانەکان، وەک وێنەی شیعە لای وەهابییەکان، وەک وێنەی کورد لای تورک…هتد” 

نوسەر لەوتاری فاشیزم و جیاوازیدا  کوشتنی جیاوازی لەفاشیزمدا لەڕێگەی ڕەتکردنەوە جیاوازێ نییە، بەڵکو لەڕێگەی بێنرخکردن و کەم بەهاکردن و ناشیرینکردنی جیاوازەییە… دەڵێت”  فاشیزم بریتییە لەبوار نەدان بەژیانی جیاوازی، بوارنەدان بەوەی هەموو هەمان مافیان هەبێت، نەوەک لەبنەڕەتدا هەر جیاوازی قەبووڵ نەبێت  دۆخێکی وەک یەکی و تەبایی ئینسانیی لەنێوان هەموو شوناسەکاندا بگەرێت.

فاشیزم پیشەسازیی دروستکردنی(ئەویدییەکە) کە شایانی   ژیان نییە، شایانی ئەوە نییە کەلەگەڵ سوبێکتی فاشیستدا تێکەڵبکرێت یان بەراورد بکرێت”

 لێرەدا دێنەسەر وتاری داعش و تێڕامانێکی سەرەتایی دەربارەی تەکنیکەکانی تەفسیرکردن و بەرگری لەم وتارەدا نوسەر ئاماژەیەکی وورد  بەسەرهەڵدانی داعش دەکات و پێوایە بەهاتنی داعش کۆتایی بەخەونی خورافەی لیبراڵییە درۆزنە هێنا کەقسە لەگۆڕانکاریی هێواش و لەسەرخۆ و قۆناغی گواستنەوە بۆ دیموکراسییەت لەخۆرهەڵات دەکات،  دەڵێت” داعش لەگەڵ خۆیدا تەنیا دڕندەیی و سەربڕاو ناهێنت، بەڵکو جۆرە کەلتوورێکی دیکەی دیینی و جنسی و ئابووریش دەهێنت، لەگەڵ داعشدا تەنیا نەزمی سیاسی هەڵناوەشێنت، بەڵکو تەواوی نەزمی کۆمەڵایەتی و جنسی و کەلتوری هەڵدەتەکێنت و جۆرە ڕەفتارێکی تر دێتە سەرەوە” 

 لەچەند پرەگرافێکی وتارەکەدا باسی ئەو ئایدیۆلۆژیایه دەکات فاشیزمی لێدەکەوێتەوە و سوبێکتی ئینسانیمان لەژێر ڕەحمەتی بانگەوازە ئایدیۆلۆژییەکاندا، بۆ ئەو ساتانەی کەتێدا(  من) سوبێکتەکان لە(ئەویدی) لە(غەریبەکان)جیادەبێتەوە ،  نوسەر  بۆچوونی وایە”  ساتی شەڕ لەگەڵ فاشیزمدا بەر لەهەر شت ساتی ئیشکردنە لەسەر پەیوەندی فەرد لەگەڵ شوناسەئایدیۆلۆژییەدەستەجەمعییەکەیدا، ئەوە تەنیا شوناسی ئیسلامبوون نییە، کەدەتوانێت کەسی فاشیست بەرهەمبهێنت، بەڵکو شوناسی عەرەببوون، فارسیبون، کوردبوون، تورکبوون، شیعەبوون پیاوبوون، عەلمانیبوون … هتد . هەمو دەتوانن جۆرە جەبرێک دروستبکەن سوبێکتەکان بگۆڕن بۆ ماشێنیکی کوێر و توندوتیژ” 

 نوسەر لەوتاری تاوانی سیاسی (1-2) فاشیست وەک بکەری شاردراوە زۆر ڕاشکاوانە لەسەر عەقڵی فاشیستی کورد دەنوسێت ” بەبڕوای بەختیار عەلی هەموو ئەوانەی دەترسن لەوەی دەسەڵاتی کوردی لەهەرێمدا بەڕوونی وەک فاشییزم ناوبنێن، ئەمڕۆ دەبێت بەوردی بەسەر تەواوی سیستمی بیرکردنەوەی فیکری ئەخلاقی خۆیاندا بچنەوە،  چونکە شیوەنی درۆزنانە سودێکی نییە”   نوسەر لەپەڕەگرافێکدا دەڵێت”  دەبێت باوەڕ بەوە بهێنن ئێمە لەقۆناغی گەشەی بەربڵاوی فاشێزمدا دەژین، کە خودی سیستمی سیاسی( لێرەدا مەبەست تەواوی سیستمە سیاسییەکای ناوچەکەیە، بەدەسەڵاتی کوردیشەوە) تەنیا ترۆپکی هەڕەمە فاشیستییەکەن”

نوسەر لەدیدوبۆچونی لەسەر جیاوازی نێوان ئۆپۆزسیۆن و ئۆپۆزسیۆنی پەرلەمانتاری  ڕەخنەی توند لە لەعەقڵییەتی نیولیبراڵە کۆنزەرڤاتیڤە کەدامامکی ئۆپۆزسیۆنەو بوونەتە پاسەوانی ئەم دونیایەی کەتیادەژین دەرگاکانی خەون و گۆڕانیان بەئەندازەی ڕۆحی خۆیان بچوککردۆتەوە” لەسەر گۆڕان لەکۆمەڵگای ئێمەدا دەڵێت:” کۆمەڵگا لەڕێگای ململانێی حیزبییەوە ناگۆڕێت، ململانێی حیزبی لەخۆرهەڵات هەر زوو حیزب دەگۆڕێت بۆ بوونەوەرێک هەڵپەرست و دیماگۆگی و لاواز، کەزوو تەسلیمی فۆڕم و داخوازییە تەقلیدییەکانی کەلتوور و دین عەشرەت دەبێتەوە”

 لەوتاری کێشەی زۆرینە و کەمینەدا  لەسەر فاشیزم دەڵێت” فاشییەت هێزێک دروستیدەکات لەخۆی ڕادەبینێت تەواوی کۆمەڵگا بخاتە دوای دروشمەکانی خۆی،  لەهەستکردن بە هێزەوە سەرچاوە دەگرێت، هێزێک بەشێوەیەک لەغروری خۆیدا نوقمە پێوایه پێویستی بەهیچ جۆرە پێکەوەژیانێک لەگەڵ هێزەکانی تردا نییە، کانگای هەرە گەورەی دیکتاتۆرییەت و فاشییەت لەو بڕوایەوە هەڵدەقوڵت” نوسەر لەم بەشەدا لەسەر سێ دەرکەوتەی سەرەکیی بۆ  دیاردەی فاشیزم دیاری دەکات: (١. دیاردەی مێگەل دروستکردن. ٢. دروستکردنی کەمایەتییەکی گوناهبار. ٣. مۆنۆپولیکردنی ڕاگەیاندن.) هەمو ئەزموونە فاشییەکان ئەم سێ مەرجە سەرەکییەیان تێدایە” 

وتاری ناوکۆکییەکانی عەقڵی سیاسی کوردی وەک کۆپییەکی ناکۆکییەکانی ناو عەقڵی سیاسی عەرەبی  لەم وتارەدا نوسەر لەسەر عەقڵی سیاسی کوردی دەنوسێت و دەڵێت” ئەمە نیشانەیەکی ترسناکە کەعەقڵی سیاسی کوردی نەیتوانیوە و ناتوانێت و هەوڵیش نادات دابڕانێک لەگەڵ زیهنییەتی ناسیونالیست و فاشیستیانەی عەرەبیدا دروستبکات، تائێستا تەواوی گەمەکان و ستراتیژەکان و کەلتوری ئەخلاقی خۆی لەوانەوە وەردەگرێت، وەک ئەوان بێباکە بەرابەر ناکۆکییە سیاسی و ئەخلاقییەکانی خۆی.”

***

بابەتی پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

هەروەها چێکی بکە
Close
Back to top button