رۆشنبیری

چارەنوسی عێراق

نسار شێخ مستەفا

بەغدای پایتەخت هەموو پارت و لایەنە سیاسیەكانی بۆ لای خۆی كێش كردووە، بە ئامانجی پێكهێنانی حكومەتێكی بنكە فراوان، سەرجەم لایەنەكان كۆكن لەسەر پێكهێنانی حكومەت بەو ئاراستەیەی كە كۆمەڵانی خەڵكی مەبەستیانە، بەڵام ڕوون نیە حكومەتی داهاتوو تاچەند دەبێتە جێ ی ڕەزامەندی عێراقیەكان، چونكە عێراقیەكان لەوە ڕاهاتوون كە حكومەتە یەك لە دوایەكەكانی پاشی رژێمی بەعس نەبوون بەمایەی خێر هەمیشە ناڵاندویانە بەدەست گەندەڵی و خراپی باری ئابوری و كۆمەڵایەتی و سەرجەم ڕەهەندەكانی تر، لەبەرئەوە گۆرانی نەخشەی سیاسی لە عێراق بەر لەهەموو شت پێویستی بە تەبایی و یەكڕیزی لایەن و پارتە سیاسیەكان هەیە بۆئەوەی عێراق بەبەهێزی بمێنیتەوە دوور لەدەستوەردانی دەرەكی و ناوخۆیی بەئاراستەی تێكدان و بەلارێدابردنی ئامانجە نیشتمانی و نەتەوایەتیەكان وەك ئەوەی لە ڕابردوو بینیمان.
عێراقیەكان لەچاوەڕوانی پێكهێنانی كابینەی داهاتوون لەسەر بنەمای چارەسەركردنی كێشەهەڵواسراوەكان و بوژانەوەی كەرتی ئابوری و خزمەتگوزاری و دابین كردنی هەلی كار و نەمانی گەندەڵی و بەرتیل ، دەكرێ‌ بڵێن وەك هەمووجار  لە ڕاگەیاندنەكانەوە ئاماژەی پێكراوە حكومەتی عێراقی بەردەوام سوربووە لەسەر نەهێشتنی ( داعش ) و وەستاندنی ئەو توندوتیژیانەی بەردەوام زەرەری ماڵی و گیانی لە كۆمەڵانی خەڵكی داوە بۆتە مایەی ترس بۆ ئاسایشی سەر ناوچە جیاجیاكانی عێراق بەهەرێمی كوردستانیشەوە لەبەرئەوە ئەركی داهاتووی حكومەتی عێراق قورستر دەبێت لەرابردوو، بەتایبەتیش خاڵی سەرەكی پێشخستنی هەڵبژاردنەكانی مانگی 10 ی 2020 لە ئەنجامی خۆپێشاندنەكەی 25 ی تشرینی یەكەمی 2019 بوو كەلەو خۆپێشاندانەدا 565 كەس لەخۆپێشاندەران و هێزە ئەمنیەكان كوژران.
بەهەموو پێوەرێك عیراقیەكان چاویان لەسەر كابینەی داهاتووە بە پێچەوانەی پارت و لایەنەكان كە لە كێبڕكێ‌ ی پۆست و پلەدان، جوڵەی كوتلە سیاسیەكان پێش و دوای هەڵبژاردن بۆ دەنگ و گەیشتن بە پێگەی حوكمڕانی عێراقی وەك مەیدانێكی بێ‌ خاوەن هێشتەوە، تا ئێستاش ئەمە لەدڵی عێراقیەكان ماوەتەوە، كەواتە فاڵگرتنەوە بۆ داهاتووی عێراقێكی سەقامگیرو یەكگرتوو هەڵچنراو لەسەر مافەنیشتمانی و نەتەوایەتیەكان تاڕادەیەكی زۆر ڕون نیە ئەمە ڕوو دەدات یاخود بەرگێكی نوێ‌ دەپۆشێت بەڵام بەعەقڵیەتی پارت سالاری و حزب حزبێنە و دەسەڵاتگەرایی وێنەیەكی ڕابردوو بەفلتەركراوی دەبێت، بۆیە گرنگە سیاسیەكانی عێراق داهاتووی خەڵكی لەبەرچاو بگرن بەرلەهەموو شت ئەو واقعە تاڵەی چەندین ساڵە پێیدا تێپەردەبن دووبارەی نەبێت و خەڵكی نەبێتەوە بەخۆراكی حكومەت، كاتی ئەوە هاتووە هەنگاو بنرێت بۆ هێنانەدی بەرژەوەندییە باڵاكانی خەڵك و ئەو ئامانجانەی خەڵكی هیوایان لەسەر هەڵچنیوە .
چوارساڵی ئایندە باشتر نابێت بۆ كورد لە ڕابردوو ئەگەر بیەوێت بەهەمان عەقڵ و پێوەری ڕابردوو بەشداری كابینەی داهاتووی عێراق بكات بەڵكو بۆ كورد گرنگە پێكەوە و بەیەك تیم بەشداری لە حكومەتی تەوافقی عێراق دا بكەن چونكە وەك عێراقیەكان یەك ئامانجی هاوبەشمان هەیە لە عێراقێكی یەكگرتوودا .

بابەتی پەیوەندیدار

هەروەها چێکی بکە
Close
Back to top button