چۆن لەگەڵ بەغدا مامەڵە بکەین؟!
عیماد ئەحمەد
یەکێتیی نشتیمانیی کوردستان لەنیوەی یەکەمی ھەشتاکانی سەدەی رابردوو بۆ چارەسەری مەسەلەی کوردستان، مافی چارەی خۆنووسینی خستەڕوو، کە دوای ڕاپەڕین کردییە مافی چارەی خۆنووسین لە چوارچێوەی عێراقدا بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەیزانی لەڕوی واقعی جێبەجێکردنی ئەم دروشمە هەمیشە بەندە بە هەلومەرجە بابەتی و خۆییەکان، بێگومان بەڕەچاوی و هاوسەنگی هێز و چەند فاکتەرێکی دیکەش.
لە کوردستانی باشوردا سەرەتا چارەسەری مەسەلەی کورد بە داخوازی لامەرکەزی دەستی پێکرد و ئینجا بە ئۆتۆنۆمی و دواتر بە ئۆتۆنۆمی راستەقینە و دوای راپەرینیش بە دامەزراندنی پەرلەمان و حکومەتی هەرێم دەگات بە فیدراڵیەت ، کە یەک لایەنە جار درا ، بەمەش دۆزی کوردستان بەرەو پێشچونێکی بەر چاو لە جێبەجێکردنی مافی چارەی خۆنووسین بەرجەستە دەکات و دەچێتە قۆباغێکی نوێ و جیاوازەوە.
لە سادەترین پێناسەدا فیدراڵیەت بریتیە لە دابەشکردنی دەسەڵاتی ئیداری و دارایی و دیاریکردنی سنور لە نێوان حکومەتی ناوەندو هەرێمەکاندا، کە بێگومان ئەم دابەشکردن و پێکەوەژیانە لە رێگەی دەستورەوە رێکدەخرێت، بەو واتایەی بێ بوونی دیموکراسی، فیدراڵیەت بوونی نییە، واتا پێشمەرجی فیدراڵی، بوونی سیستمێکی سیاسی دیموکراسییە.
بێگومان فیدراڵیەت چەند جۆر و چەند فۆرمێکی جیاوازی بەرجەستەبوی هەیە، فیدراڵیەت لەسەر بنەمای نەتەوەیی، لەسەر بنەمای دین و مەزهەب، لەسەر بنەمای ئیداری، بەڵام لەهەموو ئەو فۆرمانەدا خەسڵەتی سەرەکی بریتیە لە دابەشکردنی دەسەڵات و جۆری بەیەکەوەژیانی ئەو پێکهاتانەی لە چوارچێوەی ئەو کیانەدا ئەژین کەئەمەش بابەتێکی ھەستیار و ھاوبەش و گرنگە.
وەک لە ئەزموونەکانی فیدراڵیەت دەردەکەوێ ئاڵۆزترین جۆری فیدراڵیەت ،فیدراڵیە لەسەر بنەمای نەتەوەیی، کە دوو شوناس یان زیاتری نەتەوەیی بڕیار ئەدەن لە چوارچێوەیەکی دیاریکراودا بەیەکەوە کار بکەن. لەم ڕوەوە بەڵگە نەویستە کە ئەزموونی دیموکراسی و فیدراڵیەتی عیراق تازەیەو خاوەنی چەندین تایبەتمەندی و خەسڵەتی جیاوازی تایبەت بەخۆیەتی، لەوەش زیاتر دەکرێت بڵێین بارودۆخی سیاسی و حوکمڕانی لە عێراقدا بە جۆرێکە کە ڕەنگە بە ئاسانی و بەماوەیەکی کورت نەکرێت وا بەئاسانی سیستەمی فیدراڵی تێدا بەرقەرار بکرێت.
رەگی فیدراڵیەتی ئێمە تەنها ناگەڕێتەوە بۆ کاتی رووخاندنی دکتاتۆریەت لە عیراق لە ساڵی ٢٠٠٣دا ، بەڵکو بەشێکی ئەگەڕێتەوە بۆ دەرئەنجامەکانی دوای ڕاپەڕینی ئازاری ساڵی ١٩٩١ ئەو کاتەی کورد توانی بۆ یەکەمجار ئیدارەیەکی نیمچە سەربەخۆ بونیادبنێت و کۆمەڵگای نێودەوڵەتیش پاڵپشتی بکات کەئەمەش بوو بە دەروازەی گۆڕانکاریەکی بنەڕەتی بۆ درووستکردنی عیراقی تازە لە ساڵی ٢٠٠٣، واتە راپەڕین، کۆڕەو، ناوچەی ئارام و دژەفڕین، دواتریش بڕیاری ٩٨٦ نەتەوە یەکگرتوەکان وای کرد کورد کیانێکی جیاواو لە رژێمی بەعسی ئەوکات دروست بکات کە بووە بنەمای دیاریکردنی رێژەی ١٧% نەتەوە یەگکڕتووکان بۆ هەرێمی کوردستان لە بریاری نەت بەرامبەر خۆراک.
دوای روخانی سەدام ئێمە بەسەر دۆخێکی تەواو جیادا کەوتین، کاراکتەری سەرەکی روخاندنی ئەو رژێمە بووین، بەهێزو پێگەیەکی بەرچاو چووینە بەغدا، سەرەنجام سیستمی فیدراڵیشمان لەدەستوردا چەسپاندو هەرێمی کوردستان بووە قەوارەیەکی دەستوری دانپێدانراو لەعیراقدا، بەڵام لەرووی عەمەلیەوە هەندێ کێشە و بەربەست هاتنە ئاراوە لەوانە :
-لە رووی بەرژەوەندی ستراتیجی ئێمە کوردین و بەشێکین لە کوردستانی گەورە، عەرەبی عیراقیش بەشێکن لە نەتەوەی عەرەب
ـ بەهۆی ئەوەی سوننەی عەرەب ئەوکات بەشداری پرۆسەی سیاسی نەکرد، کوردو شیعە بۆشایی ئەوانیان پڕ کردەوە و وا هاتە بەرچاو کە ئێمە بەهێزین و پێگەمان پتەوە، لەکاتێکدا لەپیادەکردنیدا تووشی کەموکورتی و کێشە هاتین، بۆ نمونە کات هەبووە ئێمە وا هەڵسوکەوتمان کردوە مافمان هەیەو ئەرکمان نییە، تا لەم دووایەدا وەکو فاکتەری بەھەدەردان و خواردنی پشک و بەرکەوتە و داهاتی بەشەکانی تری عیراق پێناسەیان کردوین.
ـ خاڵێکی دیکە کێشەکە ئەوەیە کە ئێمە توانیمان لە ساڵی ٢٠٠٥ ھابەشی بکەین لە نوسینەوەی دەستور و بەشێکی سەرەکیش بوین لە پەسەندکردنی، بەڵام لەڕاستیدا چەندین مادەی دەستوری هەن سەبارەت بە فیدراڵیەت کە پێویستە بەیاسای ڕوون رێک بخرێن، ئێمە ئەوانەمان فەرامۆش کردو ئەو یاسایانە کەگرنگ بوو دەربچن ھەر دەرنەچوون، ئەمەش وای کرد شڕۆڤەی سیاسی جێگەی لێکدانەوەی قانونی و دەستوری بگرێتەوە و سەرەنجام کێشەکان ئاڵۆزتربن.
رەنگە لێرەوە پرسیاری سەرەکی ئەوە بێت بۆ ئەوکات قەیرانەکان بەو قورسایەی ئێستا سەریان هەڵنەدا؟ سەرەرای ئەوەی کە لە سەرەوە باسمان کرد رۆڵی دەستێوەردانی دەرەکی و دەوروبەر بە ڕاستەوخۆ ناراستەوخۆ بۆ تێکدان و سەرنەکەوتنی فیدراڵیەت لە عیراق لە ترسی کێشە ناو خۆی و نەتەوەیی خۆیان، هۆیەکی تر ئەوەیە تەرازووی هێز لە نێوان ناوەند و هەرێم تێکچوو و لە قازانجی ناوەند شکایەوە.
بەبڕوای ئێمە یەکێک لەهۆکارەکانیش ئەوە بوو کە نەوەیەکی سیاسی رەسەن ئەوکات لە کایەکەدابوون، کە خۆیان ئۆپۆزسیۆن و ئەندازیاری روخاندنی بەعسیش بوون، خاوەن ئەزموون و شارەزایی بوون، قوڵایی مێژووی و دەرکی سیاسی پێویستیان هەبوو، وەکوو مام جەلال، کاک مەسعود، کاک نەوشیروان ، محمد باقر حەکیم ، مەحەمەد بەحر العلووم ، ئەحمەد چەلەبی،عدنان پاچەچی، ئەیاد عەللاوی،نەسیر چادرچی ….هتد ئەمانە سەرەڕای ئەزموون و شارەزایی، خەبات و یادەوەرەکی هاوبەشی مێژووییان پێکەوە هەبوو، ئێستا ئەو یادەوەریە خەریکە کاڵ ئەبێتەوە، بۆیە پێویستە لەبەر رۆشنایی ئەم واقیعە تازەیە مامەڵە لەگەڵ عیراق بکەین بە روونی ئەرک و مافەکانمان دیاری بکەین، بۆ ئەوەش رێکخستنەوەی ماڵی خۆمان پێشمەرجی هەموو ئەو هەنگاو پێویستانەیە کە لە پێشمانن، بۆشایی نێوان دەسەڵات و خەڵک کەمبکەینەوە، لەکوردستان دەرگا بۆ بەشداری راستەقینەی سیاسی و کۆمەڵایەتی بکەینەوە، ناکرێ لە بەغدا داوای سازان و رێکەوتن و تێپەڕاندنی قەیرانەکان بکەین، لێرەش پێچەوانەی ئەو داخوازیانە کار بکەین، خاڵێکی تری گرنگ ئەوەیە ئێستا بۆشایی لەنێوان کوردو شەقامی عەرەبی بەتایبەت شەقامی شیعی دروست بووە، پێویستە ئەم بۆشاییە چارەبکەین و وەکو جاران خاڵە هاوبەشەکان دەستنیشان بکەین، ھەوڵیشبدەین بەشێک لە کێشەکانیش هەڵبگرین بۆ کاتێکی تر کە زەمینە لە بار بێت بۆ چارەسەرکردنیان.
بۆیە پێویستە کورد پێداگری لەسەر سازان و شەراکەت و بەرژەوەندی هاوبەش و شەفافیەت لە مەلەفی نەوت وگاز و گونجاندنی لە گەڵ دەستوور و نێوماڵی خۆی قایم بکات ، کە ئەمەش تاکە رێگای بێ چەندوچوونی مانەوەو بەهێزبونمانە لە عیراق و کوردستان.