ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجە
هەڵەبجە؛ برینێکی سارێژنەبوو و ناسنامەی مەزڵوومییەتی گەلێک..
لە یادی ٣٨ ساڵەی تراژیدیای کیمیابارانکردنی هەڵەبجەدا، ئەمڕۆ ١٦ی ئازار، وەک سەنتەری ڕووناکبیری و کۆمەڵایەتی جاف پەیامی وەفا و هاوسۆزی خۆمان بۆ کەس و کاری سەربەرزی شەهیدان ڕادەگەیەنین. هیوادارین ئەم یادە ببێتە وێستگەیەک بۆ ئاوەدانیی زیاتر و خزمەتکردنی شایستەی ئەم پارێزگایە.
👇 دەقی پەیامی فەرمی سەرۆکی سەنتەر بەم بۆنەیەوە:
کەس و کاری سەربەرزی شەهیدان..
کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان..
ئەمڕۆ، ١٦ی ئازار، یادەوەری ٣٨ ساڵەی یەکێک لە گەورەترین تراژیدیاکانی مرۆڤایەتی و لاپەڕە پڕ لە ئازارەکانی مێژووی نەتەوەکەمانە؛ بەبۆنەی ساڵیادی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەی خۆڕاگر، سەری ڕێز و نەوازش بۆ ڕۆحی پاکی شەهیدان دادەنەوێنین.
ئێمە لە سەنتەری جاف، ڕایدەگەیەنین کە وێڕای ڕاگرتنی ڕێوڕەسمە جەماوەری و ئیدارییەکان، بەڵام ئەم یادە وەک برینێکی سارێژنەبوو لە ناخی یەکە یەکەی ئەندامان و هەموو مرۆڤێکی ویژدانزیندوودا بەرز ڕادەگرین. هەڵەبجە بۆ ئێمە تەنیا بیرەوەرییەکی خەمناک نییە، بەڵکو مەشخەڵێکە بۆ ناساندنی دەنگی مەزڵوومییەتی گەلەکەمان بە جیهان.
لەم ساڵیادەدا، جەخت دەکەینەوە کە ئەمڕۆ ڕۆژی پێکەوەبوون و یەکڕیزیی نیشتمانییە. تەنیا بەم یەکڕیزییە دەتوانین وەفادار بین بۆ شەهیدان و ڕۆحیان ئاسوودە بکەین. ئەمڕۆ ڕۆژی نوێکردنەوەی پەیمانە بۆ تێکۆشان لەپێناو گەیشتن بە خەونی لەمێژینەی نەتەوەکەمان و وەدیهێنانی سەربەخۆیی ئەم گەلە مەزڵوومە.
هیوای ئێمە ئەوەیە کە ئەم یادە ببێتە هەوێنی ئاوەدانیی زیاتر و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی شایستە بە پارێزگای هەڵەبجە و دانیشتووانە خۆڕاگرەکەی.
نەمری بۆ شەهیدانی هەڵەبجە و سەرجەم شەهیدانی ڕێگەی ڕزگاریی کوردستان.
سەرۆکی سەنتەری ڕووناکبیری و کۆمەڵایەتی جاف
١٦ی ئازاری ٢٠٢٦
